راپۆرتی:درەو
🔹 گەرووی هورمز گرنگی خۆی لە قەبارەی ئەو ڕۆیشتنی نەوتەوە وەرگرتووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەناودا تێدەپەڕێت بۆ ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا، کە چارەکێک لە کۆی گشتی نەوتی دەریایی جیهان پێکدەهێنێت.
🔹 کۆی جوڵەی نەوتی خاو، چڕبووەوەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی تێپەڕبوو بە گەرووی هورمزدا، کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە (20.8 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
🔹 گەرووی هورمز تەنها کۆنترۆڵی تێپەڕبوونی چارەکی بازرگانیی نەوتی گواستراوە بە دەریا ناکات، بەڵکو کۆنترۆڵی تێپەڕبوونی پێنجیەکی بازرگانیی غازی شلی جیهانیش دەکات.
🔹 بەپێی نوێترین داتاکان، جوڵەی غاز لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا بۆ (11.4 ملیار) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
🔹 ساڵی 2024دا، (84%)ی جوڵەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، (83%)ی جوڵەی غازی شلی تێپەڕبوو بە ناو گەرووەکەدا بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا ڕۆیشتوون.
🔹 وڵاتانی چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور گەورەترین مەبەستە سەرەکییەکانی ئەو نەوتە خاوە بوونە کە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەرەو ئاسیا دەچێت؛ ئەم وڵاتانە پێکەوە دەستیان بەسەر (69%)ی کۆی جوڵەی نەوتی خاو و چڕبووەوەکانی ناو گەرووەکەدا گرتووە لە ساڵی 2024دا.
🔹 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی (0.5 ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی لە وڵاتانی کەنداوەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هاوردە کردووە.
سەرەتا
کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و تانکەرەکانی گواستنەوی غازی سروشتیی شل، ڕۆژی شەممە (28ی شوباتی 2026) لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاگادارییەکیان پێگەیشت، کە تێنەپەڕین بە ناو گەرووی هورمزدا، کە نزیکەی (20٪)ی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش لە پاش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئێران زیاتر لە هەفتەیەک بوو سەرجەم کەشتییە نەوتهەڵگرە گەورەکانی خۆی لە کەنداو کشاندبووەوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو لەدوای ساڵی 2017ەوە، بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتەکەی گەیشتبووە بەرزترین ئاست، کە بەپێی داتاکانی یەکەی لێکۆڵینەوەی وزە، ڕۆژانە (2.2 ملیۆن) بەرمیلی تێپەڕاندووە.
بە شێوەیەکی ئاسایی، لەگەڵ هەر ئاڵۆزییەکی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێران تێیدا لایەنێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، شیکارییەکان دەربارەی گەرووی هورمز یەک لە دوای یەک بڵاودەبنەوە؛ ئەمەش بەهۆی گرنگییە زۆرەکەیەتی لە جوڵەی بازرگانیی نەوت و غازی جیهانیدا.
سەرەڕای ئەوەی ئەم گەرووە تەنها ڕێڕەوی نەوت نییە لە جیهاندا، بەڵام هێشتا وەک گرنگترینیان لە ئاستی جیهان دەمێنێتەوە؛ بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئەو نەوتی خاو و چڕبووەوانەی پێیدا تێپەڕ دەبن.
بەپێی دوایین داتا بەردەستەکانی "یەکەی لێکۆڵینەوەی وزە" کە بنکەکەی لە واشنتنە، تێکڕای تێپەڕبوونی نەوت بە ناو گەرووەکەدا لە ماوەی ساڵی (2024)دا، نزیکەی (20.7 ملیۆن) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، یان هاوتای (20٪)ی کۆی بەکاربردنی شلە نەوتییەکانی جیهان کە بە(102.7 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنرێت.
کێشەی سەرەکی گەرووی هورمز و گەرووەکانی دیکە ؟
بە شێوەیەکی گشتی ڕێڕەوە ئاوییەکان زۆر هەستیارن بەرامبەر بە هەر تێکچوونێکی ئەمنی یان جیۆپۆلەتیکی، کە کاریگەرییەکانی بە خێرایی لە شێوەی قەیرانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان یان دواکەوتنیان بۆ چەند ڕۆژێک یان زیاتر دەردەکەوێت.
