سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

پەتای نەبونی مەرجەع 

بڵاوکراوەتەوە لە : 2 شوبات 2019

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

ئادەم ئاودەڵ

بەپێی پەیرە و پرۆگرامی حیزبە کوردییەکان بێت ، مەرجەع و بریار دەری حیزب سەرکردایەتی حیزب و لە سەروھەموشیانەوە کەسی یەکەمی حیزبەکەیە کە بە راوێژ لەگەل سەرکردایەتی بریارە چارەنوسسازەکان و تەنانەت لاوەکییەکانیش دەردەکات .. بەڵام بە درێژایی شۆرشی کوردی یەکێک لەو کێشانەی ھەردەم ھاتۆتە پێش حیزبی کوردی نەبونی ناوەندی بریار بووە و ھەمیشە مەرجەع و قسەکەری یەکەم ئاستەنگی ھاتۆتە بەردەم و بەرەو لاوازی چووە . بە نمونەی ملا مستەفای بارزانی کە باڵی مەکتەبی سیاسی لێی جیابویەوە و تادەگاتە دروست بونی یەکێتی ، کە ئەویش لە چەند رێکخرا و حیزبی بچوکی سیاسی پێک ھاتبو.
لە کۆتایی ھەشتاکان و لە دوای راپەرینەوە بە تایبەتی ، یەکێتی بە ھۆی سەنگ و قورسایی و لێھاتووی مام جەلالەوە توانی بەسەر کۆی ئەو کێشانە زاڵ بێ کە توشی بریاردەری یەکەم و قسەکەری یەکەمی حیزب دەبون و تا مام جەلال لە ساحەکە بوو ، یەکێتی ھەرگیز کێشەی مەرجەعی نەبوو تەنانەت لەسەردەمی پێش جیابونەوەی نەوشیروان مستەفاشەوە . بەڵام لە دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال و دورکەوتنەوەی بەتەواوی لە ساحەی سیاسی، یەکێک لەو کێشە گەورانەی بەرۆکی ئەو حیزبەی گرت ، نەبونی توانای بریاردان بوو لەمەڕ پرسە گرینگ و چارەنوسسازەکان کە بەشێکی گەورەی دەگەرێتەوە بۆ ئەنجام نەدان یاخود دواکەوتنی کۆنگرەی حیزبەکە ، راگەیاندنی ناوەندی بریار و دواتریش جیابونەوەی بەرھەم سالحیش و ھەموو کێشەکانی تری ئەو حیزبە بەھۆی نەبونی مەرجەع و قسەکەری یەکەمەوە بوو ، بەڵام لەدوای ھەڵبژاردنەکانی مایسی ٢٠١٨ ی عێراق و رۆڵ وکاریگەری بافڵ تاڵەبانی ، یەکێتی لەو کێشە قوڵە رزگاری بوو ، وێرایی ئەوەی تواندرا تۆراوەکان ئاشت بکرێنەوە ، سیاسیەکی بەھێز و بەسەنگی وەک بەرھەم سالحیش گەرایەوە ناو حیزبەکە و لە ئێستادا ھەموو یەکێتی نەک ھەر سەرکردایەتییەکەی یەک تیمی کار کردنیان ھەیە و لەمەڕ پێشھات و رووداوەکانی ناوچەکەش یەک ھەڵوێست و سیاسەت پەیرەو دەکرێ.
بزوتنەوەی گۆرانیش لە دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا گیرۆدەی ھەمان کێشمەکێشمی نەبونی مەرجەعی باڵای حیزبە ، لەو رۆژەوە تا ئێستا بزوتنەوەکە نەیتوانیوە لەسەر پرسە گرینگەکان بریارێکی یەکانگیر و یەکلایکەرەوە بدات، ھەر لە ھەلوێستیان لەسەر ریفراندۆم کە خەلکیان سەرپشک کرد و نەتوانینیان بۆ دواخستنی ھەلبژاردنی کوردستان و ئێستاش یەکلا نەبونەوەیان لە سەر بەشداری کردن یا نەکردنی حکومەت و ھەر ئەمەش بوو کە وای کرد بزوتنەوەکە نیوەی کورسییەکانی لەدەست بدا.
پەتای لاوازی یان نەبونی مەرجەع ، بە زیندووی پارتی گرتۆتەوە ، کە رەنگە پەتای ئەو حیزبە لە ھەموو حیزبەکانی تر قورستر و کاریگەرتر بێ ، چونکە یەکێتی و گۆران لە دوای نەمانی کەسی یەکەمی حیزبەکە دوچاری ئەو کێشەیە بوون ، بەڵام ئێستا بارزانی باوک لە ساحەکە ماوە و ململانێکانی ئەو حیزبەش لەھەموو کات گەرم و گورترن ، بەجۆرێک ھەر وەفدێکی بیانی سەردانی ھەولێر دەکا ، دەبێ بەر لە ھەموو کەس چاوی بە بارزانی باوک بکەوێ و دواتر نێچیرڤان بارزانی و پاشانیش مەسرور  بارزانی ، کە بارەگاکانیان چەند سەد مەترێک لە یەکەوە دوورە و سەرجەمیشیان ھی یەک ماڵن . ئەو ململانێیانە لە ئێستادا رەنگدانەوەی لەسەر کەش و ھەوای کۆبونەوەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ ھەیە و  ھەندێ لێدوای بەرپرسانی ئەو حیزبە کە لەسەر کەسانێکی دیاریکراو حیسابن ، بوەتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی چەند کۆبونەوەیەکی گرینگی پێکھێنانی کابینە و تەنانەت لە میدیاکانیشیانەوە ئەو ململانێیانە بە ئاشکرا دەبیندرێ. لە ئێستادا پەتایی نەبونی مەرجەع رەنگە بۆ پارتی قورسترین پەتابێ و دەرئەنجامەکانی بێگومان بە خراپ بەسەر حیزبەکەی و دواتر خەلکەکە دەشکێتەوە...

 

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!