سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

قەرەیلان: لە نیو سەدەدا 27 هەزار شەهیدمان هەیە

موراد قەرەیلان ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF)رایگەیان: لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا 25 هەزار و 922 گەریلا گیانیان لە دەستداوە، کە 99یان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون.

بڵاوکراوەتەوە لە : 28 ئاب 2026

قەرەیلان: لە نیو سەدەدا 27 هەزار شەهیدمان هەیە

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

موراد قەرەیلان ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF)رایگەیان: لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا 25 هەزار و 922 گەریلا گیانیان لە دەستداوە، کە 99یان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون.

 بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 1976 تاوەکو 1983، 173 گەریلا شەهید بوونە، لە ساڵی 1984 تاوەکو 2000، 13 هەزار و 778 گەریلا شەهید بوونە، لە ساڵی 2001یشەوە تاوەکو ئەم ساڵ 7 هەزار و 949 گەریلا شەهید بوونە، لە نێوان ساڵانی 1984 بۆ 2000 ژمارەیەک لە گەریلا گیانیان لە دەست داوە، کە نەتوانراوە تۆمار بکرێن و ژمارەیان نزیکەی 1000 گەریلا دەبێ.

 لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانێ و شنگال، 3262 گەریلا گیانیان لە دەستداوە. هەروەها لە نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو ئەمساڵ 760 ئەندامیان لە یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) لە باکووری کوردستان گیانیان لە دەستداوە.

 

تەواوی چاوپێکەوتنەکەمان لەگەڵ موراد قەرەیلان بەم شێوەیە:

 
"تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژی یەکەمەوە هێزی بنەڕەتیی خۆی لە شەهیدانی وەرگرتووە. ڕێبەر ئاپۆ بە گوتنی "پەکەکە پارتی شەهیدانە" پێگەی شەهیدانی لە ناو تێکۆشاندا ڕوون کردووەتەوە. ئێوە وەک تەڤگەر واتا و گرنگیی شەهیدان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

من لە سەرەتادا سڵاو و ڕێزی خۆم ئاڕاستەی تەواوی خەباتکارانی ئاژانسەکەتان و تەواوی بینەران دەکەم. لەم حەوت ڕۆژەی دواییدا، شەهادەتی ٢٣٠ شەهیدی قارەمان لە ئامەد، ئەستەنبووڵ، وان، گەڤەر، جزیرەی بۆتان و نسێبین ڕاگەیەندرا. تەواوی شەهیدە قەرەمانەکانمان بە ڕێز، شکۆ و پێزانینەوە بەبیر دەهێنمەوە و سەری ڕێز لەبەردەم یادەوەرییاندا دادەنەوێنم. ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە و دەڵێین، ئەی شەهیدان دڵتان شاد بێت، ئاڵاتان هەمیشە شەکاوە دەبێت و ئامانجەکەتان سەردەکەوێت. ئێمە تا کۆتایی دڵسۆزی هاوڕێیەتیتان دەبین و حەسرەت و خەونەکانتان دەکەینە ڕاستی. بە ناوی بڕیارگەی خۆمان و تەواوی بەڕێوەبەریی تەڤگەرەکەمانەوە، سەرەخۆشی لە تەواوی بنەماڵەی ئەم شەهیدە هێژایانەمان دەکەم. سەرەخۆشی بۆ تەواوی بنەماڵەکان و بۆ تەواوی گەلی کورد دەخوازم. بەتایبەت سڵاو لەو دایکە بەڕێزانە دەکەم کە ئەم شێرەژن و شێرەکوڕانەیان ئاوا پەروەردە کردووە و دەستیان ماچ دەکەم.

گوتەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە دەقەکەی بە "پەکەکە پارتی شەهیدانە" ناوهێناوە، حەقیقەتێک دەردەخات. چونکە لە ڕاستیدا تەڤگەرەکەمان بە شەهیدان بنیاد نراوە، بە شەهیدان ڕێگای بڕیوە و بە شەهیدان مەزن بووە. لەبەر ئەمەش ئەم ڕستەیە گوزارشت لە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەکات. ئێستا لە مێژووی کۆمەڵگەکاندا، پێگە و شوێنی پاڵەوانەکان زۆر مەزنە. کاتێک مرۆڤ سەیری مێژوو دەکات، ئەو کۆمەڵگانەی کە نەیانتوانیوە لە ناو خۆیاندا پاڵەوان پێبگەیەنن، نەیانتوانیوە بەردەوامی بە بوونی خۆیان بدەن. ئەو کۆمەڵگانەی پاڵەوانی خۆیان دروست نەکردووە، پەرتەوازە بوون و لەناو چوون. تەنها ئەو کۆمەڵگانەی پاڵەوانی خۆیان خوڵقاندووە و بەهایان بەدەستهێناوە، و لە دەوری ئەو بەها کۆمەڵایەتی و نەتەوەییانە کۆبوونەتەوە، توانیویانە بەردەوامی بە بوونی خۆیان بدەن. ئێستا لە مێژووی گەلی ئێمەشدا بێگومان قارەمان هەن. بەڵام لە زۆربەی قۆناغەکانی مێژوودا، ئەمە نەگەیشتووەتە ناو کۆمەڵگە و گەل. ئێمە تەنها بە سایەی بەیت و حەیرانی دەنگبێژانەوە هەندێک لەو قارەمانانە دەناسین. لەبەر ئەمەش قارەمانەکان لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا خاوەن پێگە بوون، بەڵام ئەمە زۆر سنووردار بوو.

دەرکەوتنی ڕێبەر ئاپۆ، دەرکەوتنێکی مێژوویی بوو. لە ساڵانی ١٩٧٠دا، سیاسەتی سڕینەوە و ئاسیمیلاسیۆن کە لە کوردستاندا بەڕێوەدەچوو، گەلی کوردی گەیاندبووە لێواری لەناوچوون. بەتایبەت لە ساڵی ١٩٧٥دا، لە بزاوتی باشووری کوردستاندا شکانێک دروست بوو. ئەمەش لە سەرانسەری کوردستاندا بێهیواییەکی مەزنی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لە ناو ئەم بارودۆخەدا، ئەو خەباتەی ڕێبەر ئاپۆ لە باکووری کوردستان بەڕێوەی برد، هەر لە سەرەتاوە بنەمای ڕۆحی هاوڕێیەتی بە بەهێزی دانا. لە ناو ڕیزەکانماندا، هاوڕێیەتی زۆر قووڵ بوو. کاتێک هێرش کرایە سەر گرووپەکە و یەکەم شەهید دروست بوو، تەواوی هاوڕێیان کاریگەر بوون و بۆ بەرزڕاگرتنی یادەوەرییەکەی، هێشتا زیاتر بەشداری خەبات بوون. ئاوا خاوەندارێتیکردن لە یەکتر و ژیاندنەوەی یادەوەرییەکان بووە بنەمای بەرزکردنەوەی تێکۆشان. ئەم شێوازە بەرەبەرە لە ناو تەڤگەرەکەماندا بەهێزتر بوو. کار گەیشتە ئەوەی کە هەر شەهادەتێک دەبووە بنەمای سەر هەڵدانێکی نوێ. بەم جۆرە تەڤگەر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بوو، واتە هەر شەهیدێک تەڤگەرەکەمانی لاواز نەکرد، بە پێچەوانەوە بنەمای بەهێزبوونی خوڵقاند.

 

لەبەر ئەمەش شەهیدبوون بووە سەرچاوەی هێز، بووە ڕۆحی تێکۆشان و بەشداربوون. ئەم دۆخە دواتر لە ناو کۆمەڵگەکەشماندا پەرەی سەند. بۆ نموونە؛ لە ماڵێکدا برایەک شەهید دەبوو، خوشکەکەی لە شوێنی ئەو بەشدار دەبوو و دەیگوت نابێت بهێڵم چەکی براکەم لەسەر زەوی بمێنێتەوە. واتە ئەمە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەشدا بەم شێوەیە گەشەی سەند. لەبەر ئەمە، شەهید هێزێکی هاوبەش دروست دەکات، شەهیدبوون هێزە و خورتبوون ئافراند دەکات. بەهۆی ئەم کولتوورەوە تەڤگەر بووە تەڤگەرێکی نەبەز، لە قۆناغی زۆر دژوار و سەختدا تێپەڕی، بەڵام دیسان لەسەر پێی خۆی مایەوە. لە مێژووی تێکۆشانی ئێمەدا، شەهیدان ڕۆڵێکی ئاوایان گێڕاوە؛ واتە شەهیدان هێڵ، دڵسۆزی و بەهایەکیان لەگەڵ خۆیاندا خوڵقاند. لە هەمان کاتدا، بەرخودانی شەهیدان و ئەو تێکۆشانەی لەسەر بنەمای ئەم بەرخودانە ئەفسانەییە بەڕێوەچوو، پێشەنگایەتیی ستراتیژیشی هێندەی تر مسۆگەر کرد.

