درەو:
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی سوریا رێنمایی جێبەجێکردن سەبارەت بە خوێندن بە زمانی کوردی دەردەکات، بە گوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانە حکومی و ئەهلیەکان لەو ناوچانە دەخوێندرێت کە هاوڵاتیانی کورد رێژەیەكی بەرچاوی دانیشتوان پێکدەهێنن و لەپاڵ زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی دەخوێندرێن.
زمانی کوردی لەسەرجەم ئاستەکانی خوێندن دەخوێندرێت و بە بەشێک لە پرۆگرامە پەسەندکراوەکانی خوێندن دادەنرێت.
زمانی کوردی لە ڕێگەی ئەم دوو کۆرسەوە دەخوێندرێت:
1-خولی زمانی کوردی: سێ وانە لە هەفتەیەکدا
2-وانەی چالاکیەکان: یەک وانە لە هەفتەیەکدا
دەقی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی سوریا
نووسینگەی وەزیر
بڕیاری ژمارە: ٢٠٦٨ / ٩٤٣
وەزیری پەروەردە و فێرکردن:
پشتبەستن بە ئەحکامەکانی مەرسومی ژمارە /١٣/ی ساڵی ٢٠٢٦ز.
وە پشت بە ئەحکامەکانی یاسای ژمارە /٣١/ی ساڵی ٢٠٢٤ز.
وە لەسەر بڕیارمان ژمارە ٩٤٣/٤٩٣ ڕێککەوتی ٢٦/١/٢٠٢٦ لەخۆگرتووی ڕێنماییە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی مەرسومی ژمارە /١٣/ی ساڵی ٢٠٢٦ز، بەپێی ئامانجە یاساییەکانی مەرسومەکە، کە ئامانجی پاراستنی مافە ڕۆشنبیری و زمانییەکان و بەهێزکردنی هەمەجۆریی ڕۆشنبیرییە وەک یەکێک لە پایەکانی یەکێتیی نیشتمانی و ناسنامەی شارستانیی سوریا، بە مەبەستی دانانی میکانیزمی جێبەجێکار کە گەرەنتی جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی مەرسومەکە لە کەرتی پەروەردەدا بکات بە شێوازێک کە گونجاو بێت لەگەڵ سیاستە گشتییەکانی فێرکردن، و پرەنسیپی دەرفەتی یەکسان، و بەڕێوەچوونی باشی پرۆسەی فێرکردن،
بڕیاری دا بەمەی خوارەوە:
ماددەی /١/:
ڕێنماییە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، کە پەیوەندیدارن بە جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی مەرسومی ژمارە /١٣/ی ساڵی ٢٠٢٦ز دەستکاری دەکرێن، لەبارەی بەندەکانی یەکەم و دووەم بەپێی ئەمەی خوارەوە:
یەکەم: سەبارەت بە پڕۆگرامەکانی پەروەردە:
ماددەی /٢/:
أ. خوێندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە هاووڵاتییانی کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن دەڕەخسێندرێت.
ب. خوێندنی زمانی کوردی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا دەڕەخسێندرێت و بە بەشێک لە پڕۆگرامی پەسەندکراو ئەژمار دەکرێت.
ج. زمانی کوردی لەڕێگەی دوو بڕیاری دیاریکراوەوە دەوترێتەوە:
١- ماددەی زمانی کوردی: بە ڕێژەی سێ وانە لە هەفتەیەکدا، و قوتابی شانبەشانی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی دەێخوێنێت، و نمرەکەی لە کۆی گشتیی کۆتاییدا بەپێی یاسا و ڕێساکان تۆمار دەکرێت.
٢- ماددەی چالاکییەکان: بە ڕێژەی یەک وانە لە هەفتەیەکدا.
د. بۆ ئاسانکاری لە قۆناغی ڕاگوازتن (ئێنتقالی)، لە یەکەم ساڵی خوێندنی دوای کەوتنەکاری ئەم بڕیارەدا، هەڵبژاردنی خوێندنی ماددەکانی (خوێندنی کۆمەڵایەتی، مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە زمانی عەرەبی یان زمانی کوردی، بەپێی پڕۆگرامە پەسەندکراوەکان، بۆ قوتابییان دەڕەخسێندرێت. کارکردن بەم هەڵبژاردنە تەنها بۆ ساڵی خوێندنی ئاماژەپێکراو دەبێت.
هـ. سەنتەری نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی پڕۆگرامەکانی پەروەردە ڕادەسپێردرێت بە ئامادەکردنی پڕۆگرامە پەروەردەیییەکانی تایبەت بە ماددەی زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی فێرکردن، بەپێی بنەما زانستی و پەروەردەیییە پەسەندکراوەکان، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ چوارچێوەی نیشتمانی بۆ پڕۆگرامەکان، وە وەرگێڕانی ماددەی چالاکییەکان بە جۆرێک کە لەگەڵ ڕێنمایی چالاکییە پەسەندکراوەکەدا بگونجێت.
دووەم: سەبارەت بە کادرە پەروەردەیی و فێرکارییەکان:
ماددەی /٣/:
أ. بەڕێوەبەرایەتیی فێرکردن و بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیی پەروەردەیی ڕادەسپێردرێن بە دابینکردنی کادری پەروەردەیی و فێرکاریی پێویست بۆ وتنەوەی ماددەی زمانی کوردی لە ناو میلاک یان لە دەرەوەی میلاک، لە ڕێگەی ڕاسپاردنی ئەو کەسانەی ئەم مەرجانەیان تێدایە: ١- ئەو کەسانەی بڕوانامەی زانکۆ یان بڕوانامەی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانیان هەیە و شارەزای زمانی کوردین. ٢- ئەو کەسانەی بڕوانامەی ئامادەیی گشتییان هەیە و شارەزای زمانی کوردین (لە کاتی پێویست و بەپێی پێداویستیی کرداری).
ب. بۆ دڵنیابوونەوە لە شارەزایی زمانی کوردی، مەرجە دەربچن لە تاقیکردنەوەی نووسینەکی و زارەکی کە بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیی پەروەردەیی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی پڕۆگرامە پەروەردەیییەکان دەستنیشانی دەکات، بەپێی پێوەرە بابەتەیییە یەکگرتووەکان.
ماددەی /٤/: ئەم بڕیارە بەوانە ڕادەگەیەنرێت کە ئەرکی جێبەجێکردنیان لەسەرە، و لە ڕێککەوتی دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت.
دیمەشق لە: ١٤ / ٣ / ١٤٤٨ کۆچی، بەرامبەر: ٢٧ / ٨ / ٢٠٢٦ زایینی
وەزیری پەروەردە و فێرکردن
دکتۆر محەمەد عەبدولڕەحمان تورکۆ

