سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

سێ سیناریۆ بۆ جیهانی دوای تڕەمپ

"جیهانی کۆن لە سەرەمەرگدایە و سیستەمی لیبراڵی بە ڕێبەرایەتی واشنتۆن چیتر توانای مانەوەی نەماوە، بۆیە بەرەو سەردەمێکی نوێ و پارچەپارچەتر هەنگاو دەنێین. ئایندەی ئەم گۆڕانکارییە لە نێوان سێ ڕێڕەوی مەترسیداردایە: گەڕانەوە بۆ جەنگی ساردی نوێ لە نێوان ئەمریکا و چین، یان دابەشبوونی جیهان بۆ چەندین بازنەی هەژموونی ئیمپراتۆرییەتە هەرێمییەکان، و یاخود خزان بەرەو فەوزایەکی گشتگیر کە تێیدا یاسای هێز شوێنی یاسای نێودەوڵەتی دەگرێتەوە. بڕیارەکانی داهاتووی واشنتۆن و شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، کێشی یەکلاکەرەوەیان دەبێت لە دیاریکردنی ئەو سیستەمە نوێیەی کە لە ناو ململانێکانەوە لەدایک دەبێت. لە کۆتاییدا، دەبێت خۆمان بۆ جیهانێکی توندتر و پڕتر لە کێبڕکێ ئامادە بکەین، چونکە مێژوو دەیسەلمێنێت کە گواستنەوە لە نێوان سیستەمەکاندا هەرگیز بێ شڵەژان و قوربانی گەورە نەبووە."

بڵاوکراوەتەوە لە : 26 ئازار 2026

سێ سیناریۆ بۆ جیهانی دوای تڕەمپ

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو - وەرگێڕان:

 

سێ سیناریۆ بۆ جیهانی دوای تڕەمپ.

 دوای دە ساڵی دیکە، جیهان تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز دەبێت.

 راپۆرتی:  هال براندز -المجلة

فەیلەسوفی ئیتاڵی، ئەنتۆنیۆ گرامشی، لە ساڵی ١٩٣٠دا نووسیویەتی: "جیهانی کۆن لە سەرەمەرگدایە، جیهانی نوێش هێشتا خەریکی ململانێیە بۆ ئەوەی لەدایک بێت." سەرەڕای قەناعەتە مارکسییەکانی گرامشی، بەڵام ئەو خۆی بە نزیک لە ڕۆحی سەردەمی تڕەمپی دەبینێتەوە. جیهانی کۆن لێرەدا، ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەیە کە ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ڕۆژئاوا بونیادی نا، پاشان دوای سەرکەوتنی لە جەنگی سارددا، کاری بۆ گشتگیرکردنی کرد لەسەر ئاستی جیهان. ئەو پڕۆژەیەش بڕێکی باش لە ئاشتی، گەشەسەندن و ئازادی فەراهەم کرد، کە بەشداری کرد لە گۆڕینی جیهان. بەڵام ئەو سیستەمە کۆنە، ئەمڕۆ ئەو ئامانجانەى لە دەستدا کە لە پێناویدا دامەزرابوو.

بۆ ماوەی چەندین ساڵ، هێزە پێداچوونەوەخوازەکان و لە پێشەنگیشیاندا چین و ڕووسیا، بە شێوەیەکی پلەبەندی خەریکی تێکدانی ئەم سیستەمە بوون، لە کاتێکدا هەندێک جار وا دەردەکەوێت خودی ئەمریکاش لە ڕووبەڕووبوونەوەیدایە. دوای دە ساڵی دیکە، جیهان تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز دەبێت. ئەوەی تا ئێستا نایزانین، چی چاوەڕێمان دەکات لە کۆتایی ئەم قۆناغە گواستنەوەیەدا، و ئەو جیهانە نوێیە لەسەر چ شێوەیەک جێگیر دەبێت.

یەکێک لە سیناریۆ ئەگەرییەکان، دابەشبوونی جیهانە بۆ دوو "بەرە" لەسەر شێوازی جەنگی سارد، کە واشنتۆن سەرکردایەتی یەکێکیان و پەکین سەرکردایەتی ئەوی تریان دەکات. بەڵام سیناریۆی دووەم، لەسەر بنەمای جیهانێکە کە دوو بلۆک حوکمی ناکەن، بەڵکو چەند ئیمپراتۆریەتێکە، کە تێیدا هێزە دەستڕۆیشتووەکان هەژموونی خۆیان بەسەر بازنەکانی هەژموونی هەرێمایەتیدا دەسەپێنن. لە کاتێکدا سیناریۆی سێیەم خۆی لە جیهانێکدا دەبینێتەوە کە شەریعەتی "پشت بەخۆبەستن" حوکمی دەکات، و تێیدا ڕەفتاری ئەمریکی بەرەو ڕێچکەیەکی شەڕەنگێزانە دەخلیسکێت و سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو فەوزا پاڵ پێوە دەنێت.

ساتەوەختی ئێستا زۆر ناسک و لەرزۆک دەردەکەوێت، چونکە هەر یەکێک لەم سیناریۆیانە بە گونجاو دەبینرێت، چونکە هەر یەکێکیان لەو سیاسەتە دەرەکییانەی کە زلهێزە ناکۆکەکان پەیڕەوی دەکەن، پاڵپشتییەکی هەیە. زۆر شت هێشتا لە چوارچێوەی ئەگەرەکاندا ماوەتەوە، چونکە بەشێکی گەورەی ڕەهەندەکانی قۆناغی داهاتوو بەندە بە بڕیارەکانی ئەمریکا و  شایستە هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە. بەڵام پێشبینیکردنی ئەوەی لە دوای ئەم قۆناغە گواستنەوەیە چی چاوەڕێمان دەکات، وەک هەنگاوی یەکەم دەمێنێتەوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ جیهانێک کە تەنانەت لە باشترین سیناریۆکانیشدا، زیاتر پارچەپارچە بوو و توندتر دەبێت لەوەی جێمان هێشتووە.

جیهانی مۆدێرن بەرهەمی هێزی ئەمریکایە. لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەمریکا تۆڕێک لە هاوپەیمانییە جیهانییەکانی چنی کە بە کەنارەکانی ئۆراسیادا کشان. هەروەها ئەو دەوڵەتانەی هەستاندەوە کە جەنگ وێرانی کردبوون، بەشداریشی کرد لە دووبارە بونیادنانەوەی بازرگانی جیهانی. ئازادیی دەریاوانی لە ڕێڕەوە دەریاییە دوورەکاندا پاراست، لەگەڵ دابینکردنی کاڵا گشتییەکانی تر. ئەمریکا، نەک نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکترین لایەن بوو بۆ گێڕانی ڕۆڵی حکومەتێکی جیهانی. لە سایەی ئەم سیاسەتانەدا، سیستمێکی ڕۆژئاوایی گەشەسەندوو هاتە کایەوە کە دواتر توانی شکست بە یەکێتی سۆڤیەت بهێنێت، پاش جەنگی ساردیش گۆڕا بۆ سیستمێکی لیبراڵ کە بەرەو فراوان بوون دەچوو.

