درەو:
بەشی دووەم
🔻 بەگوێرەی داتاکانی سەکۆی وزە
🔹 لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ململانێکەدا، کۆی هەناردەی گازی شلی جیهانی بە ڕێژەی 6% لەسەر بنەمای ساڵانە پاشەکشەی کرد، تا 195.5 ملیۆن تەن تۆمار بکات، چونکە دابینکارییە جێگرەوەکانی وڵاتانی تر ڕێگرییان کرد لە فرەوانبوونی کەلێنەکە.
🔹 هەناردەی قەتەر، کە پێش جەنگ پێنجیەکی دابینکارییە جیهانییەکانی دابین دەکرد، لەم ماوەیەدا پاشەکشەی کرد بۆ 18 بار، لە بەرامبەر 509 بار لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بە دابەزینێک کە نزیک دەبێتەوە لە 96%.
🔹 هەناردەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕێژەی نزیکەی 21% لەسەر بنەمای ساڵانە بازدانی بەخۆوە بینی بۆ 63 ملیۆن تەن، تا بێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی بازاڕ لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی کەمبوونی دابینکارییەکان، بەتایبەتی لە ئاسیادا.
🔹 بۆ هاوردەکردنی غازی شل لە سەرانسەری جیهانیشدا، ژاپۆن دیارترین زیانلێکەوتووان بوو، چونکە تێچووی زیادە بازدانی بەخۆوە بینی بۆ 3.8 ملیار دۆلار، و ژاپۆن، چین و کۆریای باشوور 64%ی ئەو تێچووەیان کەوتە ئەستۆ کە بڕەکەی 16 ملیار دۆلار بوو.
سەرەتا
بازاڕەکانی گازی شل لە میانی جەنگی ئێراندا ئاڵۆزییەکی بێپێشینەیان بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی پەککەوتنی دەریاوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بووە هۆی سنووردارکردنی هەناردەی قەتەر و ئیمارات، کە دوو لە گەورەترین دابینکەرانن لە سەرانسەری جیهاندا، و کڕیارانی لە ئاسیا و ئەوروپا ئاڕاستە کرد بۆ گەڕان بەدوای باری جێگرەوەدا.
هەناردەی گازی شلکراوە
لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ململانێکەدا، کۆی هەناردەی گازی شلکراوەی جیهانی بە ڕێژەی 6% لەسەر بنەمای ساڵانە پاشەکشەی کرد، تا 195.5 ملیۆن تەن تۆمار بکات، چونکە دابینکارییە جێگرەوەکانی وڵاتانی تر ڕێگرییان کرد لە فرەوانبوونی کەلێنەکە.
داتاکانی یەکەی توێژینەوەکانی وزە دەریدەخەن کە هەناردەی قەتەر، کە پێش جەنگ پێنجیەکی دابینکارییە جیهانییەکانی دابین دەکرد، لەم ماوەیەدا پاشەکشەی کرد بۆ 18 بار، لە بەرامبەر 509 بار لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بە دابەزینێک کە نزیک دەبێتەوە لە 96%.
لە ئازارەوە تا کۆتایی ئابی 2026، هەناردەی قەتەر لە گازی شل پاشەکشەی کرد بۆ 5.9 ملیۆن تەن، لە بەرامبەر 40 ملیۆن لە ماوەی هاوتای ساڵی ڕابردوودا.
لە سەر بنەمای مانگانە، هەناردەکردن گەورەترین پاشەکشەی ساڵانەی لە نیسانی ڕابردوودا تۆمار کرد بە ڕێژەی 92%، چونکە دابەزی بۆ 457 هەزار تەن، و دوای ئەوە بووژانەوەیەکی پلەبەپلە بەڵام سنوورداری بەدوادا هات، وەکو ئەوەی گرافیکی ژمارە (1) ڕوونی دەکاتەوە.
گرافیکی ژمارە (1)

ئەمەش هەناردەی گازی شلی ئیماراتە کە بە ڕێژەی 54% لەسەر بنەمای ساڵانە پاشەکشەی کرد، تا بگەڕێتەوە بۆ 1.1 ملیۆن تەن، لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا.
لە بەرامبەردا، هەناردەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕێژەی نزیکەی 21% لەسەر بنەمای ساڵانە بازدانی بەخۆوە بینی بۆ 63 ملیۆن تەن، تا بێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی بازاڕ لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی کەمبوونی دابینکارییەکان، بەتایبەتی لە ئاسیادا، وەکو ئەوەی گرافیکی ژمارە (2)دا هاتووە.
گرافیکی ژمارە (2)

