درەو
بەشی یەکەم
🔻 بەگوێرەی داتاکانی سەکۆی وزە
🔹 تێچووی زیادەی سەر هاوردەکارانی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و گازی شل بە زیاتر لە (330 ملیار) دۆلار خەمڵێندراوە لە نێوان مانگی ئازار و ئابی 2026دا.
🔹 داخرانی نیمچە تهواوی گەرووی هورمز، کە نوێنەرایەتیی 20%ی دابینکارییەکانی نەوتی جیهان دەکات، بووە هۆی پاشەکشەی هەناردەی نەوتی خاوی گوازراوە لە ڕێگەی دەریاوە لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕێژەی 9%، کە هاوتا لەگەڵ 3.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا.
🔹 ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕیوون کەم بووەوە بۆ 40 کەشتی هەفتانە (کە زیاتر لە نیوەیان کەشتیی گوازەرەوەی نەوت و گاز بوون) لە ماوەی 28ی شوبات تا 16ی ئابی 2026، بەراورد بە 422 کەشتی هەفتانە لە پێش جەنگدا.
🔹 لە 6 مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا، هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت، سەلتەنەتی عومان، عێراق و ئێران) لە نەوتی خاوی گوازراوە لە ڕێگەی دەریاوە پاشەکشەی کرد بۆ 9.89 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە بەرامبەر 16.68 ملیۆن لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا، بە دابەزینی 41%.
🔹 سەرجەم داتاکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین قازانجکەرە لە لێکەوتەکانی جەنگی ئێران؛ هەناردەی نەوتی خاوی گوازراوە لە ڕێگەی دەریاوە بە ڕێژەی زیاتر لە 23% بەرز بووەوە بۆ 4.46 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی جەنگدا، تەنانەت ئاستی مانگانەی بێپێشینەی لە ئایاری ڕابردوودا تۆمار کرد کە گەیشتە 5.64 ملیۆن بەرمیل.
سەرەتا
بازاڕەکانی وزە لە میانی جەنگی ئێراندا کەوتنە نێو یەکێک لە سەخترین شۆکەکانی دابینکردن لە مێژووی هاوچەرخدا، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی گەرووی هورمز بە میحوەری قەیرانەکە.
دوای 6 مانگ، هێشتا بارودۆخەکە لەرزۆکە و هیچ دەرچەیەک لە ئاسۆدا بەدی ناکرێت؛ چونکە نەوت و گاز ڕەوانە دەکرێن، بەڵام بە بڕێکی زۆر کەمتری پێش جەنگ، نرخەکانی سووتەمەنی زۆر بەرزن و گەشەی ئابووریی جیهانیش خاو دەبێتەوە.
بە شێوەیەکی ئاسایی، نزیکەی 20%ی بازرگانیی نەوت و گازی شلکراوە لەگەڵ بوونی بە ڕێڕەوێکی ژیاری بۆ زنجیرەی دابینکردنی شتومەکی ستراتیجیی وەک هلیۆم، پەین و ئەمۆنیا، جگە لە ئەلەمنیۆم و پۆڵا بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی ئابووری کە لە نەوت و گاز تێپەڕ دەبێت، بەپێی شیکاریی یەکەی توێژینەوەکانی وزە (کە بارەگاکەی لە واشنتۆنە).
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئهمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026ەوە، پەککەوتنی دەریاوانی لە گەرووەکەدا سێبەری بەسەر بازاڕەکانی وزەدا کێشا، بەو پێیەی تێچووی دابینکردنی پێداویستی گواستراوە لە ڕێگەی دەریاوە زیادی کرد، و وڵاتانی هاوردەکار کێبڕکێیان کرد بەرەو جێگرەوەی گرانبەهاتر.
سەنتەری توێژینەوەی وزە و هەوای پاک تێچووی زیادەی سەر هاوردەکارانی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و گازی شلکراوەی بە زیاتر لە (330 ملیار) دۆلار خەمڵاندووە لە نێوان مانگی ئازار و ئابی 2026دا.
گێژاوەکانی بازاڕی وزە لە میانی جەنگی ئێراندا جیاوازییەکی زەقی لە توانای خۆڕاگریی وڵاتان و ناوچەکاندا دەرخست؛ لەو کاتەی بودجەی هاوردەکاران لە ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا بەتاڵ بووەوە، هەندێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر بەرھەمی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان دروێنە کرد.
لە بەرامبەردا، ئەستێرەی وزەی پاک گەشایەوە، بەهۆی ئەوەی پڕۆژە زیادکراوەکانی ساڵانی ڕابردوو توانای خۆیان سەلماند لە کەمکردنەوەی پێویستی بە سووتەمەنیی بەردینیی هاوردەکراو و دابینکردنی ڕادەیەک لە پاراستن لە بەرامبەر هەڵبەز و دابەزی بازاڕی جیهانیدا.
لە کاتێکدا هەندێک ڕێکار پەناگەیەکی کورتخایەنیان بۆ بەکاربەران دابین کرد، قەیرانەکە دەریخست کە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکراوەکان و هەمەجۆرکردنی تێکەڵەی وزە لە
ئامانجی ژینگەیییەوە دەبنە کۆڵەکەی بەهێزکردنی ئاسایشی وزە.
کارتێکەربوونی بازاڕەکانی وزە لە میانی جەنگی ئێراندا
لە دێڕەکانی داهاتوودا، دیارترین ئەو لێکەوتانە دەخرێتەڕوو کە لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا بەر بازاڕەکانی وزە کەوتوون لە میانی جەنگی ئێراندا.
ئەم ڕاپۆرتە ئاسەوارەکانی قەیرانەکە لە بازاڕەکانی نەوت و گاز و دیارترین قازانجکەران و زەرەزمەندەکان لەخۆدەگرێت، و چۆن وزەی پاک بووە دیوارێکی بەرگری بۆ هەندێک وڵات لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخەکانی سووتەمەنیدا.
بازاڕەکانی نەوت لە میانی جەنگی ئێراندا
· بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتی خاو و سووتەمەنی
نرخەکانی نەوت بە ڕێژەی 25% بۆ نەوتی خاوی برێنت، و بە نزیکەی 28% بۆ نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمریکی زیادی کرد لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکان بۆ سەر ئێران لە کۆتایی شوباتی ڕابردووەوە تا کۆتایی ئابی 2026.
سەرەڕای ئەوەی بەرزبوونەوەیەکی گەورەیە، بڕی ئەو هەڵبەز و دابەزەی نرخەکان لە ماوەی 6 مانگدا بەخۆیانەوە بینییان گەورەتر بوو؛ نەوتی خاوی برێنت لە نێوان 70 دۆلار و 120 دۆلاردا بەرز و نزم بووەوە، وەکو ئەوەی چارتی ژمارە (1) نیشانی دەدات:
چارتی (1)

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە 27ی شوباتی -پێش جەنگ- لەسەر 72.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بوو، و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ و داخرانی گەرووی هورمز، نرخەکان بە شێوەیەکی پلەبەپلە زیادیان کرد تا لە مامەڵەکان لە 9ی ئازاردا گەیشتنە لووتکە لەسەروو 119.50 دۆلار، بەڵام لە کۆتایی هەمان ڕۆژدا پاشەکشەی کرد بۆ ژێر 99 دۆلار.
نرخەکان خابوونەوەیان بەخۆوە بینی دوای ئەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بڕیاریان دا زیاتر لە (400 ملیۆن) بەرمیل نەوت لە کۆگاکانی ستراتیجی بکشێننەوە، کە 172 ملیۆنی تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو، لە ڕێکارێکی بێپێشینەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گێژاوەکانی دابینکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
لەگەڵ هەڵکشانی هێرشە سەربازییەکاندا، نەوتی خاوی برێنت دووبارە دەستی بە بەرزبوونەوەی گەورە کردەوە، تا لە مانگی یەکەمی جەنگدا بەرزترین دەستکەوتی مانگانەی لە مێژوودا تۆمار کرد، کە گەیشتە 46 دۆلار، هاوتا لەگەڵ 63%، دوای ئەوەی مانگی ئازاری لەسەر 118.35 دۆلار بۆ بەرمیلێک داخست.
لەو کاتەوە نرخی نەوتی خاوی برێنت نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە، چونکە بازاڕەکان ڕام هاتن لەگەڵ ناڕوونیی دۆخەکە لە ناوچەکەدا، و نرخەکان شەپۆلی بەرزبوونەوە و دابەزینیان بەخۆوە بینی، بە کاریگەریی چەند هۆکارێک، لە سەروویانەوە: ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران کە چەندین جار شکێنران، و گەمارۆیەکی ئەمریکی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، و سەرکەوتنی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو لە هەناردەکردن لە ڕێگەی جێگرەوەوە، و پاشەکشەی داواکاری لەگەڵ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی خاو لەلایەن چینەوە.
