درەو:
گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
پارتی ژیانی ئازاد (پژاك) كه له هه‌ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پ،ك،ك) له ساڵی 2004 وه‌كو باڵی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران له دایكبوو، به پێچه‌وانه‌ی پارتی دایك كه توندوتیژی شۆڕشگێری وه‌كو شێوازی سه‌ره‌كی تێكۆشان به بنه‌ما ده‌گرت، گرانی دایه سه‌ر شێوازی خه‌باتی مه‌ده‌نی، سیاسی، كلتووری هتد... ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌م پارته ساوایه زوو به زوو تابوكان بشكێنێت و سه‌ره‌نجی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی به‌لای خۆیدا رابكێشێت. به تایبه‌تی خوێندكارانی زانكۆكانی ئێران و رۆژهه‌لاتی كوردستان، وه‌كو سه‌كۆی خه‌بات ئه‌م پارته‌یان هه‌ڵبژارد و بوونه كۆڵه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پژاك. ئه‌وه‌ی پژاكی له باڵه‌كانی دیكه‌ی (پ،ك،ك) له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان جیاكرده‌وه، پابه‌ندی كادیرانی ئه‌م پارته بوو به بنه‌ماكانی حزبه‌كه‌یان، قه‌بوڵیان نه‌بوو، وه‌كو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان سه‌ركردایه‌تی (پ،ك،ك) له شوێنی ئه‌وان بڕیار بدات و ئه‌م بنه‌مایانه پێشێڵ بكات كه حزبه‌كه‌یانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. ئه‌مه وایكرد پژاك زووتر گه‌وره‌بێت و له زۆربه‌ی هه‌رێمه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌شه بكات. به تایبه‌تی له‌ناوچه كوردیه شیعه مه‌زهه‌به‌كان، كه تا دامه‌زراندنی پژاك، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه ئینتیمای مه‌زهه‌بیان له پێش ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی بوو، مه‌سه‌له‌ی رزگاری و ئازادی كورد بۆ ئه‌وان كاری پێشینه نه‌بوو. به‌ڵام پژاك كۆدی رازیكردن و متمانهپێكردنی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ی دۆزیه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نج بده‌ین به درێژایی ته‌مه‌نی بزاڤی سیاسی كورد، كوردانی شیعه مه‌زهه‌ب زۆر به‌ده‌گمه‌ن هاتوونه‌ته ناو ریزی بزاڤی سیاسی كورد، به‌ڵام كه پژاك ده‌ستبه‌كار بوو، ئیتر ئه‌م هاوكێشه‌یه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. به ده‌یان و سه‌دان خوێندكار و گه‌نجی كرمانشایی و ئیلامی كه‌لهوری و ناوچه‌كانی دیكه روویان كرده شاخه‌كان، یان له‌ناو شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خۆیان بۆ خه‌باتی زمانه‌وانی، كلتووری، ژینگه‌پارێزی هتد ته‌رخان بكه‌ن، كه تا ئێستاش له‌م پێناوه‌دا چه‌ندین شه‌هید و قوربانی دیكه‌یان داوه.
ئه‌م دۆخه به‌رده‌وام بوو تا پێكدادانی (گردی جاسوسان) له ساڵی 2011 له نێوان گه‌ریلاكانی پژاك و سوپای پاسداران. له‌وێ كه سه‌ركردایه‌تی (پ،ك،ك) له جیاتی پژاك بڕیاریدا، ئیتر سنوورێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی پژاك دانرا و ئه‌م پارته له بنه‌ماكانی دوورخرایه‌وه. له باره‌ی هه‌موو ئه‌م ته‌وه‌رانه و چه‌ندین ته‌وه‌ره‌ی دیكه په‌یوه‌ست به ئێران و دۆخی رۆژهه‌لاتی كوردستان، گفتوگۆیه‌كمان ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (ئه‌هوه‌ن چیاكۆ) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی پژاك. هه‌رچه‌نده پرسیاره‌كانم بێزارهكهرانهش بن، به‌ڵام هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌رێنیم له كاك (ئه‌هوه‌ن) به‌دینه‌كرد و به‌دڵێكی به‌رفراوان و رۆحی دیموكراسیانه پرسیاره‌كانی وه‌رگرتم و وه‌ڵامی دایه‌وه.
پ: بەڕێز ئۆجالان لە دیداری لەگەڵ شاندی ئیمرالی لە (٢٠ تەمموزی ٢٠٢٦) دەڵێت: دەبێت رژێمی تەهران بگۆڕێت. پێتوایە ئەم رژێمە کەی دەگۆڕێت؟ چۆن دەگۆڕێت؟
وه‌ڵام: لە میدیادا بابه‌تێكی به‌م جۆره بڵاوكراوه‌ته‌وه، بەڵام ئێمە ئاگاداری راستی و دروستی ئەم بانگهشهیهنین کە رێبەر ئاپۆ باسێكی به‌م شێوه‌یه‌ی كردبێت و بۆمان پشتڕاست نەکراوەتەوە. سەبارەت بەوەی کە رژێم خۆی دەگۆڕێت یان نا، دەتوانین بڵێین رژێم بەهۆی چەقبەستوویی ئایدیۆلۆژی و سیاسی کەمترین توانای خۆگۆڕانی ئەرێنی تێدایە، بەپێچەوانەوە گوتار و هەڵسەنگاندنی ئەو رژێمە بۆمان روونده‌كاته‌وه كه ئەگەر گۆڕانكاریه‌كیش هەبێت بەرەو ئاراستە نەرێنییەکەی دەڕوات. واتە لە ناوه‌خۆدا داپڵوسێنەرتر دەبێت، په‌نا بۆ كوشتن و داپلۆسین ده‌بات. لە هەرێمەکەدا په‌نا به ئاژاوەگێڕی ده‌بات، لە بەرانبەر دونیای دەرەوەشدا به‌رده‌وام بە شێوازی هەڕەشە ده‌دوێت.
هه‌ڵبه‌ته هه‌موو شتێك به پێی خواستی ئه‌م رژێمه ناڕوات به‌ڕێوه، كه ئه‌مڕۆ به قه‌یرانێكی ناوخۆیی، هه‌رێمی و جیهانی قوڵتر له جاران تێپه‌ڕ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر وه‌كو جاران له به‌رامبه‌ر گۆڕانكاری ئه‌رێنی پێداگری بكات، ئه‌وه له ئه‌نجامی گوشاری فاكته‌ری نێوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌ره‌و رووخان و نه‌مان ده‌چێت.
پ: ئایا مەبەست لە گۆڕان ئه‌وه‌یه كه رژێم گەیشتۆتە ئاستێكی رزیو لەناوەخۆیدا و توانای به‌رده‌وامی نه‌ماوه؟
وه‌ڵام: لە راستیدا بەر لە هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێران، ده‌كرێت بڵێین خاڵی هه‌ره لاوازی ئه‌م رژێمه دۆخی ناوخۆیی بووه. پێش جه‌نگی ئه‌مریکا و ئسرائیل دژ به ئێران، ناکۆکیی لەناو باڵەکانی رژێمدا هەبووه و تا ده‌چێت ئه‌م ناكۆكیه قوڵتر ده‌بێته‌وه. سوپای پاسداران، ئولیگارشی سەرمایەداری ئێرانی و باڵی کۆنەپارێزی ئایدیۆلۆژی، لەگەڵ باڵی ریفۆرمخواز ، لیبراڵ و نیولبڕاڵی نێوخۆی سیستەم لەسه‌ر شێوازی تێپەڕاندنی قەیرانه‌كان له ناكۆكیدان.
بەشێکیان پێیانوایە بە قوڵتر كردنه‌وه‌ی شەڕ و ئاڵۆزی، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش پێیوایە بە سازش و دانوستان دەتوانن ئەو قەیرانە تێبپه‌ڕێنن. دوای نەمانی (خامه‌نه‌یی) وەک مەرجەع ناوەندی بڕیاردان لاواز بووە، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا تۆكمەیی گوتار و بەڕێوەبەری پێشتری لەبار بردووە.
به واتا گشتیه‌كه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی له نێوان رژێم و خه‌ڵكی ئێران دروست بووه، تا ده‌چێت به‌رفراوانتر ده‌بێت. له بواری كلتووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، هه‌روه‌ها بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وتدا خه‌ڵكی ئێران به‌ره‌وپێش ده‌چێت، رژێمیش زیاتر له جاران پێداگری له چه‌قبه‌ستوویی و دواكه‌وتوویی ده‌كاته‌وه. له ئاكامی سیاسه‌تی چه‌وتی شه‌ڕانگێزی رژێم، دۆخێكی ئابووری هێجگار سه‌خت یه‌خه‌ی خه‌ڵكی ئێرانی گرتووه، رق و كینه تا ئاستی ته‌قینه‌وه و به‌رپاكردنی راپه‌ڕین و شۆڕش په‌نگی خواردۆته‌وه.
له به‌رامبه‌ر لاوازبوونی رژێمیشدا تا ده‌چێت تێكۆشانی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان به تایبه‌تی كورد، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه ئازادیخوازه‌كان به تایبه‌تی ژنان، تۆكهمتر و به‌هێزتر ده‌بن له به‌رامبه‌ر رژێمدا. ئه‌گه‌ر جه‌نگی ئێران له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌شی بۆ زیاد بكه‌ین، باشتر بۆمان روون ده‌بێته‌وه كه رژێم له به‌رده‌م دووڕیانێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه دایه تا ئاستی ده‌ستهه‌ڵگرتن له ماهیه‌ت و بنه‌ماكانی، یان رووخان و نه‌مانی یه‌كجاره‌كی.
پ: ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت پژاك باس لە تێپەراندنی نیزامی ویلایەتی فەقیه دەکات نەك روخاندنی ئەو نیزامە. ئایا بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنووکەیی ئێران، هەر باوەڕتان بە چاكسازی سیستەم هەیە یان رووخاندنی سیستەم؟
وه‌ڵام: باشه تێپه‌ڕاندنی نیزامی ویلایه‌تی فه‌قیه واتای چیه؟ پژاك هیچ كات به‌ربه‌ست نه‌بووه له به‌رامبه‌ر رووخانی رژێم و به‌ربه‌ستیش نابێت. له هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین به كه‌مترین تێچوو گه‌لی كورد و خه‌ڵكی ئێران له‌م دۆخه رزگاریان بێت و بگه‌ن به ئازادی و دیموكراسی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش پێمانوایه به‌و بنه‌مایانه‌ی رژێم دایڕشتووه، گۆڕانی رژێم نهمومكینه. له راستیدا رژێم ویلایه‌تی فه‌قیهی كردووه به كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆڵه‌كه‌یه نه‌مێنێت رژێم ناتوانێ له‌سه‌ر پێ بمێنێته‌وه و تووشی داڕوخان ده‌بێت. رژێم پێیوایه نه‌مانی ویلایه‌تی فه‌قیه به واتای رووخانی رژێم دێت، هه‌ر بۆیه رژێم له هه‌ر گوتارێكی دیكه زیاتر له به‌رامبه‌ر گوتاری پژاك هه‌ستیار و تونده.
پ: ئه‌گه‌ر رژێم گه‌یشتبێته ئه‌و ئاسته‌ی نه‌توانێ به‌رده‌وام بێ، ئه‌لته‌رناتیفی ئه‌م رژێمه كێیه؟ ئایا ئه‌لته‌رناتیفی رژێم هه‌ر رژێمه؟
وه‌ڵام: بێگومان زۆر دەستی دەرەکی و ناوخۆیی هه‌وڵی دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیفێك ده‌ده‌ن. هەندێك دەست لەناو خودی ئێران و تەنانەت بەشێك لە خودی رژێمیش بره‌و به‌و هه‌وڵه ده‌ده‌ن. هاوکات هەندێك ناسیۆنالیستی نیمچه فاشی و ناوەندی، لە چوارچێوەی پاشاخوازی، مەشروتیەخوازی و تەنانەت کۆماریخوازیش لە دەرەوەی وڵات به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌م جۆره هه‌وڵانه کە تا ئێستا بێ ئه‌نجامی و مایه پووچی چاره‌نووسی هه‌موویانه.
هه‌ڵبه‌ته چه‌ندین هێزی دیموکراتخواز فرەنەتەوەیی، رەنگاو رەنگی کلتووری و کۆمەڵایەتی ناو ئێرانیان قبووڵ کردووە و پێیانوایە ده‌بێت ئێرانی داهاتوو گه‌ره‌نتی ئازادی و دیموکراسی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، كلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکات. ئێمە وەك پژاك پشتگیری ئەم گوتارە دەکەین و پێمانوایە ئەگەر کاری پێویستی بۆ بکرێت دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی رژێم و هه‌موو ئه‌لته‌رناتیفه نادیموکراتی و فاشیانه.
پ: بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد (هاوپه‌یمانی هێزه كوردستانیه‌كانی رۆژهه‌ڵات)، دۆخی ئێران چۆن ده‌خوێنێته‌وه؟
وه‌ڵام: لەناو هاوپەیمانیدا په‌یوه‌ست به زۆر مژار لەسەر دۆخی ئێران هاوبەشی بیرکردنەوە هەیە. کرۆکی ئەو هاوبەشیەش ئەوەیە کە ئەو رژێمە رووبەڕووی قەیرانی قوڵی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە و پێمانوایە رژێم تا سەر ناتوانێت ئەم دۆخە کۆنترۆڵ بکات. له هه‌مان كاتدا ئەم دۆخە بۆ كورد ده‌رفه‌ت و دژه ده‌رفه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت، كه پێویستە کورد لە رۆژهەڵات بە یەکڕیزی زیاتر هەوڵبدات سوود لەم دۆخە وه‌ربگرێت كه رژێم تێیكه‌وتووه. به‌و واتایه‌ی دەرفەتەکان بەکاربهێنین و هەڕەشەکان لەسەر گەل پووچەڵ بکەینەوە، بە کەمترین تێچووش زۆرترین ئه‌نجام به‌ده‌ست بخه‌ین.
پ: سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی رێككه‌وتنی هاوپه‌یمانی پارته كوردستانیه‌كانی رۆژهه‌ڵات له كوێیه؟ ئه‌مریكایه یان ئیسرائیل یان هه‌ڵقوڵاوی پێداویستی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگای كوردیه؟ ئایا بەبێ گوشار و پێداگری ئەمریکا و ئیسرائیل، حیزبەکانیتر ئامادە بوون، پژاك قه‌بوڵ بكه‌ن و لەم هاوپەیمانییەدا جێگەی پێبدەن؟
وه‌ڵام: هاوپه‌یمانی هێزه كوردیه‌كان بەر لە هەر ویستێكی دەرەکی، زەرورەتێکی سیاسی، داخوازێکی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی ناوخۆی کۆمەڵگای کوردستانە. هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە تەنیا بە هاوپەیمانی و یەکگرتوویی دەتوانین وزەی کۆمەڵگای کوردی لەبەرامبەر رژێم کارا بکەین و لە ناکۆکی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دونیای دەرەوە کەڵك وەربگرین. ئەوەش ئاساییە، کۆمەڵگای کوردستان لەناوخۆ و خودی لایەنەکان ئەمە دەخوازن، دژبەرانی کۆماری ئیسلامیش پێیانباشه هێز تۆكمه دژ به كۆماری ئیسلامی دروست ببێت. تێکۆشانی هەر حیزب و رێکخراوێك، حیزبه‌كه یان رێکخراوێکی دیكه دیاری ناکات، بەڵکو گه‌ل دیاری ده‌كات و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
پ: به‌م دوایه هه‌ست ده‌كرێت كه هاوپه‌یمانی پارته كوردستانیه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ژێر تارماییهكدا ده‌ژیت. نه جوڵه‌یه‌ك، نه ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك بگره كۆبوونه‌وه و هاو هه‌ڵوێستیش به‌دیناكرێ. بۆچی؟
وه‌ڵام: بێگومان لەم بوارەدا ره‌خنە لە هاوپەیمانی هەیە کە بەپێی پێویست چالاك نییە. ئێمە خۆمان ئەو رەخنانە بەهەند وەردەگرین و هەوڵ دەدەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە وەك لایەنێکی كارای ناو هاوپەیمانی له پێناو تۆكمه‌بوون و به‌ره‌وپێشچوونی هاوپه‌یمانی پڕۆژه‌ی پێویست بخه‌ینه به‌رده‌م لایه‌نه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی. ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە تا چه‌ند لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی باوەشی بۆ ده‌كه‌نه‌وه و کۆدەنگی لەسەر دروست ده‌بێت. بێگومان هەریەك لە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانیش لە ئاستی خۆیاندا هه‌وڵی له‌م جۆره ده‌خه‌نه‌ڕوو تا هاوپەیمانی بتوانێ له ئاستی چاوهڕوانیهكاندا بێت.
پ: پرسیاری زۆر ده‌كرێت له‌باره‌ی چاره‌نووسی پارتی ژیانی ئازاد (پژاك) دوای خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌كدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پ،ك،ك). له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێیت؟
وه‌ڵام: ئێمە وەك لایەنێکی تەڤگەری ئازادی، خاوەن هەمان ئامانجی هاوبەشین لەگەڵ گشتی تەڤگەرەکە، ئەویش ئازادی کورد و کوردستان و پێشخستنی پارادیگمای دیموکراتییە. هاوکات لەگەڵ ستراتیژی کۆمەڵگای دیموکراتی و سیاسەتی دیموکراتی کە ببێتە جێگرەوەی ستراتیژی شەڕی چەکداری کلاسیك کۆکین. بەڵام لەبواری کرداری و تاکتیکی ئاستی خەباتی هەریەك لە پارچه‌كانی کوردستان و هەڵسوکەوتی ئەو دەوڵەتەی کە ئەوە بەشەی کوردستان پێوه لكێندراوه، دیاریکەرە. پژاك لە کار و خەباتی خۆی بەردەوامە و بەدڵنیاییەوە ئەو دۆخەی کە لە باکووری کوردستان لە ئارادایە پژاك و تەڤگەرەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لاواز ناکات و بەهێزتری دەکات. پژاك لەسەر پارادایگمای ئازادی تێکۆشانی خۆی لەو بەشەی کوردستان بەردەوام دەکات.
