سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

"ئەم ئەنجامە بە سەركەوتن دەبینم "

گفتوگۆی درەو لەگەڵ وڵات ساڵح موسلیم : هەرچەندە تا ئێستا دەرئەنجامی رێككەوتنەكەی رۆژئاوای كوردستان لەگةڵ دیمەشق بەتەواوی رون نەبووەتەوە "ئێمە نەبەزیوین، 14 ساڵ شەڕكردن، تۆپباران لەسەر ڕۆژئاوا، من ئەم ئەنجامەی کە ئێستا هەیە، بە سەركەوتن دەبینم. - هەندێك بابەتی پشتی پەردەو شاراوە هەیە لە رێككەوتنەكان كە ناخرێتە ناو میدیاوە بەهۆی ئەوەی لایەنی عەرەبی و توركی نیگەران نەبن، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئێمە دەبینین کە ووردە ووردە خاڵەكانی رێككەویتنەكان ئاشکرا دەبن ئێمە دەڵێین باشتر دەبێت ئینشائەڵڵا.

بڵاوکراوەتەوە لە : 26 ئاب 2026

"ئەم ئەنجامە بە سەركەوتن دەبینم "

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

گفتوگۆی درەو لەگەڵ وڵات ساڵح موسلیم لە كۆبانیەوە سەبارەت بە رێككەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، هاوڵاتیانی رۆژئاوا چۆن دەڕواننە رێككەوتنەكەی رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق و هەڵوەشاندەوەی هەسەدە، دۆخی خەڵكی چۆنە ئێستا؟:

تا ئێستا زۆر روون نیە خەڵكی بە باشیش دەڵێن و بە خراپیش دەڵێن. واتە هەرکەسە و بەپێی ڕای خۆی شیکردنەوە (تەحلیل) دەکات.

ئێمەش بەپێی شیکردنەوەی خۆمان، بەپێی ئەو شتانەی کە دەیانزانین، من دەتوانم لەسەر ڕای کەسیی خۆم بڵێم، واتە زۆر شت هەن نەڕوونن (وازیح نین)، زۆر شت هەن تەمومژ لەسەریان هەیە و لەناو گومانداین.

- بۆ نموونە، بۆ خوێندن؛ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دیار دەبێت کە خوێندنی قوتابخانەی کوردی چی بەسەر دێت. 10 ڕۆژی تر قوتابخانەدەکرێنەوە و ئەو کەسانە دەچن بۆ قوتابخانە. قوتابخانەیەکی باش هێشتا بۆ نموونە لەم ناوچەیەدا هەیە،  هێشتا 4-5 قوتابخانە لێرەن ئاوارەی تێدایە،. واتە ئەمە خۆی تەمومژێکی لەسەرە، تەنانەت مەنهەجی حکومەتی سوری نەهاتووەتە کۆبانێ، لەسەر ئاستی کۆبانێ دەڵێم نەهاتووە. واتە تەمومژ لەسەری هەیە کە بە چ شێوازێک دەخوێندرێت.

- مەسەلەی هێزی YPJ و ئەوانی تر، ئەوەش هەمان شتە. واتە وتراوە، شتێک دەڵێن لەسەر تێکەڵکردنیان (دەمج) بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام هێشتا ئەوەش لەناو گوماندا کەوتووە و شتێکی ڕەسمی لەسەر نەوتراوە. ڕاستە، ئەو بەندانەی کە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و ئەوان وتیان و باسیان کرد، بەڵام هەر بەندێک شتێک لەپشتییەوە هەیە کە ئەو شتانەی پشتی دیار نەبوون.

- بۆیە لای خەڵكی روون نیە واتە خەڵک تا ئێستا شتەکەی لێ ڕوون نییە. بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا دیار دەبێت. پێشتریش بەپێی ئەم ڕێککەوتنەی کە کرا، زۆر شت هەبوون تەمومژیان لەسەر بوو و دواتر دیار بوون.

- یەکێک لەوانە؛ بۆ نموونە دەوترا هێزەکانی هەسەدە (قەسەدە) تەنها 4 بۆ 5 هەزار کەسیان دەچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵام تا ئێستا نزیکەی 15 هەزار لەشکری هەسەدە تێکەڵ بڕیارە ببن (ئەندیماج بون). واتە هەمان شت نییە. تا ئێستا 4 لیوا بۆ نموونە مسۆگەر بووە کە دروست ببن، 3 بۆ 4 لیوا مسۆگەر بوون. لیوایەکی تریش ئەگەری هەیە لە عەفرین بێت، ئەمەش هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە.

- بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا ئێمە ئومێدەوارین کە دوای ناڕونی ئەم شتانە، شتی باشتر ڕووبدات. تا ئێستا بەرەو باشبوون دەچێت، بەرەو خراپبوون ناچێت، نەخێر. تۆ بینیت ڕەوشی کۆبانێ پێش ساڵێک بە چ شێوەیەک بوو؛ شەڕ بوو، خزمەتگوزاری نەبوو، خواردن نەبوو، سووتەمەنی نەبوو، کۆبانێ لەژێر گەمارۆدا بوو. بەڵام ئێستا نەخێر، ئێستا ڕەوشەکە زۆر باشترە.