بۆ مانەوە و سەرکەوتنی گەلێک، ڕۆڵ و ئەرکی قارەمانەکان گرنگە و داڕشتنی ستراتیژی، واتە پێشەنگایەتیی ستراتیژی گرنگیی خۆی هەیە. لە کوردستاندا دەرکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی ستراتیژی هەبوو، بەڵام شەهیدان ئەمەیان مسۆگەر کرد و کردیانە ڕاستی. لە نێوان شەهید و پێشەنگایەتیی ستراتیژیدا پەیوەندییەکی توند هەیە. لە وڵاتانی تریشدا ئاوا بووە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لە ناو ئەم حەقیقەتەدا بەم جۆرە پێکهاتووە. واتە شەهیدان بوونە بنەڕەتیترین بەها، بوونە ڕەگی بوونی کۆمەڵگە. شەهیدانی ئێمە بوونە بنەمای مانەوەی گەلەکەمان و نەتەوەبوونمان. لەبەر ئەمە شەهید بۆ ئێمە هەموو شتێکە. لە ناو کۆمەڵگەدا کچ و کوڕانی کورد بۆ نەتەوەکەیان، خۆیان فیدا دەکەن؛ کاتێک پێویست بکات ئاگر لە جەستەی خۆیان بەردەدەن. ڕۆحێکی ئاوا فیداکار و بەهێز گەشەی سەند.

کاتێک کۆمەڵگە دەرکەوتنی قارەمانانە، وێرانکەرانە و فیداکارانەی ئاوای بینی، ئەمە جۆش و خرۆشی دروست کرد و کۆمەڵگەی ڕاپەڕاند. شۆڕشی زیندووبوونەوە ئاوا چێبوو. شۆڕشی زیندووبوونەوە نەتەوەبوونی لەگەڵ خۆیدا پێشخست و چەندین بەهای مانەوەی خوڵقاند. ئەمانە هەمووی بە خوێنی شەهیدان هاتە کایەوە. دیسان دەرکەوتنی قارەمانانی ژن، هەم بۆ تەواوی ژنانی جیهان و هەم بۆ کۆمەڵگەی کورد، دەستکەوتێکی مەزنە؛ پێشکوتنێکی زۆر گرنگ و مێژووییە. لە کوردستاندا بە دەرکەوتنی قارەمان و ئازایانی ژن، گەلی کورد ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتیی بەدەستهێنا. ئیرادەبوون لەسەر ئەم بنەمایە دروست بووە.

لە ڕۆژانی دواییدا ژمارەیەکی زۆر شەهید ڕاگەیەندران. لەگەڵ ئەمەشدا بەشداریی گەل لە یادکردنەوە و سەرەخۆشی شەهیداندا زۆر بوو و پشتگیرییەکی کۆمەڵایەتیی مەزن دروست بوو. پێویستە مرۆڤ ئەمە چۆن بخوێنێتەوە؟

وەک چۆن بنەماڵە هێژاکانمان دەڵێن؛ شەهیدانی ئێمە بوونی ئێمەن، بوونی ئێمەیان بنیاد ناوە. ڕەنج و بەرخودانی شەهیدانی ئێمە، بووە بنەمای ئەو پرۆسەی ئاشتی و سیاسەتە دیموکراتیکەی کە ئەمڕۆ هەیە. ئەم پرۆسەیە بە ڕەنج و بەرخودانی شەهیدە پاڵەوانەکان پێکهات. لە هەمان کاتدا شەهیدان بۆ کۆمەڵگەی کورد بوونە بنەما، گەلی کورد ئیتر دەتوانێت لەسەر ئەم بنچینەیە بە سەرکەوتوویی بەرەو پێشەوە بچێت. ئەم هاوڕێ بەڕێزانە و شەهیدە قارەمانانەی کە ڕاگەیەندراون، زۆربەیان دەناسین؛ پاکترین، دڵسۆزترین، فیداکارترین و ئازاترین گەنجانی کوردستان بوون. لەسەر بنەمای ئەخلاقی شۆڕشگێڕی گەورە ببوون. بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیان فیداکاری مەزن بوون، قارەمانی ئاوا بوون. بە ڕاستی لەم سەردەمەدا، ئەو بەرخودانەی ئەم هاوڕێ هێژایانە بەڕێوەیان برد، ئاوا بە چەند وشەیەک نایەتە زمان.

لەبەر ئەمە، ئەو بنەماڵانەی کە ئەم کچە قارەمان و کوڕە ئازایانەیان پەروەردە کردووە، هەمیشە دەتوانن پێیان سەربەرز بن. تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکان دەتوانن هەمیشە شانازی بەو قارەمانانەوە بکەن. چونکە فیداکارانی شۆڕشگێڕ، ئەم گەنجانەی کوردستان، بێ ئەوەی بۆ خۆیان چ شتێک بخوازن گیانی خۆیان فیدا کرد. تەواوی ژیانی خۆیان پێشکەش بە خزمەتی پاشەڕۆژی کۆمەڵگەکەیان کرد. داهاتووی خۆیان لەگەڵ داهاتووی کۆمەڵگەدا کردە یەک؛ بۆ داهاتووی کۆمەڵگە ژیان. لەبەر ئەمە ڕەنگە ژیانیان کورت بووبێت، بەڵام بەواتا بوو. ڕەنگە تەمەنێکی زۆر درێژ نەژیابن، بەڵام تێر ژیان، ڕەنجێکی مەزنیان دا و بەرخودانیان کرد. ئەمڕۆ ئەم بەرخودان و ڕەنجەی ئەوان، بۆ کۆمەڵگە و گەلی کورد بووەتە بنەمای بوون و سەرکەوتنی ئایندە. من بە کورتی دەتوانم ڕۆڵی شەهیدان لە ناو تێکۆشانماندا بەم شێوەیە بهێنمە زمان.

لە کۆمەڵگاکانی تردا، ڕاپەڕینە ئاپۆڕاییەکانی گەل یان بۆ ئامانجی ئابووری یان بە داواکاریی سیاسی پێکدێن، واتە ڕژانە خەڵکی شەقامەکان بەم هۆکارانەیە. بەڵام لە کوردستاندا بەم شێوەیە نییە. لە کوردستاندا لە قورسترین کاتدا، لە ساڵانی ١٩٩٠دا گەل ڕژانە گۆڕەپانەکان. بۆچی ڕژانە سەر شەقامەکان؟ بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە شەهیدان بکەن، هاتنە خوارەوە. تا ئەو کاتە دەوڵەتی تورک شەهیدانی ئێمەی دەشاردەوە، دەڕفاند، کەس نەیدەزانی لە کوێ دەیانشارنەوە. گەل بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە شەهیدانی خۆی بکات و بە ڕێوڕەسم بەڕێیان بکات، ڕژایە سەر شەقامەکان. دەوڵەت هێرشی کرد، شەهادەت چێبوو، بەڵام گەل دیسان پێداگری کرد. بۆ خاوەندارێتیکردن لە شەهیدەکانی خۆی پێداگیریی کرد. سۆسیۆلۆژیای کورد ئاوایە؛ بڕوایان هێنا کە گەریلا بۆ ئەوان شەهید دەبێت، بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی خۆی شەهید دەبێت، و ئەمەی وەک ئەرکی خۆی بینی و خاوەندارێتی لە شەهیدی خۆی کرد. بەم شێوەیە پێکهات.

