سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

ئەگەر بایدن سەرۆک بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەگۆڕێت ؟

بڵاوکراوەتەوە لە : 6 تشرینی دووەم 2020

ئەگەر بایدن سەرۆک بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەگۆڕێت ؟

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

(درەو):
ئەگەر جۆ بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوەو ببێت بە سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئەوەی ئێستا پێشبینی ئەنجامەکان وادەڵێن، دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی سیاسەتی بایدنەوە بەمشێوەیە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت:

عێراق
کاتێک جێگری باراک ئۆباما بووە، بایدن چەندینجار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە، بەباشی لە کێشەی عێراق تێدەگات، کوڕەکەی لە ریزی سوپای ئەمریکا لە عێراق خزمەتی کردووە، بایدن خاوەنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراقە بەسەر سێ هەرێمی شیعەو سوننەو کورددا، ئەو پێیوایە بە دابەشکردن دەتوانرێت یەکێتیی عێراق بپارێزرێت.
هەندێک بە دیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان خۆشحاڵن بە سەرکەوتنی بایدن، بەوپێیەی بایدن وەکو دۆستێکی نزیکی کوردو هاوڕێی مەسعود بارزانی دەناسێنن، پێیانوایە ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەسەردەمی بایدندا بکرایە ئەنجامەکەی بەجۆرێکی تر دەبوو.
لەبەرامبەردا ئەوانەی پشتیوانی مانەوەی عێراق دەکەن لەچوارچێوەکەی خۆیدا ترسیان هەیە بایدن نەخشەکەی بۆ دابەشکردنی عێراق بخاتەبواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە ئێستا بابەتی گەرمی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو عێراقە، پێشبینی دەکرێت بایدن هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریاو ئەفغانستان سنوردار بکات یان بەیەکجاری کۆتایی پێ بهێنێت و لەبری ئەوە هەندێک هێزی دژەتیرۆر لەو وڵاتانە بهێڵێتەوە.

سعودیە
لە ساڵیادی تیرۆرکردنی (جەمال خاشوقچی)دا بایدن وتی:" چاو بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیەدا دەخشێنمەوە"، هەر لەبارەی سعودیەوە جارێک بایدن وتی:" بەهای ئەمریکا بە سواڵکردن بۆ فرۆشتنی چەک و کڕینی نەوت بەدی نایەت".
بایدن بەڵێنیداوە کۆتایی بە یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سعوییە بهێنێت لە جەنگی یەمەندا، هەروەها چاوپۆشی لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ نەکات لەبەر بەرژەوەندییە سیاسییەکان.

ئیسرائیل و دۆزی فەلەستین
بایدن پاڵپشتی ئەوە ناکات خاکی کەناری خۆرئاوا بخرێتە سەر ئیسرائیل، بایدن دەڵێ:" چالاکی دروستکردنی کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەرجۆرە ئومێدێک بۆ ئاشتی دەخنکێنێت"، بەڵام سەرباری ئەمەش پێشبینی ناکرێت جارێکی تر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودسەوە بگەڕێنێتەوە بۆ تەلئەبیب یان هەر هەنگاوێکی تر هەڵگرێت کە ببێت بە هەڕەشە لەسەر سەلامەتی ئەو رێککەوتنانەی بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان بەمدواییە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا کراوە.
بەڵام سەرباری ئەمانە بایدن بەڵێنیداوە جارێکی تر کۆمەکەکانی ئەمریکا بۆ فەڵەستینییەکان دەستپێبکاتەوە، هەروەها دەرگای کونسوڵگەری ئەمریکا لە قودسی رۆژهەڵات و نوسینگەکانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە واشنتۆن بکاتەوە.
ئیداری بایدن هەوڵی زیندوکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری ئاشتی، کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان چارەسەر بکات.

میسر
لەبارەی دەسەڵاتی میسرەوە بایدن قسەیەکی هەیە کە وەکو ئاماژەیەک بۆ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک میسر دەڵێ:" ئیتر چەکی سپی زیاتر نادەین بە دیکتاتۆرە دڵخوازەکەی ترەمپ".
میسر یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە بایدن نیگەرانە بەهۆی ئەوەی بەردەوام ئیدانەی دۆخی مافەکانی مرۆڤی کردووە لەو وڵاتە.
بەگوێرەی قسەی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان، بایدن بەشێک لەو یارمەتییە داراییە گەورەیە رادەگرێت کە ئەمریکا ساڵانە بە میسری دەدات، ئەگەر ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە پەرەسەندنی زیاتر بەخۆە ببینێت.

سوریا
پێشبینی ناکرێت بایدن هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بکێشێتەوە، پاشەکشێ لە سزاکان بۆسەر دیمەشق ناکات.
پەیوەندی بەهێزی بایدن  لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان، ئەنکەرە نیگەران دەکات.

تورکیا
بایدن، ئەردۆغانی بە "ستەمکار" ناوبردووەو داوای لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کردووە لە هەڵبژاردندا بیخەن.
پێشبینی دەکرێت بایدن بەهۆی گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی (S400) لە روسیا، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.
ماکس هۆڤمان کە لێکۆڵەرێکی سیاسییە وەکو ئاماژەیەک بۆ پەیوەنییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان و ئەو گۆڕانکارییەی دوای دەستبەکاربوونی بایدن روودەدات، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە:" ئیتر ئەردۆغان ناتوانێت بە تەلەفۆنێک بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی ئەمریکا سەرەوژور بکاتەوە".

ئێران
بایدن دەڵێ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێستا لەگەڵ ئێران "شورەیی"ە، بەڵام باشترە لەوەی "بوونی هەبێت" بۆ سەرکوتکردنی ئارەزووە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بایدن دەڵێ:" ئەگەر ئێران گەڕایەوە بۆسەر پابەندییە ئەتۆمییەکانی، جارێکی تر ئەگەڕێینەوە بۆ ناو رێککەوتنە ئەتۆمییەکە".

بەگشتی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژادنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەندێک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و وەکو خۆی دەڵێ هەڵەکانی ترەمپ راست دەکاتەوە، بەڵام بەگشتی گۆڕانکارییەکان گەورە نابن هێندەی ئەوەی وەکو جوانکاری سیاسی تەماشا دەکرێن.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 6 کاتژمێر

عێراق بەرهەمهێنانی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل نەوتی راگرت

null
پێش 7 کاتژمێر

ئێران: 1500 كەس كوژراون، 200 مەدەنی و 1300 سەرباز

null
٣ ئازار ٢٠٢٦

دوای نەمانی خامەنەئی چی؟