پ: به‌ڕێز ئۆجالان له‌باره‌ی پژاك چه‌ند شتێك ده‌خاته‌ڕوو كه كۆنكریتی نین. بەپێی ده‌قی چاوپێکەوتنەکانی ئیمرالی، جارێك قسه‌كانی بەرێز بۆنی خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لێدێت، جارێكی دیكه‌ش بۆنی دیزاین كردنه‌وه. پژاك لێدوان و لێكدانه‌وه‌كانی ئۆجالان له‌مباره‌یه‌وه چۆن ده‌خوێنێته‌وه؟
وه‌ڵام: رێبەر ئاپۆ رێبەری تێکۆشانی ئێمەیە و هەموو راسپاردە، پێشنیار و رێنوێنییەکانی بە هەند وەردەگیرێت. بەڵام لە بواری مەیدانی و تاکتیکییەوە بەڕێوەبەرایه‌تی پژاك خۆی بڕیاردەرە. ئه‌وه‌ش به‌ده‌ر نیه لە خواستی خودی رێبەر ئاپۆ. بێگومان رێبەر ئاپۆ دەیەوێت بەگشتی پرسی کورد و بەتایبەت پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە کەمترین تێچوو و زیان چارەسەر بێت. به‌ڵام له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌ڵسوكه‌وتی پژاك دیاری ده‌كات. رێبەر ئاپۆ لە رێنوێیهكانیدا بەردەوام جیاوازی دۆخ، زەمان و مەکان له‌به‌رچاو ده‌گرێـت و بەردەوام ده‌ڵێـت:" ئێوە لەناو دۆخ، مەکان و زەمانی رۆژهەڵاتی کوردستاندان و باشتر دەتوانن بیخوێنه‌وه و بڕیاری پێویستی له‌باره‌یه‌وه بده‌ن". هاوکات رێبەر ئاپۆ لە هەموو رێنوێنیەکانیدا جه‌خت لە مافی پاراستنی رەوا ده‌كاته‌وه، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ده‌كرێته سەر تەڤگەرەکەمان و گەلی کورد. بێگومان له زۆر روانگه‌وه جیاوازی لە نێوان دۆخی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتی ئێران‌دا هەیە، هاوکات ئاست و تایبەتمەندی تێکۆشانی باکوور و رۆژهەڵاتیش جیاوازیان هەیە. ئێمە بەپێی دۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پڵان ده‌كێشین. دووباره‌شی ده‌كه‌مه‌وه سه‌ربه‌خۆیی كرده‌یی و ته‌كتیكی شتێک نییە دووربێ له ویستی رێبه‌ر ئاپۆ.
پ: ئه‌گه‌ر به‌ڕێز ئۆجالان پێشنیاری خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان چه‌كدانانی پژاك بكات هه‌ڵوێستان چی ده‌بێت؟ له‌م دۆخه‌دا په‌یوه‌ندی پژاك له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئاپۆیی چی به‌سه‌ردێت؟
وه‌ڵام: پێموایە ئەو پرسیارە لە پرسیاری پێشووتردا وه‌ڵامدراوه‌ته‌وه. رێبەر ئاپۆ بەردەوام پێشنیار و رێنوێنیەکانی لەسەر بنەمای بەهێزکردنی دۆزی کورد و پژاك ده‌خاته‌ڕوو. بەلام دواجار پژاك خوێندنەوەی بۆ دەکات و بڕیاری گونجاوی له‌باره‌یه‌وه ده‌دات. پەیوەندی پژاك لەگەڵ بزووتنەوەی ئاپۆیی پەیوەندیەکی نەتەوەیی، فکری و فەلسەفییە و تەنیا پەیوەندیەکی لەرزۆکی سیاسی و کاتی نییە کە بە ئاسانی بپچڕێت.
پ: كاتێك له رووی سیاسه‌تی جیۆپۆلۆتیكیهوه سه‌یری دۆخه‌كه ده‌كه‌ین چه‌ند پارادۆكسێك ده‌بینین. جگه له ئسرائیل هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، پشتگیری له پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی له توركیا و خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (پ،ك،ك) ده‌كه‌ن. به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له‌كه دێته سه‌ر پژاك، له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م وڵاتانه‌دا نیه پژاك هه‌ڵوه‌شێته‌وه، له هه‌مانكاتدا توركیا به‌خۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پژاك دڵخۆش ده‌بێت. ئێوه له‌ناو ئه‌م هه‌موو پارادۆكسه‌دا دۆخه‌كه چۆن ده‌خوێنه‌وه؟
وه‌ڵام: بێگومان ئەم پارادۆکسە دەرهاوێشتەی جیاوازی دۆخ، زەمان و مەکانی نێوان ئێران و تورکیایه. هەر یەکێکیان په‌یوه‌ست به لایه‌نه دەرکییەکان دۆخی تایبەتی خۆی هه‌یه. شتێك کە په‌یوه‌ست به تورکیا دەیخوازن لە بابەتی ئێران‌دا تەواو جیاواز و ئه‌گه‌ر پێچەوانەش نه‌بێت. بۆ نموونه: تورکیا سه‌ره‌ڕای هەموو ناکۆکییەکانی لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا تا ئاستێك بنەمای هەبوونی له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه كۆكه. ئەندامی هه‌ریه‌ك له ناتۆ، کۆنسەی ئه‌وروپا و گەلێک دامه‌زراوه‌ی تری سیستەمی جیهانیه كه له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا دایه. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەوە سیسته‌می هزری، ئیداری و سیاسی ناکۆکە لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا کە هێشتا هێزی سەرەکی دیزانینكردنی نزمی جیهانیه.