ئەمڕۆش هەمان شت خۆی دەنوێنێتەوە. واتە کۆمەڵگەی کورد دەزانێت شەهید بە چ واتایەک دێت. بۆ دۆزی نەتەوەیی شەهید بوون، بۆیە خاوەندارێتییان لێ دەکەن. ئێستا ئەم ئاپۆڕایەی کە لە مەیدانەکاندا کۆدەبنەوە و دەچنە پرسەی شەهیدانمان، ڕاستیی کۆمەڵگەکەمان نیشان دەدات. کۆمەڵگەی ئێمە وڵاتپارێزە، بەستراوەتەوە بە شەهیدان و بەهاکانی خۆیەوە. ئەمە گوزارشت لە حەقیقەت دەکات. من لێرەوە سڵاو لە تەواوی ئەو کەسانە دەکەم کە بەشدارییان لە پرسە و یادکردنەوەی شەهیدە قارەمانەکانمان کردووە، ئەو کەسانەی گەیشتوونەتە وشیاریی وڵاتپارێزی و نەتەوەیی. بەم شێوەیە بەشداربوون لە یادکردنەوەکاندا زۆر بەهادارە. دەبێت تەواوی وڵاتپارێزان، ئەو کەسانەی دیموکراسی و ئازادییان دەوێت، خاوەندارێتی لە شەهیدانی خۆیان بکەن. ئەم شەهیدە پاڵەوانانە، ڕەنگە منداڵی بنەماڵەیەک بن، بەڵام ئەم شەهیدانە شەهیدی تەواوی کوردستانن.

ئەوان نەک شەهیدی بنەماڵەیەک، بەڵکو شەهیدی وڵاتێکن. لەبەر ئەمەش دەبێت هەر کەسێک بەو شێوەیە بجوڵێتەوە کە کچ یان کوڕی خۆی شەهید بووبێت. خۆی لە ناو ئێمەدا ئەمە ئاوایە. بۆ ئێمە ئەوان ڕۆڵەی بنەماڵەیەک یان شارێک نین، هی گەل و نەتەوەیەکن. دەبێت تەواوی وڵاتپارێزانی ئێمەش بەم شێوەیە نزیک ببنەوە. وەک چۆن خۆت گوتت، ئاوا نزیک دەبنەوە. بەڵام دەبێت لەمە بەدواش لە هەر کایەیەکدا، بە بەهێزی خاوەندارێتی لە بەهاکانی خۆیان بکەن، هەڵوێستێکی توندتر نیشان بدەن و لەم بابەتەدا چالاکتر بن. ئەمە گرنگ و بەهادارە. ئەمە نیشان دەدات کە ئێمە ئیتر کۆمەڵگە و نەتەوەیەکی یەکگرتووین. دەبێت ئێمە ئەم ڕاستییە نیشانی هەر کەسێک بدەین.

هەندێک شەهید درەنگ ڕاگەیەندران. لەم بارەیەوە و سەبارەت بە هۆکارەکەی دەتوانن چی بڵێن؟ هەروەها شەهیدی تریش هەن کە هێشتا ڕانەگەیەندراون. لە ناو گەلدا پەرۆشی و نیگەرانییەکی زۆر هەیە کە ئاخۆ منداڵەکانی ئەوانیش لە ناو ئەو شەهیدانەدا هەن یان نا. سەبارەت بەو شەهیدانەی کە هێشتا ڕانەگەیەندراون چی دەڵێن؟

ئێمە پێشتر لەسەر ئەم بابەتە هەندێک شتمان بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی ڕوونکردبووەوە. تەڤگەرەکەمان بەتایبەت لە دە ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی هێرشێکی پاکتاوکردن و لەناوبردن بووەوە. ئێمە لە ناو شەڕێکی زۆر قورسدا بووین. کاتێک شەڕەکە بەردەوام بوو، ئێمە ناچار بووین کۆمەڵەی پەیوەندییەکان (سیستەمی بێ تەل و گەیاندن) بۆ پاراستنی ئەمنییەتی هاوڕێیان ڕابگرین. لەبەر ئەمە، هەواڵی شەهادەتی زۆرێک لە هاوڕێیان زوو نەدەگەیشتە بڕیارگە و زانیارییەکان درەنگ دەهاتن. بەڵێ، دواتر زانیارییەکان دەگەیشتن، بەڵام شەڕ بەردەوام بوو و ڕۆژانە شەهادەتی نوێ ڕوویان دەدا. لەبەر ئەمە، دەرفەت نەبوو کە ئەو شەهادەتانەی پێشتر ڕوویان دابوو ڕابگەیەنین. بەڵام ئەمە لە ناو خۆماندا ڕوون ببووەوە؛ بۆ ئەم شەهیدانەی کە ئێستا یادیان دەکرێتەوە، ئێمە لە ناو خۆماندا چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆمان ئەنجامدا، بەڵام بۆ ڕای گشتی و بنەماڵەکان تەنها ئێستا دەرفەت ڕەخسا و بەم شێوەیە ڕاگەیەندرا. من هیوادارم گەلەکەمان و بەتایبەت بنەماڵە هێژاکانی شەهیدانمان لەم دۆخە تێبگەن و واتای پێ بدەن. من بڕوام وایە تێدەگەن، چونکە ئەو بارودۆخەی تەڤگەرەکەمانی تێدایە، ئاسایی نییە.

تەواوی تەکنەلۆژیای ئەم سەردەمە لە دژی ئێمە بەکاردەکرا. لە دژی ئەم تەکنەلۆژیایەش، بەرخودانێکی زۆر ئەفسانەیی و مێژوویی پێشکەش کرا، ئەمەش بە سایەی شەهیدە پاڵەوانەکانەوە بوو. من بڕوام وایە گەلەکەمان لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ئەم دۆخە کردووە و لێی تێدەگەن. لەم بابەتەدا کەمکوڕی هەن، بەڵام ئێمە ڕەخنە لە خۆمان دەگرین لەم ڕووەوە. لەوانەیە لە هەندێک شوێندا کەمکوڕی لە لایەن تەڤگەرەوە ڕووی دابێت، بەڵام وەک گوتم، هیوادارم بنەماڵە هێژاکانمان لەمە تێبگەن. ئێمە لەم قۆناغەدا تەواوی شەهیدانی خۆمان ڕادەگەیەنین و لەگەڵ ڕای گشتی و بنەماڵە هێژاکانماندا هاوبەشی دەکەین. لە باکووری کوردستاندا، ناسنامەی ٥٢٠ شەهیدمان ماوە کە ڕایبگەیەنین. لە پارچەکانی تری کوردستانیش شەهیدمان هەن، بەڵام ژمارەیان کەمترە. ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەفتە و مانگی داهاتوودا، تەواوی شەهیدەکان ئاشکرا بکەین. لەسەر ئەم بابەتە، کار و چالاکییەکانی ئێمە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە. لەبەر ئەمە لە داهاتوویەکی نزیکدا، تەواوی شەهیدانی شۆڕش لەگەڵ ڕای گشتی و بنەماڵە هێژاکاندا بەش دەکەین.

تێکۆشانێک زیاتر لە ٥٠ ساڵە بوونی هەیە. لەم ٥٠ ساڵەدا دەربارەی ژمارەی شەهیدان دەتوانن وردەکاری بخەنە ڕوو؟

بە ڕاستی، ٥٠ ساڵی ڕابردوو لە مێژووی گەلی ئێمەدا وەکو داستانێک ئەزموون کرا. بێگومان ئەم داستانە، بە بەرخۆدان و خوێنی شەهیدە قارەمانەکان ئافرێنرا. ئێمە زۆر شەهیدی زۆر هێژامان دا. ئێمە وەک تەڤگەری ئاپۆیی تەڤگەرێک نیین کە تێیدا کەسانی بەرپرس هەمیشە لە دواوە بمێننەوە و شەڕڤانەکان پێش بکەون. ئێمە فەرماندە و شەڕڤان هەمیشە پێكەوە مامەڵە دەکەین. ئێمە لەپێناو دۆزی ئازادیی ئەم گەلەدا خۆمان فیدا کرد. ئەمە تەڤگەرێکی فیداییە. ئێمە فیداییەکانی ئاپۆیین. بێگومان، لەپێناو بەرژەوەندیی ڕێکخستن و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا، دەبێت فەرماندە و پێشەنگەکان بپارێزرێن، بەڵام ئەمەش تا ئاستێکە. لە ئاستێک بە دواوە هەموو کەس تاکێکە و هەموو کەس فیداییە. لە زۆر گۆڕەپاندا بەو شێوەیە بووە. لەبەر ئەمە لە تێکۆشانی ئێمەدا، پێشەنگایەتییەکی وا بێوێنە بەڕێوە براوە. زۆرێک لە هەڤاڵانی فەرماندەمان گۆڕەپانەکانیان بەر هێرشەکان کەوتن و بەو شێوەیە شەهید بوون. هیچ کەسێک هەنگاوی بۆ دواوە نەناوە. تاوەکو هەناسەی کۆتایی بەرخۆدانیان کردووە. ئەمە تەڤگەرێکی بەو شێوەیەیە. من لەم بابەتەدا ڕاپۆرتێکیش پێشکەش بە گەلی خۆم دەکەم. زۆرینەی ئەو شەهیدانەی تا ئێستا دراون، کادر و پێشەنگن.

ئاماری کۆی شەهیدانی تەڤگەری ئازادی؛ چەندێتی و چییەتی

لە ئەم هەڤاڵانە، ٩٩ هەڤاڵ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە بوون. هەندێکیان لەم کۆمیتەیەدا لە کۆمیتەی بەڕێوەبەرییدا بوون، ئەوانەی تریش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتەکەمان بوون. لە هەمان کاتدا فەرماندەی گۆڕەپان و ئەیالەت بوون. بە تایبەتی شەهیدە پێشەنگەکەمان، حەقی کارەر هەیە. ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە هەڤاڵ حەقی کارەر دەڵێت، "ئەو ڕۆحی شاراوەی من بوو." یاریدەدەر (جێگر)ـی ڕێبەر ئاپۆ بوو. لە کۆتا شەهیدەکانماندا پێشەنگ هەڤاڵ عەلی حەیدەر قەیتان هەیە، هەڤاڵی سەرەتایی ڕێبەر ئاپۆ بوو. وەکو عەقڵ، فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ بوو. تەڤگەری ئێمە لەم تێکۆشانەدا بەو شێوەیە مامەڵەی کردووە. لە نێوان ئەم دوو شەهیدە گەورەیەی ئێمەدا، زۆر هەڤاڵی بەڕێز هەن. هەڤاڵ ڕەزا ئاڵتون، هەڤاڵ ساکینە جانسیز، دامەزرێنەرانی پارتەکە بوون. دیسان لە ناو دامەزرێنەرانی پارتەکەدا، کەمال پیر، خەیری دورموش، مەزڵووم دۆغان، فەرهاد کورتای هەبوون. هەم لە دامەزرێنەران و هەم لە فەرماندە گشتییەکان، هەڤاڵ عەگید (مەعسوم کۆرکماز)، نوردەین سۆفی، دەلال ئامەد هەن. ئەم ئەرکەی فەرماندەیی ناوەندییان خستە ئەستۆی خۆیان. واتە ئێمە تەڤگەرێکی لەو شێوەیەیین.

لەوانەیە ئێمە بۆ یەکەم جار شەهیدەکانی خۆمان بە کۆمەڵ ڕاگەیاند بێت. شەهیدە سەرەتاییەکانی ئێمە لە ساڵی ١٩٧٦دا بوون. لە ساڵی ١٩٧٦ـەوە تاوەکو ١٩٨٣، بەتەواوەتی ١٧٣ شەهیدمان هەن. لە ١٩٨٤ـەوە تاوەکو  ٢٠٠٠، بە تەواوەتی سیازدە هەزار و ٧٧٨ شەهیدمان هەیە. لە ٢٠٠١ـەوە تاوەکو ٢٠٢٦بە تەواوەتی ٧ هەزار ٩٤٩ شەهیدمان هەن. لە ٢٠١٥ـەوە تاوەکو ٢٠٢٦، شەهیدانی ڕێکخستن- یەکینەکانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) ٧٦٠ شەهیدە. ئەمانە گشت شەهیدانی باکووری کوردستانن. دیسانەوە وەک دەزانرێت، دژ بە داعش دەستوەردانی ئێمە هەبوو. لە سەرووی هەموویانەوە، لەسەر شەنگال، کۆبانێ، ڕۆژئاوا. وەک دەزانرێت لە کەرکووکیش و مەخمووریش دەستوەردان هەبوون، بەڵام ئێمە ئەمانەمان لەسەر باکوور هەژمار نەکرد. لێ لە شەڕی دژ بە داعشدا، لە کۆبانێ، ڕۆژئاوا و شەنگال، ٣ هەزار و ٢٦٢ شەهیدمان هەن. شەهیدانی ئێمە لە ماوەی ٥٠ ساڵدا واتە لە ١٩٧٦ـەوە تاوەکو ٢٠٢٦ بە تەواوەتی ٢٥ هەزار و ٩٢٢ شەهیدە.

بەو شەهیدانەوە کە تۆمارنەکراون ٢٧ هەزار شەهید دراوە

هەندێکیش هەیە تۆمار نەکراون. بە تایبەت لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ و ٢٠٠٠دا، هەندێک لە هەڤاڵانمان هەن کە تۆمار نەکراون. ئێمە لەو باوەڕەداین نزیکەی ١٠٠٠ هەڤاڵن. لەوانەیە لە هەزار زیاتریش بن. کاتێک ئێمە ئەوانەش هەژمار دەکەین، کۆی گشتیی شەهیدانی ئێمە نزیکەی ٢٧ هەزارن. بێگومان شەهیدی مەدەنیشمان هەیە. بەداخەوە ئێمە هێشتا ژمارەی شەهیدە مەدەنییەکانمان بە روونی دیاری نەکردووە، بەڵام لە نێوان پێنج هەزار و ١٠ هەزاردایە. لە داهاتوودا، ئێمە بە هاوکاریی دامەزراوەکان ژمارەی شەهیدە مەدەنییەکانی کوردستان و باکووریش ڕوون دەکەینەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەمە ئەو زانیاریانەیە کە لەبارەی شەهیدانمانەوە دەیخەمەڕوو.

زۆرینەی ڕووفات و تەرمی شەهیدەکانمان کە لەم دواییانەدا ڕاگەیەندراون، لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە

تەڤگەری ئازادی لە تێکۆشانی خۆیدا کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە، ئەو شەهیدانەی کە داویەتی بێگومان ڕاستیی شەڕن، بەڵام تەرمی ئەو گەریلاکانەی کە شەهید بوون، زۆر بە کەمی دەدرێتەوە خێزانەکانیان. زۆر شەهید هەن کە شوێنەکەشیان نەزانراوە. داواکاریی خێزانەکان بۆ گەیشتن بە تەرمەکان زۆرن. لەم بابەتەدا ئێوە دەتوانن چی بڵێن؟

ئەمەش بۆ ئێمە بابەتێکی گرنگە. وەک دەزانرێت لە سەردەمی کۆمارەوە تاوەکو ئێستا، لەبەر ئەوەی دەیانەوێت کۆمەڵگەی کورد لەناو ببەن، قارەمانەکان لە یاد بکەن، ئەوانەی یاد دەکرێنەوە، ئامانجیان ئەوە بوو کە یادەوەریمان لەناو ببەن. واتە دەیانەوێت ئێمە مێژووخۆمان لەدەست بدەین. لەبەر ئەمەش، لە سەرەتایەوە تاوەکو ئێستا، دیار نییە کە گۆڕی ئەو شەهیدانەی ئێمە کە لە راپەڕینەکانی کوردستاندا شەهید بوون، لە کوێن. دیار نییە کە گۆڕی شێخ سەعید، سەید ڕەزا، شەهیدانی دۆڵی زیلان و بەرخۆدانی ئاگری لە کوێیە. ئەوانەی ئێمەش تا ساڵی ١٩٩٠ قەدەغە بوون. بۆ نمونە، هێشتا دیار نییە کە تەرمی هەڤاڵ عەگید (مەعسوم کۆرکماز) لە کوێیە. گۆڕی گشت ئەو هەڤاڵانەی ئەو سەردەمە دیار نییە. تا ساڵی ٢٠٠٠یش زۆرینەی بەو شێوەیەیە. وەک دەزانرێت، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥دا ئاگربەست هەبوو. ئێمە لەو کاتەدا، لە باکوور، دیسان لە باشوور زۆر گۆڕستانی شەهیدانمان درووست کرد. ئێمە ڕووفارتی شەهیدەکانمان کۆکردەوە.

کاتێک شەڕ دەستی پێ کرد، گۆڕستانەکانیشمان کرانە ئامانج. ئەم بابەتە دەزانرێت، ڕای گشتی و هەموو کەس دەزانێت. تەنانەت لە گارزان ئێسک و ڕووفاتی شەهیدەکانمانیان دەرهێنا، بردیان بۆ کلیۆسی ئەستەنبوڵ. واتە دەیانەوێت مێژوو ون بکەن، ئێمە بێ‌مێژوو بهێڵنەوە، بەڵام ئێستاش پرۆسەی ئاشتی هەیە، سەردەمێکی نوێیە. ئەگەر لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتدا، لە نێوان تورک و عەرەبەکاندا، ئاشتی درووست ببێت، ئەوکات دەبێت داهاتوی هیچ کەسێک قەدەغە نەکرێت. لەبەر ئەمەش ئێمە دەمانەوێت هەموو شەهیدەکانمان کۆبکەینەوە. واتە لە شێخ سەعید، سەید ڕەزا، بە دۆڵی زیلانەشەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا، ئەم بابەتە چارەسەر ببێت. شەهیدەکانمان، بە تایبەت لە ٢٠٠٠ـەوە تا ئێستا زۆرینەیان دەزانن، لەبەر ئەوە دەبێت هەموویان کۆبکەینەوە. خێزانی ئەو شەهیدانەی کە شەهید بوونیان ڕاگەیەندرا، با دلنیا بن کە تەرمی زۆرینەیان لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە.

ئێمە گرنگی بەم بابەتە دەدەین. ئێمە ئێستا دەستپێکردووە، دەمانەوێت هەموویان لە گۆڕستانەکاندا کۆبکەینەوە. ئێمە لەسەر ئەم بابەتە دەوەستین. واتە ئێمە ناهێڵین هیچ شەهیدێکی ئێمە ون ببێت. تا لە دەستمان بێت، هاوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە دەزانن. دەیانەوێت هەموو شەهیدەکانمان کۆ بکەینەوە. ئەم شەهیدانە بەها و مێژووی ئەم گەلەن. دەبێت ببنە موڵکی کۆمەڵگە و ون نەکرێن. دەبێت هەرگیز لەبیر نەکرێن. دەبێت ئێمە بەم شێوەیە خاوەندارەتی لە شەهیدەکانمان بکەین. دەبێت ئێمە وەک گەل خاوەندارێتی لێ بکەین. ئێمە هاوڕێی ئەم هەڤاڵانەین؛ ئێمە لەپێناو ئەواندا دەژین. واتای ژیانی ئێمە، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیانە. لەبەر ئەمەش، بێگومان پێش هەموو شتێک دەبێت تەرمی هەڤاڵانمان بپارێزین و بیانکەینە موڵکی خۆمان.

داواکاری بۆ ڕاگەیاندنی ماتەمینی نەتەوەیی هەیە. سەبارەت بەم داواکارییە چی دەڵێن؟

لە ئێستادا گەل و بنەماڵە هێژاکانمان لە یادکردنەوەی ڕۆڵەکانیاندان، بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەمە تەنها یادکردنەوەیەکی پرسەگێڕانە نییە. یادکردنەوە ئەنجام دەدەین، بەڵام یادکردنەوەکەی ئێمە جیاوازە. ئێمە هەرگیز شەهیدەکانی خۆمان وەکو ونبوو نابینین. ڕێبەر ئاپۆ هەرگیز شەهیدى وەکو ونبوو هەڵنەسەنگاندووە. مرۆڤ دەبێت وەکو پێشکەوتن و ژیانەوەیەک سەیری بکات. چۆن؟ واتە هەر گەلێک بۆ ڕێگەی ئازادیی خۆی بۆ هەریەک لە جۆرەکانی فیداکاری ئامادە بێت، ئەمە بانگەشە و ئیرادەیەکی گەورەیە. ئەمە مانای ئەوەیە کە دەتوانێت سەرکەوتوو ببێت. ئەگەر گەلی کورد دەتوانێت منداڵەکانی خۆی بۆ شەهید بوون ئامادە بکات، ئەمە پێشکەوتنێکە. لە لایەنی نەتەوەییەوە هەڵوێستێکی گرنگە. لەبەر ئەوە مەراسیمێکی کلاسیک نییە کە یەکێک مردووە و سەرەخۆشیی دەکەن. ئەمانە عەگیدی سەردەم و گەلن. لەپێناو بونیاتنانی داهاتووی گەلی خۆیاندا، لەپێناو ئازادیی گەلانی خۆیاندا، خۆیان فیدا کردووە.

دەبێت لەم چوارچێوەیەدا نزیک ببینەوە. کاتێک مرۆڤ لەم چوارچێوەیەدا نزیک دەبێتەوە، هەڵەیە کە مرۆڤ ئەمە وەکو ماتەمینی نەتەوەیی ببینێت. لە بری ئەوە، دەبێت مرۆڤ خاوەندارێتی لێ بکات، یادی بکاتەوە، تێکۆشان گەورە بکات و وەکو هەنگاوێکی تێکۆشان ببینێت. وەکو ئەوەی پێشتر گوتم، لە مێژووی ئێمەدا هەر قۆناغێکی شەهید دانی گەورە بووە بنەمای دەرکەوتنی گەورە و هەنگاوی بەهێز. دەبێت ئێمە شەهیدەکان بەو شێوەیە هەڵسەنگێنین. واتە دەبێت شەهیدەکانمان بە جەماوەری و پێکەوە یاد بکەینەوە. با ئێمە شەهیدەکانمان لەم سەردەمەدا بکەینە بنەمای هەنگاوێکی نوێ، هەنگاوی خاوەندارێتیکردن، خاوەندارێتیکردنی بەهاکانمان، هەنگاوی گەورەکردنی تێکۆشانی ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند و هەنگاوی خاوەندارێتیکردنی پرۆسەی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیک. ئەم شەهیدانە لەپێناو سەرکەوتنی گەلی ئێمەدا خۆیان فیدا کرد، دەبێت ئێمە شوێنیان بکەوین و ئەم دۆزە گەورەتر بکەین.

بۆ نمونە، دەبێت وەکو هەنگاوی ڕێکخستنبوونی کۆمۆنەکان سەیری بکەین. با ئێمە کۆمۆنە دیموکراتیکەکان بونیات بنێین و بنەمای ئەمە درووست بکەین. واتە دەبێت بە جەماوەری یادکردنەوەی ئەم شەهیدە قارەمانانە، لە هەموو شوێنێکدا ڕێکخستنی کۆمۆنە دیموکراتیکەکان، ببێتە بنەمای هەنگاوی ڕێکخستنبوون. شەهیدەکانمان نەدەیانویست کە ئێمە لەدوای ئەوانەوە بگرین، بێ‌مۆڕاڵ بین. چاوەڕوانی ئەوەن شوێنپێیان هەڵگرین و بە شێوەیەکی بەهێز بڕۆین. دەبێت ئێمە حەسرەت و خەونەکانی شەهیدان بەدی بێنین، ئەو شتەی ئەوان دەیانویست تا لە دەستمان بێت بەدیبهێنین، بنەمای هەنگاوی ڕێکخستنبوون و خاوەندارێتیکردنی پرۆسەکە بونیات بنێین.

هەندێک بازنەی دابڕاو لە کۆمەڵگە و دژی تەڤگەری ئازادی، لەسەر ڕاگەیاندنی شەهیدان و دیدارەکانی ئیمراڵی دەیانەوێت چەواشەکاری درووست بکەن. لە بەرانبەریاندا دەبێت چ هەڵوێستێک بگیرێتە بەر؟

وەک دەزانرێت لە تورکیا هەندێک لایەن هەن کە دژ بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەردەکەون. ئەمە هەم دەیانەوێت لە کۆمەڵگەدا کاریگەری درووست بکەن، هەم لە دەوڵەتدا باڵیان هەیە. دەیانەوێت پرۆسەکە تێک بدەن. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی بە پێویستی نابینن کە ئاشتی لەگەڵ کورددا بکرێت. دەیانەوێت کۆمەڵگەی کورد لەناو ببەن، بێ‌ئیرادە بیهێڵنەوە. ئەو شتەی دەیانەوێت ئەوەیە. واتە لایەنگری شەڕن. زۆرینەی ئەمانە لە شەڕدا ڕانتخۆ و قازانج ویستن. ئەمڕۆ لە ژێر ناوی "ئێمە شەڕ دەکەین"دا، لە زۆر بواری دەوڵەتدان و لە قازانخوازیدان. ئێستا ئەگەر ئەم قازانجە لە دەستیان بچێت، قیامەت بەرپا دەکەن. لە تورکیادا هێشتا ڕووی لەو شێوەیە هەن و هەوڵی خراپەکارییان لە ئاردایە.

