درەو:
🔻 ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە پەرتەوازەیی کورد و پێشخستنی بەرژەوەندیی حیزب بەسەر بەرژەوەندیی کورددا، وایکردووە هەرێمی کوردستان ئەو دەستکەوتانە لەدەست بدات کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە بەغدا بەدەستی هێنابوون؛ بۆ یەکەمجار پۆستەکانی زۆرێک لە دەستە سەربەخۆکانی (سیاسی، ئەمنی، دادوەری، ئابووری، دارایی، ڕاگەیاندن و کۆمەڵایەتییەکان) لە بوونی کورد چۆڵن، ئەمەش بە واتای پاشەکشەیەکی گەورە دێت لەسەر هەردوو ئاستی بڕیاردانی ئەمنی و کارگێڕیی عێراق.
🔹 لە حکوومەتی ئێستای عێراقدا زیاتر لە 21 دەستەی سەربەخۆ، یان ئەوانەی لە جێگەیان کار دەکەن، بوونیان هەیە و لایەنە شیعییەکان باڵادەستن بەسەر 18 دانەیاندا، کە ئەمانەن: (بانکی ناوەندیی عێراق، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، دەستەی حەج و عومرە، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، دەستەی گشتیی وەبەرهێنان، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دەستەی کاغەزە داراییەکان، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئەنجوومەنی ئەمیندارانی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی، دەستەی زیندانیانی سیاسی، دەزگای شەهیدان، دەستەی پیشەسازیی جەنگی، ئەمینداریەتی بەغدا، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و بەیتولحیکمە).
🔹 تەنها یەک دەستەی سەربەخۆ لای سوننەکانە، ئەویش دیوانی چاودێریی داراییە؛ و یەک دەستەی سەربەخۆش بۆ کورد هەیە، ئەویش سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە؛ هەروەها یەک دەستەی سەربەخۆش دراوە بە تورکمان، ئەویش دەستەی گشتیی چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکانە.
🔹 لە عێراقدا شەش پۆستی سەربازی، ئەمنی، هەواڵگری و موخابەراتیی سەرەکی و گرنگ هەن، لەوانە (سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕاوێژکاری، دەستەی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان...) و هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی حیزب و لایەنە شیعییەکاندان بەبێ ئەوەی هیچ نوێنەرایەتییەکی سەرکردایەتی بۆ کورد و سوننە تیایاندا هەبێت.
🔹 نزیکەی 15 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن لە عێراق هەن لە پارێزگاکانی بەغدا، مووسڵ، سەڵاحەدین، ڕومادی، کەرکووک، بەسرە، دیالە، بەغدا، کەربەلا و نەجەف، "و هیچ فەرماندەیەکی کورد لە هیچ یەکێک لەو فەرماندەییانەدا نییە".
ڕاپۆرتی؛ تۆڕی نێریج (NIRIJ)
ئامادەکردنی؛ سەڵاح حەسەن بابان
پشکپشکێنە 25 دەستەی سەربەخۆ هەڵدەلووشێت
لە عێراقدا نزیکەی 25 دەستەی سەربەخۆ هەن کە کاروباری جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن و کاروبارە (سیاسی، ئەمنی، دادوەری، ئابووری، دارایی، ڕاگەیاندن و کۆمەڵایەتییەکان) دەگرنەوە. خاوەنی سەربەخۆیی کەسی و کارکردنن چ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت یان دەسەڵاتی یاسادانان، بە پشتبەستن بەو مەبەست و ئامانجانەی کە دەبێت ئەو دەستانە بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەدییان بهێنن.
بودجەی ئەم دەستانە هاوتای بودجەی وەزارەتەکانە، بگرە هەندێک جار زیاتریشە. یاسا ژمارەیانی دیاری نەکردووە، چونکە دەستووری وڵات بوونیان پشتڕاست دەکاتەوە بەبێ ئەوەی بە ڕاشکاوی ژمارەکەیان دەقڕێژ بکات.
ئەم دۆخە لایەنە سیاسییەکانی پاڵناوە، لەگەڵ پێکهێنانی هەر حکوومەتێکی نوێی عێراقیدا، بۆ خۆئامادەکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی زۆرترین ژمارەی ئەو دەستانە؛ چونکە وەک سەرچاوە سیاسی و ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی پێ دەدەن: "ملکەچی پشکە حیزبی، تائیفی و نەتەوەییەکان و دابەشکاریی نێوان کوتلە سیاسییەکانن"، ڕێک وەک چۆن لە وەزارەتەکان و پۆستە فەرمییە گرنگەکانی تری وڵاتدا وایە.