بەڵام، وەک هەر دەستکەوتێکی گەورە، وێنای ئەم سەرکەوتنە بەدەر نەبووە لە زیادەڕەوی، یان لایەن گەلێک کە پشتگوێ خراون و بایەخیان کەم کراوەتەوە. لە هەندێک کاتدا، واشنتۆن مەبەستی بووە سیستمێکی لیبراڵ بچەسپێنێت بە ئامرازگەلێک کە دوور بوون لە لیبراڵیزم، ئەویش لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازی توندوتیژ و ڕێکاری نهێنی. هەروەها ئەو گوتارەی کە ستایشی تەبایی نێوان هاوپەیمانان دەکات، چاوپۆشی لەو ناکۆکییە قوڵانە دەکرد کە لەو پەیوەندییانەدا ڕوویانداوە؛ لە قەیرانی سوێس لە ساڵی ١٩٥٦وە تا داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، کە ئەمانە ناکۆکیی بوون و جیهانی دیموکراسییان هەژاند. بە هەمان شێوە، ئەمریکا سڵی نەکردوەتەوە لە پێشێلکردنی ئەو یاسایانەی کە خۆی داینابوون، یان دەستکاریکردنیان لە کاتێکدا چیتر گونجاو نەبوون؛ وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٧١دا ڕوویدا کاتێک دەستبەرداری سیستەمی "برێتۆن وودز" بوو بۆ دارایکردنی نێودەوڵەتی. کەواتە، هیچ سیستمێک نییە خاڵی بێت لە دووڕوویی یان زۆرەملێ.

بەڵام "ئاشتیی ئەمریکی" لە کۆتاییدا، هێزێکی دەگمەنی خستە خزمەت تێگەیشتنێکی فراوان بۆ بەرژەوەندیی خودیی؛ کە ناوەرۆکەکەی بریتی بوو لەوەى : تەنانەت زلهێزێکی گۆشەگیریش لە ڕووی جوگرافییەوە ناتوانێت گەشە بکات مەگەر بەشدار بێت لە بەهێزکردنی دەوڵەتە لاوازەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی. ئەم ئاوێتەبوونەش بووە هۆی دەستکەوتگەلێک کە ڕێڕەوی مێژوویان گۆڕی. دوای دوو جەنگی جیهانی لە ماوەی تەنها یەک نەوەدا، ئەو سیستمەی ئەمریکا بونیادی نا، چەندین دەیەی لە ئاشتی لە نێوان هێزە گەورەکاندا فەراهەم کرد. ئەو ئابوورییەی واشنتۆن ڕێبەرایەتی دەکرد، بازدانێکی گەورەی لە ئاستی بژێویدا هێنایە کایەوە. هەروەها هەژموونی ئەمریکا بەشدار بوو لە چەسپاندنی دیموکراسی وەک مۆدێلی زاڵ، وای کرد "مردنی دەوڵەت" – واتە سڕینەوەی توندوتیژانەی دەوڵەتە سەربەخۆکان – ببێتە کارێکی دەگمەن و شۆکهێنەر. لە بەرانبەریشدا، واشنتۆن خۆی دەستکەوتی مەزنی چنییەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی لە سەردەمێکی ئارامتر و زیندووتردا دەژیا، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی و تۆڕەکانی تری هاوکاری، هێزە بێ هاوتاکەییان چەند هێندە کرد کرد و ڕەهەندە جیهانییەکەییان چەسپاند.

دیارە هیچ شتێک تادەسەر نامێنێتەوە؛ ئەو سیستمەی ئەمریکا ڕێبەرایەتی دەکرد، بەتایبەت تەوژمە توندەکەی بەرەو جیهانگیری دوای جەنگی سارد، ئەمڕۆ بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەم سیستمە لە دەرەوە ڕووبەڕووی گوشارێکى توند دەبێتەوە؛ چونکە پەکین، مۆسکۆ و هاوبەشەکانیان وەک ڕێگرێک لەبەردەم بەرزەفڕیەکانیان و هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستمە ستەمکارەکانیان سەیری دەکەن. هەر بۆیە، لە هەوڵی تێکدانی هاوسەنگییەکانی هێز و یاسا بنەڕەتییەکاندان، وەک ئازادیی دەریاوانی و قەدەغەکردنی داگیرکاری بە هێز، لە سەرانسەری پانتاییە فراوانەکەی ئۆراسیادا. هەروەها ئەم دەوڵەتانە و لە پێشەنگیشیاندا چین، هەوڵیان داوە سیستمەکە لە ناوەوەش لاواز بکەن؛ پەکین تێکەڵبوونی خۆی لە ئابووری جیهانیدا بەکارهێنا بۆ بونیادنانی هێزێکی پیشەسازی و سەربازی کە ئەمڕۆ لە کێبڕکێی ئەمریکادا وەبەرهێنانی تێدا دەکات. لە بەرانبەریشدا، واشنتۆن شەکەت دیارە، و ڕەنگە کەوتبێتە ژێر باری بێئومێدییەکی قووڵ بەرانبەر ئەو سیستمەی کە بە دەستی خۆی بونیادی ناوە.

ئەم دوودڵییەش لە کێشەی ڕاستەقینەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانە: ناهاوسەنگییە درێژخایەنەکان، هەڵگرتنی بارێکی قورستر لەلایەن ئەمریکاوە لە ناو هاوپەیمانییەکانیدا بەراورد بەوانی تر، پاشەکشەی ئاسایشی ئابووری و کەسی کە هاوڕێی جیهانگیری بوو، لێکەوتەکانی جەنگەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لەو شێوازەی کە سیستەمی لیبراڵ پێی بەشدار بوو لە هەڵکشانی چیندا. ئەم ئاڕاستەیە ئەمڕۆ لە ئیدارەیەکدا بەرجەستە دەبێت کە لانی کەم هەوڵی دووبارە دانوستاندنێکی توند دەدات لەسەر مەرجەکانی بەشداری ئەمریکا، و چەندین جار جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەڕانەوەی هێزەکەی بە نێو ڕووخاندنی سیستەمە باوەکەدا تێدەپەڕێت.

هەر لێرەشەوە ئەو هەستکردنە بە ناسەقامگیری سەرچاوە دەگرێت کە سیفەتی ساتەوەختی ئێستامانە. چونکە هێشتا هێزی واشنتۆن بێ ڕکابەرە، و هێشتا کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سیستەمی باو، وەک هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا و گرووپی حەوت (G7)، وەک خۆیان ماونەتەوە. بەڵام پێشبینییەکان دەربارەی چارەنووسی ئەم سیستەمە تەمومژاوی و ڕەنگە کارەساتباربن. ئەی چی چاوەڕێی جیهان دەکات دوای ئاوابوونی؛ سیستەمەکە؟

لە ماوەکانى دەیەی ڕابردوودا، وا دەرکەوت کە جیهانی تاک‌جەمسەر بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا بەرەو ئاوابوون دەچێت، و گۆڕەپان بۆ لەدایکبوونی دوو جیهان چۆڵ دەکات؛ هەروەها خەونی سیستەمێکی جیهانیی یەکگرتوو بەرەو ململانێی نێوان بلۆکە ڕکابەرەکان دەخزێنێت. لەم سیناریۆیەدا، بلۆکێک بە ڕێبەرایەتی چین دروست دەبێت، کە سیستمە ستەمکارە نەیارەکان لە ئۆراسیا دەگرێتەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لەو هێزانەی هاوسۆزییان هەیە، لە کوباوە تا پاکستان، تا دەگاتە بەشە فراوانەکانی باشووری جیهان. لە بەرانبەریشدا، ئەمریکا ڕێبەرایەتی بلۆکێک دەکات کە هاوپەیمانە دیموکراتەکان لە کەنارەکانی ئۆراسیادا دەگرێتەوە. لە نێوان ئەم دوو بەرەیەشدا، دەوڵەتە ڕاڕاکان لە هیندستان و سعودیەوە تا بەڕازیل و ئیندۆنیزیا – بە شێوەیەکی بژاردەیی لایەنگیری ئەم لایەن یان ئەو لایەن دەکەن، لە کاتێکدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەردەوام دەبن لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوانیاندا. بەم شێوەیە، ئایندەی سیاسەتی نێودەوڵەتی جیهان دەگەڕێنێتەوە بۆ جەمسەرگیرى جەنگی سارد.

بەڵام ئەمە نابێتە گەڕانەوەیەکی دەقاو دەق بۆ ڕابردوو؛ چونکە چین، بە حوکمی تێکەڵبوونی قووڵی لە جیهاندا، خاوەنی ئامرازگەلێکی ڕاکێشانی ئابووری و زۆرە ملێیە کە زۆر زیاترە لەوەی کرێملین لە هەر قۆناغێکدا هەیبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سیناریۆیە بەرەو هەڵوەشانەوەیەکی پلەبەندی ئابووری نێودەوڵەتی دەبات، لەگەڵ گۆڕانی سزاکان و دابینکردن بۆ ئامرازی ململانێ. جیاکردنەوەی پەیوەندییەکانیش تەنها دەبێتە مەسەلەی کات، لە کاتێکدا ناکۆکی لەسەر مەرجەکان و ئەو لایەنەی کە خۆى دەسەپێنێت بەردەوام دەبێت. وەک چۆن لە جەنگی سارددا وابوو، کێبڕکێی دوولایەنە هەر ناوچەیەک ڕادەکێشێت بۆ ناو جەرگەی ڕووبەڕووبوونەوە. مەترسیدارترین ناوچەکانی پێکدادانیش، وەک ئۆکرانیا و تایوان و دەریای چینی باشوور، دەکەونە سەر هێڵە تەماسییە جیۆپۆلیتیکییەکان.

حەز بکەین یان نا، هێزە بونیادییە مەزنەکان جیهان بەرەو ئەم ئاڕاستەیە پاڵ پێوە دەنێن. ڕەنگە ئاستی گرژیی نێوان ئەمریکا و چین، بەپێی گرژییەک لێرە یان قەیرانێک لەوێ، بەرز بێتەوە یان دابەزێت. هەروەها ڕەنگە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرسامی و ڕێز بۆ شی جینپینگ، ڕێبەری چین نیشان بدات. بەڵام کرۆکی ململانێکە ڕوو لە توندبوونەوەیە، ئەویش بەهۆی پێکدادانی بەرزە فڕی چین بۆ هەژموون لە بوارە تەکنەلۆژیا زیندووەکان  و بازرگانی جیهانی و ڕۆژئاوای زەریای هێمن، لەگەڵ هێزی ئەمریکاو ئەو جیاوکانەى کە هەیەتی. ململانێی زلهێزەکان بە سروشتی خۆیان مەیلیان بەرەو جەمسەربەندی سیاسەتی جیهانی هەیە، لە کاتێکدا پشتبەستن بە یەکترى لە ناوەڕاستی ناکۆکییە توندەکاندا، دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەى لەرزۆکی. لە زۆر لایەنەوە، ئەو هێزانەی پاڵ بەم ئایندەیەوە دەنێن خێراتر دەبن؛ جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا خێرایی ڕیزبەندییە ئابووری و تەکنەلۆژی و سەربازییەکانی نێوان سیستمە ستەمکارەکانی لە ئۆراسیادا زیاتر کردووە. "شی" و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، درک بەوە دەکەن کە چانسی سەرکەوتنیان بەندە بەوەی شان پێکەوە بدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانی دیموکراسیدا. بەڵام پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا واشنتۆن هێشتا دەتوانێت جیهانی ئازاد لەژێر ئاڵای خۆیدا کۆبکاتەوە؟

ڕەنگە باشترین لایەنی سیاسەتی تڕەمپ ئەوە بێت، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی ئامادە بکات بۆ بردنەوەی جەنگێکی ساردی نوێ؛ بەڵام خراپترین لایەنی، ئاماژە بۆ ئەنجامێکی جیاواز دەکەن.

خاڵی ئەرێنی بۆ تڕەمپ ئەوەیە کە ئیدارەکەی بەردەوامە لە بونیادنانی بەرەیەکی دیموکراسیی پڕچەکتر، ئەویش لە ڕێگەی گوشار کردن بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکاندا. ئەو ڕێککەوتنە بازرگانییانەی کە وەبەرهێنانی هاوپەیمانان بەرەو بنکەی داهێنانی ئەمریکی ڕادەکێشن، دەکرێت بەشدار بن لە کۆکردنەوەی سەرچاوەکان و تواناکانی بەرهەمهێنان کە پێویستن بۆ هاوسەنگکردنی قورسایی ئابووریی چین. هەروەها هاوبەشییەکانی بواری "کانزا زیندووەکان ڕێڕەوێک دەخەنە ڕوو – ئەگەرچی درێژخایەنیش بێت – بۆ خۆڕزگارکردن لە چنگە خنكێنەرەکەی چین. جگە لەوەش، تڕەمپ گورزێکی لە میحوەرە ستەمکارەکان وەشاندووە، ئەویش بە ئامانجگرتنی لاوازترین ئەڵقەکانیان، واتە ئێران و ڤەنزوێلا، کە ڕەنگە کوباش بێتە پاڵیان. ئەگەر مێژوو بەڵگە بێت، هەوڵەکانی ئەو بۆ دووبارە چەسپاندنەوەی هەژموون لە نیوەگۆی ڕۆژئاوای زەویدا، واتە "بنەماى مۆنڕۆ" ، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەپاندنی هەژموون لەسەر شانۆی جیهانێکی فراوانتردا.

بەڵام ئەو ڕۆحەی حوکمی تڕەمپ دەکات، کە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە دەوڵەتە زلهێزەکان ئیرادەی خۆیان دەسەپێنن و دەوڵەتە بچووکەکانیش مل بۆ ئەوە دەدەن کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت، وای کردووە لە تێڕوانینیدا زیاتر لە "شی" و "پۆتین" بچێت وەک لە زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکادا پەیڕەوى دەکات. هەروەها، گرێبەستە زۆرەملێیە ناهاوسەنگەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کەمتر بایەخ بە بەهێزکردنی بەرەی دیموکراسی دەدات، و زیاتر پەرۆشی ئەوەیە زۆرترین سازشکردن لەو بەرەیە وەربگرێت. داواکارییەکانی بۆ "گرینلاند" و "کەنەدا" مەترسیی ئەوە زیاد دەکەن کە واشنتۆن بخرێتە خانەی ئەو هێزانەی تینووی فراوانخوازین، ئەمەش هەڕەشەیە لە لەتکردنى ناوەندی ئەتڵەسیی جیهانی ئازاد. مەترسیی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان ڕووی لە هەڵکشان کردووە لەوەی کە خۆیان لە نێوان سێ هێزی چاوچنۆکدا ببیننەوە: چین، ڕووسیا و ئەمریکا. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا جەنگێکی ساردی نوێ نابێت، چونکە هیچ بلۆکێکی دیموکراسی نامێنێت کە توانای بەرپەرچدانەوەى بلۆکە ستەمکارەکەی هەبێت.

سەرەڕای ئەمانەش، دروست نییە سیناریۆی "دوو جیهانەکە" وەلابنرێت؛ چونکە سەردەمی تڕەمپ تەنها وێرانی لە دوای خۆی جێناهێڵێت، بەڵکو هەندێک بنەماش جێدەهێڵێت کە دەکرێت بونیادیان لەسەر بنرێت. لەگەڵ هەڵکشانی هەڕەشە ستەمکارییەکان، پاڵنەرەکانی هاوکاری لە نێوان دیموکراسییەکاندا بەهێزتر دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەم هاوکارییە لەسەر لۆژیکی "بەرژەوەندیی کاتی و مامەڵە"ش بێت. ئەگەر جێنشینەکانی تڕەمپ سەرکەوتوو بن لە داڕشتنی گوتارێک کە لە ئامانجێکی هاوبەشەوە سەرچاوە بگرێت نەک تەنها لە بەهێزکردنی دەستکەوتە تایبەتییەکان، ئەوا ڕەنگە بتوانن پەیماننامەیەکی نوێ بۆ جیهانی ئازاد گەڵاڵە بکەن، کە لەسەر ئاستی باڵاتری هەوڵی بەکۆمەڵ و شێوازی نوێ بۆ دابەشکردنی بارگرانییەکان بونیاد بنرێت. ئەم ئایندەیەش بە دەر نابێت لە قەیران و ململانێ، بەڵام وەک باشترین سیناریۆی بەردەست بۆ هەموو دیموکراسییخوازەکان دەمێنێتەوە. چونکە هەبوونی دوو جیهان، هێشتا ئاسانترە لە سیستمێک کە چین ڕێبەرایەتی بکات، یان لە جیهانێکی زیاتر پارچەپارچە بوو.

سیناریۆی دووەم لەسەر ئەو گریمانەیەیە کە جیهانی دوای ئەمریکا نابێتە دوو بلۆکی گەورە، بەڵکو دابەش دەبێت بۆ چەندین بازنەی هەژموونیی هەرێمایەتی بچووکتر. لەم وێناکردنەدا، ئەمریکا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە ڕووی ستراتیژییەوە پتەو بکات، ئەویش لە ڕێگەی دووبارە چڕکردنەوەی بایەخەکانی بۆ سەر ئیمپراتۆریەتێک لە نیوەگۆی ڕۆژئاوای زەویدا، کە لە "هۆنۆلولو"وە بۆ "نووک" و لە جەمسەری باکوورەوە تا "ئەرجەنتین" درێژ دەبێتەوە. لەگەڵ دەستبەرداربوونی واشنتۆن لە بارگرانییەکانی ئەودیو دەریاکان، چین بەرەو پێگەی پێشەنگ هەنگاو دەنێت لەسەر درێژایی کەوانە فراوانەکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تا باکووری ڕۆژهەڵاتی. ڕووسیاش هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی، و ڕەنگە بە بەکارهێنانى هێزیش بێت، لە فەزاى سۆڤیەتی پێشوو و بەشەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا بچەسپێنێت.

بەڵام ئەم دابەشبوونە بۆ سەر بازنەکانی هەژموون، تەنها لە کێبڕکێی نێوان زلهێزەکاندا کورت نابێتەوە. لە جیهانێکدا کە بەرەو پارچەپارچەبوون دەچێت، هیندستان هەوڵ دەدات پێگەی پێشەنگ لە باشووری ئاسیا و زەریای هیندیدا بەدەست بهێنێت. تورکیاش بەردەوامە لە چەسپاندنی پێگەیەک بۆ هەژموونی "پاش-عوسمانی" لە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا. لە "ناوچەی دەریای سوور"یشدا کە کەنداو بە قۆچی ئەفریقاوە دەبەستێتەوە، کێبڕکێی نێوان ئیسرائیل و سعودیە و لایەنەکانی تر بۆ دەستبەسەرداگرتن توند دەبێتەوە. بەم شێوەیە، دوای هەژموونی ئەمریکا، سەردەمێکی نوێی ئیمپراتۆریەتەکان دەست پێ دەکات.

مەرجیش نییە ئەو ئیمپراتۆریەتانە خاوەن کۆنترۆڵێکی توندوتۆڵ بن یان لەسەر بنەمای داگیرکاریی سەربازیی ڕاستەوخۆ بونیاد بنرێن، وەک هاوشێوەی ئەوروپا لە سەردەمی حوکمی نازیدا؛ چونکە هەژموون دەتوانێت چەندین شێوازی جیاواز لە خۆ بگرێت. بەڵام لەم ئایندەیەدا، سیستەمی جیهانی لەسەر بنەمای سەپاندنى "سیاسەتی هێز" تێکدەشکێت.

یاسای نێودەوڵەتی کاتێک هەڵدەوەشێتەوە خاوەن هەژموونە هەرێمییەکان پێناسەی تایبەتی خۆیان بۆ ڕەفتاری قبوڵکراو دەسەپێنن، و هەوڵی تەمێکردن یان ڕووخاندنی ئەو هاوپەیمانانە دەدەن کە یاخی دەبن. زلهێزە هەرێمییەکان نەخشەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و ڕۆیشتنی سەرچاوەکان دووبارە دەکێشنەوە، و کۆت و بەندی توند دەخەنە سەر پەیوەندییەکانی دراوسێ  لاوازەکانیان لەگەڵ هێزەکانی تردا. لە سەردەمی نوێی ئیمپراتۆریەتەکاندا، هیچ پێگەیەکی سەربازیی ئەوروپی یان ئاسیایی لە ئەمریکای لاتیندا نامێنێت، لە کاتێکدا هاوپەیمانییە دەرەکییەکانی واشنتۆن یان هەرەسیان هێناوە یان تا ڕادەیەکی زۆر لاواز بوون. دەکرێت ئەم دیمەنە وەک کۆمەڵێک لە "بنەماکانى مۆنڕۆ" وێنا بکرێت کە بەسەر ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دابەش بوون.

لە ڕووی مێژووییەوە، هەندێک لە بازنەکانی هەژموون لەو لێکتێگەیشتنانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە لەلایەن ڕێبەرگەلێکەوە واژۆ کراون کە لە سەرۆک باندەکان دەچوون؛ ڕەنگە ڕوونترین نموونەش دابەشکردنی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بێت لە نێوان ئەدۆلف هێتلەر و جۆزێف ستالیندا. هەندێک لە شرۆڤەکارانی ئەمڕۆ وا وێنا دەکەن کە "شی" و "تڕەمپ" و "پۆتین" ڕەنگە سەرقاڵی چنینی ڕێککەوتنێکی هاوشێوە بن بۆ دابەشکردنی جیهان. بەڵام بازنەکانی هەژموون دەکرێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆتر گەڵاڵە بن، یان بە تێپەڕبوونی کات و بە پلەبەندی دروست ببن.

ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە لاوازکردنی هاوپەیمانی ناتۆ، ئەویش لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دابڕینی خاک لە هەندێک لە ئەندامانی، ئەوا ڕەنگە سەرهەڵدانی بازنەیەکی هەژموونی  ئەمریکی لە نیوەگۆی ڕۆژئاوای زەویدا، ڕێگە خۆش بکات بۆ دروستبوونی بازنەیەکی هەژموونی ڕووسی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا. وە ئەگەر فراوانخوازیی بەردەوامی چین، بەرگری کردن لە "زنجیرە دوورگەکانی یەکەم" – کە لە ژاپۆنەوە بۆ تایوان و پاشان فلیپین درێژ دەبێتەوە – بکاتە کارێکی مەحاڵ، ئەوا ڕۆژئاوای زەریای هێمن دەکەوێتە ژێر هەژموونی پەکین، تەنانەت ئەگەر پنتاگۆن بە ڕاشکاویش دانی پێدا نەنێت. کەواتە، ئەگەر واشنتۆن بە هەموو قورسایی خۆیەوە بەرەو سەپاندنی هەژموون بەسەر نیوەگۆی ڕۆژئاوادا هەنگاو بنێت و ئەو تێڕوانینە بگرێتە بەر کە تڕەمپ خۆی دەری بڕیوە – کە دەڵێت ئەوەی لە ئەودیو زەریاوە ڕوو دەدات پەیوەندی بە کەسانی ترەوە هەیە – ئەوا ڕەنگە ئەنجامەکە جیهانێک بێت کە لە نێوان چەندین بازنەی هەژمووندا  دابەش بکرێت.

لە زۆر کاتدا، وا دەردەکەوێت کە جیهان بە کردەیی بەرەو ئەم ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت. چەند ساڵێکە ڕووسیا و چین کار بۆ توندکردنی چنگیان بەسەر چوارچێوە هەرێمایەتییەکانیاندا دەکەن. ئەمڕۆش، تڕەمپ بێوچان بەرەو سەپاندنی هەژموونی واشنتۆن لە ناو هەردوو کیشوەری ئەمریکادا دەڕوات، ئەویش لە ڕێگەی لادانی زۆرەملێی فەرمانڕەوا نەیارەکان، و داواکردنی مافی خاوەندارێتی لە سەرچاوە زیندووەکاندا، و بەکارهێنانی هێزی کوشندە لە دەریا کراوەکاندا، لە کاتێکدا هاوپەیمانە ئۆراسییەکانی سەر هێڵەکانی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوە ناچار دەکات بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە خۆیان بگرنە ئەستۆ. هەروەها تەحەدای ئاشکرای تڕەمپ بۆ یاسای نێودەوڵەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا، دەنگی ڕاگەیاندنەکەی ڕیچارد ئۆڵنی، وەزیری دەرەوەی سەدەی نۆزدەهەم دەداتەوە کە دەیگوت واشنتۆن "بە کردەیی خاوەن سەروەرییە لەم کیشوەرەدا". ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت، ئەگەری ئەوەیە کە هەژموون بەسەر نیوەگۆی ڕۆژئاوادا ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە جێگرەوەی ئامادەیی جیهانی، لەبری ئەوەی بەهێزی بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، تڕەمپ لە لایەنگرانی کشانەوەی توند نییە بۆ ناو نیوەگۆی ڕۆژئاوا. ئەو لە هەمان کاتدا کە پەرە بە "بنەماى مۆنڕۆ" دەدات، پاڵ بە ڕێککەوتنەکانی ئاشتییەوە دەنێت لە کیشوەرە دوورەکاندا، و جەنگی زۆر گەورە و پڕ بەرزە فڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام دەدات. ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوە بێت کە تێدەگات جیهانێک بە ڕوونی دابەش کرابێت بۆ سەر بازنەکانی هەژموون، بە واتای کشانەوەیەکی بە ئازاری زلهێزێک دێت.

لێرە بەدواوە، چیتر ڕێککەوتنی بازرگانیی تاکلایەنە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانە ئۆراسییانەدا نامێنێت کە دەستیان بە پارێزگاریی ئەمریکاوە گرتووە، هەروەها چیتر هیچ هۆکارێک نامێنێتەوە کە ژاپۆن یان ئەڵمانیا ناچار بکات پاڵپشتی لە هەژموونی دۆلار بکەن. ئەگەر ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا – کە خاوەنی ئابوورییەکی زیندوو و کۆنترۆڵی ڕێڕەوە بازرگانییە گرنگەکان و دابینکردنی پڕبایەخە – وەدەر بنرێت، ئەوا بێگومان توانای کێبڕکێکردنی لەگەڵ چین پاشەکشە دەکات. چونکە گۆڕینەوەی "تایوان" بە "هۆندۆراس" مامەڵەیەکی قازانجباو نییە؛ چونکە هەژموونی نێودەوڵەتی لە تێکەڵبوونی جیهانییەوە لەدایک دەبێت.

ئەگەریش سیستەمی بازنەکانی هەژموون ببێتە هۆی لاوازبوونی هێزی ئەمریکا، ئەوا ڕەنگە ئەو سەقامگیرییەش تێکبدات کە لایەنگرانی ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە. لە ڕووی پرەنسیپەوە، سیستەمی بازنەکانی هەژمون لەسەر پاراستنی لێکتێگەیشتنی نێوان زلهێزەکان لەسەر حیسابی دەوڵەتە بچووکەکان وەستاوە، بە جۆرێک زلهێزەکان جیهان دابەش دەکەن و هەوڵ دەدەن لایەنە یاخییەکان دەستەمۆ بکەن. ڕەنگە بە کردەیی پێکدادانی ئەمریکی-چینی لەسەر تایوان ڕوونەدا ئەگەر واشنتۆن لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن بکشێتەوە، بەڵام پشتبەستن بە ئاشتییەکی بەردەوام، وەک گرەوێکی لاواز دەمێنێتەوە.