لەبەر ئەم هۆکارە، گەرووەکان وەک "ناوچەی خنکێنەر" (نقطه اختناق) بەدرێژایی ڕێگا دەریاییە جیهانییەکان پۆلێن دەکرێن، کە گرنگییەکی باڵایان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەی جیهان؛ چونکە ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی نەوت بە ناو ڕێڕەوێکی سەرەکیدا -تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی کاتییش بێت- دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەورە لە دابینکردنی پێداویستییەکان و زیادبوونی تێچووی بارکردن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر زیادبوونی نرخەکانی وزە لە جیهاندا.
سەرەڕای ئەوەی دەکرێت لە زۆربەی "خاڵە خنکێنەرەکان" یان گەرووەکان لابدرێت بە بەکارهێنانی ڕێگای دەریایی دیکە، بەڵام زۆربەی کات دەبنە هۆی زیادبوونی کاتی تێپەڕبوون بە شێوەیەکی بەرچاو، هەروەها هەندێک لە ڕێڕەوەکانیش هیچ جێگرەوەیەکی کردارییان نییە، گەرووی هورمز یەکێکە لەو گەرووانە.
چونکە، گەرووی هورمز -کە لە نێوان سوڵتانییەتی عومان و ئێراندایە- کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە؛ ئەمەش وای کردووە بە شێوەیەکی بەرچاو ببێتە جێی سەرنجی بازرگانانی نەوتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی،
پانیی گەرووەکە 50 کیلۆمەترە، لە کاتێکدا قووڵایی ئاوەکەی دەگاتە 60 مەتر، بەڵام پانیی هەردوو ڕێڕەوی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوە لێی (10.5) کیلۆمەترە، کە ڕۆژانە جێگەی (20 بۆ 30) کەشتیی نەوتهەڵگر دەبێتەوە.
نەخشەی ئاڵوگۆڕی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە
گەرووی هورمز گرنگی خۆی لە قەبارەی ئەو ڕۆیشتنی نەوتەوە وەرگرتووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەناودا تێدەپەڕێت بۆ ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا، کە چارەکێک لە کۆی گشتی نەوتی دەریایی جیهان پێکدەهێنێت.
کۆی گشتی ڕۆیشتنی نەوت (لەوانەش نەوتی خاو، کۆندێنسێت و بەرهەمە پاڵاوتەکان) کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، بە ڕێژەی (5%) لەسەر بنەمای ساڵانە کەمی کردووە و لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە (20.7 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی جوڵەی نەوتی خاو و چڕبووەوەکان بۆ (14.6 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی 2024، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا نزیکەی (15.8 ملیۆن) بەرمیل بووە.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە هاوپەیمانی "ئۆپیک پڵەس"، کە بووەتە هۆی پاشەکشەی هەناردەی نەوت و جوڵەکەی بە ناو گەرووەکەدا؛ بەتایبەت لە سعوودیە، کوێت و ئیمارات، بەپێی ئەوەی یەکەی لێکۆڵینەوەی وزە تۆماری کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، جوڵەی بەرهەمە نەوتییەکان لە ماوەی ساڵی 2024دا بۆ (6.1 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا نزیکەی (6 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.
لە ساڵی 2025دا، نوێترین زانیارییەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا ((EIA ئاماژە بە بەرزبوونەوەیەکی کەم دەکەن لە کۆی جوڵەی نەوتی خاو، چڕبووەوەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی تێپەڕبوو بە گەرووی هورمزدا، کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە (20.8 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لەسەر ئاستی جیهانی، قەبارەی بازرگانیی نەوتی گواستراوە بە دەریا لە ساڵی 2024دا بۆ (79.7 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا نزیکەی (80.2 ملیۆن) بەرمیل بوو، بەڵام قەبارەی بازرگانییەکە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا بۆ (79.8 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەوە.
ئەم چارتەی خوارەوە، پەرەسەندنی ڕۆیشتنی نەوت لە گەرووی هورمز لە ساڵی 2020 تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 گواستراوەتەوە نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (1)

قەبارەی بازرگانیی غازی شل بە ناو گەرووی هورمزدا
گەرووی هورمز تەنها کۆنترۆڵی تێپەڕبوونی چارەکی بازرگانیی نەوتی گواستراوە بە دەریا ناکات، بەڵکو کۆنترۆڵی تێپەڕبوونی پێنجەکی (یەک لەسەر پێنجی) بازرگانیی غازی شلی جیهانیش دەکات، هەروەها قەتەر و ئیمارات بۆ هەناردەکردنی غازی شل بەکاری دەهێنن.
هەناردەی قەتەر لە غازی شل بە ناو گەرووی هورمزدا لە ماوەی ساڵی 2023دا، گەیشتە نزیکەی (9.5 ملیار) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا هەناردەی ئیمارات (0.6 ملیار) پێ سێجا بووە، بەڵام کوێت بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتیی شل پشتی پێ دەبەستێت.
بە شێوەیەکی گشتی، کۆی جوڵەی غازی شلی تێپەڕبوو بە ناو گەرووەکەدا لە ساڵی 2024دا بۆ (10.5 ملیار) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا دابەزی، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا نزیکەی (10.6 ملیار) پێ سێجا بووە.
لە هەمان کاتدا، بەپێی نوێترین داتاکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا لە (3ی ئازاری 2026)، جوڵەی غاز لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا بۆ (11.4 ملیار) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
ئەم چارتەی خوارەوە پەرەسەندنی کۆی جوڵەی غازی شل بە ناو گەرووی هورمزدا لە ساڵی 2020ەوە تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 ڕوون دەکاتەوە.
چارتی ژمارە (2)
کام وڵاتانە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت لە کاتی داخستنی گەرووی هورمزدا؟
خەمڵاندنەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2024دا، (84%)ی جوڵەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، (83%)ی جوڵەی غازی شلی تێپەڕبوو بە ناو گەرووەکەدا بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا ڕۆیشتوون.
وڵاتانی چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور گەورەترین مەبەستە سەرەکییەکانی ئەو نەوتە خاوە بوون کە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بەرەو ئاسیا دەچێت؛ بە جۆرێک ئەم وڵاتانە پێکەوە دەستیان بەسەر (69%)ی کۆی جوڵەی نەوتی خاو و چڕبووەوەکانی ناو گەرووەکەدا گرتووە لە ساڵی 2024دا.
لایەنێکی دیکەی داتاکانی ساڵی 2024 دەری دەخات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی (0.5 ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی لە وڵاتانی کەنداوەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هاوردە کردووە، ئەمەش تەنها (7%)ی هاوردەی نەوتی خاو و چڕبووەوەکانی ئەمریکا و (2%)ی کۆی بەکاربردنی بەهەمە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت.
جێی ئاماژەیە کە هاوردەی نەوتی خاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداوەوە لە ساڵی 2018وە بۆ نیوە دابەزیوە، هەروەها ئاستی هاوردەکردن لە ساڵی 2024دا نزمترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردووە؛ ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بەرزبوونەوەی هاوردەکردن لە وڵاتی کەنەداوە بووە.
چارتی ژمارە (3) قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نەوتی خاوو بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتانی هەناردە و هاوردەکار دەردەخات لە ساڵی (2024)دا
چارتی ژمارە (3)
سەرچاوەکان
1. وحدة أبحاث الطاقة، مضيق هرمز.. 5 تساؤلات عن أهميته لتجارة النفط والغاز وتهديدات إغلاقه، تم تحديثه 6 مارس/آذار 2026؛
https://shorturl.at/rv5qn
2. CNN بالعربیة، حجم تدفقات النفط عبر مضيق هرمز.. ما الدول الأكثر عرضة للتأثر حال إغلاقه؟، نشر الاثنين، 23 يونيو / حزيران 2025؛
https://shorturl.at/ae7ny
3. إرم بزنس، تدفقات النفط عبر مضيق هرمز.. شريان الطاقة في العالم، تاريخ النشر:24 يونيو 2025؛
https://shorturl.at/xd1dB