سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

پێشمەرگە لە نێوان میراتی خەبات و ئاڵنگاری کاری دامەزراوەییدا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکخستنی ڕاگەیەندراو "کۆتایی پرۆسەکە نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی زۆر سەختترە، چونكە دەبێت لە سەرکردایەتی، پێشڕەوی، عەقیدەی سەربازی و پەیڕەو و پرۆگرامدا ڕەنگدانەوەی هەبێت". لە کاتێکدا دیارترین کۆسپەکانی بەردەم یەکخستنی ڕاستەقینە لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا خۆیان دەبیننەوە، چونکە وازهێنان لە کۆنتڕۆڵی حزبی بەسەر هێزەکاندا لەوانەیە وەک لەدەستدانی بەشێک لە نفووزی سیاسی سەیر بکرێت.

بڵاوکراوەتەوە لە : 22 ئەیلوول 2026

پێشمەرگە لە نێوان میراتی خەبات و ئاڵنگاری کاری دامەزراوەییدا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

 

🔻راپۆرتی: ماڵپەری نیریج

🔹دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی ڕاستەقینە لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەدا خۆی دەبینێتەوە؛ چونکە دەستبەرداربوونی باڵادەستیی حزبی بەسەر هێزەکاندا، وەک لەدەستدانی بەشێک لە هەژموونی سیاسی سەیر دەکرێت.

🔹ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرکردەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاگادارکردۆتەوە کە پلانی نییە بۆ نوێکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە هاوکاری ئەمنیی ئەمریکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

🔹چاودێرانی دۆخی ئەمنی کۆکن لەسەر دەستووریبوونی بوونی پێشمەرگە و گرنگییان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، ناکۆکییەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوری "سروشتی مەرجەعییەتیان، پێکهاتەی سەرکردایەتییان، و ئاستی سەربەخۆییان لە دوو حزبە سەرەکییەکە" دەخولێتەوە.

🔹یەکخستنی هێزەکان بە تاقیکردنەوەیەک دەمێنێتەوە کە لە ڕەهەندی سەربازی تێدەپەڕێت بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان حزب، دەسەڵات و دامەزراوەی ئەمنی، بە شێوازێک کە ڕەنگە شێوەی سیستەمی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لەناو سیستەمی فیدراڵیی عێراقدا دیاری بکات.

 

 

 

هەردی باکووری- ماڵپەری نیریج 

 

سەرەتا

لە 10ی أيلولدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتدا ڕاگەیاند و گوتی، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی "دەستکەوتێکی مەزن دەکات کە گەلی کوردستان لە مێژە خەونی پێوە دەبینێت".

لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "دوای ساڵانێک لە هەوڵی بەردەوام، سەرجەم کۆسپە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنران و هێزەکانی 70 و 80 یەکخرانەوە. لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا، سەرجەم هێزەکان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی یەکگرتوو ڕێکخرانەوە، و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا".

سەرەڕای گرنگی بەیاننامەکە، بەڵام لەلایەن زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم و نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیرانەوە بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدرا. هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە لێدوانە ڕۆژانەییەکانیاندا ئاماژەیان پێ نەدا، لەکاتێکدا ئەم هەنگاوە داواکارییەکی سەرەکیی 30 ساڵی ڕابردوو بووە!

وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆتایی ساڵی 2025دا ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی هێزە حزبییەکانی لەژێر چەتری وەزارەتدا ڕاگەیاندبوو، ئەوەش لە ڕێگەی پێکهێنانی فەرماندەیی دەڤەری یەک (هێزەکانی 80 – سەر بە پارتی دیموکرات) و فەرماندەیی دەڤەری دوو (هێزەکانی 70 – سەر بە یەکێتیی نیشتمانی)، بۆ بەڕێوەبردن و هەماهەنگی کاروباری هێزەکان لە مەیداندا بەپێی پێکهاتەیەکی سەربازیی یەکگرتوو.

 

یەکگرتنەوەی ڕاگەیەندراو.. سەرەتای ڕێگاکەیە!

لە 21ی أيلولدا، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی ئیمزاكردنی لێکتێگەیشتنی (2022)ی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "ئەمە تەنها گۆڕانکاری لە پێکهاتە و ڕێکخستندا نییە، یان تەنها گواستنەوەی یەکەکان بێت لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر، بەڵکو هەنگاوێکی نیشتمانی گەورەیە لە کاروانی بنیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەیان هەزار کەس لە هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە یەکەکانی 70 و 80 دەچنە چوارچێوەیەکی سەربازیی یەکگرتووەوە لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

بارزانی ئەوەشی وت: "هەمیشە گوتوومانە کوردستان پێویستی بە یەک هێز، یەک وەزارەت و یەک فەرماندەیییە، هەروەها گوتوومانە دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی بێت و دوور بێت لە دەستتێوەردان و ململانێ حزبییەکان. ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورە دەنێین بەرەو هێنانەدی ئەم ئامانجە، بە کۆکردنەوەی هەموو پێشمەرگە لە ناو یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا".

بەردەوام بوو و گوتی: "یەکگرتنەوە کۆتایی ئەم پرۆسەیە نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە ڕەنگە سەختتر بێت. لەمڕۆوە دەبێت ئەم یەکگرتنەوەیە لە هەموو شتێکدا ڕەنگ بداتەوە؛ لە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی، لە بڕیار و فەرمان، لە ڕاهێنان و ڕێکخستن، لە ماف و ئەرک، لە پلەبەرزکردنەوە، و لە عەقیدەی سەربازی و دیسپلیندا".

سەرۆکی هەرێم هۆشداریدا لە دوورخستنەوەی ململانێی سیاسی لە دامەزراوەی سەربازی، بەو پێیەی هێزێکی کوردستانییە و نوێنەرایەتی هەمووان دەکات: "دەبێت بۆ هەمووان ڕوون بێت کە دامەزراوەی سەربازی نابێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی. حزبەکان لە هەڵبژاردندا کێبڕکێ دەکەن و لە بەرنامە و دیدگا و هەڵوێستەکانیاندا جیاوازن، بەڵام دەبێت پێشمەرگە لە سەرووی کێبڕکێی حزبییەوە بمێنێتەوە، چونکە هێزێکی حزبی نییە، بەڵکو هێزێکی کوردستانییە".

بارزانی جەختی کردەوە کە هێزە یەکگرتووەکانی پێشمەرگە "بەشێکن لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ"، و ڕوونی کردەوە کە بەهێزکردنی تواناکانیان و توندوتۆڵکردنی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە خزمەت ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقدایە. داواشی لە حکومەتی فیدراڵ کرد کە بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا بکات و پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکات و سەرجەم مافەکانی دەستەبەر بکات.

 

یەکخستنی هێزەکان.. مەیدان مەحەکە

حسێن ئیسکەندەر، نووسەر و شارەزا لە کاروباری کوردستان دەڵێت، پێکهاتەی پێشمەرگە لە کوردستان لە سەرەتای دروستبوونییەوە پێکهاتەیەکی حزبی بووە، و 35 ساڵ لە بوونی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانی نەیتوانیوە ئەو هێزانە لە ئیرادەی حزبی دوور بخاتەوە، بۆیە هێزەکان لەسەر بنەمای بڕیاری ئەو حزبانە دەجوڵێنەوە کە سەربەوانن، ئەمەش بە تەنها بە بەرنامە و بڕیاری یەکگرتنەوەی ڕاگەیەندراو کۆتایی پێ نایەت.

ئەوەشی وتووە: "ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا زۆر گرنگە و جێی پێشوازی هەموو هاوڵاتیان و هێزەکانی هەرێمە بە ئاڕاستە جیاوازەکانیانەوە، بەڵام پرۆسەکە زۆر سەخت و ئاڵۆزە، بۆیە دەبینیت زۆر کەس بڕوایان بە هاتنەدی ئەوە لەسەر زەوی نییە".

بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "خستنەپاڵی هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دیموکرات بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، و ڕاگەیاندنی تێکەڵکردنی هەموو هێزە حزبییەکان لە پێکهاتەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، لە واقیعی مەیدانیدا زۆر شت ناگۆڕێت، بەتایبەت لە سایەی بوونی نیمچە دوو ئیدارەیی یان دوو سەنتەری بڕیار لە کوردستاندا".

ڕوونیشی دەکاتەوە: "لە مەیداندا جووڵەکان بەم شێوەیە دەڕۆن: هەر تاکێک پابەندە بە بڕیاری ئۆفیسەرەکەی خۆیەوە کە ئەویش پابەندە بە ڕێنماییە حزبییەکانەوە، چ چوارچێوەی ڕێکخستنەکەی حزبی بێت یان وەزاری".

نوخبەی کوردی و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیان ساڵە داوای کۆتاییهێنان بە لێکترازانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای حزبی لە نێوان دوو سەنتەری هەولێر و سلێمانیدا دەکەن، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی هێزەکان و یەکخستنیان لەژێر سەرکردایەتییەکی دامەزراوەییدا، و جەخت دەکەنەوە کە ئەمە پێگەی یاساییان لە عێراقدا وەک هێزێکی دەستووریی نیشتمانی بەهێزتر دەکات.

 

دۆخی دەستووری و هەڵوێستی فیدراڵی

شارەزایان و چاودێرانی دۆخی ئاسایش هۆشداری دەدەن لەوەی بەستنەوەی حزبییانەی هێزە کوردییەکان، کە زۆربەی کات لە کاتی گرژییەکاندا دەردەکەوێت، دووفاقییەک لە بڕیاری ئاسایش و سەربازیدا دروست دەکات، ئەمەش مەترسی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە قەیرانە سیاسییە حزبییەکان لە ساتێکدا ببنە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی، و ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێت چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە بە شێوازێک بێت کە لەگەڵ بڕگە دەستوورییەکاندا بگونجێت.

شارەزایەکی ئەمنی و سەربازیی عێراقی، کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت بەهۆی هەستیاری پێگەیەوە، دەڵێت دەستووری عێراق ئاماژەی بە (هێزەکانی پاسەوانی هەرێم) کردووە، نەک هێزەکانی پێشمەرگە بەم شێوازەی ئێستای، و پێیوایە سروشتی ئەرکی هێزەکان و پێکهاتە و مەرجەعییەتی سەرکردایەتییان جیاوازە لەوەی ئێستا هەیە، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە ناکرێت بابەتێکی ناوخۆیی هەرێم بێت، بەڵکو دەبێت بە ڕەزامەندی و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بێت.

ئەو شارەزا ئەمنییە ڕوونی دەکاتەوە، دەستوور جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی پاسەوانی هەرێم دەبنە بەشێک لە سیستەمی هێزە چەکدارەکان و لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەبن، و دەڵێت بەردەوامبوونی پێشمەرگە بە پێکهاتە سەربەخۆکەی ئێستای لە بەغدا، بیانوو دەداتە دەست هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان و تێکەڵکردنیان لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقدا.

هێزەکانی ئەوەی بە "بەرەی بەرگری ئیسلامی لە عێراق -المقاومة الإسلامية في العراق" ناسراوە، لە چوارچێوەی مەرجەکانیاندا بۆ هاوکاری لەگەڵ حکومەتدا سەبارەت بە ڕێکخستنی چەک، بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و تێکەڵکردنی تەواوەتییان لەناو سیستەمی فیدراڵیدا دانابوو، بە "چەکدارترین میلیشیا" وەسفیان دەکرد، لەگەڵ داواکارییان بۆ چوونە دەرەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە زەوی و ئاسمانی عێراق.

هێزە کوردییەکان دژی هەر دەستکارییەکی پێگەی پێشمەرگە وەستاونەتەوە، و جەختیان کردۆتەوە کە ئەوان هێزێکی فەرمی و ڕێکخراون و دانیان پێدا نراوە لە ماددەی 121ی دەستووری عێراقدا وەک "پاسەوانی هەرێم"، بۆیە ناکرێت بەراورد بکرێن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان یان بخرێنە ناو پڕۆژەکانی تێکەڵکردنی میلیشیاکانەوە.

بڕگەی پێنجەم لە ماددەی 121ی دەستوور دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندە بە هەموو ئەوانەی بەڕێوەبردنی پێویستی پێیەتی، بەتایبەتی دامەزراندن و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم، وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوان".

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک وەزیران، ڕێگەی نەدابوو هێزەکانی پێشمەرگە بخرێنە چوارچێوەی ئەو لایەنانەی وەک گرووپی چەکدار پۆلێن کراون، و گوتبووی چەکەکانیان لە چوارچێوەی دەستووردایە، لە کاتێکدا بڕیاری داماڵینی چەک ئەو لایەنە چەکدارانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکاندان.

شارەزا ئەمنییە عێراقییەکە لە کۆمێنتێکیدا لەسەر ئەوە دەڵێت، لێکترازانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای حزبی کێشەکەیە، و ئاماژە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگە لە کردارییدا لەژێر هەژموونی دوو حزبە سەرەکییە کوردییەکەدان، و سەرنجی بۆ بەکارهێنانیان لە قۆناغەکانی پێشوودا بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ و جیاوازییە سیاسییە ناوخۆییەکان ڕاکێشا.

ئەو شارەزایە بەکارهێنانیانی کردە بەڵگە، وەک دەڵێت، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ عەشیرەتی هەرکی، بە نموونەی هێنایەوە بۆ ئەگەری بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان لە ململانێ خاوەن ڕەهەندە سیاسی یان ناوخۆییەکاندا.

شارەزا ئەمنییەکە پێیوایە کە یەکخستنی کردارییانەی پێشمەرگە لەژێر یەک سەرکردایەتی سەربازیدا ئەرکێکی سەختە لە سایەی سروشتی دروستبوونی حزبییانەیدا، و لەسەر ناکۆکی بەرامبەر ئەو لایەن یان کەسایەتییەی فەرماندەیی هێزەکان دەگرێتە دەست، و ئاگاداری دەدات لەوەی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پێشمەرگە بە تەواوەتی بەپێی دەستوور، پێویستی بە تێگەیشتنی سیاسیی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە سەبارەت بە سروشتی هێزەکان و مەرجەعییەت و زنجیرەی فەرماندەیی، بۆ ئەوەی یەکگرتوویی بڕیار دەستەبەر بێت.

 

پێشمەرگە دەستوورییە.. ناکۆکییەکە لەسەر حزبیبوونیەتی

لە هەمان چوارچێوەدا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، د. فاتیح سەنگاوی، جەخت لەسەر گرنگی هەنگاوی خستنەناوەوەی پێشمەرگە لەناو پێکهاتەی دامەزراوەیی و دوورخستنەوەی لە هەژموونی دوو حزبە سەرەکییەکە دەکاتەوە بەوەی "پێویستییەکی نیشتمانیی بەپەلەیە".

سەنگاوی دەڵێت، دەزگاکانی دەوڵەت و هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت دامەزراوەی هەمیشەیی و موڵکی گەل بن نەک لایەنێک، لە کاتێکدا حزبە سیاسییەکان پێکهاتەی کاتین و ناهێڵرێت ببنە بنەما بۆ کاری دامەزراوە و هێزە فەرمییەکان.

ئەو تێڕوانینانە ڕەت دەکاتەوە کە گومان لە دەستووریبوونی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و بە بێ‌بنەمایان دەزانێت، و ڕوونی دەکاتەوە کە دەستووری عێراق دانی ناوە بە بوونی هێزەکانی پاسەوانی هەرێمدا وەک چوارچێوەی دەستووری بۆ هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمدا.

لە لایەکی ترەوە، توێژەری سیاسیی مەحمود خۆشناو ناوزەدکردنی پێشمەرگە وەک هێزێکی حزبی ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئەو "هێزێکی نیشتمانییە" بێ گوێدانە میتۆدەکانی ڕێکخستنی ئێستای.

خۆشناو دەڵێت، مێژووی پێشمەرگە درێژ دەبێتەوە بۆ نزیکەی حەوت دەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و پاراستنی گەلی کورد، و ئاماژە دەکات کە هێزەکان دوای ساڵی 2003 ڕۆڵێکی دیاریان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش و قوربانییەکی گەورەیان لە شەڕەکانی دژ بە ڕێکخراوەکەدا داوە.

سەبارەت بە دۆخی دەستووری، خۆشناو دەڵێت هەرێمی کوردستان کیانێکە دەستووری عێراقی 2005 دانی پێدا ناوه، بە بەڵگه هێنانەوە بە ماددەکانی 115 و 117 و 121ی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان و دامەزراوەکانیانەوە، لەوانەش دامەزراوە ئەمنییەکان.

ڕوونی دەکاتەوە کە ماددەی 117 دەسەڵات دەداتە هەرێمەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆییاندا، و پێیوایە ئەو یاسا و ڕێنماییانەی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە پەسەندی کردوون، لەوانەش یاساکانی پەیوەندیدار بە هێزەکانی پێشمەرگە و مافی ئەندامانیان و مووچەکانیان، لەسەر ئەو چوارچێوە دەستوورییە وەستاون.

لە وەڵامی ئەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە جیاوازی لە نێوان "پاسەوانی هەرێم" کە لە دەستووردا هاتوو لەگەڵ ناوی "پێشمەرگە"، دەڵێت هەردوو دەستەواژەکە ئاماژە بە هەمان هێز دەکەن، و ناکۆکی لەسەر ناوەکە دەکرێت لە ڕێگەی یاسای پەرلەمانییەوە لە هەرێمی کوردستان یەکلا بێتەوە ئەگەر پێویست بکات.

ئاماژەش بەوە دەکات کە ماددەی 121 تەنها بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دەشێت بۆ ئەو هەرێمانەش بێت کە دەستوور ئاماژەی بە دروستکردنیان لە دواییدا کردووە، و پێیوایە دروستکردنی هەرێمی تر لە عێراقدا مافی ئەوەیان پێ دەدات ببنە خاوەنی هێزی ئەمنی کە ئاسایشی ناوخۆیان بپارێزن.

 

بارگرانیی قورسی لێکترازانی حزبی

توێژەری سیاسی د. هۆنەر حاجی جاسم پێیوایە، سەرکەوتنی گۆڕینی پێشمەرگە بۆ هێزێکی سەربازیی نیشتمانیی یەکگرتوو، یەکێکە لە دیارترین تەحەدییە سیاسی و دامەزراوەییەکان لە کوردستاندا، و جەخت دەکاتەوە کە بابەتەکە تەنها بە لایەنی سەربازییەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە پەیوەندی نێوان حزبەکان و دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمەوە.

جاسم دەڵێت، پێشمەرگە لە مێژوودا نوێنەرایەتی "سەرمایەیەکی بەرگریی گەورە بۆ کورد" دەکات، بەڵام لە ماوەی سێ دەیەدا بە تەواوەتی نەبووەتە هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، چونکە بەستراوەتەوە بە دوو سەنتەرە سیاسییە سەرەکییەکەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەکێک لە دیارترین کۆسپەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی ڕاستەقینە و تەواوەتی، لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دوو حزبەکەدا خۆی دەبینێتەوە، چونکە دەستبەرداربوونی باڵادەستیی حزبی بەسەر هێزەکاندا وەک لەدەستدانی بەشێک لە هەژموونی سیاسی مێژوویی سەیر دەکرێت.

دەشڵێت ئەزموونەکانی مێژووی نزیک، بیرمان دەخەنەوە کە لێکترازان دەکرێت هەر قەیرانێکی سیاسیی گەورە بگوێزێتەوە بۆ قەیرانێکی ئەمنی و سەربازی، بە بەڵگە هێنانەوە بە چەندین وێستگە لە لێکترازانەکان کە میراتێکی قورسی لە لێکەوتەکان جێهێشتووە، لەنێویاندا ڕووداوەکانی 31ی ئابی 1996، 16ی ئۆکتۆبەری 2017، و 22ی ئابی 2025.

لە ساڵی 1996دا، ململانێی چەکداری نێوان دوو حزبەکە، کە هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا بەکارھێنرا، بووە هۆی دەستتێوەردانی هێزەکانی ڕژێمی سەدام حسین و کۆنتڕۆڵکردنی هەولێر، ئەمەش نموونەیەکە لەسەر ئەگەری قۆستنەوەی لێکترازانی سەربازیی ناوخۆیی لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت.

لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، و دوای ڕاپرسی سەربەخۆیی هەرێم، هێزە فیدراڵییەکانی عێراق بەرەو کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان پێشڕەوییان کرد بە قۆستنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێم و لێکترازانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای حزبی و ناوچەیی، ئەمەش بووە هۆی کشانەوەیان بە شێوەیەکی نەگونجاو و لەدەستدانی ناوچەی ستراتیجی لە نمونەی کەرکووک.

لە 22ی ئابی 2025دا، شاری سلێمانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری بەخۆیەوە بینی لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنی سەرۆکی بەرەی "گەل"ی ئۆپۆزسیۆن، لاهور شێخ جەنگی، دوای گەمارۆدانی هۆتێلی "لالەزار". جاسم پێیوایە ئەوە، سەرەڕای جیاوازی قەبارەکەی لەگەڵ ڕووداوەکانی ساڵانی 1996 و 2017دا، جارێکی تر ئەوەی دەرخستەوە کە ململانێی سیاسی دەکرێت بگوێزرێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری کە تێیدا بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان بەستراوە بە سەنتەرە سیاسییە ڕکابەرەکانەوە.

 

پێشمەرگە لە هێزێکی حزبییەوە بۆ دامەزراوەیی

ڕەگی هێزەکانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی سەرەتای بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بەرلەوەی لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی کورد لە ساڵی 1961 بە سەرکردایەتی موستەفا بارزانی فراوان بێت، تا دواتر ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی کورد.

هێزەکان چووبوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی جۆراوجۆر لەگەڵ حکومەتەکانی عێراقدا، هەروەها لە قۆناغی جیاوازدا بەشدارییان لە ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکاندا کردووە، بەتایبەت لە کاتی ناکۆکی چەکداری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا.

لە کاتی شەڕی عێراق و ئێرانی نێوان ساڵانی 1980 و 1988، پێشمەرگە ڕۆڵی بینی لە شەڕکردن دژی سوپای عێراق بە بەکارهێنانی ڕێگەکانی شەڕی پارتیزانی، لە کاتێکدا ئەو قۆناغەی بەخۆیەوە بینی کە چەکدارانی کورد لە سوپای عێراقەوە پەیوەندییان بە ڕیزەکانیی پێشمەرگەوە دەکرد.

دوای شەڕی کەنداو لە ساڵی 1991 و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە باکووری عێراق، کورد توانی ناوچەکانی خۆی بەڕێوە ببات بە دوور لە دەسەڵاتی بەغدا، بەرلەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 بەڕێوە بچێت و حکومەتی یەکگرتوو لە نێوان دوو حزبە سەرەکییەکەدا پێکبهێنرێت.

لە ماوەی نێوان 1994 و 1998دا، شەڕی ناوخۆ لە نێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵگیرسا، بەرلەوەی بە ڕێککەوتنامەی واشنتن لە ساڵی 1998 بە ناوبژیوانی ئەمریکی کۆتایی پێ بێت.

دوای ساڵی 2003، هێزەکانی پێشمەرگە هاوکارییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کرد لە کاتی پرۆسە سەربازییەکاندا لە عێراق، و بەشدارییان لە پرۆسەکانی دژ بە ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلامدا کرد، هەروەها بەشدارییان کرد لە پاراستنی ناوچە ستراتیجییەکان لە باکووری وڵاتدا.

لە ساڵی 2005دا، دەستووری نوێی عێراق دانی نا بە دۆخی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانیدا، و بڕگەی بوونی هێزەکانی "ئاسایشی هەرێم"ی لە چوارچێوەی دەستووریی دەوڵەتی عێراقدا جێگیر کرد. هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک ناوچەی جێناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێردا بڵاوبوونەتەوە.

 

ژمارەی هێزەکان و چەکدارکردنیان

هێشتا ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە جێی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەڵام ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر گوتی کە حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت ڕاستی ژمارەی هێزە تۆمارکراوەکان بپشکنێت، دوای پەیڕەوکردنی سیستەمی تۆماری بایۆمەتری یان ئەوەی بە ژمارەی نیشتمانی ناسراوە.

بەپێی ئەو ژمارانەی یاوەر هێناویەتەوە، ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە دەگاتە نزیکەی 160 هەزار ئەندام، لە کاتێکدا خەمڵاندنی تر، لەوانەش ئەوەی لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "وار ئۆن زە ڕوکس"دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەکە دەکرێت بگاتە نزیکەی "200 هەزار چەکدار".

ئەم خەمڵاندنانە جیاوازی لە نێوان سەرچاوە جیاوازەکاندا سەبارەت بە قەبارەی ڕاستەقینەی هێزەکان ڕەنگ دەدەنەوە.

پێشمەرگە کەلوپەلی سەربازی جۆراوجۆر بەکار دەهێنێت، لەوانە تانک، تۆپخانە، گواستنەوەی سەرباز و ئۆتۆمبێلی "هەمەر"، جگه لە چەکی دژەزرێپۆش و جۆرە جیاوازەکانی مووشەک.

 

پشتیوانی نێودەوڵەتی لە ڕێڕەوی یەکگرتنەوەدا

یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە تەواوی ساڵانی دوای شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعش، بایەخی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای بەدەستهێنا، کە بەرنامەی پشتیوانی دارایی و تەکنیکی و ڕاوێژکارییان بۆ یەکخستنی ئەو هێزانە دەستپێکرد، بە ئامانجی بنیادنانی هێزێکی پیشەیی و یەکگرتوو و باوەڕپێکراو وەک هاوبەشێکی ئەمنی.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە زۆر قۆناغدا فشاریان خستووەتە سەر سەرکردایەتی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان، بۆ تەواوکردنی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لەناو سەرکردایەتییەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا.

توێژەری سیاسی د. هۆنەر حاجی جاسم پێیوایە، یەکخستنی هێزە کوردییەکان و چاکسازیی دامەزراوەیی، ئاستی متمانەی نێودەوڵەتی بەرز دەکەنەوە و دەرفەتەکانی بەردەوامی هاوکاری سەربازی بەهێزتر دەکەن.

لە ڕوانگەی "هێزی نیشتمانی"یەوە، دەڵێت هێزی سەربازی نابێتە بەشێکی کاریگەر لە توانای نیشتمانی مەگەر ژێردەستەی سەرکردایەتی و دامەزراوە و یاسای یەکگرتوو بێت، و پێیوایە دەقی دەستووریی عێراقی ساڵی 2005 سەبارەت بە هێزەکانی ئاسایشی هەرێم نوێنەرایەتی سەرمایەیەکی یاسایی و جیۆپۆلەتیکی دەکات کە دەبێت بپارێزرێت، نەکو بۆ چەسپاندنی هێزی حزبی، بەڵکو بۆ گۆڕینی بۆ هێزێکی بەرگریی نیشتمانی.

جاسم ئەوە دەخاتە ڕوو کە داهاتووی پێشمەرگە بەستراوەتەوە بە تێپەڕین لە هێزێکی وابەستەی حزبییەوە بۆ هێزێکی نیشتمانی بە سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو، و لە سەرمایەی حزبییەوە بۆ سەرمایەی نیشتمانی، و تەنها یەکگرتنەوە بە پڕۆژەیەکی سەربازی نازانێت، بەڵکو بە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و سیاسی و دامەزراوەیی و جیۆستراتیجی دادەنێت.

 

چارەنووسی پشتیوانی ئەمریکی و ئەوروپی

ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرکردەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاگادارکردۆتەوە کە پلانی نییە بۆ نوێکردنەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە هاوکاری ئەمنیی ئەمریکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەپێی سەرچاوە ئاگادارە کوردییەکان، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنەکە لە 30ی ئەیلوولی 2026دا و تەواوبوونی کشانەوەی سەربازی ئەمریکی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

سەرچاوە ئەمریکییەکان گوتیان یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیمزاکراوی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمان بەرواردا کۆتایی پێ دێت، و هەر هاوکارییەکی ئەمریکی بۆ عێراق دوای ئەوە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەرکی دیاریکراو و بەدەستهێنانی ئەنجامی ڕێککەوتوولەسەر.

هاوبەشی سەربازی نێوان واشنتن و پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی دژ بە ڕێکخراوی "داعش"، چونکە ئەمریکا و هەرێم یەکەم یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە ساڵی 2016دا ئیمزا کرد، بەرلەوەی لە ساڵی 2022دا بۆ چوار ساڵ نوێ بێتەوە. هاوکارییەکە ڕاهێنان، چەکدارکردن، پشتیوانی لۆجیستی و دارایی لەخۆ دەگرت، لەگەڵ بەرنامەیەک بۆ چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنی پێکهاتەکانیان لەژێر سەرکردایەتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا.

کۆتاییهاتنی یاداشتەکە لە چوارچێوەی گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا و عێراقدا دێت بۆ قۆناغێکی نوێ دوای کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان دژی "داعش". بەغدا جەختی کردووەتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تا 30ی ئەیلوول تەواو دەبێت، لەگەڵ بەردەوامی هاوکاری ئەمنیی دووقۆڵی لەگەڵ واشنتندا لە بواری ڕاهێنان و ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاریدا.

کۆتاییهاتنی یاداشتەکە بە پێویستی مانای ڕاگرتنی هاوکاری ئەمریکی لەگەڵ پێشمەرگە ناگەیەنێت، چونکە سەرچاوە کوردییەکان ئاماژە بە ئەگەری گواستنەوە بۆ چوارچێوەیەکی نوێی هاوکاری ئەمنی دەکەن.

ئەمریکا لە ساڵی 2014ەوە پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە چڕتر کردبووەوە، لە کاتێکدا ئەڵمانیا و وڵاتانی تر ڕاهێنان و کەلوپەلی سەربازییان پێشکەش دەکرد، لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێزە کوردییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکەدا.

 

ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان

شارەزای ئەمنیی عێراقی سەرمد بەیاتی دەڵێت، هێزەکانی پێشمەرگە "هێزێکی دەستووریی نیشتمانین" و بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازن لە گرووپە چەکدارەکان، چونکە لەژێر سەرکردایەتی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، بەڵام کێشەکە لە لێکترازانی هێزەکاندا خۆی دەبینێتەوە لە نێوان دوو سەنتەری هەولێر و سلێمانیدا، و ئەوەش سەرچاوەی "مەترسییەکی گەورەیە".