پ: پژاك زۆری هەوڵیداوە تا خۆی وەك بزوتنەوەیەکی سەربەرخۆ لە (پ،ك،ك) پێناسە بکات. به‌ڵام سەرکردایەتی حیزبێکی تر رۆژانە لەسەر چارەنووس و شێوازی خەبات و تێکۆشانی ئێوە قسە دەکەن! ئه‌م قسه‌كردنه چ کاریگەرییەك لەسەر شوناس و ئەو پێناسەیە دادەنێت کە پژاك 20 ساڵە لە هەوڵی سازکردنیدایە؟
وه‌ڵام: بێگومان پژاك حزبێکە پێكهاته و بەڕێوەبەری خۆی هه‌یه، هاوکات گۆڕەپانی خه‌باتی تایبەت به‌خۆی هه‌یه، كه رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانه و بەپێی ئەو گۆڕەپانە سیاسەت و خەباتی خۆی دادەڕێژێت. هەر لایەنێکی کوردی دەتوانێت پێشنیار و پرۆژە پێشکەشی پژاك بکات، به‌ڵام دواجار ئەوە پژاكه بەپێی خەبات و گۆڕەپانی تایبەتی خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات. ئەوەی بکەوێتە خزمەتی ئامانجەکەی سوودی لێوەردەگرێت و ئەوه‌ی کە پێچەوانەش بێت به‌لاوه‌ی ده‌نێت. سەبارەت بە پەیوەندی پژاك لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت رێبەر ئاپۆ لە وه‌ڵامی پرسیارەکانی سه‌ره‌وه‌دا تا ئاستێك روونم کردووەتەوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش روونیدهكهمهوه کە رێبەر ئاپۆ بۆ ئێمەی پژاك ته‌نیا لیدەرێکی سیاسی، تاکتیکی و پراکتیکی نییە، به‌ڵكو رێبەرێکی فکری و فەلسەفییە و لە بواری ستراتیژی تێکۆشان‌دا. هه‌رچی بواری تاکتیکی و پراکتیکیه بەڕێوەبەرایه‌تی پژاك بۆ خۆی لە چه‌قی مەیدانهكهدا وه‌ستاوه. واتا پژاك به‌خۆی خوێندنەوە بۆ مەیدان دەکات و بە پاراستنی بنەما فکری و فەلسەفییەکان هەنگاوی کرداری دەنێتەوە. دیسان دووپاتی دەکەمەوە ئەوەشیان دوورنیه لە خواستی رێبەر ئاپۆ.
پ: تا ناكۆكی و ململانێی نێوان توركیا و ئسرائیل زیاتر بێت، توركیا و ئێران ناچارن خۆیان نزیكی یه‌كتر بكه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی توركیا له رۆژئاوا كردی له رۆژهه‌ڵاتی ده‌رفه‌تی دووباره كردنه‌وه‌ی نیه. لێره‌دا چاره‌نووسی پژاك به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟
وه‌ڵام: مژاری ناكۆكی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و توركیا له‌گه‌ڵ ئسرائیل خاڵی هاوبه‌شه له نێوانیاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مێژوو نیشانیداوه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناكۆكیه‌كانیان ئێران و توركیا له باره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد هاوبه‌شن، تا ره‌فتاری هه‌ردووكیان یان یه‌كێكیان له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد نه‌گۆڕێت، ئه‌م هاوبه‌شیه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. گرنگی پڕۆسه‌ی ئاشتی و كۆمه‌ڵگای دیموكراتی لێره دایه، كه ئه‌گه‌ر گه‌یشته ئاستی ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له ره‌فتاری توركیا و رق ئه‌ستووری له به‌رامبه‌ر كورد نه‌مێنێت، ئه‌وه ئێران به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه و به‌م شێوه‌یه ناتوانێ به‌ربه‌ره‌كانی كورد بكات، ناچار ده‌بێت ره‌فتاری خۆی بگۆڕێت.
هاوكات پێویسته جیاوازیه‌كان له نێوان ده‌رفه‌تی توركیا بۆ ده‌ستوه‌ردانه رۆژئاوای كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ببینین. توركیا ئه‌گه‌ر بشخوازێ وه‌كو رۆژئاوای كوردستان و سوریا ناتوانێ ده‌ستكراوه بێت له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران‌دا. هه‌روه‌ها بۆ توركیا تێزی "سنووری میساقی میللی" سه‌ره‌كیترین بیانوو بوو بۆ ده‌ستوه‌ردانه رۆژئاوای كوردستان و سوریا. به‌ڵام بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران ئه‌م بیانووه له ئارادانیه. هه‌روه‌ها بۆ توركیا ده‌ستوه‌ردانه ئێران به‌هه‌مان شێوه‌ی سوریا ئاسان نیه. له ئێران‌دا چه‌ندین فاكته‌ر هه‌یه كه رێگا به ده‌ستوه‌ردانی توركیا ناده‌ن یان ئاسته‌نگی ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا به تایبه‌تی ئه‌مریكا بێده‌نگ بێت له به‌رامبه‌ر ده‌ستوردانی توركیا، ئایا روسیا و ئسرائیل كه كاریگه‌ری و هه‌ژموونیان له ناوچه‌ی قه‌فقاز هه‌یه، رێگا به توركیا ده‌ده‌ن تاوه‌كو له باكووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه ده‌كاته باكووری رۆژئاوای ئێران ده‌ست به جوڵه‌ی سه‌ربازی و له‌شكركێشی بكات؟
هه‌روه‌ها دۆخی جیۆپۆلۆتیكی و جوگرافی باكووری كوردستان له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان جیاوازه، په‌یوه‌ست به دۆخی باكووری كوردستان له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا. سنووری نێوان توركیا و سوریا ته‌ختاییه، كه كار ئاسانی بۆ توركیا كرد، به‌ڵام سنووری نێوان توركیا و ئێران شاخاویی و سه‌خته ئاسته‌نگی بۆ جوڵه‌ی له‌شكركێشی دروست ده‌كات. جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان له‌سه‌ریه‌ك نیه، هه‌رێمی غه‌یره كوردی له نێوان ناوچه كوردنشینه‌كاندا هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ده‌ستوه‌ردانی بۆ توركیا ئاسانتر كردووه. به‌ڵام سنووری نێوان باكوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له هه‌ردوو دیویه‌وه، شوێنی نیشته‌جێبوونی كورده كه تێكۆشه‌ر و نیشتیمان په‌روه‌رن. واته له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چ له رووی جوگرافی چ له رووی دیمۆگرافی ئاسته‌نگ زیاتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان.
ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی و كۆمه‌ڵگای دیموكراتی له باكوور و توركیا به‌ره‌وپێش بڕوات، كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌واندنه‌وه و خاو كردنه‌وه‌ی هه‌ستیاری پێشتری توركیا سه‌باره‌ت به پژاك، ره‌نگه به‌مه‌ش سنووردار نه‌بێت و بگاته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی توركیا پێچه‌وانه بێته‌وه.
