سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

هێزی پێشمەرگە؛ لە هێزی حیزبییەوە بۆ سەرمایەی جیۆستراتیژیی نیشتیمانیی کوردستان

کوردستان بۆ داهاتووی سیاسیی خۆی تەنها پێویستی بە خاک و جوگرافیا نییە؛ پێویستی بە دامەزراوە، یاسا، ئابووری، دیپلۆماسی و هێزی سەربازیی نیشتیمانی هەیە. جوگرافیا بە تەنیا هێز نییە؛ بەڵکو کاتێک دەبێتە هێزی جیۆپۆلەتیکی کە دامەزراوەکان بتوانن ئەو جوگرافیا و سەرمایەکانە بپارێزن و بە شێوەی ستراتیژی بەکاریان بهێنن.

بڵاوکراوەتەوە لە : 31 ئاب 2026

هێزی پێشمەرگە؛ لە هێزی حیزبییەوە بۆ سەرمایەی جیۆستراتیژیی نیشتیمانیی کوردستان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان


 درەو:

شیكاری: د. هونەر حاجی جاسم - ئەڵمانیا

 
کاتێک باس لە ململا‌نێ و شۆڕشی چەکداریی کورد لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا دەکەین، یەکێک لە گرنگترین کۆدە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەم جوڵانەوەیە هێزی پێشمەرگەیە. پێشمەرگە تەنها هێزێکی سەربازی نەبووە، بەڵکو لە زۆر قۆناغی مێژوویی‌دا بووەتە هێمای بەرگری، ناسنامەی سیاسی و سەرمایەی نیشتیمانیی کورد. بۆیە ناکرێت بەبێ لێکدانەوەی ڕۆڵ، پێگە و نفووزی هێزی پێشمەرگە، بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، باسی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان، هاوسەنگیی هێز و نەخشەی جوگرافیای سیاسیی کوردستان بکرێت.
لە جیۆپۆلەتیکدا، جوگرافیا بە خۆی هێز نییە؛ جوگرافیا کاتێک دەبێتە سەرمایەی جیۆپۆلەتیکی کە لەگەڵ توانای سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی، دامەزراوەیی و سەربازی کۆبکرێتەوە. بە واتایەکی تر، شوێن و سنوور و سەرچاوە سروشتییەکان بە تەنیا هێزی سیاسی دروست ناکەن؛ بەڵکو دەوڵەت یان هەرێم دەبێت بتوانێت ئەو سەرمایە جوگرافیاییانە بگۆڕێت بۆ توانای ستراتیژی. لەو ڕوانگەیەوە، هێزی سەربازی یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی توانای نیشتیمانی و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەرگری، پاراستنی سەروەری، توانای ڕێگری و بەهێزکردنی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی هەرێم هەبێت.
جیۆپۆلەتیک لە مێژووی بیرکردنەوەی سیاسیی خۆیدا بە شێوەیەکی زۆر بە پرسیاری هێز، سەربازی و توانای دەوڵەتەوە پەیوەست بووە. لە بیرۆکەکانی Friedrich Ratzel لەسەر دەوڵەت و جوگرافیا، تا تیۆریی هێزی دەریاییی Alfred Thayer Mahan و تیۆریی Heartland ـی Halford Mackinder، هەموو ئەمانە بە جۆرێک پەیوەندیی نێوان جوگرافیا، هێز و توانای ستراتیژی دەوڵەتەکان دەخەنەڕوو. بەڵام جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن تێگەیشتن لە هێز فراوانتر دەکات و هێزی سیاسی، ئابووری، تەکنەلۆژی، دیپلۆماسی و دامەزراوەیی لەگەڵ هێزی سەربازی وەک پێکهاتەکانی توانای نیشتیمانی دەبینێت.
لەو چوارچێوەیەدا، هێزی سەربازی تەنها بە ژمارەی سەرباز و چەک و کەرەستە پێناسە ناکرێت؛ بەڵکو بە شێوەی ڕێکخستن، فەرماندەیی، یەکگرتوویی، یاسایی‌بوون و دامەزراوەیی‌بوونیش پێناسە دەکرێت. هێزی سەربازی کاتێک دەبێتە هێزی نیشتیمانی کە لە دامەزراوەی نیشتیمانییەوە سەرچاوە بگرێت، لە ژێر یاسا و کۆنترۆڵی مەدەنی بێت و زنجیرەی فەرماندەییی یەکگرتووی هەبێت؛ چونکە سوپای نیشتیمانی بە چەک و ژمارەی سەرباز پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە دامەزراوەیی‌بوون و پابەندبوون بە دەسەڵاتی یاسایی و نیشتیمانی پێناسە دەکرێت.
ئەم خاڵە بۆ دۆخی پێشمەرگە زۆر گرنگە. پێشمەرگە لە ڕووی مێژووییەوە سەرمایەیەکی گەورەی بەرگریی کوردە، بەڵام لە ڕووی دامەزراوەییەوە هێشتا بە تەواوی نەگۆڕدراوە بۆ هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو و نیشتیمانی. کێشەکە تەنها کێشەی ڕێکخستنی سەربازی نییە؛ بەڵکو کێشەیەکی سیاسی و دامەزراوەییە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە پەیوەندیی نێوان حیزب، دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمەوە گرێدراوە.
پێشمەرگە لە مێژووی خەباتی کورددا بۆ ماوەیەکی درێژ جێگای متمانە و سەرچاوەی هێزی سیاسیی هەردوو حیزبی سەرەکیی هەرێم، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بووە. ئەم دوو حیزبە بە مێژووی خەباتی چەکداری و دامەزراوەیی خۆیانەوە پەیوەندییەکی مێژوویی و سیاسیی قووڵیان بە پێشمەرگەوە هەیە. بەڵام لە ڕوانگەی دامەزراوەسازییەوە، ئەوەی کێشە دروست دەکات ئەوەیە کە هێزی سەربازی بە شێوەی جیاواز لەلایەن دوو ناوەندی سیاسییەوە کۆنترۆڵ بکرێت.
یەکێک لە فاکتەری سەرەکیی ڕێگر لە دروستبوونی هێزی پێشمەرگەی نیشتیمانی، بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەم دوو حیزبەیە. لە خوێندنەوەیەکی سیاسی و دامەزراوەیی‌دا دەتوانرێت بگوترێت کە بۆ هەردوو حیزب، دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دەتوانێت بە مانای کەمبوونەوەی بەشێک لە نفووز و هێزی سیاسیی مێژوویی بێت. بۆیە، پێشمەرگە لە هەندێک قۆناغدا لە هێزێکی نیشتیمانییەوە گۆڕدراوە بۆ هێزێک کە بەشێک لە کۆنترۆڵ و ناسنامەی سیاسیی خۆی لە حیزبەکان وەردەگرێت.
لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا پێشمەرگە تەنها بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی دەرەکی بەکار نەهاتووە؛ لە قۆناغێکدا هێزە پێشمەرگەییە حیزبییەکان دژی یەکترش بەکار هاتوون. شەڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ١٩٩٤–١٩٩٧ نموونەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە چۆن دابەشبوونی هێزی چەکدار دەتوانێت قەیرانی سیاسی بگۆڕێت بۆ ململا‌نێی سەربازی. لەو شەڕەدا هێزە پێشمەرگەییەکانی هەردوو حیزب بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار بوون و ژمارەیەکی زۆر لە کورد بەهۆی ئەو ململا‌نێیەوە گیانیان لەدەستدا. ئەمەش برینێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەجێهێشت.
لە ڕوانگەی Security Dilemma ـەوە، کاتێک هەردوو لایەن هێزی خۆیان وەک ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن، بێ‌متمانەیی زیاد دەبێت و هەر لایەنێک هەوڵ دەدات هێزی خۆی بپارێزێت یان زیاد بکات. لە ئەنجامدا، هێزەکە لەبری ئەوەی تەنها ئامرازی بەرگری بێت، دەکرێت ببێتە بەشێک لە کێشەی ئاسایش. ئەزموونی شەڕی ناوخۆی هەرێم نیشان دەدات کە ئەمە تەنها تیۆرییەکی ئەکادیمی نییە؛ بەڵکو ئەزموونێکی مێژوویی و واقعیی کوردستانە. لەو ڕوانگەیەوە، هێزی پێشمەرگەی حیزبی لە شەڕی ناوخۆدا بۆتە هۆکارێکی سەرەکی لە قووڵکردنەوەی برینەکانی کۆمەڵگا. هەزاران کورد لەو ململا‌نێیەدا بەهۆی شەڕی نێوان لایەنە کوردییە چەکدارەکانەوە گیانیان لەدەستدا، و ئەو ئەزموونە نیشانی دا کە کاتێک چەک لە ژێر دەسەڵاتی یەکگرتووی نیشتیمانی نەبێت، دەتوانێت لە کاتی قەیرانی سیاسی‌دا دژی خودی کۆمەڵگاکە بەکاربهێنرێت.
لەبەر ئەمە، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبێتە هێزێکی نیشتیمانی، مەترسیی ئەوە هەروا هەیە کە لە کاتی قەیرانی سیاسیی گەورەدا سیناریۆی ململا‌نێی چەکدار دووبارە ببێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەگەر چەک و فەرماندەیی لە ژێر دەسەڵاتی دامەزراوەی نیشتیمانی نەبێت، هەر قەیرانێکی سیاسی دەتوانێت لە ساتێکدا بگۆڕێت بۆ قەیرانی ئاسایشی و سەربازی. بۆیە نیشتیمانی‌کردنی پێشمەرگە تەنها بابەتێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو بابەتێکی پێشگیری لە شەڕی ناوخۆ و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.

  - نەبوونی هێزی نیشتمانی ۳۱ ئابی ۱۹۹٦ دووباره دەکاتەوە!
 - بە نەبوونی هێزی نیتشمانی ۱٦ ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ لە ڕێگایە!
 - نەبوونی هێزی نیشتمانی ۲۲ ئاب ۲۰۲٥ هەمیشییە!


ئەم مەترسییە لە سێ ڕووداوی گرنگی مێژوویی‌دا بە شێوەی جیاواز خۆی نیشان داوە:

 ٣١ی ئابی ١٩٩٦، ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥.
لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦، شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی بووەتە هۆی ئەوەی هەولێر بکەوێتە ناو ناوەندی ململا‌نێی هێزە کوردییەکان و هێزی ڕژێمی سەدام حوسێنیش دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بکات. هێزەکانی ڕژێم بە تانک و هێزی زۆر بەرەو هەولێر پێشڕەویان کرد و لە کۆتاییدا شارەکەیان گرت. ئەم ڕووداوە نموونەیەکی ڕوونی ئەوەیە کە دابەشبوونی هێزی سەربازیی کورد چۆن دەتوانێت بۆشایی هێز دروست بکات و هێزێکی دەرەکی بتوانێت ئەو بۆشاییە بە قازانجی خۆی بەکاربهێنێت. لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە، ٣١ی ئاب نیشانی دا کە نەبوونی هێزی سەربازیی یەکگرتوو دەتوانێت هەرێم بکاتە شوێنی ململا‌نێی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ نموونەیەکی تری گرنگە. دوای ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، گرژیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوو. لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و هێزە هاوپەیمانەکانیان بەرەو کەرکووک و ژمارەیەک لە ناوچە دابڕاوەکان پێشڕەویان کرد. پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بە شێوەیەکی یەکگرتوو نەبوو و هێزەکان بە جۆرێک لەسەر بنەمای حیزبی و ناوچەیی دابەش بووبوون. لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەر، پاشەکشەی هێزە کوردییەکان بە خێرایی ڕوویدا و هەرێم بەشێکی گرنگ لە ناوچە دابڕاوەکان لەدەستدا.
گرنگیی ئەم ڕووداوە تەنها لە شکستی سەربازییەکەدا نییە؛ بەڵکو لە کاریگەریی جیۆستراتیژییەکەیدایە. کەرکووک بەهۆی نەوت، پێگەی جوگرافیی و شوێنی لە ناوچەی ستراتیژیی عێراقدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بۆیە لەدەستدانی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاوسەنگیی هێز لەنێوان هەولێر و بەغدا دانا. لەو ڕوانگەیەوە، ١٦ی ئۆکتۆبەر وانەیەکی گرنگی جیۆستراتیژییە: جوگرافیای ستراتیژی بە تەنیا پارێزراو نابێت؛ پێویستی بە هێزی یەکگرتوو و دامەزراوەیی هەیە.
٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ لە سلێمانی نموونەیەکی جیاوازە، بەڵام بۆ بابەتی دامەزراوەسازیی هێزی سەربازی و ئاسایشی هەرێم گرنگیی خۆی هەیە. لەو ڕووداوەدا ململا‌نێی سیاسیی ناوخۆیی گەیشتە ئاستی بەکارهێنانی هێز و چەک لە سلێمانی. هێزە ئاسایشییەکان بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی چوونە دەوری هۆتێلی لالەزار و پاش ڕەتکردنەوەی خۆبەخشبوون، شەڕێکی چەکدار ڕوویدا. چەک و ئۆتۆمبێلی زەره‌پۆش بەکار هێنرا و لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا هەندێک کەس کوژران و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.
ئەم ڕووداوە لەگەڵ ٣١ی ئاب ١٩٩٦ و ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە هەمان ئاست و ماهیەتدا نییە، بەڵام لە ڕوانگەی Civil-Military Relations ـەوە وانەیەکی هاوبەشی هەیە: هێزی سەربازی و ئاسایشی کاتێک بە شێوەیەکی زۆر بە ناوەندە سیاسییەکانەوە پەیوەست بێت، قەیرانی سیاسی دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت بۆ قەیرانی چەکدار. لێرەدا جیاوازیی نێوان «هێزی پاراستنی نیشتمان» و «هێزی وابەستە بە ناوەندی سیاسی» گرنگ دەبێت.
ئەم سێ ڕووداوە لە سێ قۆناغی جیاوازی مێژوویی‌دا ڕوویداون و نابێت بە شێوەیەکی سادە یەکسان دابنرێن؛ بەڵام هەرسێکیان دەتوانرێن لە ڕوانگەی دامەزراوەسازیی سەربازییەوە وەک ئاگادارکردنەوەیەک بخوێنرێنەوە: لە ١٩٩٦دا دابەشبوونی ناوخۆ ڕێگای بۆ دەستێوەردانی هێزی دەرەکی خۆش کرد؛ لە ٢٠١٧دا دابەشبوونی هێزی پێشمەرگە کاریگەریی لەسەر توانای بەرگری و پاراستنی ناوچە ستراتیژییەکان هەبوو؛ و لە ٢٠٢٥دا ململا‌نێی سیاسیی ناوخۆیی گەیشتە ئاستی شەڕی چەکدار.
لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەمە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی جیۆپۆلەتیکی هەرێمی کوردستان لەبەرچاوی ئەمریکا، ئەورووپا و دۆستانی کورد. نزیکەی دوو دەیەیە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر داوای ڕێفۆرم، یەکخستن و پیشەیی‌کردنی هێزی پێشمەرگەیان کردووە. بەتایبەتی لە دوای هاتنی داعش و لە چوارچێوەی هاوکارییە سەربازییەکان، هەوڵ دراوە هێزی پێشمەرگە بگۆڕدرێت بۆ هێزێکی یەکگرتوو، پیشەیی و متمانەپێکراو. ئامانجی ئەم هەوڵانە تەنها باشترکردنی توانای جەنگی پێشمەرگە نییە؛ بەڵکو دروستکردنی هێزێکە کە بتوانێت وەک دامەزراوەیەکی سەربازیی نیشتیمانی کار بکات. لە ڕوانگەی هاوبەشانی نێودەوڵەتییەوە، هێزێکی سەربازی کە بە دوو ناوەندی سیاسیی جیاوازەوە پەیوەست بێت، لە کاتی قەیراندا کەمتر متمانەپێکراوە و کەمتر دەتوانێت ببێتە هاوبەشێکی ستراتیژیی جێگیر.
هەروەها هەوڵ بۆ کەمکردنەوە یان بڕینی ئەو پشتگیرییە بودجەیی و سەربازییەی کە ئەمریکا و هاوبەشانی بۆ پێشمەرگە دابینیان کردووە، بۆیە نابێت تەنها لە ڕوانگەی دارایی سەیر بکرێت؛ بەڵکو دەبێت بە پەیوەندی بە پرۆسەی ڕێفۆرم و نیشتیمانی‌کردنی هێزەکەش بخوێندرێتەوە. بەهێزکردنی پێشمەرگە بە شێوەیەکی پیشەیی و یەکگرتوو دەتوانێت بنەمایەکی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییە سەربازییەکان دروست بکات، لە کاتێکدا بەردەوامبوونی دابەشبوونی حیزبی دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کەمبوونەوەی ئەو متمانەیە.
لە ڕووی دەستوورییەوە، بابەتەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. دەستووری کۆماری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ لە مادەی ١٢١، بڕگەی پێنجەم، ڕێگە بە هەرێمەکان دەدات کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی خۆیان، لەوانە حەرسەکانی هەرێم، دروست و ڕێکبخەن. ئەم دەقە بۆ کورد تەنها مافێکی یاسایی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت وەک سەرمایەیەکی سیاسی و جیۆستراتیژی سەیر بکرێت، چونکە بوونی هێزی ئاسایشیی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا بەستەرێکی یاسایی بۆ پاراستنی پێگەی هەرێم لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق دابین دەکات.
بۆیە، پێویستە کورد ئەو مافە دەستوورییە بپارێزێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە لە نێوان پاراستنی مافی دەستووریی هەرێم و پاراستنی کۆنترۆڵی حیزبی لەسەر هێز جیاوازی بکات. پاراستنی مافی هەرێم بۆ هێزی ئاسایشی خۆی نابێت بە مانای پاراستنی هێزی حیزبی بێت. بە پێچەوانەوە، دەبێت ئەو هێزە یەکخراو و دامەزراوەیی بکرێت تا هەم مافی دەستووریی هەرێم بپارێزرێت و هەم توانای جیۆستراتیژیی هەرێم بەهێزتر بێت.

