درەو:
وەرگێڕان: رۆژنامەی شەرقلئەوسەت
لە گەرمەی ئەو مشتومڕانەی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنەکانی (مۆساد) دەکرێن، کە دەڵێت جەنگ دژی ئێران ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی، ڕۆژی چوارشەممە پەردە لەسەر «ململانێیەکی توندی نێوان دەزگا ئەمنییەکان» لادرا، کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر ئەوەی کام لایەن ئەرکی ئەم کارە بگرێتە ئەستۆ، لە ئارادا بووە.
دەرکەوتووە کە «مۆساد» پلانێکی فراوانی بە تێچووی ملیاران دۆلار ئامادە کردووە و دەستی بە جێبەجێکردنیشی کردووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئەنجام، سەرۆک وەزیران بنیامین نەتانیاهۆ ڕایگرتووە؛ ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوتووە پلانەکە هێشتا پێنەگەیشتووە و مەرجەکانی سەرکەوتنی تێدا نییە. پاشان سوپا و هەواڵگریی سەربازی ڕاسپێردراون بۆ ئامادەکردنی پلانێکی جێگرەوە، بەڵام هەڵگیرسانی جەنگ پێش تەواوبوونی پلانەکە کەوتووە.
ئامانجێکی زیادەڕەوانە
ئەو مشتومڕانەی ئێستا لە ناوەندەکانی بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریکادا لە ئارادان، ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەی ڕووخاندنی ڕژێم وەک ئامانجێکی ڕاستەوخۆی جەنگ، کارێکی زیادەڕەوانە بووە و بنەمایەکی واقیعیی تۆکمەی نەبووە. ئەمەش بووەتە هۆی بێئومێدی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، لە بەرامبەریشدا تاران پەنای بۆ کاردانەوەی توند برد، کە فراوانکردنی بازنەی هێرشەکانی گرتەوە بۆ سەر نزیکەی ١٢ وڵات، لە نێویاندا وڵاتانی کەنداو کە هەوڵیان دەدا لە گرژییەکان بەدوور بن. لەبەر ڕۆشنایی ئەمەدا، واشنتۆن و تەلئەبیب دوای دوو هەفتەی یەکەم ئاستى چاوەڕوانیەکانیان کەم کردەوە؛ لە جیاتی ئەوە ئەو بۆچوونە خرایە ڕوو کە جەنگەکە ڕەنگە «زەمینەسازی» بکات بۆ بارودۆخێکی ناوخۆیی کە دواتر و لە ماوەی ساڵێک یان زیاتردا، ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم. سەرەتای ئەم هەفتەیە مشتومڕەکان توندتر بوون، ئەمەش دوای ئەو ڕاپۆرتانەی لە واشنتۆن بڵاوکرانەوە کە باسیان لەوە دەکرد «مۆساد» وای لە هاوتا ئەمریکییەکانی گەیاندووە کە لە ڕۆژانی یەکەمی جەنگدا ملیۆنان ئێرانی دەڕژێنە سەر شەقامەکان و ئەمەش پرۆسەی ڕووخاندنی ڕژێم خێرا دەکات. ئەم هەڵسەنگاندنە بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە هانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی داوە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ؛ ئەمەش ڕەخنەکانی ناوخۆی ئەمریکاى دژی ئیسرائیل زیاد کردووە و نەتانیاهۆ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی واشنتۆنی پەلکێشی ڕووبەڕووبوونەوەیەک کردووە کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا نییە.
پلانێکی کۆن
دودی بەرنیای، سەرۆکی «مۆساد»، خێرا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە؛ ڕۆژنامەی «یەدیعۆت ئەحرۆنۆت» لە زارى بەرنیاوە بڵاوی کردەوە کە نە پێش هێرشەکە و نە لە کاتی جەنگەکەدا، بەڵێنی ڕووخاندنی ڕژێمی نەداوە، بەڵکو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوە تەنها دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکان دەکرێت بێتە دی.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک سەرچاوە کە گوێیان لە خۆی و جێگرەکەی بووە، دەڵێن ئەگەرچی بەڵێنێکی ڕاشکاویشیان نەدابێت، بەڵام وایان نیشان داوە کە هێنانەدیی ئەم ئامانجە دەکرێت.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پلانی ڕووخاندنی ڕژێم لەناو «مۆساد»دا، دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و لەسەر داوای نەتانیاهۆ داڕێژراوە؛ نەتانیاهۆش لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بایەخێکی زۆر بە ئامانجی لەناوبردنی هەڕەشەکانی ئێران دەدات.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ملیاران دۆلار لەم هەوڵانەدا خەرج کراوە، بەڵام پلانەکە بەدەست پێویستیی بەردەوام بە گۆڕانکاریی بنەڕەتییەوە دەیناڵاند؛ ئەمەش نەتانیاهۆی ناچار کرد پلانەکە ڕەتبکاتەوە، بەهۆی مەترسییەکانی و پێنەگەیشتوویی لە ڕووی جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕەگی ئەم پلانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تەمیر باردۆ، سەرۆکی پێشووتری مۆساد (٢٠١١ - ٢٠١٦)، شوێنگرەوەکەشی یۆسی کۆهین (٢٠١٦ - ٢٠٢١) هێندە جۆش و خرۆشی بۆ نیشان نەدا، تا دواجار دودی بەرنیای، سەرۆکی ئێستا، پلانەکەی گەڕاندەوە ناو واقیع و داوای بودجەی زیاتری بۆ کرد و دەستیشی کەوت، بەڵام پلانەکە هەر بەدەست کەلێنە درێژخایەنەکانەوە دەیناڵاند.
لە ئاداری ٢٠٢٤دا، نەتانیاهۆ بڕیاری دا بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکە دژی ئێران بسپێرێتە سوپای ئیسرائیل، بە سەرکردایەتیی هێرتسی هالێڤی، سوپاسالاری ئەو کاتە و تومەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی. سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکان پلانی لێدانی سەرەتایی پێشکەش کرد، کە دواتر بوو بە بنەمای ئۆپەراسیۆنی «شێری بەئاگاهاتوو» لە حوزەیرانی ٢٠٢٥، کە ئێستا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی «نەڕەی شێر»دا جێبەجێ دەکرێت.
لیستێکی درێژ لە کەلێنەکان
سەبارەت بە «مۆساد»، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی یەعقوب نیگڵ، سەرپەرشتیاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، بۆ پشکنینی پلانی ئۆپەراسیۆنەکە پێکهێنرا. لیژنەکە دوای دەستنیشانکردنی «لیستێکی درێژ لە کەلێن و کەموکوڕی»، پێشنیاری ڕاگرتنی پلانەکەی کرد و هەر ئەوەش ڕوویدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە پلانە بنەڕەتییەکە پەسەند کراون و جێبەجێش کراون.
چاودێران لە تەلئەبیب پێیان وایە کە جۆرێک لە بێئومێدی لای نەتانیاهۆ دروست بووە بەهۆی نەهاتنەدیی ئەو پێشبینییە گەشبینانەی سەبارەت بە ئەگەری ڕووخاندنی ڕژێم هەبوون. بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەی «یەدیعۆت ئەحرۆنۆت»، تاقیکردنەوە یەکلاکەرەوەکە هێشتا لەبەردەم ئیسرائیلدایە: ئەگەر ڕژێم لە ماوەی ساڵێکدا بڕوخێت، ئەوا وەک دەستکەوت بۆ سەرۆکی «مۆساد» هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووی نەدا، دەبێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی تا چەند دەزگاکەی خاوەنی پلانێکی ئۆپەراسیۆنیی تۆکمە بووە.
ڕاپۆرتەکە بەو ئەنجامە دەگات کە وانە گەورەکە بریتییە لە پێویستیی کارکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان وەک یەکەیەکی تەواوکار، نەک کێبڕکێی دەزگاکان بۆ پێشکەشکردنی پلانی جیاجیا؛ لە کاتێکدا بەرپرسیارێتیی کۆتایی لە ئەستۆی ئاستی سیاسییە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان، دابەشکردنی سەرچاوەکان و چاودێریکردنی ئامادەباشی، کە ئەمەش هەمیشە سەبارەت بە دۆسیەی ئێران نەهاتۆتە دی.