سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

تایبەت

ئابوریی نەوت لە نێوان بەغدا و هەرێمدا

مامەلکردنی بەرپرسیارانەی نەوت و چۆنیەتی دابەشکردنی ئەم سامانە مەسەلەیەکە پەیوەندی بە ژیانی هەموو کەسیکەوە هەیە. بۆیە پێویستە ئەم ئابورییە لە ویست و تەماحی ئەم سیاسیی و ئەو دەسەڵاتدار بپاریزریت. نە کەوێتە ژێر هەژموونی ئەم یان ئەو هێزی مەزهەبەیی و ئەم یان ئەو بنەماڵە و خێزانی سیاسییەوە.

بڵاوکراوەتەوە لە : 23 تشرینی دووەم 2026

ئابوریی نەوت لە نێوان بەغدا و هەرێمدا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

  مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

 

ئەو هەواڵانەی لە بەغداوە دێن باس لە پلانەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی «بەناوەندیکردن» و «یەکخستنەوە»ی خاکی عێراق دەکەن. باس لە سەپاندن و گەرانەوەی دەسەڵاتی دەولەت بۆ هەموو «بستێکی خاکی عێراق» دەکەن. ئەمانەش بەناوی «چەسپاندنی یاسا» و «بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیی» ‌و «ڕوبەڕوبونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر سامانی نیشتمانی لەهەر شوێنێکی خاکی عێراق»دا، دەکەن. 

بەبۆچوونی من بەشێکی گرنگی ئەم گوتارە تازەیەی دەوڵەتی عێراقی رووی لە هەرێم و لە هێزە حوکمڕانەکانی هەرێمە. لەمەشدا کۆنترۆڵکردنەوەی فایلی نەوت و دەستگرتن بەسەر داهاتەکەیدا یەکێک لە خاڵى سەرەکییەکانیەتی. بێگومان ئەگەر بەغداد برۆکسل بووایە و حوکمڕانەکانی دەوڵەتی ناوەندی لە بەغدا، وەک حوکمڕانەکانی دەولەتی بەلجیکی یان سویسری بوونایە، سیستمە فیدرالیەکەی عێراق ئاکارەکانی سیستمە فیدرالیەکەی ئەو دوو وڵاتەی هەبووایە، ئەودەم دەمانگوت ئەم هەوڵی بەناوەندکردنەی دەولەتی عێراقی رەوایەتییەکی یاسایی و نیشتیمانیی و نەتەوەیی هەیە. هەرێم پێویستە ئەی فایلی نەوتە تەسلیم بە دەوڵەتی عێراقیی بکاتەوە. عێراق یەک وڵاتە و داهاتەکەشی بۆ هەموو دانیشتوانی ناو کۆی سنوورەکانیەتی.

 

بەڵام ئێمە دەزانین نە بەغدا برۆکسلە و نە حکومەتی عێراقیی حکومەتی بەلجیکیی یان سویسرییە. عێراق وڵاتێکی پارچە پارچە و بێ لانیکەمی کۆگیرییە، تائیفیەتی دینیی و هێزی نادیموکراس و سیاسی نابەرپرسیاری سەر بە سەدەکانی ناوەراست و گەندەڵییەکی سیستماتیک، بەڕێوەی دەبات. شوێنی گەمەی میلیشیای جەکدار و هێزی موخابەراتی وڵاتانی دراوسێیەتی. بۆیە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامە ناوەندییە، ئەگەری گەڕاندنەوەی وڵاتەکەی بۆ سیستمێکی دەسەلاتگەری تۆقێنەر لەگەڵخۆیدا هەڵگرتوە،  سیستمێک ئیرادەی بەغدا و ئەو هێزانەی لە بەغدا هوکمڕانان بەسەر هەموو بەشەکانی تری ولاتەکەدا دەسەپێنێت. بەغدا بەو ئاکارانەوەی لەسەرەوە باسمکردن. 

 

دروستبوونی ئەم گوتارە ناوەندییە پڕ لە هەڕەشەیە، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە لاوازبوونی بونیادیانەی هەرێمەوە هەیە. هەرێم لە هەموو خاڵەکانی هەرێمبوونیدا تەواو لاواز و بێهێز و بێڕۆح بووە. هەرێم نە دۆستی دەرەکیی ماوە، نە لەناوەوەش لانی هەرەکەمی کۆگیریی سیاسیی تێدایە، لە هەموویشی ترسناکتر نە میلەتەکە ئامادەیە کەمترین بەرگریی لەو مۆدێلی حوکمڕانییە بکات کە لەدوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە لە هەرێمدا سەروەرکراوە. سیستمێک لە چەندەها نووسیندا من و کەسانیتریش ناوی «سوڵتانیزمی سیاسیی»مان لێناوە. سیستمێک لەسەر ئەرزی واقیع مانای قۆرخکردنی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی چەند بنەماڵە و خێزانێکی کەمدا و سەپاندنی بەسەر هەموو کۆمەڵگاکەدا. بەشێوەیەکیش سەرجەمی حوکمڕانییەکە لە سود و قازانجی ئەو بنەماڵە سوڵتانیانە خۆیاندا، بێت. بەم مانایە بۆشاییەک لەنێوان ئەم مۆدێلە سوڵتانییە و خەڵکەکەدا دروستبووە کە پڕکردنەوەی ئاسان نییە و بەو بکەرانەش ناکرێت کە ئەمرۆ سەرجەمی بازنەکانی دەسەڵاتیان لە هەرێمەکەدا قۆرخ و کۆنترڵ کردوە. 