ئەگەر پێشمەرگە نیشتیمانی نەبێت، هەموو ساتێک مەترسیی ئەوە هەیە کە قەیرانی سیاسی بگۆڕێت بۆ قەیرانی سەربازی و سیناریۆی شەڕی ناوخۆ جارێکی تر لەبەردەم دەرگاماندا بێت


لە ڕوانگەی تیۆریی National Power ـەوە، هێزی سەربازی کاتێک بەشێکی بەهێزی توانای نیشتیمانی دەبێت کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بتوانن کۆنترۆڵ و ئاراستەی بکەن. هێزی سەربازیی دابەشکراو دەتوانێت توانای تاکتیکی هەبێت، بەڵام توانای ستراتیژییەکەی سنووردار دەبێت؛ چونکە بڕیاری سەربازی، فەرماندەیی و بەکارهێنانی هێز بە یەک ناوەندی نیشتیمانی نەبەستراوەتەوە.
بەم مانایە، هێزی جیۆپۆلەتیکیی هەرێم بە تەنیا لە بوونی پێشمەرگەدا نییە؛ بەڵکو لە بوونی پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو، دامەزراوەیی و متمانەپێکراودایە. هێزی حیزبی دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر سەرباز و کەرەستەی سەربازی هەبێت، بەڵام ئەگەر فەرماندەییی یەکگرتوو، سیستەمی یاسایی، کۆنترۆڵی مەدەنی و بەرژەوەندیی نیشتیمانی نەبێت، ئەوا بە ئاستی هێزی جیۆستراتیژیی تەواو ناگات.
هەر بۆیە، ئەگەر کورد لە داهاتوودا بیر لە دروستکردنی دەوڵەت یان بەهێزکردنی پڕۆژەی نیشتیمانیی خۆی دەکاتەوە، پێویستی بە ئامادەکاریی دامەزراوەیی هەیە. یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکان دەبێت دانانی پلانێکی ستراتیژی بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بێت. ئەم پلانە نابێت تەنها یەکخستنی ناوی یەکەکان بێت؛ بەڵکو دەبێت یەکخستنی فەرماندەیی، بودجە، ڕاهێنان، سیستەمی پلە و پیشەی سەربازی، لۆجستیک، پەروەردەی سەربازی، پلاندانانی ستراتیژی و کۆنترۆڵی مەدەنی لەخۆ بگرێت.
لە سەردەمی جیهانگیری و دەوڵەتی مۆدێرندا، دروستکردنی توانای سەربازیی دامەزراوەیی بەشێکی گرنگی پرۆسەی دەوڵەتسازی بووە. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەر دەوڵەتێکی مۆدێرن پێش دروستبوونی خۆی حەتمەن سوپای نیشتیمانی دروست کردووە، یان سوپا بە تەنیا دەوڵەت دروست دەکات؛ بەڵکو لە مێژووی دەوڵەتسازیی ئەورووپا، نموونەکانی فەڕەنسا، پروسیا و دواتر ئەڵمانیا نیشان دەدەن کە دروستکردنی فەرماندەییی ناوەندی، بوروکراسی، سیستەمی باج و توانای سەربازیی ڕێکخراو بە پەرەپێدانی دەوڵەتی مۆدێرنەوە پەیوەندییەکی قووڵیان هەبووە. Charles Tilly لە تیۆریی War-Making and State-Making ـدا نیشانی دەدات کە لە مێژووی ئەورووپا، پێویستیی بە ئامادەکاریی جەنگ و بەرگری هۆکاری پەرەپێدانی بوروکراسی، دەسەڵاتی ناوەندی و توانای دامەزراوەیی بووە. لەو ڕوانگەیەوە، هێزی سەربازیی دامەزراوەیی نابێت تەنها وەک ئامرازێکی جەنگ ببینرێت؛ بەڵکو دەتوانێت بەشێک بێت لە توانای گشتیی دەوڵەت و پرۆسەی دامەزراوەسازی.
بۆ کوردیش، ئەمە واتای ئەوەیە کە پێویستە پێش ئەوەی تەنها باس لە دروستکردنی دەوڵەت بکرێت، باس لە دروستکردنی توانای دەوڵەتسازی بکرێت؛ و یەکێک لە بنەماکانی ئەو توانایە، هێزی بەرگریی نیشتیمانییە. لە هیچ سیستەمێکی فیدراڵدا ناتوانرێت بە شێوەیەکی گشتی بگوترێت هەرێمێک حەتمەن نابێت هیچ جۆرە هێزی ئاسایشی خۆی هەبێت؛ سیستەمە فیدراڵەکان جۆراوجۆرن و سنووری دەسەڵاتی هەرێم و ناوەند لە هەر دەوڵەتێکدا جیاوازە. بەڵام دۆخی عێراق لەو ڕووەوە تایبەتە کە دەستووری ٢٠٠٥ هێزی ئاسایشی هەرێم بە شێوەیەکی دیاریکراو ناساندووە. بۆ کورد، ئەم دەقە دەستوورییە دەکرێت بە سەرمایەیەکی جیۆستراتیژیی دەگمەن سەیر بکرێت، چونکە بە هەرێم توانایەکی یاسایی و دامەزراوەیی دەدات بۆ بەڕێوەبردنی هێزی ئاسایشی خۆی لە چوارچێوەی فیدراڵیی عێراق.
لەبەر ئەمە، پێویستە کورد ئەو مافە دەستوورییە بپارێزێت، نەک بەهۆی ئەوەی هێزی حیزبی بەردەوام بێت، بەڵکو بەهۆی ئەوەی بتوانێت ئەو هێزە دەستوورییە بگۆڕێت بۆ هێزی بەرگریی نیشتیمانی، یەکگرتوو و پیشەیی. ئەمە دەتوانێت هەم پێگەی هەرێم لە بەغدا بەهێز بکات و هەم پێگەی جیۆپۆلەتیکیی هەرێم لە ناوچەکەدا.
پێویستە ئەو ڕاستییەش بخرێتەڕوو کە پێشمەرگە لە مێژووی کورددا لە سەرەتاوە هێمای بەرگری و متمانە بووە، بەڵام ئەگەر ئەو هێزە هەروا لە ژێر کۆنترۆڵی حیزب و بنەماڵە سیاسییەکان بمێنێتەوە، ناتوانێت بە تەواوی ببێتە هێزێکی نیشتیمانی و ناتوانێت بە تەواوی ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی هێزی جیۆپۆلەتیکیی هەرێم. هێزی جیۆپۆلەتیکیی مۆدێرن پێویستی بە دامەزراوە سەربازییە، نەک تەنها بە میلشیا یان هێزی ناڕێکخراوی سەربازی.
لەبەر ئەمە، پێشمەرگە دەبێت لە هێزی حیزبییەوە بگۆڕدرێت بۆ هێزی نیشتیمانی؛ لە فەرماندەییی دابەشکراوەوە بۆ فەرماندەییی یەکگرتوو؛ و لە سەرمایەی حیزبییەوە بۆ سەرمایەی نیشتیمانی. ئەگەر ئەم گواستنەوەیە ڕوونەدات، توانای سەربازیی هەرێم بەشێک لە توانای جیۆپۆلەتیکیی خۆی لەدەست دەدات.
پێشمەرگەی نیشتیمانی دەتوانێت توانای بەرگری، توانای ڕێگری و متمانەی نێودەوڵەتیی هەرێم زیاد بکات؛ چونکە هێزێکی یەکگرتوو و پابەند بە یاسا، بۆ هاوبەشانی نێودەوڵەتی متمانەپێکراوترە و دەتوانێت بە شێوەیەکی ستراتیژی لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان بەرگری بکات.