له‌لای خۆیه‌وه پژاك هه‌وڵده‌دات خۆی و گه‌لی كورد بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده بكات و به سیاسه‌تێكی ژیرانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكات، كه به دڵنیایه‌وه ئه‌م سیاسه‌ته‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پژاك به‌رده‌وام رۆڵی به‌هێزتر بگێڕىت. به تایبه‌تی پژاك كار بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی پێكه‌وه ژیانی خه‌ڵكی تورك، ئازه‌ری و كورد ده‌كات كه ئه‌مه‌ش تا ئاستێكی به‌رچاو ده‌توانێت رێگا له ئاژاوه‌گێڕی بگرێت.
پ: ئێرانێك كه نه‌ڕووخاوه، تا ئه‌مڕۆش ئاماژه‌كانی رووخاندنی دیارنین، له ئایینده به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ ئایا گوتاری ناسیۆنالیستی ئێران دەوڵەت پەرەدەستێنێت یان لایه‌نه ئایینی و مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی تۆختر دەکرێتەوە؟
وه‌ڵام: وەك پێشتر ئاماژه‌م پێكرد ئێران بەو شێوەیە نامێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین یەك دیدی رەها بۆ داهاتووی ئێران بخه‌ینه‌ڕوو. نازانین ئەگەر جه‌نگ دەست پێبکاتەوە، ئێران دەروخێت یان ناروخێت؟ بەڵام ئەگەری زۆرە کۆنتڕۆڵی هەندێ هەرێم لە دەست دەدات! ئایا یه‌كێك له‌م هه‌رێمانه كوردستان ده‌بێـت؟ بەڕای ئێمە ئەرێ!
یان ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕوخێت و ده‌سه‌ڵاتی نه‌مێنێت، بەو توانا ماددی و مرۆڤیەی هەیەتی دەتوانێت بەهه‌مان شێوەی تاڵبان لە هەندێک هەرێمدا بمێنێتەوە و رێگە لە سه‌قامگیری بگرێت؟ بەڕای ئێمە دەتوانێت! بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو هەرێمەی کە پاشماوەی کۆماری ئیسلامی تیایدا خۆی ده‌گرێته‌وه، کوردستان نییە و ئەمانە هەموو دەرفەتن له‌به‌رده‌م كورد.
ئایا ئەگەر شەڕ دەستپێنەکاتەوە، ناکۆکیە ناوخۆییەکان دەتوانن کۆتایی بەڕژێم بهێنن یان لانیکەم ناچاری گۆڕانكاری قوڵی بکەن کە ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنێت؟، بەڕای ئێمە ئەرێ دەتوانێت! بۆیە ئێمە ناچار نین خۆمان ئەسیری تەنیا پڵانێك یا گریمانەیەك بکەین! ئێمە دەبێ هەموو گریمانەکان ببینین و بەپێی روودانی هەریەك لەوانە خۆمان ئامادە بکەین.
سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی توندڕه‌و و بیرۆکەی مەزهەبپهرستی توندڕه‌و لە ئێران‌دا دەتوانم بڵێم له سایه‌ی سیستەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی هه‌ردووكیان و تاقی کراونەتەوە، وەکو پێشتر دەرفەتیان لەبەردەستدا نییە، له رۆژی ئەمڕۆدا زیاتر دیموکراسی‌خوازی و پلوڕالیزم دەتوانێت ببێت بە گوتاری سەرەکی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت ئێمە غافڵ بین لە دووبارە بوونەوەی مێژوو، بێگومان تێکۆشانی ئێمەیە داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دیاری دەکات.
پ: ئه‌گه‌ر رژێمی ئێران بڕوخێت یان دیزاین بكرێته‌وه، شێوازی خه‌باتی پژاك چی به‌سه‌ر دێت؟
وه‌ڵام: شێوازی خەباتی پژاك لە هەر ئەگەرێکدا پێشەنگایەتی خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزیە لە کوردستان و هاوکات پرسی ژن لە ئێڕان پرسێکی سەرەکیە بۆ ئێمە. هه‌ماهەنگی و پێشەنگایەتی بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلانیتری ئێران کە خواستە و نەخواستە چارەنووسی ئیستامان پێکەوە گرێ ده‌دات، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمە بابەتێکی گرنگ و چاره‌نووسسازه. تێکۆشانی دیموكراتی لە ئێرانێکی ئازاد و دیموكراتیدا گەرەنتی هاتنە سەرکاری سیستەمێکی ئازاد و دیموكراتیكه لە ئێران، کە پژاك بۆی تێدەکۆشێ.
پ: له روانگه‌ی به‌ڕێز (ئۆجالانیشه‌وه) شێوازی خه‌باتی پژاك نیو چه‌كداری و نیو ملیسی پڕۆكسیه. ئایا پژاك بیری له شێوازی دیكه‌ی تێكۆشان و خه‌بات كردۆته‌وه؟
وه‌ڵام: پژاك هیچکات لایەنێکی تەنیا سەربازی نەبووە و بەردەوام تێکۆشانی فکری، كلتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەبنەما گرتووە و لەمەودواش زیاتر لە جاران پەرەی پێدەدات.