دەیانەوێت پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەی کورد و تورک تێک بدەن. دەیانەوێت لە بری خوشک-برایەتی، دوژمنایەتی درووست بکەن، ئەم مرۆڤانە کەسانێکی بەو شێوەیەن. لە لایەنی کورديشەوە کەسانێک هەن کە نایانەوێت پرۆسەکە سەرکەوتوو ببێت و پێش بکەوێت. بێگومان ئەمەش شتێکە دژی بوون و ئیرادەیبوونی کوردە. ئەم لایەنە کوردییە هەندێکیان لە ناوی ئێمەدا هەڵاتوون و خۆیان هاویشتووەتە باوەشی هەندێک لایەنی ترەوە. یان هەندێکیان لە کۆنەوە بەرانبەر شۆڕش، پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ خاوەن کاردانەوەن، بەڵام لە کۆمەڵگەدا دەیشارنەوە، وەکو ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی باشن، بەڵام لە کاتە سەختەکاندا نە لە زیندانەکان و نە لە چیاکاندا بەرخۆدانیان نەکردووە؛ هەڵاتوون بۆ ئەورووپا، ڕوو لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و دوژمنایەتی دەکەن. تۆ بۆ ئەم گەلە تەنانەت ڕۆژێکیش خزمەتت نەکردووە. مرۆڤەکان بە ئاشکرا گیانی خۆیان دەدەن. تۆ بۆچی دژی ئەمەی؟ چیت دەوێت؟

دیارە کە هەندێکیان بە کەناڵە دژبەرەکانی لایەنی تورکیاوە بەستراونەتەوە. هەندێکیان لە پشتەوەی کەسانی دیکەن، بەگوێرەی ئەوان هەڵسوکەوت دەکەن. واتە سەربەخۆ نین. دەبێت گەلی ئێمە گوێ نەداتە ئەم جۆرە قسەوقسەڵۆکانە. ئێستا هەندێک لە ژێر ناوی تێبینییەکانی دیدارەکانی ئیمراڵیدا دەیانەوێت چەواشەکاری درووست بکەن، تێکدان بکەن و ئەمانە بڵاو بکەنەوە. بۆچی؟ بۆ ئاژاوەگێڕی و تێکدانە، ئامانجیان ئەوەیە. ئەمە ئامانجێکی ئاسایی نییە، ئەمە دوژمنایەتییە. هەوڵی لەو شێوەیە دژ بە تەڤگەری ئێمە و ڕێبەر ئاپۆ دەدەن. ڕێبەر ئاپۆ لەم بابەتەدا لێدوانی دا. دەبێت گەلی ئێمە و ڕای گشتی بەرانبەر بەم کەسانە هۆشیار بن. ئەمانە لە ناکاو دەرنەکەوتوون، وەک ئەوەی ئێوەش دەیڵێن، کەسانێکی پەراوێزخراو و دابڕا و دەرکراون، ئامانجیان تێکدان و ئاژاوەگێڕییە. بۆ ئەمە دەبێت لە بەرانبەریاندا هۆشیاری هەبێت.

ڕێبەر ئاپۆ چەندین ساڵە تێکۆشان بەڕێوە دەبات. ئێمە وەکو تەڤگەر لە ژێر بارێکی قورسداین. ئێمە تێکۆشانێکی داستان ئاسمان بەڕێوەبرد. ئێستا دەیانەوێت ئاستێک بونیات بنێین. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، "دەمەوێت پێگەیەک بۆ کورد سەرپێ بخەم." بەڵام کەسانێک کە هەڵاتوون بۆ ئەورووپا و خۆیان خستووەتە ژێر باوەشی هەواڵگریی بیانییەکان، هەمیشە دژ بە تەڤگەر دەردەکەون، شتی تێکدەران دەکەن، چییە؟ ئاشکرایە کە ئامانجیان تەنها تێکدانە. بێ‌ڕێزییە بەرانبەر بەم گەلە، شتێکی تر نییە. ئاستێک درووست بووە، هەموو ڕاپەڕینەکانی کورد بە لەسێدارەدان کۆتاییان هاتبوو. لەبەر ئەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، "ئێمە لە سێدارەوە هاتینەتە سەر مێزەی دیالۆگ." کاتێک ئەنجامێکی لەو شێوەیە دەردەکەوێت، ئەمانە ڕەشی دەکەنەوە و نیگەران دەبن. لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت گوێ نەدەنە ئەمانە. هەرچۆنێک بێت ئێمە نامانەوێت وەڵامی ئەمانە بدەینەوە، مرۆڤگەلێکی بەتاڵ و پوچن. لێ ئێوە پرسیارتان کرد و دیارە کە ئەمانە دەیانەوێت چەواشە و ئاژاوەگێڕی درووست بکەن. لەبەر ئەوە ئێمە لە گەلی خۆمان و هەموو کەسە وڵاتپارێز، دیموکراتەکان داوا دەکەین کە گوێ لەو چەواشەکارانە نەگرن.

لەم بە دواوە دەبێت چ جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان بەڕێوە بچێت؟ ئەم یەکگرتنە کۆمەڵایەتییە و یەکێتییە، دەبێت بە چ جۆرە ڕێکخستنبوونێک درێژەی پێ بدرێت؟

لە سەرەتادا دەمەوێت سڵاو و سوپاسی خۆم پێشکەش بە دامەزراوەی کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان مەبیا-دەر و سەرجەم هاوسەرۆکانی مەبیا-دەری هەرێمەکان بکەم. بە ڕاستی لەم کاتەدا، بە تایبەت لەم یادکردنەوە فراوانانەدا، ڕەنجێکی گەورەیان دا. هەڤاڵانمان کە لەم بابەتەدا پەیوەندیدارن، کار دەکەن، بەڵام ئێمە قورسایی دەخەینە سەر شانشان. بە ڕاستییش دیارە کە ڕێکخستنی ئەم مەراسیمە یادکردنەوانە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و بێ کەموکوڕی، بەهۆی ڕەنجی هاوسەرۆکانی مەبیا-دەر و بەڕێوەبەرییەکەیەتی. بە ڕاستی ئەمە جێگەی پیرۆزباییە، ڕەنجێکی گەورەیە. ڕاستە، ئەرکی ئەوان، ئەرکی ئێمەیە، بەڵام بە ڕاستییش ئەوان خزمەتێکی گەورە دەکەن. ئێستا بنەماڵەی شەهیدان بنەماڵەی ئێمەن؛ واتە هەموو بنەماڵەی شەهیدان بنەماڵەی ئەم تەڤگەرەن. بنەماڵە بەهایە. و ئەرکی ئێمەی بنەماڵەی ئێوە ئەوەیە کە ئامانجەکانی شەهیدان بەدی بهێنین؛ واتە لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ شوێنکەوتنی ڕێگەی شەهیدان و بەڕێوەبردنی تێکۆشان بین.

ئێمە قەرزاری شەهیدە قارەمانەکانمانین. چۆن قەرزاریی خۆمان بدەینەوە؟ ئێمە دۆزەکەیان دەگەیەنینە سەرکەوتن، بەم شێوەیە ئەوان نەمر دەکەین. درووشمی "شەهید نامرن" تەنها درووشمێکی هەستیاری نییە. ڕەنگە لایەنێکی هەستیاری هەبێت، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەستیاری نییە، گوزارشت لە حەقیقەتێک دەکات. لە تێکۆشانی ئێمەدا شەهیدان سەرچاوەی هێزن. شەهیدان پێشەنگەکانی ئێمەن، ڕێنیشاندەرانمانن. بوون بە هۆکار ئەوەی ئێمە بێینە لای یەکدی و لە لای یەکدی بوەستین. واتە بە شەهید بوونیان پەیامێکیان دا بە ئێمە، فەرمانێکیان دا بە ئێمە و بەم شێوەیە بەڕێوەی دەبەن. لەبەر ئەم هۆکارە ئەوان هێزن و نەمرن، بە ڕاستییش نەمرن. ڕاستە، ڕەنگە بە شێوەی جەستەیی لە لای ئێمە نەبن، بەڵام ئەو هێزەی کە درووستیان کردووە، تەڤگەرەکەمان بەڕێوە دەبات و لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا لە سەر پێ ڕایدەگرێت. ڕێبەر ئاپۆ لە بارەی ئەم بابەتەوە دەڵێت، "مردن بۆ ئامانجێکی گەورە و پیرۆز، نەمر کردنە؛ ژیانی هەمیشەیییە" شەهیدانی ئێمەش هەر وان، هەمیشە زیندوو دەبن؛ لەبەر ئەوەی ئەوان هێزن.