دەرەنجامەکانی نەبوونی هێزی نیشتمانی پێشمەرگە:
کوردستان بۆ داهاتووی سیاسیی خۆی تەنها پێویستی بە خاک و جوگرافیا نییە؛ پێویستی بە دامەزراوە، یاسا، ئابووری، دیپلۆماسی و هێزی سەربازیی نیشتیمانی هەیە. جوگرافیا بە تەنیا هێز نییە؛ بەڵکو کاتێک دەبێتە هێزی جیۆپۆلەتیکی کە دامەزراوەکان بتوانن ئەو جوگرافیا و سەرمایەکانە بپارێزن و بە شێوەی ستراتیژی بەکاریان بهێنن.
لەو ڕوانگەیەوە، یەکخستنی پێشمەرگە تەنها پرۆژەیەکی سەربازی نییە؛ پرۆژەیەکی نیشتیمانی، سیاسی، دامەزراوەیی و جیۆستراتیژییە. پێویستە پارتی و یەکێتی لەو تێگەیشتنە دەرچن کە دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی حیزبیی پێشمەرگە بە مانای دەستبەرداربوون لە هێزی سیاسیی خۆیانە؛ بە پێچەوانەوە، نیشتیمانی‌کردنی پێشمەرگە دەتوانێت هێزی دامەزراوەیی و سیاسیی هەرێم بەهێزتر بکات.
چونکە هێزی پێشمەرگە کاتێک دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەکی ڕاستەقینەی جیۆپۆلەتیکی کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی بێت، نەک بەرژەوەندیی حیزبی. و هێزی سەربازی کاتێک دەبێتە هێزی نیشتیمانی کە یەک فەرماندەیی، یەک سیستەمی یاسایی، کۆنترۆڵی مەدەنی و بەرژەوەندیی نیشتیمانیی هەبێت.
ئەگەر پێشمەرگە نیشتیمانی نەبێت، هەموو ساتێک مەترسیی ئەوە هەیە کە قەیرانی سیاسی بگۆڕێت بۆ قەیرانی سەربازی و سیناریۆی شەڕی ناوخۆ جارێکی تر لەبەردەم دەرگاماندا بێت. بەڵام ئەگەر پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتیمانی، یەکگرتوو و دامەزراوەیی، ئەوا دەتوانێت لە سەرمایەیەکی مێژووییەوە بگۆڕدرێت بۆ یەکێک لە بنەماکانی توانای نیشتیمانی و هێزی جیۆستراتیژیی هەرێمی کوردستان.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 1 کاتژمێر

سەرۆكی فراكسیۆنی (DEVA)‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا

null
پێش 22 کاتژمێر

عێراق لە قۆناغی راگوزەردا: ئاڵنگاری و دەرفەتەکان

null
٣٠ ئاب ٢٠٢٦

گەشەسەندنی چاپکردنی دراوی عێراق