سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

دەسەڵاتدارێتی خۆڵەمێشیی

بڵاوکراوەتەوە لە : 10 کانوونی دووەم 2019

نوسینی:

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

ئاراس فەتاح

گەر لەڕابردوودا کێشەی دەسەڵاتی کوردیی بریتی بووبێت لە گومانی قووڵی ھاوڵاتیان لە کردە و قسە و مژدەی سەرکردەکانی، ئەوا لەمڕۆدا ئەم کێشەیە قووڵتر و گەورەتر بووتەوە و چۆتە قۆناغی بەدگومانییەوە. لەم قۆناغەدا ھاوڵاتیانی ھەرێم لەھەموو کردەیەکی ئەم دەسەڵاتە بەدگومانن. بەدگومانیی دۆخێکی مەترسیداری پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، چونکە خەڵک نەک تەنھا بڕوای بە ھیچ حیکایەتێکی دەسەڵات نامێنێت، بەڵکو ھەموو ھەنگاوێکیشی بە کردەیەکی دوژمنکارانە تەماشادەکات. ھاوڵاتیان پێویستیان بە تێگەیشتن ھەیە لە بڕیار و ھەنگاوەکانی سیاسەت، ھەر کاتێکیش لە زانیاریی و ئارگیومێنتەکانی دەسەڵات بێبەریی بوون و تێنەگەن بۆچی و کێ بە کردەیەکی نایاسایی ھەڵدەستێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵات جڵەوی خۆی لەدەستداوە و جگە لە بەرھەمھێنانی زەبروزەنگ ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری نییە. ئەلفوبای فەلسەفەی دەسەڵاتدارێتیی پێماندەڵێت کە ھەموو دەسەڵاتێک لەسەر بناغەی زەبر و ھێز دادەمەزرێت، بەڵام زەبرێک کە ھیچ ھێز و کەسێکی دەرەوەی دەزگای دادگا مافی پیادەکردنی نییە، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە مۆنۆپۆلکراوبێت. واتە لە دەوڵەتی یاسادا دەبێت رووبەری گشتیی بە شێوەیەکی شەفافانە لە ھەموو ڕوودا و پێشھات و ھەنگاوێک ئاگاداربکاتەوە و جگە لە دادگا ھیچ ھێزێکی تر ناتوانێت شەرعییەت بە پیادەکردنی توندوتیژیی بدات. یاسا خواستێکی شاراوە و نادیار و پەنھانی کەسێک یان ھێزێکی نادیار نییە، بەڵکو دەزگایەکی سەروو بەرژەوەندیی کەسیی و ڕێسایەکی بان ـ گروپیی و سیاسیی و لۆکاڵییە. دەسەڵاتداران کاتێک دەبنە مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگا کە ھاوڵاتیان نەزانن کێ بڕیار دەردەکات و چ دەزگایەکیش جێبەجێی دەکات. لەمڕۆشدا پێناسی ھێز و مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگ لە مەترسییدارترین دۆخی خۆیدایە، چونکە حیزبە سیاسییە باڵادەستەکان لەنێوان خۆیان و لەناو خۆیاندا ھێندە ناکۆک و دابەشبوو و پەرتەوازەن کە زیاد لە ھێزێکی شاراوە و نادیار فەرمان دەردەکەن و لەبری یاسا توندتوتیژیی پیادەکەن. ھەرئەم دۆخەشە وادەکات کە کۆمەڵگای ئێمە لەم قۆناغەدا لەبەردەم ھەڕەشەی ئینفیلاتێکی ئەمنییدا بێت کە ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئاساییشی کۆمەڵاتییمان بەرھەمدەھێنێت، چونکە ھەر حیزبە لە ناوچەی خۆی و ھەر ھێز و گروپ و کوتلەی ناو حێزبێکیش بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت لەبری یاسا فەرمان دەربکات و بەنھێنیی و بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و یاسا خەڵک بگرێت و دەزگای رۆشنبیریی دابخات و بێسڵەمینەوە و لێپرسینەوە توندوتیژیی پیادەبکات.

گرنگترین کەرەسەی دەسەڵات بریتییە لە قەناغەتپێھێنان، ھەرکاتێکیش دەسەڵاتێک توانای قەناعەتپێھێنانی نەما، ھاوڵاتییان نە تێدەگەن و نە تێگەیشتنیشیان دەبێت بۆ کردە و بڕیار و ھەنگاوەکانی دەسەڵات. داخستنی سینەما سالم لەلایەن ھێزێکی ئاساییشەوە لە شاری سلێمانیی و گرتنی ئەندامانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن دەزگای ئاساییشی ھەردوولاوە تەنھا مانای ونبووکردن و نادیارکردنی بکەرە سەرەکییەکانی بڕیار نییە، بەڵکو مانای ھەڵتەکاندنی ھەموو مانایەکە بۆ دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و کردنی سیاسەتە بە کۆیلەی دەزگای زانیاریی و پاراستن و ئاساییش و بەرژەوەندیی گروپ و خێزانە سیاسییە داخراوەکانی ناو دەسەڵات. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسییدارە بۆ ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەی کە لەداھاتوودا نەوەی نوێی ناو پارتیی و یەکێتیی دەیانەوێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا دایمەزرێنن. مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەکی خۆڵەمێشیی کە تیایدا چەمکی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ سەروەر دەبێت.
.................................

تێبینی:
بۆ روونکردنەوەی زیاتری چەمکی چەمکی ”دەسەڵاتدارێتی ھیچکەس“ لای ھانا ئارێنت و نەبوونی ئەزموونی بیرۆکراسییەتی حوکمدارێتیی یاسایی و کارکردن بە مۆدێلی فەرمان لەبری یاسا لەناو جەستەی حیزب و دەسەڵاتدارێتی کوردییدا، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتارێکم کە لە ساڵی 2013 دا بەناوی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاومکردۆتەوە.

 

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان