شكاری: درەو
🔹 ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە لە 90 کورسی پێکهاتبوو (سلێمانی 32 کورسی، هەولێر 30 و دهۆک 28) کورسی، لە 30 نیسانی 2014 بۆ دووەم جار، دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە 24ی 6ی 2018 کۆتایی بە تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکان هات، بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەمەنی ئەنجومەنەکانی درێژکردەوە تا ئەو کاتەی لە مانگی ئابی 2023 بە فەرمی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنرانەوە.
🔹 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024 بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە (22 مانگ) بەسەر ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنەدا تێپەڕیوە، تا ئێستا نە پەرلەمان چالاک کراوە، نە دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەکان پێکهێنراون، نە کابینەی نوێ متمانەی وەرگرتووە و نە یاسای بودجەش پەسەند کراوە.
🔹 بەپێی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم (ژمارە 1ی ساڵی 2019)، دەبوو لە ماوەی 30 ڕۆژی دوای سوێند خواردنی پەرلەمانتاران سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت تاوەکو گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت، بەڵام بەجێهێشتنی دانیشتنەکە بە کراوەیی، تەواوی پرۆسەکەی لە ڕێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان دابڕی.
🔹 حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای تەواو بوونی ماوەی یاسایی لە 10/7/2023 دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەکەدا، پەرلەمانی کوردستان ماوەکەی درێژ کردەوەو نزیکەی (38) مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوەو کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارەکانی.
🔹 دەستەی دەسپاکی ماوەی یاسایی سەرۆکەکەی لە نیسانی 2018ەوە کۆتایی هاتووە. دیوانی چاودێریی دارایی لە ئایاری 2023ەوە بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆکەکەی، بەبێ سەرۆک ماوەتەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە تەممووزی 2025دا ماوەی یاسایی سەرۆکەکەی بە فەرمی بەسەرچووە. دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە ئازاری 2025ەوە سەرۆکەکەی خانەنشین بووە و دامەزراوەکە بە وەکالەت بەڕێوە دەچێت.
پێشەکی
هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ ساڵ و هەشت مانگە لە ناو بۆشاییەکی قووڵی سیاسی، یاسایی و دامەزراوەییدا گوزەر دەکات. بەردەوامبوونی حکومەت لە ژێر ناونیشانی "کاربەڕێکەر"دا هاوشان لەگەڵ پەککەوتنی دەسەڵاتی یاسادانان، هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، قەیرانێکی هەمەلایەنەی لە ئاستی یاسا، دارایی، چاودێری و متمانەی گشتیدا دروست کردووە.
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە (22 مانگ) بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا تێپەڕیوە، تا ئێستا پەرلەمان چالاک نەکراوە، نە دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەکان پێکهێنراون، نە کابینەی نوێ متمانەی وەرگرتووە و نە یاسای بودجەش پەسەند کراوە. لە دانیشتنی 2ی 12ی 2024دا، ئەندامانی پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام ئەم سوێندە لە ئەرزی واقیعدا بە بێدەنگبوونی پەرلەمانتاران لە ئاست قەیرانەکاندا لە جەوهەری خۆی بەتاڵ کراوەتەوە. هاوکات بەپێی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم (ژمارە 1ی ساڵی 2019)، دەبوو لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت تاوەکو گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت، بەڵام بەجێهێشتنی دانیشتنەکە بە کراوەیی، تەواوی پرۆسەکەی لە ڕێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان دابڕی.
ئەم کارکردنەی دامەزراوەکان لە ناو بۆشایی شەرعی و یاساییدا، بووەتە هۆی سستبوون و پاشەکشەی بەرچاو لە ئەرکی دەزگا یاسایی چاودێرییەکان
یەکەم؛ هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە لە 90 کورسی پێکهاتبوو (سلێمانی 32 کورسی، هەولێر 30 و دهۆک 28) کورسی، لە 30 نیسانی 2014 بۆ دووەم جار، دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکان تەنها چوار ساڵ بوو، واتە لە ڕۆژی سوێندخواردنی ئەندامەکانییەوە دەبوو لە 24ی 6ی 2018 کۆتایی بە تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکە بێت، بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەمەنی ئەنجومەنەکەی درێژکردەوە تا ئەو کاتەی لە مانگی ئابی 2023 بە فەرمی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنرانەوە، ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات کە تەمەنی یاسایی ئەنجومەنەکان کۆتایی هاتبوو، بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەمەنیانی درێژکردبووەوە. دادگای فیدراڵی ئەو درێژکردنەوەیەی بە "نایاسایی و نادەستووری" لەقەڵەمدا. لەو کاتەوە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنانە هیچ کارێکیان نیە و تەنانەت لیژنەکانیشیان کارا نین، تا لە حوزەیرانی 2026 ئەندامانی ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان بەپێی یاسا و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی خانەنشینی کران.
دووەم؛ لێکەوتەکانی پەککەوتن و چالاک نەکردنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتیی کاربەڕێکەر
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای تەواو بوونی ماوەی یاسایی لە 10/7/2023 دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەکەدا، پەرلەمانی کوردستان ماوەکەی درێژ کردەوەو نزیکەی (38) مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیوەو کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارەکانی.
سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024 و سوێندخواردنی (97) ئەندام لە دانیشتنی یەکەمی 2/12/2024، بەڵام بەهۆی ململانێی حیزبی و بە کراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنەکە، پەرلەمان تووشی ئیفلیجبوونی تەواوەتی بووە. ئەم پەککەوتنە تەنها دواخستنی دانیشتنێک یان ناکۆکییەکی سیاسی ئاسایی نییە، بەڵکو لێکەوتە و مەترسیی قووڵی لەسەر تەواوی جومگەکانی حکومەتداری بەجێهێشتووە، لە ڕووی؛
1. ئاستی یاسایی، چاودێری و دامەزراوەیی؛ پەککەوتنی دەسەڵاتی یاسادانان بووەتە هۆی لەدەستدانی شەرعییەتی کرداریی پەرلەمان، بەجۆرێک سوێندی یاسایی پەرلەمانتاران بێ ناوەڕۆک ماوەتەوە و لە غیابی دەستەی سەرۆکایەتی، لیژنەکان و پەسەندکردنی یاسای بودجەدا، ئەم دامەزراوەیە لە نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەڵکەوە گۆڕدراوە بۆ پێگەیەکی فۆرمی. هاوکات درێژەدان بە کابینەی کاربەڕێکەر لە دەرەوەی چاودێریی پەرلەمان، زەمینەی بۆ حکومەتداریی بێ لێپرسینەوە خۆشکردووە و بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی کارایی دەزگا سەربەخۆکانی وەک دەستەی دەسپاکی و دیوانی چاودێری دارایی.
2. ئاستی دارایی، ئابووری و گوزەرانی خەڵک؛ لە ئاستی دارایی و ئابووریشدا، نەمانی پەرلەمان پرسی داهات و خەرجییەکانی گۆڕیوە بۆ "فایلێکی تاریک" و مافی یاسایی مووچەی بەرەو دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامی ڕۆژانە لێکردووەتەوە. هاوکات غیابی یاسادانان و ڕوون نەبوونی سیاسەتی دارایی، شڵەژانی ڕاستەوخۆی لە بازار و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دروستکردووە و ئاستەنگی بەردەمی دەرفەتی کاریشی بۆ گەنجان زەقکردووەتەوە.
3. مەترسیی دەستوەردانی فیدراڵی (بەغدا)؛ لە ڕووی پەیوەندییە فیدراڵییەکانەوە، پەککەوتنی دەسەڵاتی یاسادانان بەڵگە و پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی لە بەرامبەر بەغدا لاواز کردووە. لە کاتی نەبوونی دامەزراوەیەکی کارادا، ڕێگە خۆش دەبێت بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و دەستوەردانی زیاتری دادگای فیدراڵی لە پرسە چارەنووسسازەکانی وەک بودجە، نەوت، گومرگ و هەڵبژاردن، ئەوەش بە پشتبەستن بە ماددە دەستوورییەکانی (110، 111، 112).
4. قەیرانی متمانە و ڕەوایەتی سیاسی؛ لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە قەیرانێکی قووڵی متمانەی لە نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتدا دروستکردووە؛ بەجۆرێک وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازات لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بەبێ ئەنجامدانی ئەرکە یاساییەکانیان، بەهای دەنگدانی بەتاڵ کردووەتەوە و هۆکاری بنەڕەتی بێئومێدی و قووڵبوونی جیاوازییەکانی نێوان کۆمەڵگە و سەرکردایەتی سیاسییە.
سێیەم؛ لێکەوتەکانی بەردەوامی حکومەتی کاربەڕێکەر و ناچالاکی پەرلەمان لەسەر دامەزراوە چاودێرییەکان
یەکێک لەو سێکتەرانەی بە قووڵی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی لێکەوتە نەرێنییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوەکانی چاودێری و لێپرسینەوەن کە بەرپرسن لە ڕاگرتنی شەفافییەت و سەروەریی یاسا لە جومگە گشتی و تایبەتەکاندا؛ لەوانەش: دەستەی دەسپاکی، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە. سەرەڕای جیاوازیی ئەرکەکانیان، دیارترینی ئەو خاڵە هاوبەشانەی هەیانە ئەم دەزگایانە هەیانە:
· بەسەرچوونی ماوەی یاسایی پۆستی سەرۆکی دامەزراوەکان و کارکردنیان لە دەرەوەی چوارچێوەی کاتیی دیاریکراو.
· پێویستیی بەپەلەی یاسای کارپێکراوی دامەزراوەکان بە هەموارکردنەوە، کە بەهۆی ناکارایی پەرلەمانەوە پەکیان کەوتووە.
لەم سۆنگەیەوە، لێکەوتە نەرێنییەکانی پێکهاتەیییەکانی سەر هەر دامەزراوەیەک بە جودا ڕوون دەکەینەوە:
1. دەستەی دەسپاکی: دەستەی دەسپاکی (کە بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و ڕاستەوخۆ بە پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە تا بە سەربەخۆیی و لە ڕێگەی تەرخانکراوی تایبەت لە یاسای بودجەدا کارەکانی ڕاپەڕێنێت)، لە سەرووی ئەو دامەزراوانەیە کە بەهۆی پەککەوتنی دەسەڵاتی یاسادانان و درێژەدان بە حکومەتی کاربەڕێکەر دووچاری پەککەوتنی جدی بووەتەوە. ئەم دەستەیە گیربوونی کارەکانی لە چەند ڕەهەندێکی سەرەکییەوە دەرکەوتوون:
- بۆشایی یاسایی لە سەرۆکایەتی دەستەکەدا: ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستە لە نیسانی 2018ەوە کۆتایی هاتووە. سەرەڕای ئەوەی لە خولی پێشووی پەرلەماندا سێ جار بە فەرمی داوای یەکلاکردنەوەی ئەم پۆستە کراوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی کرداری نەدراوەتەوە.
- پەککەوتنی میکانیزمی لێپرسینەوە: لەکاتێکدا دەستەکە ڕاپۆرتە خولیییەکانی ئاراستەی پەرلەمان دەکات، بەڵام لە غیابی پەرلەمانێکی کارادا هیچ بەدواداچوونێک لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ تێبینی و ڕاپۆرتەکان ناکرێت.
- ڕاوەستانی هەمواری یاسایی: سەرەڕای پێشکەشکردنی پڕۆژەی هەمواری یاسای دەستەکە بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکان و ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان لەگەڵ دەزگا هاوشێوەکاندا، بەڵام پرۆسەی پێداچوونەوەی یاسایی پەککەوتووە.
- نەمانی سەربەخۆیی دارایی: بەهۆی دەرنەچوونی یاسای بودجەی گشتی، بڕگە یاساییەکانی پەیوەست بە تەرخانکراوی دارایی سەربەخۆ بۆ دەستەکە وەک خۆیان هەڵپەسێردراوی بێ جێبەجێکردن ماونەتەوە.
- سستبوونی ستراتیژیی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: ڕاوەستانی پرۆسەی یاسادانان ڕێگری کردووە لە دەرچوونی ستراتیژییەتی نوێی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەمەش وایکردووە دەستەکە بگەڕێتەوە سەر ستراتیژە کۆنەکەی کە بەهۆی کاربەڕێکەریی حکومەت و نەمانی چاودێریی پەرلەمان، جێبەجێکردنی گەیشتووەتە نزمترین ئاست.
2. دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم؛ دیوانی چاودێریی دارایی (کە بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2008ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات و ڕاستەوخۆ بە پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە تا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیی ئاراستە بکات)، وەک دامەزراوەکانی دیکە بەهۆی کارانەبوونی پەرلەمان و بەسەرچوونی تەمەنی حکومەتەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نەرێنیی زۆر قووڵەوە. ئەم پەککەوتنە لە چەند ڕەهەندێکی سەرەکیدا ڕەنگی داوەتەوە:
- بۆشایی لە سەرۆکایەتی دیواندا: لە ئایاری 2023ەوە بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆکەکەی، دیوانی چاودێری بەبێ سەرۆک ماوەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا دیاریکردنی سەرۆکی نوێ تەنها لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستانە.
- ڕاوەستانی لیژنەکانی وردبینی و بەدواداچوون: لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا ناردنی لیژنەکانی وردبینی بەستراوەتەوە بە واژووی فەرمیی سەرۆکی دیوانەوە، لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی سەرۆکەوە دیوانەکە ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی لیژنەکان بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان دەربکات.
- ئیفلیجبوونی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە (تحقیق): بەهەمان شێوە، لەبەر ئەوەی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکاندا تەنها بە فەرمانی سەرۆکی دیوان دەبێت، دیوان بە تەواوی توانای ئەرکدارکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەدەستداوە.
- پەککەوتنی هەمواری یاسایی بەپێی پێوەرە جیهانییەکان: یاسای دیوان پێویستیی بە هەمواری بنەڕەتی هەیە تا بتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکاندا بگونجێنێت و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی وردبینی دارایی کار بکات، بەڵام پرۆسەی هەموارکردنەکە پەکیکەوتووە.
- شەرعییەت لەدەستدانی مامەڵە دارایییەکان: بەپێی یاسا دەبێت سەرجەم داهات و خەرجییەکانی حکومەت ساڵانە لەلایەن دیوانەوە وردبینییان بۆ بکرێت؛ لە غیابی ئەم چاودێرییەدا، سەرجەم مامەڵە دارایییەکانی حکومەت ڕووبەڕووی گومانی نایاساییبوون بوونەتەوە.
- بۆشایی لە پرۆسەی ڕاپۆرتداندا: ڕادەستکردنی ڕاپۆرتەکانی دیوان بەستراوەتەوە بە پەرلەمانەوە، بەهۆی کارانەبوونی دەسەڵاتی یاسادانانیشەوە بۆشایییەکی گەورە لە شێواز و ئامانجی کارکردنی دیواندا دروست بووە.
3. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ؛ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ (کە بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و سەربەخۆ ڕاستەوخۆ بە پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە تا ئەرکی چاودێریکردن، پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ ڕاپەڕێنێت)، دووچاری چەندین ئاستەنگی پێکهاتەیی بووەتەوە بەهۆی بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر و پەککەوتنی پەرلەمانەوە. ئەم لێکەوتانە لەم خاڵانەدا کورتبوونەتەوە:
- بۆشایی یاسایی لە سەرۆکایەتی دەستەکەدا: لە تەممووزی 2025دا ماوەی یاسایی سەرۆکی دەستە بە فەرمی بەسەرچووە، بەڵام بەهۆی کارانەبوونی دەسەڵاتی یاسادانان، نەتوانراوە دووبارە متمانەی پێ ببەخشرێتەوە یان دەنگ بە کەسێکی دیکە بدەرێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە.
- پەککەوتنی پڕۆژەی هەمواری یاسایی: یاسای دەستەکە لەگەڵ 6 یاسای دیکەی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ پێویستییان بە هەمواری بنەڕەتی هەیە تا دەزگاکە بتوانێت بە کاریگەریی زیاترەوە بەرگری لە مافەکان بکات، بەڵام بەهۆی ناکارایی پەرلەمانەوە تەواوی ئەم هەموارانە پەکیا کەوتووە.
- پچڕانی هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەرلەمانییەکان: ناکارایی دەسەڵاتی یاسادانان بووەتە هۆی لەدەستدانی دروستکردنی هەماهەنگیی پێویستی دەستەکە لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان بۆ بەدواداچوون و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ.
- لاوازبوونی سەپاندنی دەسەڵاتی چاودێری: لەبەر ئەوەی حکومەت بەهۆی کاربەڕێکەرییەوە لە ژێر لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتیی پەرلەمانیدا نییە، دەستەکە توانای بەکارهێنانی هێزی یاسایی و چاودێریی خۆی لە بەرامبەر حکومەت و دامەزراوەکاندا لەدەستداوە لە کاتی ڕوودانی پێشێلکارییەکاندا.
4. دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە؛ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە (کە بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و وەک دامەزراوەیەکی پسپۆڕ بۆ چاودێریکردن، پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەستراوەتەوە)، بەهۆی بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر و کارانەبوونی پەرلەمانەوە دووچاری چەندین ئاستەنگی کرداری و پێکهاتەیی بووەتەوە، لەوانەش:
- بەڕێوەبردن بە وەکالەت و ئاستەنگ لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەکاندا: لە ئازاری 2025ەوە سەرۆکی دەستە خانەنشین بووە و دامەزراوەکە بە وەکالەت بەڕێوە دەچێت. نەبوونی کەسی یەکەم و دەسەڵاتی دەستەیی بووەتە هۆی پچڕانی کۆبوونەوە خولییەکانی ئەنجومەنی دەستە و لێڵبوونی دیدگای کارکردن؛ ئەمەش ڕاستەوخۆ کارایی بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیانی دابەزاندووە، بەتایبەت لە دواکەوتنی پێدانی ڕەزامەندیی ژینگەیی بۆ پڕۆژەکان لە دیوانی دەستەکەدا.
- پەککەوتنی هەمواری پێویستی یاسایی: سەرەڕای ئامادەکردنی پڕۆژەی هەمواری یاسای دەستەکە، بەهۆی ناکارایی دەسەڵاتی یاسادانانەوە پەکی کەوتووە؛ لەکاتێکدا ئەم هەموارە پێویستییەکی هەنووکییە تا دەستەکە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە ژینگەیییە نوێیەکاندا بگونجێنێت و بەر بە بەریەککەوتنی دەسەڵاتەکانی لەگەڵ وەزارەت و دەزگا هاوبەشەکاندا بگرێت کە ڕۆژانە مامەڵەی هاووڵاتیانی بۆ ڕەوانە دەکەن.
- لاوازبوونی هەماهەنگیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی: دۆخی کاربەڕێکەری بووەتە هۆی دابڕانی هەماهەنگی و کاری پێکەوەییی دەستەکە لەگەڵ دامودەزگاکانی تری حکومەت بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی هاوبەش؛ هاوکات ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی دەستەکەشی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتیی وڵاتان تووشی پاشەکشە کردووە.
خشتە


بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە؛
- ڕێکخراوی ستۆپ، حوکمڕانی لە بۆشایی یاساییدا... مەترسییەکانی گۆڕینی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ دیفاکتۆیەکی درێژخایەن، مایسی 2026؛
https://www.stopmd.org/publications/30
- دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، نرخی بۆشایی یاسایی و سوێندی بەجێنەگەیاندراو... کارانەبوونی پەرلەمان، قەیرانی دامەزراوەیی و مەترسییەکانی داهاتوو، ڕاپۆرتی چوارەم لە خولی شەشەم، 2026؛
https://shorturl.at/RPVGJ