سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

دەرکەوتنی قالیباف... و هەڵکشانی "گرووپە ئەمنییەکان" لە ئێران !

هەفتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن لە دیاریکردنی ئەوەی ئایا هاوپەیمانییەکە بە سەرکردایەتی قالیباف سەرکەوتوو دەبێت لە گەیاندنی ئێران بۆ کەناری ئارامی لە ڕێگەی دانوستان و ڕاگرتنی هێرش، یان وڵات بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر دەچێت کە دەبێتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانەکەی.

بڵاوکراوەتەوە لە : 25 ئازار 2026

دەرکەوتنی قالیباف... و هەڵکشانی "گرووپە ئەمنییەکان" لە ئێران !

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

 راپۆرتی: (المجلة) 

وەرگێرانی: د. حیلمی رەسوڵ 

محەمەد باقر قالیباف، لە زۆرێک لە وردەکارییەکاندا جێگرەوەی عەلی لاریجانییە، بەڵام نابێتە جێگرەوەی ڕێبەر عەلی خامنەیی، سەرەڕای نزیکیی لەو کاتەی کە ناوبراو لە ژیاندا بوو. چونکە جێگرەوەی وەلی فەقیهـ دەبێت یەکێک بێت لە ئایەتوڵڵاکان، لە کاتێکدا ئەو خاوەنی خوێندنی باڵای ئایینی نییە. قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەبێ پێشەکی و بەبێ ناوهێنانی ڕاستەوخۆ داوای لێکرد بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، گۆڕاوە بۆ کەسێکی شیاو بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران لە داهاتوودا؛ مەگەر ئەوەی دۆخەکە لەداهاتوودا هەڵگەڕێتەوە و بە مووشەکێک یان لە ئەنجامی پرۆسەیەکی تیرۆرکردنی ناوخۆیی بکوژرێت.

قالیباف بە خێرایی هەر جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا ڕەتکردەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە جدییەتی بابەتەکە کرد، بۆیە وا دەردەکەوێت کە ئەو پیاوە لە ئێستادا دەبێتە ئەو دەموچاوەی کە توانای سەرکردایەتیکردنی خێرای هەیە لە ناوخۆی ئیدارەی تاراندا. ئەو بەرەو پێگەی سەرۆکێک هەنگاو دەنێت کە شەپۆلی تیرۆرکردنەکان گەیاندوویەتییە ئەوێ؛ ئەو تیرۆرکردنانەی هاوسەنگیی هێزە ناوخۆییەکانیان گۆڕی و شێوازی کارلێکی ئێرانیان لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتیدا گۆڕی.

گۆڕانکارییەکانی ئێران لە ئەنجامی ڕێکەوتەوە نەهاتوون، بەڵکو دەرەنجامی کەڵەکەبوونی دۆسیە دەرەکییەکانن کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە لە کەرتی غەززە دەستی پێکرد و گەیشتە ناوخۆی وڵات، لە قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئەو هێرشە ئاسمانییە ئەمریکی و ئیسرائیلییانەی پێشتر و دواتر ئەنجام دران. لێرەدا ناوی قالیباف وەک کەسایەتییەکی میحوەری دەردەکەوێت کە ڕۆڵی یاسادانانی تێپەڕاندووە و بووەتە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان دەزگا سەربازییەکان و نوخبە سیاسی و ئایینییەکان، بەتایبەت لە سایەی ئەو بۆشاییەی کە پاش نەمانی (سێ لایەنە سەرکردایەتییەکەی "عەلی") دروست بوو: عەلی خامنەیی، عەلی شەمخانی و عەلی لاریجانی.

جەنگەکە بووەتە هۆی دووبارە ڕێکخستنەوەی بنەڕەتیی ناوەندەکانی دەسەڵات لە ڕووی سیاسییەوە لە ناوخۆی پێکهاتەى توندڕەوەکاندا، ئەمەش بەهۆی نەمان و غیابی ناوەندی بڕیاردەری خاوەن هەژموون پاش بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتی باڵا و سەرکردەکانی تر کە لە ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکان و دوای ئەوەش کوژران، ئەمەش وایکرد ڕێکخستنی نوێی سەرکردایەتی بەرەو چڕبوونەوە لە دەستی "پۆلێنی سێیەم"دا بڕوات کە قالیباف و کەسانی تر سەرکردایەتی دەکەن.

ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان بە شیاوترین کەسایەتی دادەنرێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناغی ڕاگواستن لە ئێراندا، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لە بوونی گرژی و ململانێ لە ناوخۆی دامەزراوەکاندا کە پاش تیرۆرکردنەکان کەوتنە ڕوو؛ ئەو تیرۆرکردنانەی کە پلەی ئەفسەرە باڵاکانی "سوپای پاسداران" و توندڕەوەکانی پۆلێنی سێیەمی بەرەو پێشەوە برد و گۆڕینی بۆ بەرپرس لە پێگەگەلێکدا کە لە لێواری پۆلێنی یەکەمی دەسەڵاتدان.

وەک تا ئێستا دەردەکەوێت، کەسایەتی قالیباف توانای فەرزکردنی بڕیارە سیاسییەکانی هەیە لە ڕێگەی پەیوەندییە کردەیییەکانی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی "سوپای پاسداران" و بڕیاردەری فعلی "موحسین ڕەزایی"، کە هاوکات ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری نوێ "موجتەبا خامنەیی"یە، لەگەڵ ئەوانیشدا سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری "موحسنی ئەژەیی" هەیە؛ ئەم هاوپەیمانێتییە ئەمڕۆ لە تاران بە ناوی "هاوپەیمانیی فەرمانڕەوا" دەناسرێت.

لە مەیدانیشدا، قالیباف ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە "ئەنجومەنی جەنگی" سێ قۆڵیدا کە ئۆپەراسیۆنەکان بەڕێوەدەبات و فەرمانی سیاسی دەردەکات، کە پێکهاتووە لەو و فەرماندە موحسین ڕەزایی و ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی ئێستای "سوپای پاسداران" کە سەرکردایەتی سەرکوتکردنى ئەمدواییانەی کرد و ئێستاش ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی جەنگەکە دەکات لە مەیداندا.

سەبارەت بەو پەیوەندییەی کە بەهۆی بیرۆکراسییەوە بەسەر سەرۆک مەسعوود پزیشکیاندا فەرز کراوە، تێیدا هەژموونی توندڕەوەکان بەسەر چاکسازیخوازەکاندا دەردەکەوێت. هەندێک لە سیاسییەکان پێیان وایە پزیشکیان بێبەختترین سەرۆکە لە مێژووی سەرۆکەکانی ئێراندا؛ لە سەردەمی ئەودا ئێران دوو جار لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆردومان کرا، ڕێبەرەکەی کوژرا و بەرپرسە ڕاستەوخۆکانی و میراتگرانی ڕێبەری لە سەرکردایەتیدا تەنها لە چەند ڕۆژێکدا گۆڕان، لە خامنەیی باوکەوە بۆ لاریجانی و ئەمڕۆ قالیباف، جگە لە موجتەبای کوڕی خامنەیی کە لە گۆڕەپانەکە دیار نییە.

هەرچەندە پزیشکیان هێشتا لە پۆستی سەرۆک کۆماردایە، بەڵام ڕۆڵەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێز خراوە بۆ بەرژەوەندی "ئەنجومەنی جەنگ". ئەو لە سەرەتای جەنگەکەدا هەوڵیدا داوای لێبوردن بکات سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و بەڵێنی ڕاگرتنی دان، بەڵام لەلایەن "سوپای پاسداران" و توندڕەوەکانەوە ڕەخنەی توندی لێگیرا، ئەمەش ناچاری کرد لە لێدوانەکانی پاشەکشە بکات. ئەمڕۆ پزیشکیان وەک کەسایەتییەکی کارتۆنی دەبینرێت کە تەنها بەیاننامە فەرمییەکان بڵاو دەکاتەوە، لە کاتێکدا دەسەڵاتی فعلی لە دەستی سێ لایەنە سەرکردایەتییەکەدایە.

 

لە ڕۆڵی ئەمنییەوە بۆ سیاسی

قالیباف تەنها سیاسییەکی نەریتی نییە، بەڵکو "پیاوێکی مێژووییە" لە نەوەی شۆڕش؛ کاروانی پیشەیی ئەو لە ناو "سوپای پاسداران"دا و لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران دەستی پێکرد، لە تەمەنێکی گەنجیدا پلە سەربازییەکانی بڕی. هەروەها کارەکانی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی لە "سوپای پاسداران" و دواتر فەرماندەیی پۆلیسی گرتەوە، ئەمەش توانای ئەوەی پێ بەخشی کە لە میکانیزمەکانی هێز و کۆنترۆڵ لە ناو ئەوەی بە "دەوڵەتی قووڵ" یان بیرۆکراسیی فەرمانڕەوا دەناسرێت، تێبگات. پاشان گەیشتە پۆستی سەرۆکی شارەوانی تاران، کە بە کلیلێک دادەنرێت بۆ چوونە ناو نوخبەی سیاسی و تەنانەت سەرکردایەتیکردنی وڵاتیش، کە پێشتر مەحموود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشوو هەمان پۆستی هەبوو. لەوێشەوە گوازرایەوە بۆ پەرلەمان و وەک هەمیشە لەگەڵ گەورەترین کوتلەدا کە توندڕەوەکانن، بوو بە سەرۆکی پەرلەمان؛ واتە خاوەنی هەژموون بەسەر یاسادانان و ئاراستەکردنی بودجەکان، بەتایبەت بودجە سەربازییەکان.

تیرۆرکردنە بەردەوامەکانی سەرکردە ئێرانییەکان، دەرفەتی سەرکردایەتیکردنی بۆ ئەم پیاوە چۆڵ کرد، ڕێک وەک چۆن تیرۆرکردنەکانی ئیسرائیل بۆ سەرکردەکانی "حزب الله" لە لوبنان، شوێنەکەی بۆ نەعیم قاسم چۆڵ کرد تا سەرکردایەتی میلیشیا لوبنانییەکان بکات؛ بێگومان لەگەڵ بوونی جیاوازییەکی گەورە لە نێوان هەردوو کەسایەتییەکە و تواناکانیان و تەنانەت ڕۆڵە سیاسی و ئەمنییەکەیان.

 

ڕووبەڕووبوونەوەکانی ڕژێم

ئەو ئاڵینگاریانەى ڕووبەڕووی ڕژێمی ئێران بوونەتەوە زۆرن؛ پێش جەنگەکە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دەستی پێکرد کە هۆکارەکەی تێکچوونی توندی بەهای دراو و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بوو. ئەم داڕمانە ئابوورییە بووە هۆی دوو هێندەبوونی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ حکومەتەکەی پزیشکیان.

لە ناو پەرلەماندا، قالیباف هەوڵیدا سوود لەم قەیرانە وەربگرێت و خۆی وەک "چارەسەرکەری کێشەکان" نیشان بدات و هێرش بکاتە سەر چاکسازیخوازەکان، بەڵێنی دا بە داڕشتنی پلان بۆ سەقامگیرکردنی نرخەکان؛ لە کاتێکدا پزیشکیان زەبرە سیاسییەکانی بەردەکەوت بەهۆی دەستەوستانی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی. پزیشکیان ئاماژەی بەوە دەدا کە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی قەدەغەیە، چونکە ڕێگە بە حکومەتەکەی نادرێت هیچ بڕیارێک بدات کە لەگەڵ بۆچوونەکانی "سوپای پاسداران" و سەرپەرشتیارانی "نووسینگەی ڕێبەر" و موجتەبا خامنەیی (پێش تیرۆرکردنی باوکی) یەک نەگرێتەوە.

 

قالیباف و سڕینەوەی سیاسی

وەک نەریتی هەمیشەیی بەرپرسە توندڕەوەکان لە دەسەڵاتدا، یاسا و یاسادانان وەک ئامرازێک بۆ سڕینەوەی نەیارە سیاسییەکان لە ناو پێکهاتەی حوکمڕانیدا بەکارهێنراون. لەم نێوەندەدا، کێشەی "یاسای پۆستە هەستیارەکان" وەک نموونەیەکی بەرچاوی دووفاقی لە پێوەرە سیاسییەکاندا دەرکەوت کە قالیباف لە پەرلەماندا سەرکردایەتی دەکرد.

ئەم یاسایە ڕێگری لە بەرپرسان دەکات پۆستی هەستیار وەربگرن ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانیان ڕەگەزنامەی بیانی هەبێت. ئەم یاسایە دژی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری پێشووی دەرەوە جێبەجێ کرا بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی وەک یاریدەدەری پزیشکیان دوور بخرێتەوە، هەروەها هەمان شت بۆ محەمەد ڕەزا عارف جێگری سەرۆک کۆمار کرا کە کوڕەکەی ڕەگەزنامەی ئەڵمانی هەیە؛ لە کاتێکدا چاوپۆشی لە بەرپرسانی تر کرا کە هەمان دۆخیان هەبوو، تەنها لەبەر ئەوەی سەر بە توندڕەوەکان بوون یان لێیانەوە نزیک بوون.

ئەم جیاکارییە بووەتە هۆی لەرزۆکبوونی متمانە بە حکومەتەکەی پزیشکیان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، و ئاستی ململانێی نێوان فراکسیۆنە چاکسازیخوازە پەراوێزخراوەکان و باڵی پارێزگارە توندڕەوەکانی توندتر کردووە.

 

ئایا قالیباف لە ڕۆڵی "پیاوە بەهێزەکە"دا سەرکەوتوو دەبێت؟

ترەمپ ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕادەگرێت، ئاماژەی بە بوونی خاڵی ڕێککەوتنی سەرەکی و گفتوگۆی بنیاتنەر لەگەڵ لایەنی ئێرانی کرد. سەرەڕای ئەوەش، هەڵوێستی فەرمیی ئێران هێشتا بە دژبەیەک دەبینرێت؛ لە کاتێکدا ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بوونی هەر جۆرە دانوستانێکی بەردەوام ڕەت دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە بارودۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ، دزەپێکراوەکانی وەزارەتی دەرەوە جەخت لە بوونی دانوستان دەکەنەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت.

داتاکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە ئێستادا قالیباف بەهێزترین لایەنە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکان لە پشت پەردەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو "هاوپەیمانیی بڕیارە"ی کە لەگەڵ ڕەزایی و وەحیدیدا کۆی کردۆتەوە. توانای ئەو بۆ تێکەڵکردنی زمانی هەڕەشەی سەربازی و ئارەزووی پاراستنی مانەوەی ڕژێم، وای لێ دەکات ببێتە لایەنی سەرەکی گفتوگۆ بۆ واشنتۆن، کە ڕەنگە وەک تاقە کەسایەتییەک بیبینێت کە توانای پابەندکردنی "سوپای پاسداران"ی بە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو هەبێت.

وەک دەردەکەوێت، ئەمە قۆناغی "سیاسییکردنی تەواوی سەربازی"یە؛ ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان قالیباف، ڕەزایی و ئەژەییدا هەیە و بە پشتگیریی ڕێبەری نوێ موجتەبا خامنەیی، سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی دەوڵەت بۆ سەربازگەیەکی گەورە کە کار بۆ هەڵمژینی زەبرە دەرەکییەکان و هەناردەکردنی قەیرانەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ دەکات، ئەویش لە ڕێگەی بەشداریکردنی "حزب الله" لە لوبنان و گروپە چەکدارەکان لە عێراق و بۆردومانکردنی شارەکانی کەنداو.

سەرەڕای ئەوەش، ئەم سەقامگیرییە ڕواڵەتییەی ڕژێم ڕووبەڕووی ئاڵینگارى گەورە دەبێتەوە، کە دیارترینیان ڕەتکردنەوەی جەماوەرییە، بەتایبەت لەلایەن نەوەی گەنجەوە، کە چیتر باوەڕیان بە ئەگەری چاکسازی لە ناوخۆوە نەماوە و چاوەڕێی هەر ساتێکی لاوازیی ڕژێم دەکەن بۆ ئەوەی پەلاماری بدەن. هەروەها پەککەوتنی سەربازی و ئابووریی دەرەنجامی جەنگەکە، کە تێیدا ئێران بەشێکی زۆری جبەخانە موشەکییەکەی و ژێرخانی ئابووریی لەدەستداوە، ڕەنگە لە کۆتاییدا ناچاری بکات مەرجی قورس بۆ مانەوەی ڕژێم قبوڵ بکات.

هەفتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن لە دیاریکردنی ئەوەی ئایا هاوپەیمانییەکە بە سەرکردایەتی قالیباف سەرکەوتوو دەبێت لە گەیاندنی ئێران بۆ کەناری ئارامی لە ڕێگەی دانوستان و ڕاگرتنی تەقە، یان وڵات بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر دەچێت کە دەبێتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانەکەی. نەبوونی یەک ناوەندی بڕیاردانی ڕوون، ڕێڕەوی دانوستانەکان پڕ لە مەترسی دەکات؛ چونکە ڕەنگە موشەکێکی وێڵ لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی بدات و کەسانێک بکوژێت، یان توندڕەوێک لە شوێنێکەوە دەربکەوێت و کارێکى تیرۆریستى ئەنجام بدات کە بەرپرسیارێتی وڵات بخاتە دەست کەسێکی نوێ لە پۆلێنی چوارەمی دەسەڵات.

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 1 کاتژمێر

ژیری دەستکرد(AI) و ئەلگۆریتمەکانی جەنگ

null
پێش 2 کاتژمێر

ئێران: تا ئێستا (6،530)كەس كوژراون

null
پێش 6 کاتژمێر

"هێڵی كەركوك جەیهان درێژبكرێتەوە بۆ بەسرەو نەوتی سوریاش بەم بۆرییەدا هەناردە بكرێت"