ئامانج رهحیم- سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان
بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداربووم لە کۆبونەوەی ئاسایی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە بەغدا، بۆ خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا(ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبونەوەکەدا، یاداشتێکی دەستووری، یاسایی و داراییمان پێشکەش کرد، و ڕوونمان کردەوە کە حکومەتی هەرێم بڕیاری جێبەجێکردنی ASYCUDAی داوە و لەگەڵ دواخستنی نیە، و لە چوارچێوەی دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریدا پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستهاتووە و زۆربەی بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان یەکلایی کراونەتەوە.
جەختمان کردەوە کە ASYCUDA تەنها بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیجییە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نیشتمانی یەکگرتووی دیجیتاڵیی، و پتەوکردنی ڕۆڵی تەواوکاری یاسایی و ئابووری لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی.
لەو چوارچێوەیەدا، تەعریفە و ڕێکارە گومرگییەکان یەکدەخرێن کە ئێستا دوو تەعریفەی گومرگی و ڕێکاری جیاواز لە هەرێم و فیدڕاڵ جێبەجێ دەکرێت، یەکخستنی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان بە بازرگانیی، و هاوبەشکردنی داتا و زانیارییەکانی هەردوولا؛ بە تایبەتی لە بوارەکانی (تۆماری کۆمپانیاکان، مۆڵەتی هاوردە و هەناردە، مۆڵەتی وەبەرهێنان، کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکان، ئەستۆپاکی باج، پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری، ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ).
ئامانج لە ئەسیکۆدا دروستکردنی داتا سەنتەرێکی نیشتمانی دیجیتاڵیی یەکگرتووە بۆ بازرگانیی لەسەر ئاستی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛ بەشێوەیەک کە هەردوو حکومەت دەستیان بە داتاو زانیارییە دروستەکان بگات، و دان بە بەڵگەنامە و مۆڵەتە فەرمییەکانی یەکتردا بنێن کە لەئێستادا کار بە بەڵگەنامەی یەکتر ناکەن، لەهەمان کاتدا تایبەتمەندییە دەستووری و کارگێڕییەکانی هەرێم بپارێزرێن.
خاڵی سەرەکیی ماوە بۆ یەکلاییکردنەوە، میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمە. لەم بارەیەوە پێشنیاری حکومەتی هەرێممان بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، یاسای بودجە و بڕیارە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو.
جێبەجێکردنی ASYCUDA هەنگاوێکی گرنگە بەرەو شەفافیەت، کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی مرۆیی و زیادکردنی داهاتی نانەوتی. هەروەها، دەرفەت بۆ بازرگان و هاوردەکارانی هەرێم دەڕەخسێنێت بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق، کە لە ئێستادا لێی بێبەشن.
بە داخەوە، دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە دەروازەکانی هەرێم وکاریگەریی گەورەی لەسەر داهاتەکانی هەرێم هەبووە. بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦ەوە داهاتی دەروازەکانی هەرێم بە ڕێژەی ٧٨٪ دابەزیوە؛ لە کاتێکدا لە حکومەتی فیدڕاڵیی لە دوای جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا داهاتە گومرگیە فیدڕاڵییەکان بە ڕێژەی ۱۱٤٪ زیادی کردووە.
دابەزینی داهاتی دەروازەکانی هەرێم توانای هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵی سنووردار کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٥ هەرێم بەردەوام مانگانە ١٢٠ ملیار دیناری وەک بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی ناردووە.
بۆیە، خێراکردنی جێبەجێکردنی ASYCUDA یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکان، وجێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی هەرێم بەرامبەر بەغدا و ئاسانکاریی بۆ بەردەوامی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروەها، جێبەجێکردنی سیستەمەکە بازاڕی گەورەی عێراق بە ڕووی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم دەکاتەوە، تاکو جووڵەی بازرگانیی ئەم دەروازانە تەنها بە بازاڕی هەرێم سنووردار نەبێت و ببێتە بەشێک لە بازاڕی یەکگرتووی عێراق؛ ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی چالاکبوونەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی تێچووی هاوردە و نرخی کاڵا و شمەک.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، لە لایەن بەڕێزان سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە کرا، و دەرفەت بە وەزارەتەکانی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم درا بۆ ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازەکان؛ بە ئامانجی ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی لە یەکێک لە کۆبونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند بکرێت و سیستەمی ASYCUDA بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
باوەڕمان وایە چارەسەری بنەڕەتیی ئەم بابەتانە لە ڕێگەی گفتوگۆ، هاوکاری و پابەندبوون بە دەستوور و یاسا دەبێت؛ بە شێوەیەک کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندیی گشتی عێراقیش خزمەت بکرێت.
لە کۆبونەوەکەدا، برای بەڕێزم ڕاوێژکاری پێشکەوتوو (دکتۆر سامی جەلال) هاوەڵمان بوو، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە بەدواداچوون و پێشخستنی ئەم دۆسیەدا هەبووە.