پ: نامەکەی بەرێز ئۆجەلان کە لە 27 شوباتدا بڵاو کرایەوە، له لایه‌ن پژاك وەك مانیفێستی سەدە ناوزەد ده‌كرێت و بە لێدوان پێشوازیتان لێکرد. بەرێز ئۆجەلان لە نامەکەیدا شەڕی چەکداری و حیزبی چەکدار وەك دەرهاوێشتەی قۆناخی شەڕی سارد ناوزەد دەکات و دەڵێ کاتی بەسەر چووە. کەچی پراکتیکی رۆژانەی پژاك بەپێچەوانەی ئەو نامەیەی رێزدار ئۆجەلانە. واتە ئێوە بەردەوامن لە شەڕی چەکداری. چەند هەڤاڵێکتان لە هەرێمی موکریان گیانیان بەخت کرد. هاوکات ئێوە بە ئاشکرا دەستتان کردوە بە کوشتنی ئەندامە کوردەکانی ناو سوپای پاسداران. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە پژاك بەرچاو ڕوونیەکی گشتگیر بدات بە خەڵك و وەڵامی ئەو هەموو ناکۆکی و ناڕوونیه بداته‌وه؟
وه‌ڵام: ئێمە دڵنیاین شەڕی چەکداری کلاسیك لە بواری سیاسی، ستراتیژی و تاکتیکەوە وه‌ڵامی سەردەمی ئەمڕۆ ناداتەوە، بەڵام ئەوە بەو واتایه نییە مافی پاراستنی رەوا به‌لاوه بنێین. بێگومان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و پژاك لە هەر کاتێك زیاتر پێویستیان بە خۆ بەڕێکخستنی خۆپاراستن هەیە، جوڵەکانی پژاکیش بە جوڵە نوێیەکانیشیهوه دەرهاوێشتەی ئەم راستییەیە و ئەگەر قوڵ لە بابەتەکە وردبینەوە، ناكۆكیه‌ك به‌دیناكه‌ین له نێوان گوتار و کرداری پژاك.
پ: پژاك بەپچەوانەی زۆربەی حیزبەکانیتر، لە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی خەباتێکی بەرفراوانی مەدەنی لەناو ئێران‌دا هاتە ئاراوە. بە ساڵان خەباتی مەدەنی کۆڵەکەیەکی گرنگی ناسنامەی پژاك بوو. کەچی پژاك ڕۆژ بە رۆژ کارەکتەری نیزامی خۆی بەرجەستە دەکاتەوە و زیاتر دەبێته حیزبێکی تەقلیدی. هۆکاری ئەم دۆخە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
وه‌ڵام: وەک پێشتر گووتم، پژاک گرنگی زۆر بەخەباتی مەدەنی دەدات، وەك ئێوه‌ش ئاماژەتان پێکردووە پژاك یەکێکه لە داهێنەرانی كۆڵه‌كه‌ی خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جگه لە مافی پاراستنی رەوا، خۆی دوور ده‌گرێت له شەڕی کلاسیکی و بێ ئامانج. هه‌روه‌ها پژاك بەرلەوەی هەڵگری رێبازێکی سەربازی بێت هەڵگری رێبازی سیاسی و مەدەنییە و زۆرترین سەرقاڵبوونیشی لەسەر ئەم گۆڕەپانەیە. بێگومان پژاك لەبواری پاراستن و سەربازییەوە پشتگیری لە جوڵەی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (YRK) دەکات، ئه‌گه‌ر نا پژاك دووره له كاره‌كته‌ری حزبی ته‌قلیدی.
پ: چاوەڕوانی دۆخێکی ئێگجار نالەباری ئابوری لە ئێران‌دا دەکرێت. ئایا ئێوە کاریگەری ئەم دۆخە خراپە لەسەر خەڵکی ئێران و کوردستانی ئێران چۆن لێکدەدەنەوە و پێتانوایە ئەم دۆخە چ کاریگەرییەك لەسەر خەباتی ئازادیخوازی خەڵکانی ئێران دادەنێت؟
وه‌ڵام: ئەو دۆخە ئاکامی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەو گوشارەی لەسەر گەلەکەمان هەیە دەزانین و پێمانوایە تاكه رێگای تێپەڕاندنی ئەو دۆخە شۆڕش و تێکۆشانە. بە گۆڕانی ئەو رژێمەش دەرفەت دەخوڵقێت بۆ کۆمەڵگە تا ئابوری خۆی بونیاد بنێته‌وه. داوا لە گەلەکەمان دەکەین بۆ کەم کردنەوەی قورسایی ئەم بارە، هاوکار و دڵسۆزی یەکتربن و رۆحی هاونیشتمانی و ئینسانی و بەرپرسیاریەتی لەم قۆناخەدا بە بنه‌ما بگرن. پێمانوایە ئەم دۆخە لەگەڵ هەموو ئاستەنگییەکانی، ئامادەترمان دەکات بۆ پەرەدان بە تێکۆشان لە بەرامبەر به‌رپرسانی ئەم دۆخە سه‌خته و کۆتاییهێنان به‌و سیستەمە ناعەداڵەت و دیکتاتۆرە.
پ: لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا ئسرائیل دژ به ئێران باس لەوە کرا کە هێزە کوردیەکان دژ بە رژێم دەکەونە جوڵە، بەڵام دواتر ترەمپ له‌ناكاو گوتاره‌كه‌ی گۆڕی و گووتی:" کوردم خۆشدەوێت ناخوازم ببنە قوربانی". ئێوه ئەمە چۆن شرۆڤە دەکەن؟ لە پشت گۆڕینی هەڵوێستی ترەمپ چی هەبوو؟
وه‌ڵام: كه جه‌نگ ده‌ستی پێكرد، ئه‌مریكا و ئسرائیل له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌نی دیكه، پێیانوابوو به كوشتی (خامه‌نی) رژێم ده‌كه‌وێت و توانای له‌سه‌ر پێ مانه‌وه‌ی نامێنێت. به‌ڵام له باشووری ئێران هێرشكرایه سه‌ر بنه‌كه و ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی كه‌نداو كه هاوپه‌یمانی ئه‌مریكانه. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئه‌مریكا و به تایبه‌تی ئسرائیل پێیانباشبوو به‌ره‌ی دیكه‌ی جه‌نگ دژ به ئێران بكرێته‌وه تا هێزه‌كانی ئێران به‌ره‌وخۆی رابكێشێت و خه‌ریكیان بكات تا ئێران ژماره‌ی هێرشه‌كانی له باشوور كه‌متر بكاته‌وه. دیاره ئسرائیلیش مێشكی (تره‌مپ) ی پڕ كردبوو كه له رێگای كوردستان ئه‌و ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌یه هه‌یه (ته‌هران) بگیڕێت. له‌به‌ر ئه‌وه مكوڕیهكی زۆر هه‌بوو كه هێزه كوردیه‌كان بخزێندرێنه ناو ئه‌م جه‌نگه. ئێمه وه‌كو پژاك چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كمان بۆ ئه‌م دۆخه هه‌بوو، سهرهكیترینان ئه‌م ههڵسوكهوتهمان له‌گه‌ڵ هێزی كوردی پێ راست نه‌بوو، ئىمه هێزێكی پڕۆكسی نین، هێزێكین بۆ ئازادی گه‌له‌كه‌مان تێكۆشان ده‌كه‌ین و روانگه‌یه‌كی سه‌ربازی و ئه‌منی ره‌ها له هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی قه‌بوڵ ناكه‌ین. ئێمه خاوه‌ن دۆزێكی سیاسین و پێویسته به‌ر له هه‌رشتێك تێڕوانینێكی سیاسی بۆ تێكۆشانمان هه‌بێت. ئه‌مه لایه‌نێكی مه‌سه‌له‌كه‌یه. لایه‌نه گرنگه‌كه‌ی په‌یوه‌سته به ئێران، راسته رژێم گورزی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت بوو، چه‌ك و جبه‌خانه‌ی زۆری له ده‌ستدابوو و له‌ژێر چهپهرۆكی ئسرائیل و ئه‌مریكا ناڵه‌ناڵی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بای ئه‌وه‌نده چه‌ك و جبه‌خانه‌ی هه‌بوو ئه‌گه‌ر له كوردستاندا بێ خوێندنه‌وه‌ی دروست جوڵه‌یه‌ك بكرێت، كۆمه‌ڵكوژی گه‌وره ئه‌نجام بدات.
