درەو:
دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە جارێكی تر گەڕاوەتەوە پێشەوەی ناکۆکییە ئابوری و سیاسییەکانی عێراق، ئەوەش دوای ئەو زانیارییانەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای كردووە، كە بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هەرێمەوە رابگیرێت، داواشی لە توركیا كردووە کڕینی ئەو نەوتە رابگرێت.
رۆژنامەی "العین"ی ئیماراتی، لە زاری ئەو سەرچاوە ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەداوە، لە ئێستادا سەدان تانكەری نەوتهەڵگر لە سنوری تورکیا راگیراون، هاوكات بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمان داوای وردبینیکردن لە قەبارەی هەناردەکردن و چاودێری و شەفافیەتێکی زیاتریان کردووە.
لە بەرامبەر بۆچونێكی سیاسی هەیە رەتیدەكاتەوە هیچ نیازێکی راستەقینە بۆ وەستاندنی هەناردەکردن هەبێت و جەخت دەكات، دۆسیەی نەوتی هەرێم رێككەوتنی لەسەر كراوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو فەرمانەی زەیدی لە میانی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی حکومەت، ئێوارەی رۆژی شەممە دەرچووە.
ئەو پێشهاتەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی زیاتر لە 300 تانکەری پڕ لە نەوت دەكرێت لە سنوری تورکیا، کە نەیانتوانیوە بچنە ناو خاکی ئەو وڵاتە، كە بەپێی زانیارییەکان بەهۆی لێکتێگەیشتنێکەوە لەگەڵ ئەنكەرە بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوتی قاچاخ لە هەرێمی کوردستانەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە، راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە هەولێرەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەكرێت مانگانە نزیکەی 562,5 ملیۆن دۆلار بۆ بەغداد دابین بكات.
لای خۆیەوە، رەبیع موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، سەرۆکی حکومەت فەرمانی کردووە لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیکردنی پرسی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە پێکبهێنرێت، بە ئامانجی وردبینیکردنی بڕی هەناردەکردن و گەیشتن بە ئاماری ورد سەبارەت بە قەبارەی ئەو نەوتەی هەناردە دەکرێت.
موسەوی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسەكەی وتووە، پرۆسەی چاودێریکردن پرسی هەناردەکردن لەخۆدەگرێت، جەختی لەسەر پێویستی داتای ورد و متمانەپێکراو کردەوە سەبارەت بە قەبارەی هەناردەکردن و داهاتە پەیوەندیدارەکان، کە چاودێریکردنی بوارێکی گرنگ بەهێزتر دەکات کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت هەیە.
ئەم داوایانە لە کاتێکدایە کە وردبینی داتاکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و کۆکردنەوەی دارایی زۆر گرنگە بۆ دیاریکردنی داهاتی نەوت کە شایستەی گەنجینەی فیدراڵیە، هەروەها بۆ پشتڕاستکردنەوەی پابەندبوون بەو لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان بەغدادو هەولێردا کراوە.
لە مانگی ئابی 2025 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راگەیاند بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، رێکخستنەکە باس لەوە دەکات کە قەبارەی بەرهەم هێنراو بەبێ ئەوانەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی تەرخانکراون، دەبێ رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتی (سۆمۆ) بکرێن.
ئەوەش لێكۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەكات لەگەڵ قەبارەی رادەستكراو هەناردەکراو، هەروەها داهاتەکانی بەدەست هاتوو، كە دەبێتە كارێكی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی هەر ناکۆکییەکی داهاتوو سەبارەت بەم بابەتە.
لە بەرامبەردا، ماجید شەنگالی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رەتیکردووەتەوە هیچ هەنگاوێکی راستەقینە بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هەبێت، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو قسەكردنی لەبارەی نەگەیشتنی داهاتەكان بۆ بەغداد رەنگدانەوەی واقیعی ئەو لێکتێگەیشتنانەی ئێستا نین.
شەنگالی بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردە دەکرێت، داهاتەکەی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەكرێت، پرسیاری ئەوەشیكردووە، لەسەر چی بنەمایەك باس لە نەگەڕانەوەی داهاتەكان دەكرێت.
وتیشی، لەڕێگەی لێکتێگەیشتنەکانی ئێستاوە دۆسییەی نەوت یەکلایی کراوەتەوە، ئاماژەی بە سەردانێکی داهاتووی وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی دیکەی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە، ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە راگرتنی هەناردەکردن دەکەن و جەختیشكرد، پێشبینی ناکات هەنگاوێکی لەو شێوەیە بگیرێتەبەر.
هاوكات زیاد هاشمی، شارەزای ئابوری لە بارەی ئەم پێشهاتانە رایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی نییە لەبارەی بڕیارێک بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا لە ڕێگەی بۆرییەوە.
هاشمی وتوشیەتی، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لەبەردەستیدایە، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری کەرکوک-جەیهانەوە- هەروەها رۆیشتنی نەوتی دیکە لە هەرێمەوە تا دوێنێ بەردەوام بووە.
باسی لەوەشكرد، رەنگە مشتومڕی ئێستا پەیوەندی بەو باری نەوتەوە هەبێت کە بە شێوەیەکی نافەرمی لە ڕێگەی بارهەڵگری تانکەرەوە دەگوازرێنەوە بۆ دەروازە سنورییەکان.
جەختیشی لە پێویستی چاوەڕوانی پشتڕاستکردنەوەی متمانەپێکراوی حکومەت كردووە پێش ئەوەی دەرەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی سروشتی هەر رێکارێک یەكلابكرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش دووپاتی کردووەتەوە، رۆیشتنی نەوت بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوامە.