درەو:
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی بكات و كاتژمێر 11 پێشنیوەڕۆ لە مەكتەبى سیاسی یەكێتی نیشتمانی، كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە كۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی نزیك لە پارتی و یەكێتی، شاندەكەی پارتی پێکهاتوون لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی و ژماریەك لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە بەشداری كۆبونەوەیەكی باڵا دەكەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆبونەوەكە لەپێناو یەكخستنی هەڵوێستی ئەو دوو حزبەیە پێش كۆبووەنەوە چاوەڕوانكراوەكەی بەغداد، كە سەرۆكى ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بە ناوی دیالۆگی نیشتیمانی پێشنیازی كردووەو رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، بە بەشداری ژمارەیەك لە سەركردە سیاسیەكانی شیعەو سوننە، بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی هەرێم و بەغداد لە دوای بڕیارەكانی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێی و خاڵە سنورییەكان و رادەستكردنی داهاتی نەوت، دوای تۆمەتباركردنی بەرپرسانی هەرێم بە قاچاغچێتی نەوت.