سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

سێ ڕۆژ خۆپیشاندان لە ھەولێر... ئازایەتییەکی کەم وێنە

بڵاوکراوەتەوە لە : 27 ئازار 2018

نوسینی:

قەبارەی دەقەکان

دۆخی خوێندنەوە

مەریوان وریا قانع 

بۆ ڕۆژی سێھەم خەڵکی توڕە و بێزاری شاری ھەولێر لەسەر شەقامە گەمارۆدراوەکانی شارەکەیانن. دەچنە ئەو گۆڕەپانانەوە کە بە ژمارەیەکی زۆر لە ھێزی سەربازیی و چەکداری مەدەنیی تەنراون. ھەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێکە لە شارە پڕ لە شەقاوە و بەڵتەجییە گەورەکانی دونیا، پڕە لەو مرۆڤە ڕۆبۆتیانەی کە حیزب و بنەماڵە چەند دەیەیەکە گەورەیان دەکەن بۆئەوەی وەک کۆیلەیەکی تۆتاڵ بۆ خێزانە سیاسییە باڵادەستەکان و بۆ وەلی ئەمرە سیاسییە ڕاستەوخۆکانیان ھەڵسوکەوتبکەن، ئامادەبن بە ئەمری ئەوان شەق لە ھەموو شتێک ھەڵبدەن، لە شەقھەڵدان لە کۆمەڵگا وەک گشتێی گەورەوە بیگرە و بۆ شەقھەڵدان لە تاک بەتاکی ژنان و گەنجان و پیران، بەتێپەڕین بەناو شەقھەڵدان لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی و ئەخلاقیدا. پارتی لەشکرێک لە بەڵتەجیی بەدئەخلاقی لەناو ژیانی گشتیی ئەو کۆمەڵگایەدا چاندوە. 
مۆدێلی ئەم حیزبە لە حوکمڕانیکردندا یەکێکە لە مۆدێلە ھەرە ناشیرین و خراپەکانی ناوچەکە. بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە سێ کۆڵەکەی سەرەکیی ھەیە: یەکەم، ھاریکارییەکی پڕ شەرمیی دەرەکیی، لە ٣١ ئابەوە بۆ ئامادەگیی گەورەی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئەم ھێزەدا. دووھەم، تەزویرکردنێکی گەورە و سیستماتیک لە ھەڵبژاردنەکاندا. سێھەم، دەستگرتن بەسەر داھاتی نیشتیمانیدا و خراپبەکارھێنانێکی کەم نموونەی ئەم داھاتە بۆ مەبەستی شەخسیی و خێزانیی و حیزبی. دروستکردنی چەندان دەزگای سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی گەورە بەو پارەیە و بەکارھێنانیان بەپێی خواست و ویست و تەماحی دەسەڵتدارانی ناو ئەو پارتە. لەزۆر ڕووەوە ئەم ھێزە بەلۆژیکی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و دەسەڵاتی خێزانە تکریتییەکان حوکمڕانیدەکات. ترس و تۆقاندن، کڕین و ئیغراکردن، ڕاونان و بزرکردن، تێکەڵ بە بەکارھێنانێکی سیستماتیکی تودنوتیژیی، ئامرازە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی ئەم ھێزەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا. 
ئەم ھێزە بەم ئاکار و لۆژیکەوە کۆمەڵگای ئێمە لە کارەساتێکەوە بۆ کارەساتێکی دیکە دەبات. ئابوریی وڵاتەکەی وێران کردوە، پێگەی ناوخۆیی و ئیقلیمی ھەرێمی وێران کردوە، دەزگا ناوەکییەکانی حوکمڕانیی وێران کردوە، پەیوەندیی نێوان ھێزە سیاسییەکانی وێرانکردوە، ھاودیدی و ھاوخەمی نێوان شارەکانی کوردستانی وێرانکردوە. ئەم ھێزە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا حاکمی موتڵەقی کوردستان بووە و ھەموو ھێزەکانی تری ئەم ھەرێمە ھێزی پلە دو و پلە سێ و چروک و بچووکی بەردەمی ئەوبوون. بکەری سەرەکیی، بکەری ھەرە سەرەکیی، ناو کارەساتە ئابورییەکان و کارەساتە سیاسییەکان و کارەساتە ناوخۆییەکان ئەم ھێزەیە. بێگومان ھێزەکانی تری ناو کایەی سیاسیی کوردیی بێبەش نین لە تاوانەکان و کارەساتەکان، بەڵام ھیچیان تاوانباری ژمارە یەک و ژمارە دوو و ژمارە سێش نین. لە پازدە ساڵی ڕابردوودا پارتی ھەموویانی کردوە بە بەشێک لە دیکۆرێکی سیاسیی کە خۆی ئەندازیارە سەرەکییەکەی بوو. ئەوەی لەھەولێر و دھۆکدا ڕووئەدات تەحەداکردنێکی ئاشکرا و بەرچاوی ئەم ھێزەیە کە ھەموو تواناکانی بۆئەوە تەرخانکردوە کەس نەتوانێت تەحەدای بکات.

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان