هەواڵ
ڕاپۆرت
ڕاپۆرتی ڕاپرسی سەبارەت بە «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین»
بڵاوکراوەتەوە لە : 18 کانوونی دووەم 2023
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
هەواڵ
ڕاپۆرت
بڵاوکراوەتەوە لە : 18 کانوونی دووەم 2023
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
درەو:
وەرگێڕان: كەیوان قادری/ ئێران ناسی/ سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی
بەرایی
ئەم ڕاپۆرتە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ڕاپرسییەك لەمەڕ ڕوانینی ئێرانییەكان سەبارەت بە ئایین ئەنجام دراوە. گرووپی توێژینەوەی بیرپێوەری ئێرانییەکان (گەمان كە ڕێکخراوێکی لێکۆڵینەوەی ناحکومی، سەربەخۆ و تۆمارکراو لە وڵاتی هۆڵەندایە.) لە ڕێگەی عەمار مەلیکی، پرۆفیسۆری یاریدەدەری زانستی سیاسی، زانکۆی تیلبێرگی هۆڵەندا و پوویان تەمیمی عەرەب، پرۆفیسۆری یاریدەدەری مرۆڤناسی ئایین، زانکۆی ئۆترێختی هۆڵەندا لە گەلاوێژی 2020 ڕاپرسییەكەی ئەنجامداوە و لە شێوەی توێژینەوەدا بڵاوی كردووەتەوە. ڕاپۆرتەكە هەموو ڕەهەندەكانی ئایین و خواپەرستی لە نوێژكردن، تێگەیشتنیان بۆ چەمكە ئایینییەكان، پێگەی خودا و ئایین لە ژینگەی خێزانی، دیدگای كۆمەڵگە سەبارەت بە پەیوەندی حكومەت و ئایین، هەروەها ڕوانینی خەڵك بۆ بانگەشەی ئایینی، ڕوانینیان سەبارەت بە باڵاپۆشی و خواردنەوە سەرخۆشكەرەكان بەوردی دەخاتەڕوو.

پوختەی ئەنجامی ڕاپرسی «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین»
بەشی یەکەم: شێوازی نموونەگرتن و تایبەتمەندییە ئامارییەکانی نموونە
١-١ تایبەتمەندییەکانی ڕاپرسی و نموونەی ئاماری نەپوختە
١-٢ قۆناغەکانی پاڵاوتن و ئامادەکردنی نموونەی کۆتایی
نموونەی ئاماری ڕاپرسییە ئۆنلاینەکان زۆربەی جار لەگەڵ زانیاری کۆمەڵەی ئاماری ئامانج تەواو یەک ناگرنەوە، لە ئەنجامدا بۆ ئەوەی نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر (representative sample) هەبێت، لە شێوازی کێشکردنەوە (weighting) کەڵک وەرگیراوە هەتاکو بتوانرێت نموونە ئاماریەکە هاوسەنگ بکرێت و لەگەڵ زانیاری سەرەکی کۆمەڵەی ئامانج یەکسان بکرێت. هەروەها ئەنجامەکان بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی هەڵبژاردنی نموونەی هەڕەمەکی لە کۆی نموونە ئامارییەکان (matching)، پشتڕاستکرایەوە. لە بەشی هاوپێچدا، شێوازەکانی هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری، شێوازی کێشکردن، زانیاری کۆمەڵناسی نموونە ئاماری و زانیاری کۆمەڵەی ئامانج باسی لەسەر کراوە.
بەشی دووەم: دەرئەنجامە سەرەکییەکانی ڕاپرسی
لەم ڕاپۆرتەدا هەموو ئەنجامەکان و خشتەکان لەسەر بنەمای «نموونەی ئاماری کێشکراو» لە ناوخۆی وڵات حیساب کراوە. دەرئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە دەتوانرێت بە ئاستی دڵنیایی ٩٥٪ و پەراوێزی هەڵەی ٥٪، بۆ دانیشتووانی خوێندەواری تەمەن سەروو ١٩ ساڵ (واتە نزیکەی ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورە ساڵ) گشتگیر بکرێت.
٢-١ ئاستی باوەڕی ئێرانییەکان بە چەمکە ئایینییەکان
لەم ڕاپرسییەدا وەڵامدەران سەبارەت بە باوەڕی ئەوان بە «خوا»، «بەهەشت و دۆزەخ»، «دین و مەزهەب»، «هاتنی ڕزگارکەری مرۆڤایەتی»، «ژیان دوای مەرگ»، «جنۆکە» پرسیار کراوە.
ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدەن کە ٧٨٪ی ئێرانییەکان بە خوا، ٣٧٪ بە ژیانی دوای مەرگ، ٣٠٪ بە بەهەشت و دۆزەخ، ٢٨٪ بە دین و مەزهەب، ٢٦٪ بە جن و ٢٦٪ بە هاتنی ڕزگارکەری مرۆڤایەتی باوەڕیان هەیە و نزیکەی ٢٠٪ی کۆمەڵگەش بڕوایان بە هیچ یەک لەم خاڵانە نییە.
دایاگرامی ١

٢-٢ هەمەچەشنی مەیلی ئایینی ئێرانییەکان
لە پرسیارێکی دیکەدا لە وەڵامدەران سەبارەت بە نموونەکانی بیروبڕوا کەسێتییەکانی ئەوان پرسیار کرا.
دایاگرامی ٢ نیشان دەدات لە کاتێکدا کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆمەڵگە خۆیان وەک «مسوڵمانی شیعە» پێناسە دەکەن، بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە خۆیان بێ باوەڕ، زەردەشتی، مەعنەویەتخواز، نەزانخواز، مسوڵمانی سوننە، عیرفانخواز، مرۆڤخواز، کریستیانی، بەهایی و … پێناسە دەکەن. هەروەها نزیکەی ٢٢٪ی کۆمەڵگە خۆیان سەر بە هیچ یەک لەم ڕەوتانە نازانن.
دایاگرامی ٢

٢-٣ ڕەوتی گۆڕانکاری دینداری لە کۆمەڵگەی ئێراندا
لەم ڕاپرسییەدا لە وەڵامدەران پرسیار کرا کە باوەڕی ئایینی ئەوان بە درێژایی ژیانیان چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە. هەروەکو دایاگرامی ٣ نیشان دەدات، ٤٧٪ ڕایانگەیاند لە باوەڕمەندییەوە بە بێ باوەڕی گەیشتوون.
٤١٪ی کۆمەڵگەش وتوویانە کە بڕوایان سەبارەت بە دین یان بێ دینی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەبووە. هەروەها نزیکەی ٦٪ ڕایانگەیاندووە کە لە بێ باوەڕییەوە گەشیتوون بە باوەڕمەندی و بە هەمان ڕێژەش لە مەیلێکی ئایینی بۆ مەیلێکی ئایینی دیکە گۆڕاون.
ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە مەیلی گۆڕین «لە دینداری بۆ بێ دینی» لەناو گەنجان، کەسانێکی کە خوێندنی زانکۆیان بووە و دانیشتووانی شارەکان زیاتر بووە.
هەروەها دەبینرێت کە مەیل بە گۆڕینی باوەڕە ئایینییەکان لە نێوان پیاوان زیاتر لە ژنان تۆمار کراوە.
ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدات کە زۆرینەی ئاتێئیستەکان (بێدین) و نەزانخوازەکان لە دینداری گەیشتوون بە بێ دینی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی بەرچاوی باوەڕمەندانی کریستیانی، عیرفانی حەڵقە، عیرفانخوازەکان و بوداییەکان لە مەیلێکی دیکەی دینی ڕوویان لەم بڕوا ئایینییانە کردووە.
دیاگرامی ٣
٢-٤ مەیلی عیبادەتی تاکەکەسی
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە «چەند جار نوێژ ئەخوێنن؟»، نزیکەی ٦٠٪ی کۆمەڵگە وتوویانە کە نوێژ ناخوێنن. لەبەرامبەردا نزیکەی ٤٠٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام نوێژ دەخوێنن و لەم بڕە خەڵکە، زیاتر لە ٢٧٪ی کۆمەڵگە وتوویانە پێج جار لە ڕۆژدا نوێژ دەخوێنن.
دایاگرامی ٤

٢-٥ پێگەی خوا و ئایین لە کەشی بنەماڵەیی ئێرانییەکاندا
بە پێی ئەنجامی ڕاپرسی نزیکەی ٦١٪ی کەسەکان وتوویانە لە بنەماڵەی «باوەڕمەند بە خوا و ئایینی» گەورە بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ٣٢٪ی ڕایانگەیاندووە لە بنەماڵەی «باوەڕمەند بە خوا و نائایینی» گەورە بوون و کەمتر لە ٣٪یش ڕایانگەیاندووە لە بنەماڵەی «بێ باوەڕ بە خوا» یان «دژە ئایین» گەورە بوون.
دایاگرامی ٥

٢-٦ ڕوانگەی کۆمەڵگە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان دین و حکومەت
هەر وەکو لە دایاگرامی ٦دا هاتووە، ٦٨٪ی کۆمەڵگە لەسەر ئەو بڕوایەدابوون کە حکومە ئایینییەکان نابێ ببنە پێوانەی یاسادانان تەنانەت ئەگەر دیندارەکان زۆرینەی پەرلەمانیشیان بەدەست بێت.
لە بەرامبەردا ١٤٪ی کۆمەڵگە بڕوایان هەیە کە یاساکان دەبێت لە هەر حاڵێکدا لەسەر بنەمای حکومە ئایینییەکان بن. هەروەها نزیکەی ٤٪ی کۆمەڵگە زیاتر مەیلیان بەرەو ئەم بیروڕایەوەیە کە ئەگەر دیندارەکان لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەدا زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنن، مافی ئەوەیان هەیە کە یاساکان بە پێی حکومە ئایینییەکان دابنێن.
١٣٪یش وتوویانە کە بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە زانیاری تەواویان نییە.
دایاگرامی ٦

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە پەیوەندی دین و حکومەت (دایاگرامی ٧)، ٧١٪ لەو باوەڕەدابوون کە دامەزراوە ئایینییەکان پێویستە خۆیان تێچووەکانیان دابین بکەن.
لە لایەکی دیکەوە ١٠٪ بڕوایان هەبووە کە دامەزراوە دینییەکانی هەموو ئایینەکان پێویستە بتوانن یارمەتی لە حکومەت وەربگرن و ٣٪یش ڕایان وابوو کە تەنیا دامەزراوە ئیسلامییەکان دەبێت بتوانن لە یارمەتی حکومەتی سوود وەربگرن.
دایاگرامی ٧

٢-٧ ڕوانگەی ئێرانییەکان سەبارەت بە پڕوپاگەندەی ئایینی لە ڕای گشتیدا
سەبارەت بە پڕوپاگەندەی ئایینی ٤١٪ی کۆمەڵگە باوەڕیان وایە کە هەموو دینەکان پێویستە بتوانن پرۆپاگەندەی ئایینی خۆیان بۆ ڕای گشتی بکەن، لە کاتێکدا نزیکەی ٤٪ی کۆمەڵگە ئەم مافە تەنیا بۆ مسوڵمانان ڕەوا دەبینن.
لە بەرامبەردا، نزیکەی ٤٣٪ بە باشی دەزانن کە پرۆپاگەندەی هەموو ئایینەکان بۆ ڕای گشتی ڕێگەپێنەدراو بێت.
دایاگرامی ٨

هەروەها ٥٦٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە لەگەڵ پەروەردەی مناڵان بۆ فێرکاری و ئەرکی ئایینی لەناو مەکتەبەکاندا دژایەتی دەکەن. هەروەها، نزیکەی ٥٤٪ هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە مناڵەکانیان لە مەکتەبدا بیروبڕوا ئایینییە جیاوازەکان بناسن.
دایاگرامی ٩

٢-٨ ڕوانگەی ئێرانییەکان سەبارەت بە حیجاب
ئەم ڕاپرسییە نیشان دەدات کە زیاتر لە ٧٢٪ی کۆمەڵگە دژی ئیجباری بوونی باڵاپۆشی (داپۆشانی قژی سەر) لە شوێنە گشتیەکانن، لە کاتێکدا نزیکەی ١٢٪ی کۆمەڵگە لەسەر بوونی حیجابی ئیجباری جەخت دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە ٥٧٪ی کۆمەڵگە لە ئەساسدا بڕوایان بە حیجاب نییە. هەروەها ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدات کە تەنیا نیوەی ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە حیجاب هەیە جەخت لەسەر ئیجباری بوونەکەی دەکەن (دایاگرامی ١١).
دایاگرامی ١٠ و١١

٢-٩ بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە کۆمەڵگەی ئێراندا
لە وەڵامی پرسیار سەبارەت بە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە ئێراندا، ٥٦٪ی وەڵامدەران وتوویانە کە خواردنەوە کحولییەکان ناخۆنەوە. لە بەرامبەردا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆمەڵگە وتوویانە کە بەردەوام یان جاروبار خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە. نزیکەی ٩٪ی کۆمەڵگەش بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کڕین (بەردەست نەبوون یان تێچوو) بەکارهێنەری خواردنەوە کحولییەکان نین. هەروەها ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە نێوان گەنجان و پیاوان زیاترە.
دایاگرامی ١٢

هاوپێچ: میتۆدۆلۆژیای توێژینەوە
میتۆدی نموونەگرتن
ئەم ڕاپرسییە بە کەڵک وەرگرتن لە میتۆدە داهێنەرانەکان هەوڵی داوە ئەو ڕوانگە و بیروڕایانەی وا بە ڕێبازە بیرپێوەریە ئاساییەکان لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا ناتوانرێت بە شێوەیەکی ئاشکرا پرسیار و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بە ڕێگایەکی خاوەن میتۆد، بپێوێ و تۆماری بکات. هەر چۆنێک بێت، ئەم ڕاپرسی و شیکاریە ئاماریە پەیوەستەکانیش هەروەکو نموونە لەیەکچووەکانی لەگەڵ ئاستەنگیەکانی پەیوەست بە نموونەگرتنی ئۆنلاین ڕووبەڕوو بووەتەوە. یەکێک لەم کێشانە ئاستەنگی کاریگەری تۆڕە (network effect)، واتا ئەگەری نزیکبوونی بیرۆکەی بەشداربووان لەگەڵ ڕێکخەرانی ڕاپرسییەکە بووە.
بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە هەوڵدراوە هەتاکو ڕاپرسییەکە لە ڕێگەی کەسان، کۆمەڵ، کەناڵ و پەیجەکانی وا خاوەن بیرۆکەی باوەڕی، سیاسی و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر بوون، هاوبەش بکرێت.
بە کەڵک وەرگرتن لە چەندین زنجیرەی جیاوازی نموونەگرتن (multiple chain referral sampling)، پرسیارنامەی ئۆنلاین بە شێوازێکی خاوەن ئامانج و بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان لە نێوان کۆمەڵ و گرووپە جیاوازەکان و لە نێوان جەماوەری پەیجە بەناوبانگە گشتی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و دڵخۆشکەرەکان بڵاوبووەتەوە. هەروەها هاوکات لەگەڵ زۆربوونی بەرچاوی نموونەکان هەوڵدرا هەتا بتوانرێت لایەنگرییەکی (bias) وا بە هۆی کاریگەری تۆڕەوە دروستبووە، تا ئاستێکی وا دەکرێت کەم بکرێتەوە.
ئەنجامی یەکێک لە پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە نیشان دەدات کەمتر لە ١٪ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، پێشتریش لە ڕاپرسییەکانی دامەزراوەی گەمان بەشداربوون. ئەم ئەنجامە دەتوانێت نیشان بدات کە ڕێبازی نموونەگرتنی خاوەن ئامانج بۆ بڵاوکردنەوەی پرسیارنامە لە نێوان چینە جۆراوجۆرەکان، توانیویەتی ڕاپرسییەکە بگەیێنێتە گرووپە جیاوازەکانی دەرەوەی ئەو بڕە کەسەی وا دامەزراوەی گەمان دەناسن.
هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری و ڕێبازی کێشکردن
لەم ڕاپۆڕتەدا بۆ ئەوەی نموونەی ئاماری ڕاپرسییەکە ببێتە نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر (representative sample) لە تێکەڵەی دوو ڕێباری کێشکردن – raking & cell-weighting – کەڵک وەرگیراوە.
بە پێی لێکۆڵینی گشتگیری دامەزراوەی توێژینەوە-بیرپێوەری پیوو (Pew Research Center) ئەم دوو ڕێبازەی کێشکردن، بە لەبەرچاوگرتنی گوڕاوە دیمۆگرافییە گونجاوەکان، لە کاریگەرترین و متمانەپێکراوترین ڕێبازەکانی هاوسەنگکردنی نموونەکانی ڕاپرسی ئۆنلاین دێنە ئەژمار.
هەروەها بەپێی ئامۆژگاری ئەم لێکۆڵینەوەیە، بۆ کێشکردنی نموونەی ئاماری، لە گۆڕاوێک وا هەڵسوکەوتی سیاسی وەڵامدەران نیشان دەدات، کەڵک وەرگیراوە هەتاکو ئاستی بەلاڕێداچوونی نموونەی ئاماری کەم بێتەوە و ئەگەری گشتگیرکردنی نموونەی کۆتایی زیاتر بکرێت. هاوسەنگکردن و کێشکردنی نموونەی ئاماری بە هاوکاری کۆمپانیای هۆڵەندی Spinnaker Research و بە ئامرازی پێشکەوتووی ئەم کۆمپانیایە ئەنجام دراوە.
بۆ دروستکردنی نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر، نموونەی پاڵاوتراوی ڕاپرسی بۆ وەڵامدەرانی «ناوخۆی وڵات» لەسەر بنەمای دابەشکردنی ڕەگەز، تەمەنەکان، ئاستی خوێندەواری، دیمۆگرافیای پارێزگا، ناوچە شاری و گوندەکان، و هەروەها هەڵسوکەوتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧، کیشکردنی بۆ کراوە. بۆ دەرهێنانی کۆمەڵەی ئامانج، لە ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ و ئاماری هێزی کار لە بەهاری ٢٠٢٠ کەڵک وەرگیراوە.
لە دوای ئەنجامدانی حیساباتی کێشکردن بەپێی گۆڕاوە یەکگرتووەکان (interlocking variables)، ژمارەی بڕی نموونەی کاریگەر (effective sample size) ١٩١١ نموونە بووە کە بڕە نموونەیەکی زۆر گونجاو و متمانەپێکراوە بۆ پەراوێزی هەڵەی ٥٪ و ئاستی دڵنیای ٩٥٪.
ئەنجامەکانی کێشکردنی نموونەی ئاماری
دانیشتووانی ئامانجی ئەم ڕاپرسییە کەسانی خوێندەوار و سەروو ١٩ ساڵ (گرووپی تەمەن ٢٠ ساڵ و زیاتر) لە ئێراندان. بە پێی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی ساڵی ٢٠١٦، ئەم دانیشتووانە نزیکەی ٤٧ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانن واتە ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورەساڵی ئێران پێکدەهێنن.
خشتەکانی ژێرەوە دابەشکردنی گۆڕاوە کۆمەڵناسییەکان لەناو نموونەی ئاماری ڕاپرسی و دانیشتووانی ئامانج نیشان دەدەن. دەبینرێت کە تایبەتمەندی کۆمەڵناسی نموونەی کێشکراوە لەگەڵ دانیشووانی ئامانج یەکدەگرنەوە.



جگە لە گۆڕاوە کۆمەڵناسییەکان، هەڵسوکەوتی هەڵبژاردنی وەڵامدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ٢٠١٧ بۆ کێشکردنی نموونەی ئاماری کەڵکی لێوەرگیراوە و حیساباتی کێشکردنی ئەم ڕاپرسییە، بە پێی گۆڕاوە یەکگرتووەکان (interlocking variables) ئەنجام دراوە.
ئەگەر چی کەسانێک وا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٧ دەنگیان بە ئیبراهیم ڕەئیسی دابوو کەمتر لەم ڕاپرسییەدا بەشدار بوون، بەوحاڵە، بڕی نموونە ئاماری دەنگدەرانی ئیبراهیم ڕەئیسی لەم ڕاپرسییەدا بەرچاو بووە و لەم ڕووەوە بە کێشکردن و هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری، ئەگەری گشتگیرکردنی ئەنجامەکان بۆ دانیشتووانی ئامانج وەدیهات.
خشتەی ٦: دابەشکردنی هەڵسوکەوتی سیاسی-هەڵبژاردن لە نموونەی ئاماری و ئەنجامە فەرمیەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٧

باوەڕپێوەری نموونەی کێشکراوە
یەکێک لە ڕێبازەکانی وا دەتوانرێ بە کەڵک وەرگرتن لەو، ئاستی متمانە بە نموونەی کێشکراوە و گشتگیربوونی هەڵسەنگێنرێت، ئاستی لەیەکچوونی ئەنجامەکانی نموونەی کێشکراوە لەگەڵ بەڵگە دەرەکییەکانە.
خشتەی ٧ بارودۆخی چالاکی ئابووری (ڕێژەی سەدی کەسانی دامەزراو) لە نموونەی کێشکراوەدا بە بەراوردی لەگەڵ دانیشتووانی ئامانج لەسەر دوو ئاستی شاری و گوندیدا نیشان دەدات. لە کاتێکدا وا نموونەی کێشکراوە کەسانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ لە خۆی دەگرێت، ئاماری هێزی کار، هەم کەسانی خوێندەوار و هەمیش نەخوێندەوار لەخۆی دەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری هیزی کار لە بەهاری ٢٠٢٠دا، ڕێژەی دامەزرانی کەسانی خوێندەوار لە ناوچە شارییەکان زیاتر لە کەسانی کەم خوێندەوار و نەخوێندەوار بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە، دەبینرێت کە بارودۆخی کار بۆ نموونەی کێشکراو لەگەڵ داینشتووانی ئامانج بە ئاستێکی پەسەندکراو یەکتر دەگرنەوە.
خشتەی ٧: دابەشکردنی ڕێژەی کار لە نموونەی کێشکراو و ئاماری هێزی کار بە پێی شاری و گوندی

لە لایەکی دیکەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی متمانەی ئەنجامەکان لە نموونەی ئاماری کێشکراودا، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێبازی نموونەگرتنی هاوتاییدا (matching method) حیساباتی دووبارە و ئەنجامەکان لەگەڵ دەستکەوتە پێشووەکان بەراورد کرا.
لەم ڕێبازەدا سەرەتا نموونەیەکی ئاماری هەڕەمەکی بە بڕی ٢٠٠٠ وەڵامدەر لە گشتی نموونەی ئاماری کۆتایی (واتا لە ٣٩٩٨١ نموونە) دەرهێندراوە. ئەم نموونە هەڕەمەکییە بە جۆرێک دەرهێنراوە کە لەگەڵ گۆڕاوە شەش دانەییەکانی دانیشتووانی ئامانج (رەگەز، گرووپی تەمەن، ئاستی خوێندەواری، ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگا، ناوچە شاری و گوندییەکان، و هەڵسوکەوتی هەڵبژاردن) هاوسەنگ بن.
بە لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری بینرا کە هەموو دەسکەوتەکانی ڕاپرسییەکە بە نموونەی هەڕەمەکی نوێ، لەگەڵ دەسکەوتەکانی نموونەی کێشکراو یەکگرتوو بوو و جیاوازی ئەنجامەکان کەمتر لە ١٪ بوو.
بە گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەڵگانە، دەرکەوت کە نموونەی کێشکراو تا ڕادەیەکی قبووڵکراو، پێناسەکەری دانیشتووانی ئامانج (دانیشتووانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ)ە و دەتوانرێ ئەنجامەکانی ئەو بە ئاستی هەڵەی وتراو بە زۆرینەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران (واتا نزیکەی ٨٥٪ لە دانیشتووانی گەورەساڵی وڵات) گشتگیر بکردرێت.