ژمارەی دەستە سەربەخۆکان لە عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیادیکردووە و لە ژمارەی وەزارەتەکان زیاتر بووە، لەوانە: (دەستەی حەشدی شەعبی، دەستەی حەج و عومرە، بانکی ناوەندی، دەزگای شەهیدان، دەزگای زیندانیانی سیاسی، دەستەی وەبەرهێنان، دیوانی چاودێریی دارایی، بەیتولحیکمە - دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیرییە، دەستەی هەرێمەکان، ئەمینداریەتی بەغدا، ئەنجوومەنی ئاوەدانکردنەوە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، دەستەی ڕاگەیاندن، دەستەی داهاتە فیدراڵییەکان، دەستەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان، دەستەی کاغەزە داراییەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەستەی پەیوەندییەکان، ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی، دەستەی هاوسەنگی، و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ).
لە ساڵی 2003ـەوە و لەگەڵ پێکهێنانی هەر حکوومەتێکی نوێی عێراقدا، لایەنە شیعییەکان پشکی شێری ئەو دەستانەیان بەردەکەوێت و زیاتر لە نیوەی ژمارەکەیان دەبەن، لایەنە سوننییەکان لە پلەی دووەم و پاشان کوردییەکان لە پلەی سێیەمدا دێن؛ لە کاتێکدا دەبێت ئەو پۆستانە بەگوێرەی بنەمای نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا دابەش بکرێن.
بەگوێرەی پێداچوونەوەیەک کە ئەنجامدراوە، لە حکوومەتی ئێستای عێراقدا زیاتر لە 21 دەستەی سەربەخۆ، یان ئەوانەی لە جێگەیان کار دەکەن، بوونیان هەیە و لایەنە شیعییەکان باڵادەستن بەسەر 18 دانەیاندا، کە ئەمانەن: (بانکی ناوەندیی عێراق، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، دەستەی حەج و عومرە، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، دەستەی گشتیی وەبەرهێنان، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دەستەی کاغەزە داراییەکان، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئەنجوومەنی ئەمیندارانی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، ئەنجوومەنی خزمەتی فیدراڵی، دەستەی زیندانیانی سیاسی، دەزگای شەهیدان، دەستەی پیشەسازیی جەنگی، ئەمینداریەتی بەغدا، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و بەیتولحیکمە).
تەنها یەک دەستەی سەربەخۆ لای سوننەکانە، ئەویش دیوانی چاودێریی داراییە؛ و یەک دەستەی سەربەخۆش بۆ کورد هەیە، ئەویش سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە؛ هەروەها یەک دەستەی سەربەخۆش دراوە بە تورکمان، ئەویش دەستەی گشتیی چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکانە.
دەستووری عێراق کاری هەندێک لەو دەستەیانەی لە مادەکانی (102، 103، 104، 105، 106، 107، 108)دا ڕێکخستووە. لە کاتێکدا بەڕێوەبردنی دیارترین دەستە سەربەخۆکان و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لە عێراق و بەرپرسەکانیان و ئینتیما یان لایەنە سیاسییە هەژمارکراوەکانیان بەپێی ئەو دابەشکارییەی خوارەوە ڕێکخراون:
خشتەی (1)

پەراوێزخستنی کورد لە پۆستە سەربازی و ئەمنییەکاندا
لە عێراقدا شەش پۆستی سەربازی، ئەمنی، هەواڵگری و موخابەراتیی سەرەکی و گرنگ هەن، لەوانە (سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ڕاوێژکاری، دەستەی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان...) و هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی حیزب و لایەنە شیعییەکاندان بەبێ ئەوەی هیچ نوێنەرایەتییەکی سەرکردایەتی بۆ کورد و سوننە تیایاندا هەبێت.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و شارەزای سەربازی، نەبوونی ڕۆڵی کورد لە سەرکردایەتیی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بە "کەلێنێکی گەورە" وەسف دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات کە دۆخی کورد لەو دەزگایانەدا "زۆر خراپە".
جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێژەی بوونی کورد لە بەڕێوەبردنی دەزگا سەربازی، ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەگاتە "سفر"، ئەمەش وایکردووە هیچ دەسەڵاتێکیان لە بڕیارداندا لەو دامەزراوانەدا نەبێت: "لە کاتێکدا دەبێت ڕێژەی کورد تیایاندا لانیکەم 12% بێت بە بەراورد بە کۆی دانیشتووانی عێراق".
سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە پەراوێزخستنی نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، و وەک نموونە ئاماژە بەوە دەکات: "نەبوونی هیچ ئەفسەرێکی پلە باڵای کورد لە نووسینگەی سەربازیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەموو حکوومەتەکانی پێشووی عێراقدا"، کە دەکرێت بە "بارەگای فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق" وەسف بکرێت، چونکە هەموو بڕیارە سەربازی و ئەمنییەکان لەوێ دەدرێن و دەخرێنە ڕوو بۆ سەرۆکوەزیران، فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان.
یاوەر ئاشکرای دەکات کە نزیکەی 15 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆن لە عێراق هەن لە پارێزگاکانی بەغدا، مووسڵ، سەڵاحەدین، ڕومادی، کەرکووک، بەسرە، دیالە، بەغدا، کەربەلا و نەجەف، "و هیچ فەرماندەیەکی کورد لە هیچ یەکێک لەو فەرماندەییانەدا نییە".
نەبوونی نوێنەرایەتیی کورد لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و دەستە عێراقییەکانی تر بۆ نەبوونی "پڕۆژەیەکی ستراتیژیی نیشتمانی" دەگەڕێنێتەوە کە حیزبە کوردییەکان لەسەری کۆک بن، بەتایبەت ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا: "ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کورد پێگە ستراتیژییەکەی خۆی لە پایتەختی عێراق لەدەست بدات".
خشتەی (2)

مافی نەتەوەیی یان حیساباتی حیزبی؟
ئیسلام زێباری، شارەزای سەربازی و ئەفسەری پێشووی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هاوڕایە لەگەڵ فەریق یاوەر و پەرلەمانتار ڕێزان شێخ دلێر، لەسەر ئەوەی کە نەبوونی نوێنەرایەتیی کورد لە دەستە سەربەخۆکانی عێراق و دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پاشەکشەی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر دابەزینی توانای دانوستاندنی حیزبە کوردییەکان.
بۆیە، بە گوتەی زێباری، پاشەکشەی ڕۆڵی کورد لە دەستە سەربەخۆکان ناتوانرێت بە یەک هۆکار لێک بدرێتەوە، بەڵکو "ئەنجامی گۆڕانی کۆمەڵێک هاوکێشەیە کە هەژموونی زیاتریان بە کورد دەبەخشی لە بەغدا".
هەندێک لەوانە: "لاوازیی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد، و پاشەکشەی کاریگەریی هۆکاری ئەمنی و نێودەوڵەتی کە لە بەرژەوەندیی هەرێم بوو، و کەمبوونەوەی پێویستی بە هەولێر وەک نێوەندگیر یان بنکەیەکی سیاسی، سەرەڕای سەرنەکەوتنی هەندێک لە کەسایەتییە کوردەکان کە پۆستی گرنگیان لە بەغدا وەرگرتووە".
ئاماژە بەوە دەکات کە هەرکاتێک حیزبە کوردییەکان بە هەڵوێستی جیاوازەوە بچنە بەغدا، بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەت شیعەکان، ئاسانتر دەبێت بە شێوەی تاکەکەسی دانوستاندنیان لەگەڵدا بکەن و قەبارەی ئەو سازش و داواکارییانەی لێیان دەکرێت کەم بکەنەوە. بە پێچەوانەوە، کاتێک هەڵوێستی کورد یەکگرتووتر بوو، هێزە عێراقییەکان وەک کوتلەیەکی سیاسیی یەکپارچە مامەڵەیان لەگەڵ کورددا دەکرد کە تێپەڕاندنی سەخت بوو، بەگوێرەی جەختکردنەوەی زێباری.
ڕەخنە لە حیزبە کوردییەکان دەگرێت بەهۆی شکستیان لە هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی خاوەن توانا، ئەزموون و قورسایی سیاسیی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستانە: "مۆرکی حیزبی بەسەر هەندێک دامەزراندندا زاڵ بوو، ئەمەش وایکرد کەسایەتییە دیاریکراوەکان نزیکتر بن لە نوێنەرایەتیکردنی ئەجێندای حیزبەکانیان وەک لە نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی کورد یان بەرژەوەندیی گشتیی دەوڵەتی عێراق".
چاودێرانی کاروباری سیاسیی کورد لەسەر ئەوە کۆکن کە شکستی ژمارەیەک لەو کەسانەی ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە، شوێنەوارێکی ڕاستەقینەی دامەزراوەیی بەجێهێشتووە، کە وردە وردە بووەتە هۆی لاوازکردنی وێنای کورد و توانایان بۆ داواکردنی ئەو پێگەیانە.
ئەوان پێیان وایە هەرێم وەک شوێنێکی ئارامتر و سەقامگیرتر لە بەغدا و زۆرێک لە پارێزگاکانی تری عێراق سەیر دەکرا، ئەمەش وایکردبوو ببێتە بنکەیەکی پشتیوان بۆ زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەت هەندێک لە هێزە سوننییەکان کە پەیوەندیی سیاسیی پتەویان لەگەڵ هەرێمدا هەبوو.
بەگوێرەی لێکدانەوەی ئەوان، ئەمە وایکردبوو ئەو هێزانە زیاتر ئامادە بن ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی کورد بکەن و ئاسانکاریی سیاسی بۆ کورد دەستەبەر بکەن، لەنێویاندا پشتیوانیکردنیان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی کاریگەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا.
بە گەڕانەوە بۆ شارەزای ئەمنی ئیسلام زێباری، پێی وایە هۆکارێکی سەرەکی لە پشت پاشەکشەی ئامادەبوونی کورد لە هەندێک پۆستی ئەمنی و سەربازیی هەستیاردا هەیە، ئەویش: "نەگەیشتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە سازانێکی ڕوون سەبارەت بەو کەسایەتییانەی نوێنەرایەتیی کورد دەکەن لەو پۆستانەدا، کە ئەمە هەڵوێستی دانوستاندنی کوردی لە بەغدا لاواز کردووە".
بەهێزکردنی ڕۆڵی کورد لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و موخابەراتییەوە لە بەغدا بە بوونی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردی دەبێت بۆ هەڵبژاردن و دامەزراندنی سەرکردەی بەتوانا بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی بۆ کورد تەرخان کراون لەو دامەزراوانەدا.
زێباری ئەوەش دەڵێت کە: "سەرەڕای هەموو ئەم پاشەکشە و نسکۆیانە، هێشتا هەردوو حیزبە سەرەکییەکە لە ململانێی حیزبیی خۆیاندا بەردەوامن، کە ئەمەش بووەتە هۆی فرەیی هەڵوێستەکانی کورد بەرانبەر حکوومەت و دامەزراوە فیدراڵییەکان".
زێباری سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە داواکاریی "هەندێک" لە بەرپرسانی کورد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پۆستە سیادییانەی پێشتر کورد وەریگرتوون، لەنێویاندا پۆستی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق کە فەریق یەکەم بابەکر زێباری لە نێوان ساڵانی 2004 و 2015 وەریگرتبوو، سەرەڕای پۆستەکانی جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و جێگری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی. جەختیش دەکاتەوە کە "دوو پۆستی کۆتایی کورد وەریگرتبوون و هیچ ئامادەبوونێکی ئەوتۆیان لە ڕای گشتیی کوردیدا نەبوو".
پۆستە سەربازی و ئەمنییەکان لە بەغدا دەستکەوتی ڕاستەقینەیان بۆ کورد یان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەدی نەهێناوە، هێندەی ئەوەی خزمەتی ئەجێندا و بەرژەوەندییە حیزبییە تەسکەکانیان کردبێت، دوور لە چەمکی مافی نەتەوەیی ڕاستەقینە.
سەرچاوە؛
- صلاح حسن بابان (شبكة نيريج (NIRIJ))، سيطرة شيعية على الهيئات المستقلة .. لماذا تراجع الوجود الكردي على المستويين الأمني والإداري في بغداد؟، نوفمبر 22, 2026؛
https://shorturl.at/wXZ97