دەکرێت جوڵەکانی نرخی خاوی برێنت لە ماوەی 6 مانگی جەنگی ئێراندا بەم شێوەیەی خوارەوە کورت بکرێتەوە:
- پێش جەنگ (27ی شوبات): 72.48 دۆلار.
- یەکەم ڕۆژی مامەڵەکردن دوای هەڵگیرسانی جەنگ (2ی ئازار): 77.74 دۆلار.
- بەرزترین ئاست لە میانی جەنگدا (31ی ئازار): 118.35 دۆلار.
- نزمترین ئاست لە میانی جەنگدا (1ی تەمووز): 71.57 دۆلار.
- کۆتایی 6 مانگی جەنگ (31ی ئاب): 90.49 دۆلار.
لە کاتێکدا نرخەکانی سووتەمەنی بە شێوەیەکی گەورە زیادیان کرد، بەتایبەتی دیزڵ، تا لێکەوتەکانی زۆرترین کاریگەرییان هەبێت لە بازاڕەکانی وزەدا لە میانی جەنگی ئێراندا، و بەسەر بازدانی نرخەکانی نەوتی خاودا سەرکەون، لەگەڵ دابڕانی گەورە لە پاڵاوگەکانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەک، و زیانپێکەوتنی پاڵاوگە ڕووسییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرایناوە لە لایەکی ترەوە.
بەراورد بە ناوەندگیر (تێکڕا)ی 93 دۆلار بۆ نرخەکانی خاو، تێکڕای نرخەکانی دیزڵ بە کۆمەڵ لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕێژەی 59% زیادی کرد بۆ 161 دۆلار بۆ بەرمیلێک لە ماوەی مانگی ئازار تا ئابی 2026، بەراورد بە پێشبینییەکانی بازاڕی گرێبەستە ئایندەیییەکان لە پێش جەنگدا کە (101 دۆلار) بوو.
وە تێکڕای نرخەکانی بەنزین بە ڕێژەی نزیکەی 43% لە ماوەی هەمان ماوەدا هەڵکشا بۆ 133 دۆلار بۆ بەرمیلێک، لە بەرامبەر 93 دۆلار لە پێشبینییەکانی پێش جەنگدا، بەپێی داتاکانی سەنتەری توێژینەوەی وزە و هەوای پاک.
نرخەکانی سووتەمەنیی فڕۆکەش بە ڕێژەی 59% زیادیان کرد، و نرخەکانی گازی نەوتی شلکراوە بە شێوەیەکی گەورە بازدانیان بەخۆوە بینی، لەگەڵ دابەزینی دابینکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی عەرەبستانی سعودیە، لە 1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە 2025 بۆ 0.3 ملیۆن لە مانگی یەکەمی جەنگدا، کە زیانی گەیاند بە نزیکەی 3.4 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا کە پشتی پێ دەبەستن، کە نزیکەی 1.14 ملیار کەسیان تەنها لە هیندستانن.
لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتی خاو و سووتەمەنی لە سەرانسەری جیهاندا، تێچووی زیادە لەسەر وڵاتانی هاوردەکار گەیشتە نزیکەی 293.6 ملیار دۆلار لە 6 مانگدا، کە بەپێی جۆری سووتەمەنی بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوو، بە پشتبەستن بە بڕی هاوردەکراو و نرخ:
- نەوتی خاو: 164.1 ملیار دۆلار.
- دیزڵ: 73.8 ملیار دۆلار.
- بەنزین: 35.7 ملیار دۆلار.
- سووتەمەنیی فڕۆکە: 20 ملیار دۆلار.
چارتی ژمارە (2) لیستی ئەو وڵاتانە ڕوون دەکاتەوە کە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە لە جەنگی ئێراندا و ئەو تێچووە زیادەیەی کە لە ماوەی مانگی ئازار تا ئابی 2026 بەریان کەوتووە، بەپێی جۆرەکانی سووتەمەنی:
چارتی ژمارە (2)

هەناردەی نەوت و دیارترین قازانجکەران و زیانلێکەوتووان
داخرانی نیمچە تهواوی گەرووی هورمز، کە نوێنەرایەتیی 20%ی دابینکارییەکانی نەوتی جیهان دەکات، بووە هۆی پاشەکشەی هەناردەی نەوتی خاوی گوازراوە لە ڕێگەی دەریاوە لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕێژەی 9%، کە هاوتا لەگەڵ 3.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا، تا بگاتە 38.22 ملیۆن بەرمیل، بەپێی داتاکانی یەکەی توێژینەوەکانی وزە.
ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕیوون کەم بووەوە بۆ 40 کەشتی هەفتانە (کە زیاتر لە نیوەیان کەشتیی گوازەرەوەی نەوت و گاز بوون) لە ماوەی 28ی شوبات تا 16ی ئابی 2026، بەراورد بە 422 کەشتی هەفتانە لە پێش جەنگدا (دوو مانگی یەکەمی ساڵ)، بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە.
لەو کاتەی هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ دەبوون (کوەیت، عێراق، قەتەر، ئیمارات، عەرەبستانی سعودیە و ئێران) هەرەسیان هێنا، چەندین وڵات سوودیان لە قەیرانەکە وەرگرت و هەناردەی خۆیان بەرز کردەوە، لە سەروویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕووسیا و بەڕازیل، ئەمەش لە کەمکردنەوەی کاریگەریی گەورەی ئاستەنگبوونی تێپەڕبوونی دابینکارییەکان لە ڕێگەی هورمزەوە یارمەتیدەر بوو.
سەرەڕای ئەوەی بەرهەمهێنەرانی کەنداو ڕوویان لە کۆگاکرنی کاتیی نەوت کرد، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی هورمز و گەیشتنی دامەزراوەکانی کۆگاکردن بە ئەوپەڕی توانای خۆیان، وڵاتان ناچار بوون بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە.
گەورەترین زیانلێکەوتووان
لە 6 مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا، هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت، سەلتەنەتی عومان، عێراق و ئێران) لە نەوتی خاوی گوازراوە لە ڕێگەی دەریاوە پاشەکشەی کرد بۆ 9.89 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە بەرامبەر 16.68 ملیۆن لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا، بە دابەزینی 41%.
لیستی خوارەوە ئەو وڵاتانە ڕوون دەکاتەوە کە زۆرترین دابەزینیان بەخۆوە بینیوە لە ڕووی ڕێژەی سەدییەوە لە ماوەی مانگی ئازار تا ئابی 2026:
- عێراق: 76.1%.
- کوەیت: 65.2%.
- قەتەر: 63.9%.
- ئێران: 36.8%.
- عەرەبستانی سعودیە: 32.9%.
- ئیمارات: 12.3%.
- سەلتەنەتی عومان: 12.2%.
لە ڕووی بڕی هەناردەکردنەوە، چارتی ژمارە (3)، هەناردەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا خستووەتە ڕوو، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025:
چارتی ژمارە (3)

ئەو چارتەی سەرەوە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر گرنگیی هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن، چونکە عێراق زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ئەوەی 90%ی بارەکانی نەوتی خاو لە ڕێگەی دەریاوە بە ناو گەرووی هورمزدا هەناردە دەکات، و لە میانی قەیرانەکەدا هەوڵی دا هەناردەکردن لە ڕێگەی ئەو هێڵی بۆڕییەی بە بەندەری جەیھانی تورکییەوە بەستراوەتەوە لە لایەک بەهێز بکات، لەگەڵ هەناردەکردنی زەیتی سووتەمەنی لە ڕێگەی وشکانییەوە بۆ سوریا و لەوێشەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان، بە هاوشانی بیرکردنەوە لە دروستکردنی هێڵێکی بۆڕی بۆ گواستنەوەی خاو.
لە کاتێکدا کوەیت و قەتەر خاوەنی هیچ ڕێڕەوێکی هەناردەکردن نین جگە لە گەرووی هورمز، و ئەمەش وای کرد، بۆ نموونە، هەناردەی کوەیت "سفر" تۆمار بکات لە مانگی ئایاری 2026دا.
لە کاتێکدا ئێران، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی خۆی لە مانگەکانی یەکەمی جەنگدا بەهێز کرد، بەڵام لە سەرەتای ئایاری ڕابردووەوە بە توندی دابەزی لەگەڵ گەمارۆی ئەمریکی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران.
