سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

هەڵبژێرە بە ئارەزوی خۆت

بڵاوکراوەتەوە لە : 7 نیسان 2018

نوسینی:

قەبارەی دەقەکان

دۆخی خوێندنەوە

دانا هەڵەبجەیی
ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن و ئیختیارکردن زۆر کورت و ئاسان بکەینەوە بۆ دیاردە و مامەڵەیەکی کۆمەڵایەتی و بازرگانی کۆمەڵگەیەکی  تازە سەرهەڵدراوی وەک کورد، ئەوا دوو بەرە یا لایەنمان بۆ قوت ئەبێتەوە: کڕیار و فرۆشیار، هەڵبژێرەر و کاڵا، وە بەمانا هەنوکییە سیاسییەکەی؛ دەنگدەر ە و کاندید.
لەم پرۆسەیەدا هەمیشە مافی دەستنیشانکردن و بڕیاردان و هەڵبژاردن، ئەکەوێتە سەر کڕیار و هەڵبژێرەر و دەنگدەر، کە بریتین لە (هاوڵاتی). لە بەرامبەریشیدا ئەوانی تر چڕ ئەبنەوە لە شتێکدا پێی ئەوترێت (حیزب). 
فرۆشیارێکی تەماتە هاوار ئەکات؛ هەڵبژێرە بە ئارەزوی خۆت، هاوڵاتییان ئازادن کە چ جۆرێک هەڵئەبژێرن و ماف ئەدرێتە دەست هاوڵاتی کە بڕیار بدات و خاڵ سەری دێڕ.
یەکێکی تر ڕێگای ساختە ئەگرێتەبەر و فرۆشیار ئەخەڵەتینێت. ئەوی تریان فرۆشیار ناچار ئەکات کە تەنیا لای ئەو بیکڕن، جونکە تاکە دوکانیکە لەو گوندەدا کە تەماتە بفرۆشێت.
بهێنەرە بەرچاوت کە چ گەمەیەک و سەروسەودا و فرت وفێڵێت لەم تەماتە فرۆشتنەدا ئەکرێت،،،.
لەم بێنەوبەردەدا، ڕۆڵی دوو کاراکتەری زۆر نەرێنی و ماڵوێرانکەر  ئەبینرێت، کە ئەوانیش بریتیین لە  یەکەم:کەسی بەناو بێلایەن، کە زۆربەیان خۆیان بە ڕۆشنبیر و ئازاد و ناحیزبی خۆیان لەقەڵەم ئەدەن، داوای ئەوە ئەکەن کە کەس بەشداری هەڵبژاردن نەکات.
 دووەم؛ ئەو سیاسییە زۆربڵێ و شکستخواردوانەی، کە هەمیشە خۆیان بەڕاست و ئەوانی تر بە هەڵە ناوزەند ئەکەن. لە هەر زەمان و زەمینەیەکدا بن.
سەرەتا با بێمە سەر ئەو چەند کەسەی کە ئەڵێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن.
ئەم فەرمان دەرکردنەی کە ئەمانە ماف بە خۆیان ئەدەن،  تاکە مافی هاوڵاتی کە هەڵبژاردنە، زەوت بکەن و ڕێ بە خۆیان ئەدەن، کە ڕێ لە دەنگدانی هاوڵاتی بگرن، کە زۆر بائاسنی ئەڵێن؛ دەنگ مەدەن بە هیچ کەس و حیزبێک!.
ئەمە خۆی لە خۆیدا لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتیانە، کە بریتییە لە دەنگدان. ئەمانە ئەم مافەشیان لێ ئەسەنن و نایەڵێن تاکە ڕێچکەیەکی دیموکراسی کە هەڵبژاردنە،  کە هاوڵاتی مافییەتی کە بەشدار بێت.
ئەم جۆرە کەسانە، لە دنیای کاردانەوە و زیادڕەوەی لە بیروڕا و چەقبەستووی لە ئایدیۆلۆژێکی ناسەردەمیانە و تاکڕەوەی و خەیاڵپڵاوی بۆ دونیاکانیتر و سفراندنی ئەوانی تردا ئەژین،،،.
ئەمانە نەک ئەلتەرناتیف و چارەیان پێ نییە بۆ ئێستا و داهاتوو، بەڵکو هەمیشە ئەیانەوێت، کۆمەڵگە وەک ئەو بیربکاتەوە و دونیا ببینێت، وە خودی ئەویش دونیا لە کۆمەڵێک دەق و تێۆری وشکی ناو کتێبە بەساڵاچووەکاندا ئەبێنێت.
کاری ئەمانە تەنیا، دژایەتی بەرامبەر و سڕینەوە و سفرکردنی دژەئایدیاکانی خۆیانن  و هیچ کاتێک کۆمەڵگەیەکی تۆلەرانس و ئازاد لە بیروڕا و فرکولتورییان پێ هەرس ناکرێت.
بێ دینە دژی ئایندارە، دیندارە دژی بێ دینە. ئایدیالیستە دژی لیبراڵە، دۆگمایە دژی ئازادییە، چەپە دژی ڕاستە، سوسیالیستە دژی نەتەوەپەرستە، نەتەوەییە دژی چینایەتییە، و هتد.
ئەمانە هەر ئەبێت، دژێک بۆ خۆیان وێنا کەن و بە ڕوخاندن و قەلاچۆکردنی دژەکەیان ئینجا دڵیان ئاوئەخواتەوە و دنیایان لێ ئەبێتە شامی شەکر،. ئیتر دوای ئەوە چی ئەبیت، نە هیچ دیارە نە بەرنامەشیان پێیە، گرنگە بەلایانەوە کە تۆ ئەبێت لەگەڵ ئەودا بیت و هیچی تر، ئەگینا سفریت و مافی ژیانت نییە و تۆ هەڵەیەت و من ڕاستم. بە کوردییەکەی وەک داعشاندنی کۆمەڵگە وایە، ئیتربە تێکستی کۆن بێت و یاخو نوێ، گرنگ وەک  دەنگ و ڕەنگی ئەو نەبیت، شایانی ژیان و گیان نیت.
ئەم جۆرە لە ئایدیا و بیرکردنەوە لەملا و ئەولا، بۆ ماویەکی کورت تاقیکراونەتەوە، بەڵام شکستی هێناوە. هەر بۆیە ئیتر ناتوانێت لە سەدەی 21 دا جێی خۆی  لە ناو کۆمەلگە مرۆییەکاندا بکاتەوە و بە مانا گشتییەکەی، ناگونجێن لەگەڵ خواستە هەنوکییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە.
هەربۆیە، ئەمانە جگە لە خۆ پەراوێزکردن و سەندنەوەی مافی هەڵبژاردن لە هاوڵاتی کورد، هیچ ڕێگە چارە و ئەڵتەرناتیفێکی واقیعیانەیان پێ نییە.
لە وڵاتانیکی وەک ئەوروپا، ئاساییە بەشداری نەکەیت لە هەڵبژاردندا، چونکە هەموو دام و دەزگا و دامەزراوە حکومیی و خزمەتگوزارییەکان دەیان ساڵە جێگیر و پاگیر بوون، ئیتر کێشە نییە کام حیزب دێتە سەر دەسەڵات، چونکە هاوڵاتی مافەکانی خۆی لە حکومەتدا مسەوگەر کردووە.
نەک هەرێمێکی وەک کوردستان کە لە قۆناغی خۆ دۆزینەوە و خۆدروستکردن و خۆئاوەدانکردنەوەدایە، کە پێویستی بە هەر تاکێکی هەیە، بەشداری تێدا بکات.
ئەوانەی ئەلێن بەشداری هەڵبژاردن مەکەن، مەبەستیانە کە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و وەک ئەوەی کە هەیە، چۆن بووە با وابێت. خۆشییان بیت یا ترشی؛ پەیامەکەیان ئەچیتە خزمەتی گیرفانی ئەو دەسەلاتەی کە ئێستا لە سەر حوکمە و ئاو بە ئاشی دوو حیزبە پیرە پاوانکارەکەی کوردستان ئەکەن.
یا هەمووی یا هیچ، سڕینەوەی بەرامبەر، سفراندنی ئەوی تر و هەڵتەکاندنی ئەوەی کە هەیە  و نەبوونی ڕێگەچارەی واقیعی سەردەمیانە؛ ناشێت بۆ کومەڵگەیەک کە ئەیەوێت بەرەو دیموکراسی بڕوات.

 

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان