سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

كەتەلۆنییەكان داوای ریفراندۆمێكی تر دەكەن

بڵاوکراوەتەوە لە : 17 ئازار 2019

كەتەلۆنییەكان داوای ریفراندۆمێكی تر دەكەن

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

(درەو میدیا):
لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی بوو بە رابردوو، بەڵام لە هەرێمی كەتەلۆنیا كە هاوكات لەگەڵ كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كرا، هێشتا یارییەكە بەردەوامە.
شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا خۆپیشاندانێكی گەورەی لایەنگرانی سەربەخۆیی هەرێمی كەتەلۆنیای بەخۆوە بینی.
لەساڵی 2012وە كە جوڵانەوەی سەربەخۆخوازی لە هەرێمی كەتەلۆنیا دەستیپێكردووە، ئەمە یەكەمجارە خۆپیشاندانی لەو جۆرە لە مەدریدی پایتەخت بكرێت‌و كەتەلۆنییەكان بە ئاشكرا ئاڵای هەرێمەكەیان بەرزبكەنەوە‌و داوای جیابونەوە لە ئیسپانیا بكەن، بەپێی خەمڵاندانی پۆلیس، (18 هەزار) كەس بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەدا كردووە‌و 500 پۆلیس چاودێرییان كردووە.
خۆپیشاندەران داوای سازدانی ریفراندۆمێكی تریان كرد بۆ دیاریكردنی مافی چارەی هەرێمی كەتەلۆنیا، هەروەها ئیدانەی دادگایكردنی سەركردەكانی هەرێمەكەیان كرد‌و پرۆسەی دادگایكردنەكانیان بە "گاڵتەجاڕیی" ناوبرد، ئاڵای هەرێمی كەتەلۆنیایان بەرزكردەوە.
خۆپیشاندەرەكان لە هەرێمی كەتەلۆنیاوە بە شەمەندەفەر‌و پاس خۆیان گەیاندە یەكێك لە شەقامەكانی مەدرید، پاشان لە گۆڕەپانی "سیبیلیس" كۆبونەوە بۆ گوێگرتن لە وتارو وتنەوەی دروشمەكان.
"ئازادی بۆ زیندانییەكان"، "مافی چارەی خۆنوسین تاوان نییە" ئەمانە هەندێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندەران بوو، لەسەر هەندێك لافیتەش نوسرابوو "دادپەروەری بوونی نییە".
هاوكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان، مانگی ئەیلولی 2017 هەرێمی كەتەلۆنیا ریفراندۆمی كرد بۆ سەربەخۆیی، حكومەتی ناوەندی ئیسپانیا بەهێزی پۆلیس روبەڕووی ریفراندۆمەكە بووەوە‌و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەركردە سیاسییەكانی كەتەلۆنیا دەركرد، بەوهۆیەوە كارلس پۆگدیمۆنت سەرۆكی هەرێمەكە‌و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تر بەوهۆیەوە وڵاتیان بەجێهێشت.
ئێستا 12 كەس لە سەركردە سیاسییەكانی كەتەلۆنیا بەتۆمەتی یاخیبوون دادگایی دەكرێن، سەرەتای پرۆسەی دادگایكردنەكان لە مانگی شوباتەوە لە مەدریدی پایتەخت دەستیپێكرد، یەكێك لە سەركردەكانی كەتەلۆنیا ئەگەری هەیە بە (25 ساڵ) زیندانی حوكم بدرێت.
هاوشێوەی دادگای فیدراڵی عێراق كە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانی بەكارێكی نادەستوری ناوبرد، دادگای باڵای ئیسپانیاش لەكاتی خۆیدا ریفراندۆمەكەی كەتەلۆنیای یاساغ كرد، بەڵام جیاوازییەكە لەوەدا بوو، سەركردە سیاسییەكانی كەتەلۆنیا سەرباری ناڕەزایەتی حكومەتی ئیسپانیا‌و وڵاتانی ئەوروپا، لە رۆژی 27ی تشرینی یەكەمی 2017دا سەربەخۆیی هەرێمەكەیان‌و جیابونەوەی لە ئیسپانیا راگەیاند، ئەمە بەر لە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و پەرلەمانی هەرێمەكە هات لەلایەن حكومەتی ناوەندی ئیسپانیاوە. 
حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئیسپانیا بەردەوام هەر جۆرە ریفراندۆمێك بۆ سەربەخۆیی رەتدەكەنەوە كە لە هەر ناوچەیەكی شانشینەكە بكرێت.
هەرێمی كەتەلۆنیا هاوشێوەی هەرێمی كوردستان خەڵكەكەی دابەشبوون بەسەر دوو چیندا، هەندێك پشتیوانی جیابونەوە دەكەن‌و هەندێكی تر دژن، بەڵام لە ریفراندۆمدا لایەنگرانی سەربەخۆیی ساڵی 2015 و 2017 لەناو پەرلەمانی كەتەلۆنیا دووجار بەدەنگی زۆرینەی ساددە بەسەر نەیارانی سەربەخۆیدا سەركەوتن.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 3 کاتژمێر

كوردەكان داوای گەرەنتیان لە ئیدارەی ترەمپ كردووە

null
پێش 6 کاتژمێر

داهات و خەرجی گشتی عێراق لە ساڵی 2025

null
پێش 21 کاتژمێر

عێراق بەرهەمی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل نەوتی راگرت