- ڕوژئاوای کوردستان ناتوانی بڵێی فیدراڵییە، ناتوانی بڵێی مەرکەزییە، ناتوانی بڵێی لامەرکەزییە، ناتوانی هیچ ناوێکی لێ بنێیت.  ناتوانی ناوێکی لێ بنێیت؟ ڕاستە؛ سوپای سوریا و هەسەدە تێکەڵبوونیان هەبوو، دامودەزگاکانی پێشووتر لێرە کاتی خۆی دەوڵەتی سوریا بوون، بەڵام لێرە بۆ نموونە سوپای سوریا لە کۆبانێ نییە.

- دامودەزگا و بەڕێوەبەرییەکانی لێرە هەموویان کوردن. ئاسایشی لێرە هەمووی، بۆ نموونە ئاسایشی ناوخۆ گۆڕدرا بۆ ئاسایشی گشتی (ئەمن ئەلعام). ئاسایشی گشتی بۆ نموونە لە ناوچە عەرەبییەکان عەرەبن، لە کۆبانێ کەسی عەرەبی تێدا نییە. واتە هەموو شتێک وەک خۆی ماوەتەوە.

- هەموو شتێک وەک خۆی بە کوردی ماوەتەوە. شتێکی عەرەب لێرەدا ئێمە نەماندیوە، شتێکی عەرەبی لێرەدا نییە. تەنها ناوەکان گۆڕدراون.

- پاشەڕۆژی كورد  ئێمە دەڵێین شتی باشتر ڕوودەدات. بۆ نموونە لە مێژووی سوریادا، ئەمە یەکەم جارە کەسێکی کورد، کەسانێکی کورد بۆ نموونە وەک ئیلهام ئەحمەد و کەسانی تر بچنە کۆشکی کۆماری (قەسری شەعب) لای سەرۆک کۆمار لەوێ دابنیشن و لەوێ قسە بکەن و دانوستان بکەن، و دانپێدانان (ئیعتراف) بە گەلی کورددا بپەسەندکرێت. ڕاستە لە دەستووردا هێشتا نەنووسراوە، بەڵام ئێمە دەڵێین لە ڕۆژانی داهاتوودا پێویستە بنووسرێت. چونکە نابێت ئەو شتانەی کە لە کۆبانێ ڕوویانداوە، خەڵک قبووڵی ناکات، کەس قبووڵی ناکات. ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە و لە ئێمە و لە کوردان خواسترابوو، من دەڵێم لە ڕۆژانی داهاتوودا لە دەستووریشدا ڕادەگەیەنرێت.

- ئێمە ئومێدەوارین ڕەوشەکە باشتر بێت، ئومێدەوارین خۆشتر بێت. کەس هەیە قبووڵی ناکات، کەس هەیە قبووڵی دەکات، هەندێك دەڵێت نەخێر باش نییە، هەندێك دەڵێت باشە. واتە خەڵک هەرکەسە و بە جۆرێک قسە دەکات. ڕاستە، ئێمە شەتیک شەهیدمان دا، بەشێک میحنەتمان چەشت، بەشێک بریندارمان دا.

- ئێمە دەڵێین زۆربەی ڕای خەڵک، ئەگەر پرسیار بکەیت دەڵێن نەخێر، دەڵێن وەڵاهی ئەم شتانەی ئێمە پێیگەیشتین لێرە، دەبوو گەورەترو دەستكەوتەكان زیاتر بووایە. گەورەتر بووایە واتە؛ شتێکی بچووک دەتدی لە باشووری کوردستان پێش چەند ساڵێک ویستیان لەوێ دەنگدان و ڕیفراندۆم بکەن، دیتت چی ڕووی دا. لە 2021 دا لێرە ئێمە ویستمان هەڵبژاردن بکەین بۆ پەرلەمان و ئەو شتانە، تورکیا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هیچ شتێکی نەهێشتەوە. دیارە ئەویش بە هاوکاری دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکا و ڕووسیا و ئەوان، هەمووی لە دژ بوون.

- دەستکەوتێک هەیە لەئێستادا، ئێمە نەبەزیوین لێرەدا. ئەمەش بە هۆی ئەم شەهیدانەیە. ئێمە لێرەدا ئەم هەموو ئازارەمان بینی، ئەم شتانەمان بینی، 14 ساڵ شەڕكردن، تۆپباران لەسەر ڕۆژئاوا... لێرەدا ئەم ئەنجامەی کە ئێستا هەیە، ئەسڵەن سەرکەوتنە من دەشبینم، ئەمە بەپێی ڕای کەسیی منە.

- شتی شاردراوەش هەیە، شتی شاردراوە هەیە من دەبینم. واتە ئەو شتە شاردراوانە ناخرێنە سەر ڕاگەیاندن (ئیعلام) لەبەر ئەوەی کەسانی تر لایەنی تر نیگەران نەبن، کەسانی تر وەک خەڵکی عەرەبی لێرە و کەسانی شۆڤێنی، لەبەر دەوڵەتی تورکیا؛ لەسەر ئیعلام زۆر شت ئاشکرا ناکرێن. بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا ئێمە دەبینین کە ووردە ووردە ئاشکرا دەبن و ڕوودەدەن، و ئێمە دەڵێین باشتر دەبێت ئینشائەڵڵا.

 دەقی گفتوگۆكە

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٢٤ ئاب ٢٠٢٦

چاوپێكەوتنی ئه‌هوه‌ن چیاكۆ ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری پژاك

null
٢٤ ئاب ٢٠٢٦

نزیکبوونەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تورکیا

null
٢٤ ئاب ٢٠٢٦

سفرەکانی سەر دینار و نرخی دینار بەرانبەر بەدۆلار