درەو:
راپۆرتی: ماڵپەڕی "الحرە"
لە بەغداد دانوستاندن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک سەبارەت بە رادەستكردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بەڕێوەدەچێت، بە شێوازێک کە نە حکومەت و نە گرووپەکان تووشی شەمەزاری و فشار نەکات، ئەوەش بەوتەی چەندین سەرچاوە کە قسەیان بۆ ماڵپەڕی "الحرە" کردووە.
هەوڵەكان چاویان لەسەر داڕشتنێكە رێگە بۆ حكومەت خۆشبكات ئەم دۆسیەیە بە سەركەوتوویی تەواوبكات، لەلایەکی دیکەشەوە گرووپەکان بە شێوەیەک دەرنەخات کە لەژێر فشاردا چەکەکانیان رادەست کردووە.
حکومەتی عێراق مۆڵەتی تا 30 ئەیلول دیاری کردبوو بۆ ئەوەی گرووپەکان چەکەکانیان رادەست بکەن، بەڵام یەكێك لە ئەندامی تیمی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، راگەیاند: بەرواری 30 ئەیلول بە نەگۆڕیی نامێنێتەوە، پێشنیازەکانی دواخستن نزیک بوونەتەوە لەوەی ببن بە واقیع.
بەڕێوەبەری نوسینگەی یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرا کردووە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هێزەکانی چوارچێوەکە و زەیدیدا هەیە، کە چەکی گرووپەکان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بکرێت، تا ببێتە لایەنی فەرمیی بەرپرس لە کۆکردنەوەو کۆگاکردنی پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکە.
محەمەد باقر قالیباف، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد پێشنیازی بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردبوو چەکەکان لەدەستی گرووپەکاندا بمێنێتەوە یان بسپێردرێت بە دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ئامادەبوون بۆ روودانی هەر بارودۆخێکی لەناکاو، بە مەرجێک رادەستی حکومەت نەکرێت، كە بەوتەی سێ سەرچاوە، قالیباف وتبووی، پێیوایە حكومەت لەلایەن واشنتۆنەوە ئاڕاستە دەكرێت.
ئەو داڕشتنەی قالیباف پێشنیازی کردبوو، ئەمڕۆ لە وتاری گشتیی عێراقدا ئامادەیی هەیە، بەڵام بە دەستەواژەی جیاوازتر.
ئەمڕۆ عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت، لە کاتی پێشوازیکردنی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی، جەختی لە گرنگی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت و رادەستکردنی چەکی گرووپەکان بە دەستەی حەشدی شەعبی کردەوە وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی حکومەت، وتوشیەتی، چەکی گرووپەکان رۆڵی هەبووە لە روبەڕوبوونەوەی رێکخراوی داعش.
حەكیم لە قەسەكانیدا رایگەیاندووە، ئامانجی کۆتایی گەیشتنە بە سیستەمێکی ئەمنی جێگیر کە تێیدا "چەک رێکخراو بێت"، ئەمەش ئەو دەستەواژەیەیە کە دەستی کردووە بە شوێنگرتنەوەی "کۆکردنەوەی چەک" لە چەندین شوێندا.
گەڕان بەدوای دەرچەیەکدا لە کەشوهەوایەکی هێمن بەڕێوەناچێت، سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق دەڵێن، هەڕەشە لەلایەن هەندێک گرووپەوە کراوە بە كردنە ئەمانجی حکومەت ئەگەر سور بێت لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی چەک وەک چەکی تیرۆریستان، نەک چەکی بەرگری.
سەرچاوەیەک کە چاوی بە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس کەوتووە لە دوا سەردانیدا بۆ بەغداد وتویەتی، قائانی پێی راگەیاندووە، گرووپەکان چەکەکانیان رادەست ناکەن.
قائانی، كە لە 10ی ئابدا سەردانی بەغدای کردبوو، داوای لە سەرکردەی گرووپەکان کردبوو چەکەکانیان بپارێزن و ئەندامەکانیان پەرە پێبدەن، پێی وتبوون، چەکی رادەستکراو چەکی ئێرانە.
گواستنەوەی چەک و تەقەمەنییەکان بۆ دەستەی حەشدی شەعبی، دەستەکە دەخاتە ناو جەرگەی پڕۆسەی داماڵینی چەکەوە، كە دامەزراوەیەکی فەرمییەو بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە بەستراوەتەوە، واتە بە خودی سەرۆک وەزیرانەوە.
بەڵام ئەو گرووپانەی چەکەکانیان بۆ ئەوێ دەگوازرێتەوە، ساڵانێکە بە فەرمی سەر بەو دامەزراوەیەن، لە هەمان کاتدا پەیوەست بوونیان بە پەیكەری فەرماندەیی و پەیوەندیی سیاسی و سەربازی سەربەخۆی خۆیان پاراستووە.
سەرچاوە: راپۆرتی: ماڵپەڕی "الحرە"