ئابوری نەوت، بە شێوەیەکی گشتیی، هیزە حوکمرانەکان والیدەکات بێباکبن بەرامبەر هەموو رەخنەیەک لەناو کۆمەڵگاکەوە لێیانبگیرێت

وەکچۆن یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پرۆسەی بەناوندیکردنەوەی دەسەڵات لەلایەن بەغدادا پەیوەندیی بە کۆنترۆڵکردنی ئابوریی نەوتەوە هەیە، بە هەمانشێوە دروستکردن و قەبەکردنی ئەو دەسەڵاتە سوڵتانیەی لە هەرێمیشدا دروستکرا، هەر پەیوەندیی بە ئابووریی نەوتەوە هەیە. هاتنی نەوت بۆ ناو سیاسەتی کوردیی هاتنێکی وێرانکەر بووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم وێرانکاریەش، وەک لە چەندان نووسیندا هێمام پێکردوە، پەیوەندیی بەو پەیوەندییە بیمارەوە هەیە کە لە نێوان سیاسەت و ئابووریی و لەنێوان کەسایەتی سیاسەتمەدار و کەسایەتی بازرگاندا دروستکراوە.

 

ئابوریی نەوت کارێکی کرد دەسەڵاتی سیاسی ببێت بە سەرچاوەی کۆنترۆڵکردنی دەسەلاتی ئابوریی و پێگە سیاسییە سەرەکییەکان بە پێگە ئابورییە سەرەکییەکانەوە گرێبدرێن، بەشەوەیەکیش بەشەکی گەورەی کایە ئابورییەکە بهێنرێتە ژێر دەسەڵات و کۆنترلی کەسایەتە سیاسییەکان. بەمەش بەشەکی گەورەی سیاسییە خاوەن دەسەلاتەکان بگۆڕێن بۆ بازرگانی گەورەی خاوەن چەندەها کۆمپانیای خاوەن نفوز و قۆرخکار. سیاسەت لەباتی سەرقاڵی خەمی گشتیی و قازانجی گشتیی کۆمەڵگاکە بێت، گۆرا بۆریگایەکی شاهانە بۆ کەڵەکەکردنێکی نایاسایی سەرمایە. ئابوریی نەوت، یەکێک لەو شوێنە سەرەکییانە بوو،  ئەم پەیوەندییە نەخۆشەی نێوان سیاسەت و ئابوریی لە هەرێمەکەدا بە لوتکە گەیاند. ئەمەش هەم دەرگای لەسەر گەندەڵییەکی گەورە کردەوە، هەم سەرجەمی فۆرمە جیاوازەکانی دادپەروەریی وێرانکرد. تیکەلکردنی پیگە سیاسییەکان و پیگە ئابورییەکان بەیەکتری دیاردەی گەندەڵیی لە دیاردەیەکی تاکەکەسییەوە گۆڕیی بۆ دیاردەیەکی بونیادیی. هاوکات سەرجەمی حوکمڕانییەکەشی بێباک کرد بەرامبەر بە نارەزاییەکانی کۆمەڵگا و ڕەخنەکانی. زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگاکەشی گۆریی بۆ رەعیەتێکی بێماف، کە بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی پێویستی بە جۆرێک لە پەیوەندیی گوێڕایەڵانە بەو نوخبە سوڵتانییە خێزانییەوە هەبێت. لەم یارییە نابەرپرسیار و ناشیرینەدا خودی حیزب خۆیشی گۆڕا بۆ ئامرازێکی سەرەکیی پەیداکردنی پارە، وەکچۆن بوو بە ئامرازێکی گەورەی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتیش. 

 

سیاسەتی کڕینی خەلک، دروستکردنی وەلائی درۆزنانە، پەرەدان بە مەحسوبیەت  هێنانە پێشەوەی لەشکرێک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنج، بوون بە ئاکاری سەرەکیی خۆنمایشکردن و پیادەکردنی دەسەڵات. هاوکات دروستکردنی هیزی چەکدار و  میلیشیای تایبەت، دروستکردنی هێزی ئەمنیی و گروپی نهینی، دروستکردنی ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی گەورە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە قۆرخکردنی کەرتە ئابورییە سەرەکییەکانی هەرێمەکەوە بەگشتیی و بە قۆرخکردنی ئابووری نەوتەوە هەبووە و هەیە. 