هەروەها پشت بەیەکترى بەستنی ئاڵۆز  وا دەکات گواستنەوە بەرەو جیهانێک کە بازنەکانی هەژموون حوکمی بکەن، ببێتە ڕێڕەوێکی پڕ لە کێشمەکێش؛ چونکە ئەمریکا پێویستی بە بڕێکی زۆر لە گوشار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دزەکردنی دیجیتاڵی و ئامادەیی بونیادیی چین لە ئەمریکای باشووردا. لە بەرانبەریشدا، ڕەنگە چەسپاندنی بازنەیەکی هەژموون بۆ پەکین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا کۆتایی بەرزەفڕیەکانی نەبێت، بەڵکو تەنها سەرەتایەک بێت؛ چونکە هەژموونی ئەمریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوادا، بۆ واشنتۆن وەک بنکەیەکی دەستپێکە بەرەو ڕۆڵێکی فراوانتر لەسەر ئاستی جیهان.

لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بازنەکانی هەژموون بە ئاسانی دروست نابن، و وەک بەخشیشیش نادرێن، بەڵکو زۆرجار بەخوێن دێنە بوون. ئەو سیستمە ستەمکارانەی بەرزەفڕیان هەیە، مەیلیان بەرەو پەیڕەوکردنی دڵڕەقی و ڕەنگە کۆمەڵکوژیش هەبێت لەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵی خۆیانی بەسەردا دەسەپێنن. دەوڵەتە بچووک و مامناوەندەکانیش، لەکاتێکدا درک بەوە دەکەن چی چاوەڕێیان دەکات، بژاردەکانیان تەنها لە قبوڵکردنی نەرێنیانەی هەژمووندا کورت نابێتەوە؛ وەک ئۆکرانیا بە سەختی جەنگا تاوەکو لە دەرەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا بمێنێتەوە. ڕەنگە ژاپۆنیش هەمان بژاردە بگرێتە بەر، یان بە ئاسانی پەنا بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی ببات بۆ خۆپاراستن لە ملکەچبوون بۆ پەکین. هەر لێرەشەوە مەترسییەکی تر دەردەکەوێت کە ڕەوانەی سیناریۆی سێیەممان دەکات و ڕەنگە شوێنی سیستمە ئاوابووەکەمان بگرێتەوە، کە ئەویش "فەوزایەکی ناشرین و توندوتیژە".

لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئەمساڵدا، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند کە درزتێکەوتنی سیستەمە کۆنەکە پەنجەرەیەکی بە ڕووی هێزە مامناوەندەکاندا کردووەتەوە. ئەو پێی وابوو ئەم دەوڵەتانە ئەگەر پێکەوە کار بکەن و تواناکانیان بەهێز بکەن، دەتوانن ڕێڕەوێکی سەربەخۆ لە نێوان زلهێزەکاندا بدۆزنەوە و سیستەمێکی پەسەند بۆ خۆیان دابین بکەن.

دیارە ئەمە خەونێکی نوێ نییە؛ بەڵکو لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، توێژەران و ستراتیژیستەکان هیوای ئەوەیان دەخواست جیهان لەلایەن سیستەمێکی "بێ فەرمانڕەوا"وە بەڕێوە بچێت، و دەوڵەتە بچووکەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان بتوانن باشترینەکانی ئەو سیستەمە بپارێزن کە ئەمریکا بونیادی نابوو، تەنانەت دوای پاشەکشەی سەرکردایەتییەکەشی. بەڵام ئەمە تەنها وەهمێکە؛ چونکە هیچ سیستەمێک بەبێ پابەندیی زلهێزەکان خۆی ناگرێت، و مانەوەشی دەبێتە مەحاڵ ئەگەر ئەو هێزانە لە دژی بوەستنەوە. هەر بۆیە، گونجاوترین بەدیل بۆ جەنگێکی ساردی نوێ یان سەردەمێکی نوێی ئیمپراتۆریەتەکان، تەنها فەوزایەکی گشتگیرە.

لەم سیناریۆیەدا، ئەمریکا لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات؛ چونکە تاریکترین پاڵنەرەکانی تڕەمپ ئاماژە بە سەرهەڵدانی زلهێزێکی دڕندە دەکەن کە هیچ بایەخێک بۆ نەریتە نێودەوڵەتییەکان دانانێت. واشنتۆن دەست دەکات بە فراوانخوازییەکی هەرێمایەتیی شەڕەنگێزانە، و بە هێز یان بە ناچارکردن، سەرچاوە زیندووەکان لە هێزە لاوازەکان زەوت دەکات. هەروەها، سەرانەیەکی زۆر دەسەپێنێت بەسەر ئەو قەوارانەی کە پاشکۆین. بۆ خزمەتکردنی پۆپۆلیستە نالیبراڵەکانیش، بەردەوام دەبێت لە دەستوەردان لە سیاسەتی ئەوروپا و ناوچەکانی تردا. لەم نێوەندەدا، ئەمریکا دەستبەرداری ڕۆڵە جیهانییەکەی نابێت، بەڵکو خودی ئەو ڕۆڵە دەکاتە ئامرازێک بۆ گوشارو سەرانەسەندن.

ئەم سیناریۆیە زۆر تەمومژاوی و تاریک دەردەکەوێت؛ چونکە ڕەفتاری ئەمریکا جیهان بەرەو شوێنێک دەبات کە تێیدا هەر سێ زلهێزەکە دەبنە هێزی چاوچنۆک و تەماحکار. لە جیهانێکی ئاوادا، هێزە بچووکەکان – بەتایبەت ئەوانەی دەکەونە سەر هێڵە تەماسەکانى  ئۆراسیا کە ململانێکان تێیاندا یەکدەبڕن – ڕووبەڕووی گوشارى زۆر دەبنەوە لە چەندین لایەنەوە. ئەو کاتە، "پشتبەستن بە خۆ"، واتە هەر وڵاتە و خۆی کارووباری خۆی ڕێکبخات، دەبێتە تەنها وەڵامێکی عەقڵانی بۆ ئەو دۆخە.

هەروەها دەستدرێژی بۆ سەر خاکەکان، و تەنانەت نەمانی هەندێک دەوڵەت، زۆر زیاتر باو دەبێت لە غیابی زلهێزێکدا کە پابەند بێت بە پاراستنی دۆخی باو یان پاراستنی سەروەریی دەوڵەتە لاوازەکان. بۆیە، لە جیهانێکدا کە لەسەر لۆژیکی "پشتبەستن بە خۆ" بونیاد نرابێت، هەندێک لە دەوڵەتە لەرزۆکەکان خۆیان لەبەردەم وێرانکاری، ژێردەستەیی یان پارچەپارچەبووندا دەبیننەوە. ڕەنگە جەنگی ئۆکرانیا تەنها یادخستنەوەیەکی تاڵ نەبێت بۆ ڕابردوو، بەڵکو ئاماژەیەکی پێشوەختە بێت بۆ ئەوەی کە ئایندە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە. لە بەرانبەریشدا، دەوڵەتانی تر بە خێراییەکی شێتانە بەرەو پڕچەکبوون هەنگاو دەنێن، و ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدەن وەک کاریگەرترین گەرەنتی بۆ مانەوە.

لە هەمان کاتدا، ڕەنگە ئەو ڕکابەرییانە دووبارە سەرهەڵبدەنەوە کە هێزی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ سەرکوتی کردبوون. ئەگەر دەوڵەتە ئەوروپییەکان لە کاتێکدا دەست بکەنەوە بە پڕچەکبوون کە یەکێتیی ئەوروپا بەرەو لێکترازان دەچێت، و ڕەنگە لەژێر گوشارى دوولایەنەى ئەمریکا و ڕووسیادا بن، ئەوا خۆیان بۆ گەڕانەوەی پێشبڕکێی پڕچەککردن و کێبڕکێی ئەمنی ئامادە دەکەن، کە سیفەتێکی باوی ئەو کیشوەرە بوون. هەروەها ماڵاوایی لە ئازادیی دەریاوانی دەکرێت؛ چونکە لەگەڵ هەرەسهێنانی سەقامگیریی نێودەوڵەتی، دەوڵەتە باوەکان و ئەوانەش کە لە قۆناغی دروستبووندان، پەلە دەکەن بۆ کێبڕکێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی خاڵە گرنگ و خنكێنەرەکان، لە کەناڵی پەنەما و ڕێڕەوی دەریای باکوورەوە تا دەگاتە باب ئەلمەندەب و گەرووی هورمز. لە جیهانێکی بێبەند و بێ سنووردا، بەهای کۆنترۆڵی ماددی بەسەر بازرگانی و سەرچاوە و بازاڕەکاندا زیاد دەکات، ئەمەش بە سادەیی پاڵنەری نوێ بۆ داگیرکاری گەورەتر دەکات.

چونکە پاشەکشەی هەژموونی بەریتانیا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ڕاستەوخۆ دەرگای بە ڕووی جیهانێکی نوێدا نەکردەوە، بەڵکو بووە هۆی چەندین دەیەی پڕ لە فەوزا. بە درێژایی ئەو سەدان ساڵەی کە پێش سەرهەڵدانی هەژموونی بەریتانیا کەوتبوون، ئەوروپای فرەجەمسەر – کە ئەو کاتە چەقی سیستەمی نێودەوڵەتی بوو – مەڵبەندێکی گەرمی ستەمکاری و جەنگ بوو.

تەماشاکردنی "سەقامگیریی ڕێژەیی" وەک بنەما، و "دڕندەیی بێبەند" وەک حاڵەتێکی دەگمەن، تەنها یەکێکە لە شوێنەوارەکانی چەندین نەوە لە هەژموونی سوودبەخشی ئەمریکی. ئەگەر ئەو هەژموونە کۆتایی بێت، یان بگۆڕێت بۆ هەژموونێکی "دڕندە" ، ئەوا ڕەنگە جیهان بەرەو پاشەکشەیەکی سەخت هەنگاو بنێت.

لە ڕاستیدا، فەوزا لەوە نزیکترە کە وێنای دەکەین؛ چونکە نیشانەکانی جیهانێک کە لەسەر لۆژیکی "پشتبەستن بە خۆ" بونیاد نرابێت، بە کردەیی دەرکەوتوون. گومانکردن لە جێ متمانەیی ئەمریکا، ئارەزوویەکی ڕوو لە فراوانبوونی بۆ چەکی ئەتۆمی دروست کردووە. تەنها تەماشاکردنی بایەخدانی کۆریای باشوور و ژاپۆن بە بەدەستهێنانی ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان، یان ئەو مشتومڕە پەرەسەندووەی سەبارەت بە خۆپڕچەککردنی ئەتۆمی تەنانەت لە سوید و ئەڵمانیاشدا هەیە، بەسە بۆ تێگەیشتن لەمە. هەروەها ئامادەکاری بۆ خراپترین سیناریۆکان ڕووی لە زیادبوون کردووە؛ بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین نەوە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کەنەدا خۆی بۆ پاراستن لە داگیرکارییەکی ئەمریکی ئامادە دەکات.

هاوکات هاوبەشیی بەرگریی نوێ خەریکە گەڵاڵە دەبن، بەڵام زۆرجار گرژیی زیاتریان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. بۆ نموونە، ئەو پەیماننامە بەرگرییەی کە ساڵی ڕابردوو لە نێوان پاکستان و سعودیەدا واژۆ کرا، بە کردەیی نیگەرانیی هیندستانی لێکەوتەوە. ڕەنگە پەیوەستبوونی تورکیاش بەو پەیماننامەیەوە ببێتە هۆی توندبوونی کێبڕکێ لەگەڵ ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جگە لەمانە، ئاڵۆزییەکان لە ناوچە میحوەریەکاندا ڕوو لە هەڵکشانن؛ ناوچەی کەنداو بە سروشتی خۆی لە ناو ململانێدایە، بەڵام ئەوەی لە لیبیا و قۆچی ئەفریقا دەگوزەرێت – کە جەنگی بە وەکالەت تێیاندا گەرم بووە و چەندین هێز کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکان و پێگە ستراتیژییەکان دەکەن – ڕەنگە وێنەیەکی بەرایی ئەو شڵەژانە فرەجەمسەرییەمان نیشان بدات کە لە ئاسۆدا دەردەکەوێت.

بەڵام ئەو فەوزایە تا سەر نامێنێتەوە؛ چونکە لە کۆتایی کاردا، پله‌بەندییەکی نوێ جێگیر دەبێت کە بە یاسای نوێ بەڕێوە دەچێت. بەڵام گواستنەوە لە ئاشتى بەریتانی بۆ ئاشتى ئەمریکی  بەدی نەهات تاکو دوای قەیرانێکی ئابووریی جیهانی و دوو جەنگی جیهانی. تەنانەت ئەگەر جیهان لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بێت لە دۆزینەوەی فۆرمێکی نوێ بۆ سەقامگیری، ڕەنگە ئەوەش بدۆزێتەوە کە ئەو دەستکەوتە گەورانەی مۆری سەردەمی دوای ١٩٤٥یان لێدرابوو، لە ناو ئەو فەوزایەی دوای ئەو قۆناغە هات، بەهەدەردراون.

ساتەوەختی ئێستامان وەک چوار ڕیانێکە؛ خاڵێکە کە دەکرێت سیاسەتی جیهانی لێوەی بەرەو یەکێک لە چەندین ڕێڕەوی جیاواز هەنگاو بنێت. ئەم تەمومژە زۆرەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم ڕێڕەوانە بەرەو کۆتاییگەلێکی زۆر جیاوازمان دەبەن. بەڵام ئەوەی دڵنیاییە، ئەوەیە کە سەردەمی داهاتوو زۆر زیاتر پارچەپارچە بوو و زۆر مەترسیدارتر دەبێت لەو سەردەمەی کە ڕۆیشت.

