سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

دژ بە نائومێدیی

بڵاوکراوەتەوە لە : 15 ئایار 2018

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مەریوان وریا قانع .....

دژ بە نائومێدیی
سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستان
ھیچ ڕێگایەک ھێندەی ڕێگای نائومێدبوون ئاسان و سوک نییە، ھیچ شتێکیش لەوە بێکێشەتر نییە لە ژوورەکەی خۆتدا دابنیشیت و بە ھەمووان بڵێیت ” نەمووت ھیچ ناکرێت و ھیچ ناگۆڕدرێت“. ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بگۆڕن ھەرگیز بە ڕاستەڕێیەکی بێگرێ و پڕمەترسیدا نەڕۆشتوون و ناڕۆن، گۆڕینی دونیا دابەزینە بۆ ناو نشێو و زێراب و سەرنوێلکەکانی مێژوو و ئیشکردنە لەو شوێنانەدا کە پڕە لە ئەگەری کەوتن و نوشوستیی و ئازارچەشتن. ئەوانەش کە مێژووی خۆیان دەگۆڕن دەسکێشی سپی و چاویلکەی شەمسی لەچاو ناکەن، بەڵکو بە برینەکان و پەڵەکانی سەر ژیانیانەوە دەکەونە کار و لەوەش دڵنیانین کە پەڵەی تریش بەسەر ژیانیانەوە دروستنابێت.

ئەوانەی دەچنە ناو تونە داخراوەکانی مێژووەوە بۆئەوەی قوڕ و لیتەکەی دەربھێنن و ڕێگاکانی پاکبکەنەوە، ھەم ماندوو دەبن و ھەم ئارەق دەڕێژن و ھەم دەستیان بەر تاریکییەکان دەکەوێت. خۆ ئەگەر کوردیش بیت و بتەوێت دەسکاری ژیانی خۆت بکەیت، ئەوە دەشێت ئاسانتر نائومێدبیت و دەست لە کەر کردە و دەستپێشخەرییەک بشۆریت، چونکە گۆڕینی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی لە کوردستاندا مانای دەگریربوون لەگەڵ یەکێک لە دزێوترین سیستمە سیاسییەکانی دونیا و لەگەڵ یەکێک لە نابەرپرسیارترین نوخبە حوکمڕانەکانی ناوچکەدا. مانای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیستمێکی مافیاییدا.

ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا ڕووئەدات لوتکەی ھەوڵی دەسەڵاتدارانە بۆ لەناوبردنی ھەموو ئومێد و چاوەڕوانییەکی پۆزەتیڤ لای ئینسانی ئێمە، ترۆپکی کارکردنیانە بۆ گۆڕینی مرۆڤی کوردستان بۆ بوونەوەرێکی خەمۆک و داخراو بەسەر نائومێدیی و بێدەربەستییەکی گەورە و سەرتاسەریدا. ھەوڵدانێکی ھەمەلایەنە بۆ سڕینەوەی ڕەھەندە سیاسییەکانی کەسایەتی مرۆڤی ئەو دەڤەرە وھێشتنەوەی وەک ڕەعیەتێکی بێماف و بێنرخ و بێبەھا. لەم پێناوەشدا بەدڕەوشتییەک نامێنێتەوە پەنای بۆ نەبەن.

بۆیە کردەی مێژوویی ژمارە یەک و ئاکتی ھەرە شۆڕشگێڕ ئەوەیە لێنەگەڕێیت خەمۆک و نائومێد و تێکشکاو ببیت. بەسەر تاریکییەکانی ناو خۆت و بەسەر تونە ناوەکییەکانی نائومێدیی ناو خۆتدا زاڵببیت، بیر لە پلانەکانی سبەینێ و دووسبەی و سێ سبەی بکەیتەوە و زمان و خەون و ئەخلاقیاتی بەرگرییکردن لەناوخۆتدا بچێنیتەوە و بەھێزتربکەیت. 
ھەموو ئەوانەی لە خەمی خۆیان و لە خەمی کۆمەڵگاکەیاندان و بڕیاریانداوە وەک مرۆڤێکی بەرپرسایر بژین، دەبێت یەک شتیان لە بەردەمدا ئاشکرابێت: کۆڵنەدان و تەسلیمنەکردنی ئیرادەیان بەو ھێزە تاریکانە و ئینجا باوەڕبووندا بە سبەینێ و دووسبەی، بەڵام سبەینێ و دووسبەیەک کە دەشێت دوور بێت، زۆر دووریش بێت.

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!