ێوازی مامەلەکردنی ئابوریی نەوت لە هەرێمدا، شێوازێکی بیمارە و ئەو مۆدێلەی لە حوکمرانیی بنەماڵەیی پێدروستکراوە، کە لە هەموو پنت و جومگەیەکیدا لە قەیرانێکی گەورە و هەمەلایەندایە

ئابوری نەوت، بە شێوەیەکی گشتیی، هیزە حوکمرانەکان والیدەکات بێباکبن بەرامبەر هەموو رەخنەیەک لەناو کۆمەڵگاکەوە لێیانبگیرێت. حوکمرانیی پشتبەستوو بە نەوت پێویستی بە کۆمەڵگا و زۆرجار بەیەکتریش نییە. داهاتی نەوت دەتوانێت هێزی دەسەڵاتداران گەورە بکات و بئاوسێنێت، لە بەرامبەریدا هیزی کۆمەلگا و هێزی خەڵک، هێزی رەخنەگرانی سیستمەکە، لاواز و پەراوێز بخات. دەسەڵاتێکی گەورە بە حوکمڕانان ببەخشێت و توانای ئیهانەکردنیان بە یەکتریی و بە بە کۆمەلگا، فراوان و هەمەلایەن بکات. ئەم بێباکییەیە دەتوانێت تا ئەو خاڵە بڕوات وابکات ئابوری نەوت ببێتە هەڵگری ئەگەر و پرۆژەی خۆکوشتنێکی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی پەنهان. بۆیە بە وریایی مامەڵەکردنی ئابوری نەوت، یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی سیاسەت و حوکمرانیی لەو وڵاتانەدا کە نەوت بنەمای ئابورییەکەیانە. 

 

بە کورتییەکەی، نەوت کەرەستەیەکی دووجەمسەرەیە، دەکریت ببیتە هۆکاری پێشکەوتن و ئاوەدانیی و ئاسودەیی، بەڵا م دەشێت هۆکاری جەنگ و پشێویی و هەژاریی و گەندەلیی و ستەمگەریی هەمەلایەنیش، بێت. هەم پرۆژەی بەناوەندیکردنەوەی بەغدا و هەم شێوازی ئیدارەدانی ئەم سامانە نیشتیمانە هەڵگری سەرجەمی ئەو ئەگەرە خراپ و وێرانکەرانەن. 

بێگومان ئەم قسانەی من لێردا دەیانکەم شتێکی تازە نین و پێشتر بە دەیان شێوازی تر و لەشوێنی تردا، کراون. لە نامیلکەیەکی بجووکدا بەناوی «نیگایەک لە ئێستا و خەونێک بۆ سبەی»، کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، بەشێکی زۆرم ئەم قسانە لەلایەن و من و چەند نووسەرێکی دیکەوە کراوە. بەڵام نەبوونی توانای گوێگرتن و لاوازیی توانای تێگەیشتن و بە موتڵەقکردنی خواست و ویست و حەزی تایبەت، وای لە دەسەڵاتادارانی هەرێمەکە کردوە، هیچ شتێک نەبیستن لەگەڵ خولیا و سایکۆلۆژیای خۆیاندا نەگونجێت. 

 

نەوت ئەو سەرجاوە سروشتییەیە کە هەموو خەلکی کوردستان و عیراق پشتیان پیبەستوە 

مامەلکردنی بەرپرسیارانەی نەوت و چۆنیەتی دابەشکردنی ئەم سامانە مەسەلەیەکە پەیوەندی بە ژیانی هەموو کەسیکەوە هەیە. بۆیە پێویستە ئەم ئابورییە لە ویست و تەماحی ئەم سیاسیی و ئەو دەسەڵاتدار بپاریزریت. نە کەوێتە ژێر هەژموونی ئەم یان ئەو هێزی مەزهەبەیی و ئەم یان ئەو بنەماڵە و خێزانی سیاسییەوە. لەم دیدگایەوە هەم پلانەکانی حکومەتی عێراقی لەژێر ناوی «بەناوەندیکردن» و «یەکخستنەوە»ی خاکی عێراق و «ڕوبەڕوبونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر سامانی نیشتمانی لەهەر شوێنێکی خاکی عێراق»دا، پلانی مەترسیدارن و بەرەو ناوەندگەراییەکی ترسناک دەڕوات، هەم شێوازی مامەلەکردنی ئابوریی نەوت لە هەرێمدا، شێوازێکی بیمارە و ئەو مۆدێلەی لە حوکمرانیی بنەماڵەیی پێدروستکراوە، کە لە هەموو پنت و جومگەیەکیدا لە قەیرانێکی گەورە و هەمەلایەندایە.  

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

"واشنتۆن کۆنترۆڵكردنەوەی جورف سەخری بە هەنگاوێکی یەکەم دانابوو"

null
٢٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

پێگەی دەستوریی پارێزگاکان و پێکهێنانی هەرێمە فیدڕاڵییەکان لە دەستوری عێڕاق دا

null
٢٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

سایتی شەفافیەت: داهاتی سلێمانی (49%) كەمیكردووە