هەموو بەهاکان لەلایەن ئەوانەوە درووست کران. ئەوان بوونە هۆکار ئەوەی ئەم تەڤگەرە بگاتە ئەم ئاستە و ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیە بەڕێوە ببرێت. بوونە هۆکار ئەوەی ئەم گەلە لە سەرانسەری جیهاندا ببێتە گەلێکی سەربەرز. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا گەلی کورد، گەلی کوردستان، ژنانی کوردستان و گەنجانی کوردستان دەتوانن بە شەهیدانی خۆیان سەربەرز بن. گەلی کورد بۆ جیهان بووەتە نمونە، ئەو هەڵوێستەی نیشان دراوە نمونەیە. هەموو ئەمانە لە سایەی ئەم شەهیدانە بەدیهاتن. لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت ئێمە درێژە بە دۆزی شەهیدان بدەین. دەبێت هەموو بنەماڵەکان خۆیان بە بەرپرسیار ببینن. واتە دەبێت ئەوانیش خۆیان لە بابەتی پاراستنی بەهاکانی ئەم تەڤگەرە، ئەو بەهایانەی شەهیدە قارەمانەکان درووستیان کردووە، بە بەرپرسیار بزانن. بۆ ئەم مەبەستە پێویست نییە کە ئەركدار بكرێن؛ خۆ پێشتر ئەركدارن. بنەماڵەی شەهیدن. گەیشتوونەتە ئەم ئاستە. ئەمەش بەشدار بوونێکە. شێوازێکە لە بەشدار بوون. دەبێت بە ئیرادەی خۆیان لە بابەتی پاراستنی ئەم تەڤگەرەدا خۆیان بە بەرپرسیار ببینن. واتە ئێمە هەموومان بەشداری ئەم تەڤگەرە بووین؛ ئەم تەڤگەرە، تەڤگەری شەهیدانە. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دەیگوت: "پەکەکە پارتی شەهیدانە" مەبەستی ئەمە بوو.

خاوەنەکانی ئەم تەڤگەرە شەهیدانن. ئەرکی ئێمە خزمەتکردنە بە ئەوان و خزمەتکردنە بە دۆزەکەیان. وەک هاوڕێکانیان، لە لای ئێمە بە سەدان هەڤاڵ شەهید بوون، ئەرکی ئێمە ئەوەیە که دۆزەکەیان بگەیەنینە سەرکەوتن. ئەرکی ئێمە ئەمەیە. ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵەی شەهیدانیش. ڕاستە، بنەماڵەکان دەتوانن بڵێن کە "ئێمە میلیتانین"، بەڵام ئیدی لە ناو ئەم دۆزەدا جێگەی خۆیشیان هەیە. لەگەڵ دەرفەت و هێزی خۆیاندا دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە نزیک ببنەوە و خۆیان ڕێک بخەن پێش هەموو شتێک. بۆ نمونە پێش هەموو شتێک هەموو بنەماڵەی شەهیدان دەتوانن دامەزراوەکانی خۆیان زیاتر بە هێز بکەن.

دەتوانن زیاتر خاوەندارێتی لە یەکدی بکەن. لە بابەتی پێشخستنی تێکۆشانی شەهیدان ڕۆل و ئەرکێکی بەم شێوەیە بگرنە ئەستۆ. ڕەنگە هەندێک بە نەزانی بکەونە ناو نزیکایەتییە هەڵەکانەوە. لەم بابەتەدا دەبێت هیچ کەس نەکەوێتە ناو نزیکایەتییەکی هەڵەوە. ئەرکی هەموومان ئەوەیە کە خزمەت بە دۆزی شەهیدان بکەین. ئەمە جێبەجێکردنی دۆزی شەهیدانە. دەبێت ئێمە ئەوان بەم شێوەیە نەمر بکەین و دەربازی ناو مێژوویان بکەین. لەم بابەتەدا بنەماڵەی شەهیدان ڕەنجێکی گەورەیان نیشان داوە. ڕەنجدەرن و دەبێت زیاتر خۆیان ڕێک بخەن. دەبێت زیاتر بە بەرپرسیارێتییەوە نزیک ببنەوە، لە پێشخستنی کارەکانی وڵاتپارێزی و شۆڕشدا ببنە خاوەن ڕۆل و ئەرک.

بۆ شایستەبوون بە شەهیدان، چی ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی گەل؟

 شەهیدان بەهاکانی گەلن. پێش هەموو شتێک دەبێت هەموو وڵاتپارێزێک لە بەرانبەر حەقیقەتی شەهیدان ئەکەری خۆی بزانێت. شەهید لە هەر بنەماڵەک دەبێت با بێت، دەبێت هەموو وڵاتپارێزێک وەک بەهای خۆی ببینێت. لە هەمووشی گرنگتر فراوانکردنی تێکۆشانیانە. شەهیدانی ئێمە تا ئێستا بنەمای زۆر بەهێزیان درووست کرد. لەگەڵ بەرخۆدانیاندا هەم ستراتیژییان درووست کرد، هەمیش سەرۆکایەتیی ستراتیژی هەمیشەییان کرد. سەرۆکایەتیی ستراتیژی، ستراتیژی ئازادیی ئەم گەلە پێش دەخات، عەقڵی کورد بەدی دەهێنێت. دەبێتە هۆکار ئەوەی هێڵێک درووست بێت. شەهیدیش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەمە. واتە بەهاکانی داهاتوومانن و ئێمە وەک نەتەوە لە دەوری کۆدەبینەوە. ئێمە لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ، بە دوای شوێنپێی شەهیدان دەڕۆین و ئیدی بەرەو ئازادی و دیموکراسی دەڕۆین. بنەمای ئەمە بونیات نرا.

بە تایبەتی ژنان و گەنجان وەک پێشەنگەکانی کۆمەڵگە دەبێت زیاتر خاوەندارێتی لە شەهیدان و هێڵی شەهیدان بکەن. پەیوەست بەمە ڕێکخستنبوون بەهێز بکەن. وەک ئەوەی ئاماژەمان پێ دا، دەبێت ڕێکخستنبوونی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە هەموو شوێنێک پەرەی پێ بدرێت. واتە با کۆمەڵگە ڕێک بخەین، بیکەین بە ئیرادە و هێز. ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە سەر شانمان ئەمەیە. واتە دەبێت ئێمە شەهیدان بە زیندویی ڕابگرین. باشە ئێمە چۆن بە زیندویی ڕایانبگرین؟ ئێمە دۆزەکەیان پێش دەخەین. هێڵەکەیان بەهێز دەکەین. ئێمە لەسەر هێڵەکەیان تێکۆشان مەزن دەکەین. کۆمەڵگە ڕێک دەخەین. کۆمەڵگە بە ئیرادە دەکەین. دەبێت هەموو کەسێک خۆی بەم شێوەیە بەرپرسیار ببینێت و بەم نزیکایەتییە شایستەبوونی خۆمان بۆ شەهیدان نیشان بدەین. ئەم شەهیدانە بێ داواکردنی هیچ بەرژەوەندییەک بۆ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و گەلی خۆیان، خۆیان فیدا کرد. تێکۆشانێکی بەم شێوەیەیان بەڕێوە برد، بەڵام لە دواوەی خۆیان بەهایەک و بنەمایەکی بەهێزیان درووست کرد.

دەبێت گەنجانی ئەمڕۆ و هەموو وڵاتپارێزێک ئەم بەهایانە بزانن. لەسەر ئەم بەها درووستکراوانە ئیدی دەبێت ئازادی مسۆگەر بکرێت. واتە تێکۆشانی بوون تەواو بووە؛ ئیدی دەبێت تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گەورە بکرێت و بە شێوەیەکی بەهێزتر خاوەندارێتی لە ئاڵای شەهیدان بکەن. خاوەندارێتیکردن لە شەهیدان، لە ڕاستیدا بە مانای خاوەندارێتیکردن لە خۆیە. بە مانای خاوەندارێتیکردن لە دۆزەکەمانە. بەم شێوەیە بە مانای خاوەندارێتیکردن لە داهاتوومانە. دەبێت بابەتەکە بەم شێوەیە ببینرێت و ئێمە نزیکایەتییەکی بەم شێوەیە نیشان بدەین.

لە کۆتاییدا وەک تەڤگەر، لەو پرۆسەیەی کە لە ئێستا و لەم بە دواوە دەست پێ دەکات، سەبارەت بە خاوەندارێتیکردن لە یادەوەریی شەهیدان و گەیاندنی ئامانجەکانیان بە سەرکەوتن، چی دەکەن؟ 

وەک دەزانرێت ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویی، گرنگ و یەکلاکەرەوەداین. دەمانەوێت ڕێبازى تێكۆشانمان بگۆڕین. ئێمە لە قۆناغی شەڕی چەکدارییەوە دەپەڕینەوە بۆ قۆناغی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لە ئێستادا ئێمە بە سەردەمێکی وەها گرنگدا تێپەڕ دەبین. لەم سەردەمەدا دەبێت هەموو کەس هۆشیار و ئاگادار بێت. ئەوە ٥٣ ساڵە ئێمە تێدەکۆشین. ٤١ ساڵ شەڕی چەکداریمان بەڕێوە برد. لە ناو ئەم ٤١ ساڵەدا ئاگربەست درووست بوون؛ تەواوی ئەم ئاگربەستانە ١١ ساڵن. واتە ٣٠ ساڵ شەڕ بەڕێوە برا. شەڕێکی زۆر قورس و ئەستەم بەڕێوە برا. تەواوی ئەم شەڕانە لەگەڵ ڕەنج و خوێنی شەهیدان بەڕێوە بردران. لەگەڵ ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر پێ وەستاوە و پەرەی پێ درا. ڕۆژی ئەمڕۆ ئەرکی سەر شانمان ئەوەیە کە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەوە ئەنجام بدەین و بیگەیەنینە سەرکەوتن.

ئێمە واز لە ستراتیژی شەڕی چەکداری دێنین، بەڵام دەستبەرداری تێکۆشان نەبووین. پێچەوانەکەی، لە قۆناغی نوێدا تێکۆشانێکی فراوانتر و مەزنتر پێویستە. واتە ئێمە دەچینە ناو قۆناغێکی نوێوە. لەم قۆناغە نوێیەدا فیداکاریی نوێ، ڕاستیی نوێ، ڕەنج و تێکۆشانی نوێ پێویستن. هەروەها ڕەنگە سەختییەکانیشی زیاتر بن. واتە ئێمە لە قۆناغێکەوە دەپەڕینەوە بۆ قۆناغێکی تر. دەبێت ئەم بنەمایەی کە بە خوێنی شەهیدان بونیات نراوە، بکەینە بنەمای سەرکەوتنی قۆناغی نوێ. لە قۆناغی نوێدا واتە لە قۆناغی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیکدا سەر بکەوین. بۆچی ڕێبەر ئاپۆ ئەم گۆڕانکارییەی هێنایە ڕۆژەڤەوە؟ لەبەر ئەوەی باوەڕی بەمە هەیە؛ ئێمەش لێکۆڵینەوە دەکەین و باوەڕمان بەمە هەیە. گەیشتینە ئەو باوەڕەی کە شەڕی چەکداری ئەو ڕۆڵەی کە دەبوو بیگێڕێت، گێڕایی و ئەنجامەکانی خستە روو. لە ئێستا و لەم بە دواوە بە ڕێبازەکانی سیاسی، لە چوارچێوەی مافپەروەریدا تێکۆشان بەڕێوە دەبەین و سەرکەوتنی مەزنتر بەدەست دەهێنین.

پارادایمەکەی ئێمە تەنها بۆ کوردستان نییە؛ بۆ تورکیا، هەرێمەکە و جیهانە. ڕۆژگاری ئەمڕۆ هەرچەندە دەچێت گەورەتر دەبین. ئێمە لەگەڵ ئەم ستراتیژییە نوێیانەدا، ستراتیژیی ئاشتی، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک دەتوانین دۆزی شەهیدان بگەیەنینە سەرکەوتن. دەرفەتی ئەمە هەیە، بەڵام بۆ ئەمە دەبێت پرۆسەکە بە ڕاستی تێبگەین و بە ڕاستی مامەڵە بکەین. لە پرۆسەیەکی وەهادا نابێت سستبوون و دابەشبوون درووست ببێت. دەبێت ئێمە لەسەر بنەمای هێڵەکە مامەڵە بکەین. دەبێت هەموو کەسێک بە پێی پێویستی، هەستیاری و بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە مامەڵە بکات. بەم شێوەیە لە قۆناغێ نوێدا دەتوانرێت تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەرەی پێبدرێت و بەهێز بین. ئامانجەکانمان پیرۆزە و ئامانجێکی گەورەیە. ئەمە تەنیا ئامانجی پرۆسەکە نییە؛ دەمانەوێت بۆ مرۆڤایەتی گۆڕانکارییەک درووست بکەین. دەمانەوێت لە تورکیا گۆڕانکارییەک بونیات بنێین. دەمانەوێت یەکسانی و ئازادی بەدی بێنین.

لە سەرەتادا دەبێت لە کورتترین ماوەدا ئەو کارانەی کە پەیوەستن بە ڕێبەرێتیی ئازاد و کوردستانی ئازادەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەو کارانەی کە بۆ کۆماری دیموکراتیک و کوردستانی ئازاد بەڕێوە دەبرێن، ئەنجام بدەن. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاست و لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوە ببرێت، ئەوا لەو کاتەدا بۆ گەیشتن بە ئامانج دەرفەت هەیە. واتە با ئێمە باوەڕ بەمە بکەین. با پرۆسەکە بە ڕاستی تێبگەین و هەنگاوەکانمان بە ئاگادارییەوە بنێین. با بەو شێوەیە مامەڵە بکەین کە ڕەنگە فێڵێک لە پێشماندا هەبن و ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوەکانمان بنێین. با هەنگاوی ئاگادارانە بنێین؛ بەم شێوەیە دەتوانین دۆزی شەهیدان بگەیەنینە سەرکەوتن. ئێمە دەتوانین شەهیدە قارەمانەکان بەم شێوەیە نەمر بکەین و دۆزەکەیان بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. ئەو ئەرکەی کە دەکەوێتە سەر شانمان ئەمەیە و تەڤگەرەکەمان لە قۆناغی نوێشدا جارێکی تر وەک تەڤگەری شەهیدان تێکۆشان بەڕێوە دەبات. ڕاستە، ئەگەر ئەم قۆناغە بە سەرکەوتن کۆتایی بێت، ئیدی چەک بوونی نامێنێت، بەڵام وەک تەڤگەری شەهیدان بە په‌یوه‌ستبوون بە ڕۆحی فیداکاری، ڕۆحی کۆمۆن و کۆڵەکتیڤ، بنەمای ئازادیی ژنان و کۆمەڵگەی ئازاد بونیات دەنرێت. لەم قۆناغە نوێیەشدا قارەمانەکانمان بۆ ئێمە جارێکی تر دەبنە پێشەنگی نەمر و هەمیشە دەبنە سەرچاوەی هێزیمان. ئێمە تەنها بەم شێوەیە دەتوانین بگەیەنە سەرکەوتن. سەبارەت بەمە من بۆ هەموو کەسێک سەرکەوتن دەخوازم و دووبارە دەیڵێمەوە؛ "شەهید نامرن، شەهید نامرن."

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 4 کاتژمێر

داهاتی سنوری سلێمانی (36%) كەمیكردووە

null
پێش 18 کاتژمێر

بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سوریا بۆ زمانی كوردی

null
پێش 20 کاتژمێر

گفتوگۆی درەو تایبەت بە " چارەنووس و داهاتووی رۆژئاوای كوردستان"