لە بەرامبەردا، زیانی داخرانی گەرووی هورمز لە عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات و سەلتەنەتی عومان کاریگەرییەکەی کەمتر بوو، چونکە شانشینەکە خاوەنی هێڵێکی بۆڕییە (ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا) کە ناوچەی ڕۆژهەڵات بە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سورەوە دەبەستێتەوە، بە توانای 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و هەناردەی خۆی لەو ڕێگەیەوە بەرز کردەوە لە 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە 5ی ئازاری 2026دا، بۆ 4.1 ملیۆن تا ڕۆژی 20ی هەمان مانگ.
لە سەر هەمان ڕێچکە، ئیمارات پشتبەستنی خۆی بە هێڵی بۆڕی نەوتی (حەبشان-فوجەیرە) بەهێز کرد بۆ تێپەڕاندنی هورمز، بە توانایەک کە لە نێوان 1.5 تا 1.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت، و لە ئێستادا کار دەکات لەسەر دروستکردنی هێڵێکی نوێ بە توانای 1.5 ملیۆن کە ناوی (ڕۆژئاوا-ڕۆژهەڵات)ە.
لاکاتێکدا سەلتەنەتی عومان خاوەنی بەندەری سەربەخۆیە کە دەکەونە سەر دەریای عەرەب و دوورن لە گەرووی هورمزەوە، کە ئەمەش توانای پێدا بۆ تێپەڕاندنی گرژییە هەرێمییەکان.
گەورەترین قازانجکەران
سەرجەم داتاکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین قازانجکەرە لە لێکەوتەکانی جەنگی ئێران؛ هەناردەی نەوتی خاوی گوازراوە لە ڕێگەی دەریاوە بە ڕێژەی زیاتر لە 23% بەرز بووەوە بۆ 4.46 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی جەنگدا، تەنانەت ئاستی مانگانەی بێپێشینەی لە ئایاری ڕابردوودا تۆمار کرد کە گەیشتە 5.64 ملیۆن بەرمیل.
بە هەمان شێوە پاڵاوگە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی گەورە سوودمند بوون، و هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانیان، بەتایبەتی دیزڵ، تێکڕای بۆشاییەکی بەهێزیان پڕکردەوە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
لە کاتێکدا ڕووسیا –کە هەوڵی دەدا بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە- هەناردەی خۆی لە هەمان ماوەدا بە ڕێژەی 12% بەرز کردەوە بۆ 5.69 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە سوودوەرگرتن لە ئاسانکاریی هەندێک لە سزاکانی ئەمریکا.
خواست لەسەر نەوت
لەگەڵ دابەزینی بەهێز لە دابینکارییەکانی نەوت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، داواکاری لەسەر نەوت لە سەرانسەری جیهاندا پاشەکشەی کرد بۆ 4.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە چواریەکی دووەمی ئەمساڵدا، و بە بڕی 2.8 ملیۆنیش لە چواریەکی سێیەمدا دابەزی، بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی پێشبینی کورتهێنانی داواکاری لەسەر نەوت لە 2026دا دەکات بە نزیکەی 1.55 ملیۆن، کە ئەمەش ڕەشبینترین پێشبینییە لە نێوان دامەزراوە گەورە چالاکەکانی نێو بازاڕدا، وەکو ئەوەی خشتەی ژمارە (4)دا هاتووە، بەپێی تازەترین داتای مانگانە.
خشتەی ژمارە (4)

لەگەڵ کەمبوونی دابینکارییەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکان، چەندین وڵات ڕوویان لە کەمکردنەوەی داواکاری و لە ئەنجامدا هاوردەکردن کرد، لە سەروویانەوە چین؛ هاوردەکردنی بە ڕێژەی زیاتر لە 27% دابەزی بۆ 7.54 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە 6 مانگی یەکەمی جەنگی ئێراندا، بەراورد بە 10.33 ملیۆن لە هەمان ماوەی ساڵی 2025دا.
لە حوزەیرانی 2026دا، هاوردەکردنی چین دابەزی بۆ کەمتر لە 6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمه نزمترین ئاستە لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵدا.
سەرچاوە
أحمد شوقي - مي مجدي، أسواق الطاقة خلال حرب إيران.. 6 أشهر تحت وطأة اضطرابات هرمز (ملف خاص)، الطاقة، 03-09-2026؛
https://shorturl.at/oxxJA