هه‌روه‌ها له رووی ژماره‌وه هێزی ئێرانی گورزی گه‌وره‌ی پێنهكهوتبوو، راسته وه‌ری به‌ردابوو، به‌ڵام هه‌میشه له جه‌نگه‌كان ئه‌وانه‌ی تاوانی گه‌وره ده‌كه‌ن هێز وره رووخاوهكانن. دۆخه رۆحیهكه وای لێده‌كات ده‌ست له هیچ نه‌پارێزێت و كۆمه‌ڵكوژی ئاسان بێت به‌لایه‌وه. هه‌روه‌ها به‌شێك له هێزه كرێگرته‌كانی (جاش) له كوردستاندا مۆڵ دابوو.
جگه له‌مه ئه‌و هێزانه‌ی كه هێرشیان كردبووه سه‌ر ئێران هیچ گه‌ره‌نتیان به كورد نه‌دابوو، وه‌كو ساڵی 1991 له هه‌رێمی كوردستان. نه‌هاتن بڵێن ئێمه ناوچه‌ی دژه فڕین دروست ده‌كه‌ین، كه‌واته ده‌ستی ئێران كراوه بوو، بۆ كۆمه‌ڵكوژیی كردنی كورد. كه‌واته تێكه‌وتن و جوڵه‌یه‌كی نابه‌رپرسیارانه، زه‌مینه بۆ كۆمه‌ڵكوژی كورد دروست ده‌كات.
ئێمه ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان‌مان هه‌یه. له ساڵانی 1970 ئه‌گه‌ر (سه‌دام حوسێن) هێشتا نه‌گه‌یشتبێت به پله‌ی سه‌ركۆماری، ئه‌وه رۆڵێكی به‌هێزی هه‌بوو له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا. تا سه‌رده‌می جه‌نگی عێراق ئێران سه‌دام خاوه‌ن هێز بوو. ئه‌و تاوانانه‌ی سه‌دام حوسێن له سه‌رده‌می جه‌نگ ئه‌نجامیدا، نه به‌ر له جه‌نگ و نه دوای جه‌نگ ئه‌م تاوانانه‌ی نه‌كرد. بزانه تاوانی راگواستنی فه‌یلی، كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و دواتریش ئه‌نفال، هه‌موویان له سه‌رده‌می جه‌نگ ئه‌نجامدراوه. كه‌واته كاتێك ده‌وڵه‌ت له جه‌نگدایه، هاوكاری ده‌ستی ده‌ره‌كی ده‌كاته پاساوی كۆمه‌ڵكوژی و جنیۆساید.
هه‌موو ئه‌مانه‌مان خوێنده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزمان له‌ناو رۆژهه‌ڵات و له‌سه‌ر سنووره‌كانیش هه‌بوو. هه‌رچه‌نده وه‌رزه‌كه وه‌رزێكی سه‌خت بوو، به‌ڵام ئێمه وایكرد له‌م یاریه‌دا تێنهكهوین، دوو هۆكار بوو، یه‌كه‌میان د‌رك كردمان بوو به‌وه هێشتا كۆماری ئیسلامی چه‌ك و هێزی كۆمه‌ڵكوژی هه‌یه، دووه‌میشیان هێزه‌كانی دژ به ئێران (ئه‌مریكا و ئسرائیل) نه‌یانتوانیووه ناوچه‌ی دژه فڕین دروست بكه‌ن.
جگه له‌مانه پىدهچێت كه ده‌ستێوه‌ردانی ناوچه‌ییش هه‌بووه، تره‌مپ كه زانی ئه‌مه سه‌ر ناگرێت و ئه‌گه‌ر پژاك به‌شداری له‌م پڕۆسه‌یه نه‌كات، پڕۆسه‌كه سه‌رناكه‌وێت. له‌مباره‌یه‌وه هه‌وڵماندا لایه‌نه‌كانی دیكه هۆشیار بكه‌ینه‌وه كه هه‌ڵه‌یه‌ك نه‌كرێت گه‌له‌كه‌مان تیایدا زه‌ره‌رمه‌ند بێت.
زۆر كه‌س پێیوایه توركیاش رۆڵی هه‌بووه، ئه‌گه‌ر توركیا رۆڵی هه‌بووبێت بێگومان ته‌نیا له‌به‌ر كورد نه‌بووه، توركیا پێیوابووه ئه‌گه‌ر ئێران بڕوخێت نۆره‌ی ئه‌ویش دێت. به تایبه‌تی له كاتێكدا ئێران و توركیا له ناوچه‌كه‌دا شه‌ڕی هه‌ژموونی ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌و هێرشه ئێران رووخابووایه هێزی ئسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا زیاتر ده‌بوو. هه‌ڵبه‌ته توركیا نه‌یوویستووه ململانێی خۆی له‌گه‌ڵ ئسرائیل بكاته بیانوو، هه‌وڵیداوه به مه‌سه‌له‌ی كورد رێگا له رووخانی رژێم بگرێت.