بەرزبوونەوەی نرخەکانی گازی شل و کاریگەریی لەسەر وڵاتانی هاوردەکار
تێکڕای نرخەکانی گازی شل لە حەوزی زەریای هێمندا بە ڕێژەی 75% بەسەر ئاستی پێشبینییەکانی پێش جەنگدا هەڵکشا، بۆ 18.62 دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکەی گەرمیی بەریتانی، لە بەرامبەر 10.62 دۆلار.
بە هەمان شێوە نرخەکانی گاز لە حەوزی ئەتڵەسیدا بە ڕێژەی نزیکەی 60% بەرز بوونەوە، تا 16.99 دۆلار بۆ هەر ملیۆن یەکەی گەرمیی بەریتانی تۆمار بکەن، بەراورد بە 10.65 دۆلار لە پێش جەنگدا.
لە ئەنجامی ئەوەدا، تێچووی زیادە کە هاوردەکارانی گازی شل لە سەرانسەری جیهاندا لە ئەستۆی خۆیان گرت گەیشتە نزیکەی 38 ملیار دۆلار.
ئەم تێچووە دابەش بوو لە نێوان 21.5 ملیار دۆلار لە حەوزی ئەتڵەسی و 16.5 ملیار دۆلار لە زەریای هێمندا، وەکو ئەوەی گرافیکی ژمارە (3) نیشانی دەدات.
گرافیکی ژمارە (3)

میسڕ دیارترین ئەو وڵاتانەی ناوچەی عەرەبییە کە کاریگەر بوون، چونکە تێچووی فاکتەری هاوردەکردنی گازی شل لەم 6 مانگە یەکەمەی جەنگدا بەرز بووەوە بۆ 2.6 ملیار دۆلار.
لە میانی ئەم مانگانەدا، هاوردەکردنی میسڕ بەرز بووەوە بۆ 7.5 ملیۆن تەن، بەراورد بە نزیکەی 4 ملیۆن لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا.
لە سەرانسەری جیهانیشدا، ژاپۆن دیارترین زیانلێکەوتووان بوو، چونکە تێچووی زیادە بازدانی بەخۆوە بینی بۆ 3.8 ملیار دۆلار، و ژاپۆن، چین و کۆریای باشوور 64%ی ئەو تێچووەیان لە ئەستۆ گرت کە بڕەکەی 16 ملیار دۆلار بوو.
لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا، پاکستان لە نێو ئەو وڵاتە ئاسیایییانەدا بوو کە بەهۆی گێژاوەکانی هورمزەوە زیانیان بەرکەوت، چونکە هاوردەکردنی لە 3.4 ملیۆن تەن لە ماوەی هاوتای ساڵی 2025ەوە پاشەکشەی کرد بۆ نزیکەی 1 ملیۆن تەن، بە دابەزینێک کە نزیک دەبێتەوە لە 71%.
ئیسلام ئاباد بەپێی گرێبەستی درێژخایەن پشتبەستن بە هاوردەکردنی قەتەری دەکات، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی گێژاوەکاندا ڕووی لە بازاڕی دەستبەجێ (فوری) کرد، و لە مانگی تەمووزدا گرانترین باری گازی شلی لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا کڕی.
هاوکات بەنگلادیش، سەرەڕای ئەوەی بڕی هاوردەکردنی لە گازی شلکراوە زۆر کاریگەر نەبوو (تەنها 7% دابەزی)، بەڵام بودجەکەی تێچووی گەورەی لە ئەستۆ گرت، چونکە ڕووی لە بازاڕی دەستبەجێ کرد و پشکی شێری لە 10 گرانترین باری گازی شلکراوە لە ساڵی 2026دا بەدەستهێنا، کە بارێکیان بە نرخی 28 دۆلار بوو بۆ هەر ملیۆن یەکەی گەرمیی بەریتانی.
سەرچاوە
أحمد شوقي - مي مجدي، أسواق الطاقة خلال حرب إيران.. 6 أشهر تحت وطأة اضطرابات هرمز (ملف خاص)، الطاقة، 03-09-2026؛
https://shorturl.at/oxxJA