درەو:
دەستەی دەستپاكی عێراق سزای (6) ساڵ زیندانی بۆ (سهربهست عومهر حهسهن) بریكاری پێشووی وهزیری رۆشنبیری عێراق دەركردووە بە تۆمەتی ئەوەی ساڵی 2014 گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی دانیماركی ئەنجامداوە، خانەوادەكەی د. سەربەست بامەڕنی دەڵێن ئەو راپۆرتەی دەستەی دەستپاكی راست نیە دەستەی دەستپاكی بەهەڵەداچووە، لەبەر ئەوەی د. سەربەست بامەڕنی ساڵی 2009 خانەنشین بووەو نەچووەتەوە بۆ بەغداد.
د. ئازاد بامەڕنی برای سەربەست بامەڕنی كە خۆی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، بە (درەو)ی راگەیاند: ئێمە سەرمان سوڕماوە لەو راپۆرتەی دەستەی دەستپاكی عێراق، د. سەربەست بامەڕنی بریكاری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیری عێراق لە 2009 خانەنشین بووە و نەچووەتەوە بۆ بەغداد، بەڵام راپۆرتەكەی دەستەی دەستپاكی باسی گرێبەستێك دەكات كە لە ساڵی 2014 كراوە، كە پێنج ساڵ پێش ئەو وادەیە د. سەربەست بامەڕنی خانەنشین بووەو نەچووەتەوە بەغداد، لە ساڵی 2024یش كۆچی دوایی كردووە، بۆیە دەستەی دەستپاكی عێراق بەهەڵەداچووە و راپۆرتەكەی دوورە لە راستیەوە، هەربۆ زانیاریتان د. سەربەست بامەڕنی، نە زەوی هەیە، نە شوقەی هەیە، نە خانووی هەیە نە لە كوردستان و نە عێراق و نە لە ئەڵمانیا كە لەوێ دەژیان.

دەقی بڕیارەكەی (دەستەی دەستپاكی عێراق):
دەستەی دەستپاکی عێراق: شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ بریكاری (وهکیلی) پێشووتری وەزیری ڕۆشنبیری عێراق بەهۆی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی
بڕیاری سزادانەکە لەسەر سەرپێچییەکانی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی بۆ نمایشکردنی "گەنجینەی نەمرود" لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادا هاتووە.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی (هيئة النزاهة الاتحاديَّة) دەركردنی بڕیاری سزادانی غیابیی بە شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ بریكاری پێشووتری وەزیری ڕۆشنبیری ڕاگەیاند؛ لەسەر پاشخانی سەرپێچی لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی بۆ نمایشکردنی گەنجینەی شوێنەواریی نەمرود لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادا.
دەستەکە لە زانیارییەکانی دەربارەی وردەکاریی ئەو دۆسیەیەی لێکۆڵینەوەیان تێدا کردبوو و ڕەوانەی دادگایان کردبوو ڕایگەیاند: دادگای تاوانەکانی کەرخ/ دەستەی سێیەم بڕیاری سزادانی غیابیی بەرامبەر تاوانباری هەڵاتوو(سەربەست عومەر حەسەن) دەرکردووە، کە پێشتر پۆستی بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری هەبووە، بە سزادانی بە شەش ساڵ زیندانیکردن، بەهۆی ئەو سەرپێچییانەی کراون لە دۆسیەی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەت لە ساڵی (٢٠١٤) لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی بە ناوی (مجموعة المعارض القابضة)؛ بە مەبەستی نمایشکردنی گەنجینەی شوێنەواریی نەمرود لە مۆزەخانەکانی ئەوروپادا.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە دادگا، دوای تێڕوانینی لە بەڵگە سەلمێنراوەکانی دۆسیەکە، گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی سزای بەسەردا بسەپێنێ، بۆیە بڕیاریداوە بە غیابی تاوانبارە هەڵاتووەکە بە شەش ساڵ زیندانی سزا بدات؛ بەپشتبەستن بە ئەحکامەکانی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزادانی ژمارە (١١١ی ساڵی ١٩٦٩).