ئەو لێکترازانە، وەک ئەو پێیوایە، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەشداربوو لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی کە چەندین ساڵی خایاند. ئەمەش پێویستی بە چارەسەری جدی و کاریگەر هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکە.

سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی ئەو هێزانە بە شێوازێک کە سیستەمی ئەمنیی عێراق بەهێز بکات، بەیاتی دەڵێت دۆسیەکە بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی فیدراڵییەوە، لەگەڵ هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، و بابەتەکە بە ئاڵۆز دەزانێت کە پێویستی بە تێگەیشتنی سیاسی و ئەمنی لە ئاستی باڵادایە، بۆ گەیشتن بە ڕێڕەوێکی دامەزراوەیی ڕوون کە کارکردن لەناو سەرکردایەتی و ڕێکخستنی یەکگرتوودا دەستەبەر بکات.

جەخت لەسەر گرنگی دانانی چوارچێوەی یاسایی و دەستووریی ڕوون دەکاتەوە بۆ ڕێکخستنی کاری هێزەکانی پێشمەرگە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان و پێکهاتەی سەرکردایەتییان، بە شێوازێک کە یەکگرتویی بڕیاری سەربازی دەستەبەر بکات و ڕۆڵیان لەناو سیستەمی ئەمنی و دەستووری لە عێراقدا بەهێزتر بکات.

 

تاقیکردنەوەی سیاسی و دامەزراوەیی

لە کاتێکدا چاودێرانی دۆخی ئەمنی کۆکن لەسەر دەستووریبوونی بوونی پێشمەرگە و گرنگییان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، ناکۆکییەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوری "سروشتی مەرجەعییەتیان، پێکهاتەی سەرکردایەتییان، و ئاستی سەربەخۆییان لە دوو حزبە سەرەکییەکە" دەخولێتەوە.

لە کاتێکدا ڕەخنەگرانی دۆخی ئێستا پێیانوایە بەردەوامبوونی لێکترازانی حزبی لە کوردستان و سەربەخۆیی تەواوەتی بڕیاری پێشمەرگە بە دوور لە بەغدا گوزارشت لە هەڕەشە دەکات بۆ یەکگرتویی بڕیاری ئەمنی و سەربازیی عێراق، بەرگریکاران جەخت دەکەنەوە کە بوونی هێزی ئەمنی تایبەت بە هەرێم لە دەستووری عێراقدا سەلمێنراوە و ئاسایش و تایبەتمەندییەکەی دەپارێزێت، و تەحەدیی ڕاستەقینە لە گۆڕینی بڕیاری یەکگرتنەوەیاندایە بۆ واقيعێک لە ڕێگەی پێکهاتەیەکی دروستکراوی دامەزراوەیی نیشتمانییەوە کە ژێردەستەی ئیرادەی حزبی نەبێت.

بەم شێوەیە، داهاتووی پێشمەرگە دیارە بەستراوەتەوە بە توانای بەغدا و هەولێر، شانبەشانی هێزە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان، بۆ گەیشتن بە ڕێڕەوێک کە لە نێوان "مەرجەعییەتی دەستووری، یەکگرتویی سەرکردایەتی سەربازی، و سەربەخۆیی لە ململانێ حزبییەکان" کۆبکاتەوە.

یەکخستنی هێزەکان بە تاقیکردنەوەیەک دەمێنێتەوە کە لە ڕەهەندی سەربازی تێدەپەڕێت بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندی نێوان حزب، دەسەڵات و دامەزراوەی ئەمنی، بە شێوازێک کە ڕەنگە شێوەی سیستەمی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لەناو سیستەمی فیدراڵیی عێراقدا دیاری بکات.

 

سەرچاوە

-       هردي باشوري، البيشمركة بين إرث النضال وتحدي العمل المؤسسي..هل يتجاوز التوحيد المعلن الانقسام الحزبي، وماذا عن سلطة بغداد؟، تقارير إخبارية، نیریج NIRIJ، 21 سبتمبر، 2026؛

https://shorturl.at/q3vTH

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٢١ ئەیلوول ٢٠٢٦

سەرۆكی چیچان ( 99.85%) دەنگەكانی بەدەستهێنا

null
٢١ ئەیلوول ٢٠٢٦

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەوڵەت...

null
٢٠ ئەیلوول ٢٠٢٦

سەبارەت بە بازگە