پێش دەیەیەک، سەرهەڵدانی جەنگێکی ساردی نوێ وەک خراپترین سیناریۆ دەردەکەوت؛ بەڵام ئەمڕۆ، ڕەنگە ببێتە باشترین ئەو بژاردانەی کە ئومێدیان لەسەر هەڵدەچنرێت. ڕاستە سیناریۆی "دوو جیهانەکە" ئاماژەیە بۆ قەیرانی مەترسیدار و پارچەپارچەبوونی ئابووریی جیهانی قووڵتر دەکاتەوە، هەروەها سەرکەوتن بەسەر چیندا – بەو هەموو متمانە بەخۆبوون و ئامادەییەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەیەتی – پێویستی بەوەیە بلۆکی دیموکراسی سەرچاوەیەکی گەورە و بڕێکی زۆر لە دانایی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەم سیناریۆیە، لە کەمترین ئاستدا، "نیوەی جیهان" دەپارێزێت، وەک ئەوەی "دین ئەچیسۆن" وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا گوتی. ئەمە گریمانەی ئەوە دەکات کە هاوکاریی نێوان دیموکراسیخوازەکان هێندە هەبێت کە بەس بێت بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکی عەقڵانیی هێز، و ڕێگریکردن لە بەرزەفڕییە هەرە سەرکێشەکانی پەکین. بەڵام سیناریۆکانی تر – لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتە نوێیەکانەوە کە دەردەکەوێت کەمتر سەقامگیر و بێ سوودتر بن لەوەی لایەنگرانی بانگەشەی بۆ دەکەن، تا دەگاتە خزانێکی نوێ بەرەو فەوزا – زۆر تاریکترن. ڕەنگە ئەم ڕێڕەوانە زلهێزێک هەڵبخەڵەتێنن کە تا ڕادەیەکی زۆر لەبیری چووەتەوە جیهانی پێش ئاشتى ئەمریکی چەندە سامناک بووە، بەڵام سەرەنجامی ئەم ڕێگایانە، لە کۆتایی کاردا، تەنها تاریکی دەبێت.

لە کۆتاییدا، دژیەکیەکە ئەوەیە کە ئەمریکا هێشتا خاوەنی قسەی یەکلاکەرەوەیە لە داڕشتنی ئەو سیستمەی کە شوێنی سیستمە کۆنەکەی دەگرێتەوە؛ چونکە بژاردەکانی بەهێزترین ئەکتەری جیهان – مرۆڤ بیەوێت یان نەیەوێت – خاوەن قووڵترین کاریگەرین لە دیاریکردنی ئاراستەی ڕووداوەکاندا. ئەگەر واشنتۆن بتوانێت باشترین لایەنەکانی سیاسەتەکانی تڕەمپ بقۆزێتەوە، ئەوا ڕەنگە بتوانێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی کە ڕیزەکانی خۆی ڕێکخستووەتەوە – سەرەڕای ئەو شڵەژانە قووڵەی تێیدایە – بەرەو ئەو هەوڵە بەکۆمەڵە ڕێبەری بکات کە پێویستە بۆ بەرپەرچدانەوەی گوشاری ستەمکاری. بەڵام ئەگەر واشنتۆن لە شانۆکانی ئەودیو دەریاکان پاشەکشە بکات، ئەوا پێشبڕکێیەک لەسەر بازنەکانی هەژموون دەست پێ دەکات. وە ئەگەر ئەمریکا وەک هێزێکی یاخی دەرکەوێت، ئەوا دەچێتە ڕیزی ئەو هێزانەی کە سیستەمە کۆنەکە تێکدەدەن، و جیهان بەرەو سەردەمێکی نوێ پاڵ پێوە دەنێت کە تێیدا هەر لایەنە و تەنها سەرقاڵی دەربازکردنی خۆی دەبێت.

سیاسەتی دەرەوەی بژاردەیی کە تڕەمپ پەیڕەوی دەکات، نیشانەکانی هەر سێ ئاراستەکەمان نیشان دەدات. بەڵام ساڵانی داهاتوو، و لەگەڵیاندا خولەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا، ئەوە یەکلا دەکەنەوە کە کام لەم ئاراستە و ئاراستەکردنانە دەبێتە ڕێڕەوێکی جێگیر کە بە تێپەڕبوونی کات گەڕانەوە لێی ئەستەم بێت.

ڕەنگە نەبوونی پشتگیریی جەماوەری لە ناوخۆی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی "گرینلاند"، ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کە سەرکێشییەکانی تڕەمپ لە کۆتاییدا بەربەستێکیان دێتە ڕێ کە ناتوانن بیبەزێنن. ئەوەی لە دوای ئەو دێت، چ دیموکرات بێت یان کۆماری، ڕەنگە بتوانێت هاوسەنگییەک لە نێوان تێڕوانینە باوەکانی سیاسەتی دەرەوە و واقیعی سیاسەتی ناوخۆ لە سەردەمی "ئەمریکا لەپێش هەمووانە" دروست بکات. ئەو کاتە، ڕەنگە بتوانێت ئەو شڵەژانە کۆنتڕۆڵ بکات کە تڕەمپ لە دوای خۆی جێی هێشتووە، لە هەمان کاتدا سوود لە بەسوودترین توخمەکانی میراتەکەی وەربگرێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی جیهانی ئازاد و ئامادەکاری بۆ جەنگێکی ساردی نوێ.

بە پێچەوانەشەوە، ڕەنگە یەکێک لە سەرکێشییە سەربازییەکانی تڕەمپ ئەنجامی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە. ئەو کاتە، ئەگەری هەیە باڵە "گۆشەگیرخوازە نوێیەکە" لە ناو بزووتنەوەی "ماگا"  – کە ئیلهام لە دەنگەکانی وەک تاکەر کارلسۆن وەردەگرن – ململانێکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان یەکلا بکەنەوە، بەمەش زلهێزەکە لە ناو نیوەی جیهانی خۆیدا قەتیس دەبێت. یان ڕەنگە میراتگری ڕاستەقینەی تڕەمپ لە ناو پارتی کۆماری و کۆشکی سپیدا، کەسایەتییەک بێت کە پێی وابێت تڕەمپ هێزی ئەمریکای بەو ڕادەیە بەکارنەهێناوە کە بۆ تێکشکاندنی سیستەمی باو پێویستە؛ ئەمەش لە مێژوودا بێ وێنە نییە، چونکە زۆرجار شۆڕشەکان لە کۆتاییدا دەکەونە دەست توندڕەوترین ڕەوتەکانی ناو خۆیان.

دیارە سیستەمە کۆنەکە دوایین هەناسەکانی خۆی دەدات، و ئەو لاوانەوانەی (مراثي) کە بۆ سیستەمی نێودەوڵەتیی لیبراڵی کراوە دەگوترێن، ناتوانن دووبارە زیندووی بکەنەوە. بەڵام پرسیارە یەکلاکەرەوەکە کە دە ساڵی داهاتوو وەڵامی دەداتەوە، ئەوەیە: ئایا واشنتن هەوڵ دەدات ئەو جیهانە بە فۆرمێکی تر بگۆڕێت کە پڕ بێت لە سەرکێشی بەڵام توانای بەردەوامیی هەبێت، یان ئەم تەمومژەی ئێستا بەرەو دۆخێکی زۆر خراپتر پاڵ پێوە دەنێت؟

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 9 کاتژمێر

وەزارەتی نەوت: هەناردە لەرێگەی جەیهانەوە بۆ 650 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزدەكەینەوە

null
پێش 10 کاتژمێر

نەتانیاهۆ پلانێکی مۆسادی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران ڕاگرت!

null
پێش 12 کاتژمێر

گەرووی هورمز و ئاسایشی ئابووریی و وزەی جیهان