نیگەرانی ژینگەیی لە سێبەری گڕگرتن و تەقینەوەی تانکەکانی سوتەمەنیدا لە سلێمانی
شیكاری: شێركۆ وەهبی – شارەزای ژینگەیی -سوید
لەوانەیە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سووتەمەنی بووبێت بە دوکەڵ، هاوکات ڕەنگە هەزاران تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لێ پەیدا بووبێت و دەفەرێکی فراوانی هەوا، ئاو و خاکی ناوچەکەی پیس کردبێت.
شەوی سێشەممەی ١٧ی ئاب ئاگرێکی بەرفراوان و چەند تەقینەوەیەکی بەهێز ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆی لە دەرەوەی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عیڕاقدا هەژاند. بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، ئاگرەکە لە کۆگایەکی گەورەی سووتەمەنیدا ڕویداوە و ٣٨ تانکەری سووتەمەنی لەناوبردووە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی تر لەو ناوچەکەدابوون و بڕێکی زۆریشیان لە ئاگرەکەدا لەدەست چوو.
ئاگر و تەقینەوەکان ئەوەندە بەهێز بوون کە بڵێسەی ئاگر و دوکەڵەکە لە دوورییەکی زۆرەوە تێبینی کراوە. بەپێی زانیارییەکانی شەفەق نیوز، دوای نزیکەی چوار سەعات و ٢٠ خولەک ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا. بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕەنگە ژمارەی بریندارەکان پتر لە ٢٠ کەس بووبێت.
ئەمەش کۆمەڵە پرسیارێک لەسەر لێکەوتە ژینگەییەکانی ئاگرەکە دەوروژێنرێت.
پێدەچێت نزیکەی ٧ هەزار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن چووبێتە هەواوە
سێ ملیۆن لیتر بڕێکی زۆر گەورەیە لە سووتەمەنی. گریمان کە زۆرینەی سووتەمەنییەکان بەنزین بووە، سێ ملیۆن لیتر یەکسانە بە نزیکەی ٢٢٠٠ تۆن بەنزین، ئەمەش بەپێی چڕی سووتەمەنییەکە. کاتێک بەنزین دەسوتێنرێت، نزیکەی ٣.١ کیلۆ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ هەر کیلۆیەک بەنزین دروست دەبێت، بە پێی حیسابێکی ورد دەکاتە:
3,000,000 لیتر × نزیکەی 0.74 کیلۆگرام/لیتر × نزیکەی 3.1 = نزیکەی 6,900 تۆن CO2.
ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر بە ڕاستی نزیکەی سێ ملیۆن لیتر سووتابێت، دەکرێت ئاگرەکە بووبێتە هۆی دەردانی نزیکەی ٧ هەزار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. بەڵام لەوانەیە هەموو سووتەمەنیەکە نەسووتابێت. لەوانەیە هەندێکیان دزەیان کردبێت بۆ ناو خاک، بەهەڵم بوون، یان بە شێوەیەکی ناتەواو سووتاون.
ئایا تەنها دووەم ئۆکسیدی کاربۆن تاکە مەترسییە؟
دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بریتییە لە گازی گرینهاوس کە دەبێتە هۆکاری قەتیسبوونی گەرمی لە ئەتمۆسفیردا، بەڵام لە حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە بەنزین و گازۆیلدا، پیسبوونی هەوای ناوخۆیی لانیکەم لە ڕوانگەی ژینگەیی و تەندروستییەوە گرنگە. دەکرێت بە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی لەو شێوەیە بڕێکی زۆر لە گەردیلەی ورد و سوت، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدەکانی نایترۆجین، پێکهاتە هایدرۆکاربۆنیە هەڵمییەکان، هایدرۆکاربۆنە پۆلیسیکلیک ئەرۆماتیکییەکان (PAH)، هەروەها ماددە ژەهراویە کیمیاویەکانی تر پەیدا دەبن. بۆیە لەوانەیە ئاگرکەوتنەوەی بەرهەمەکانی نەوت ببێتە هۆی ئەوەی کە تەنها دەردانی CO2ی لێنەکەوێتەوە.
لێکۆڵینەوە و شیکارییەکانی ئاگرە گەورەکانی نەوت دەریدەخەن کە ڕەنگە دوکەڵەکە تێکەڵەی گەردیلە، هایدرۆکاربۆن، ئۆکسیدەکانی نایترۆجین، پێکهاتەی گۆگرد و پیسکەرەکانی تریش لەخۆگرێت.
ئەو دوکەڵە تاریکە ئەستوورەی بەسەر سلێمانیدا بینراوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سووتەمەنییەکە بە تەواوەتی نەسووتاوە.
ئەمەش بەو مانایەیە کە مەرج نییە هەندێک لە ئەتۆمەکانی کاربۆن لە سووتەمەنیدا گۆڕدرابن بۆ CO2، بەڵکو لەبری ئەوە ڕەنگە بۆ نموونە بووبن بە سوت و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆکاربۆنی دیکە. شایانی باسە کە سۆت بریتییە لە گەردیلە زۆر بچووکەکان کە بە شێوەیەکی سەرەکی بریتییە لە کاربۆنی ڕەش ولە ئەنجامی سوتانی سووتەمەنییەوە دروست دەبن کە کاربۆنیان تێدایە وەک بەنزین یان گازۆیل کە بە تەواوەتی ناسوتێت و زیانی گەورە بە کۆئەندامی هەناسە و سییەکان دەگەیەنێت. مانای وایە کە کۆی کاریگەرییە ژینگەییەکان تەنها بە هەژماردنی CO2 مەحاڵە بتوانرێت مەزەندە بکرت.
کاریگەری لەسەر زەوی و ئاو بۆ ماوەیەکی زۆر دوای ئاگرکەوتنەوە دەردەکەوێت
پرسیارێکی تری گرنگ ئەوەیە کە ئەو سووتەمەنیەی نەسووتا، چی بەسەر هات؟ ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە پێش ئەوەی ئاگرەکە لە نێوان تانکەرەکاندا بڵاوبێتەوە، سووتەمەنی دزەی کردوەتە ناو زەویەوە. دزەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ناو زەوی، خاک و ئاوی ژێر زەوی پیس دەکەن. هەروەها ئەو ئاوەی ئاگرەکەی پێدەکوژێنرێتەوە بەرهەمە نەوتییەکان دەگوازنەوە بۆ ئەو بۆریانەی کە ئاوی زریان دەگوازنەوە و چەم و ڕووبارەکان پیس دەکەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕەنگە کێشەی ژینگەیی زۆر دوای کوژانەوەی خودی ئاگرەکە بەردەوام بێت.
بۆیە پاش ئەم کارەساتە دەسەڵاتداران پێویستیان بە لێکۆڵینەوە هەیە، دەربارەی کوالێتی هەوا، پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی، هەروەها پیسبوونی ڕێڕەوە ئاوییە نزیکەکان. هەروەها پێویستە دیاریکردنی بڕی ئەو سوت و گەردیلانەی کە کەوتوونەتە خوارەوە حسابیان بۆ بکرێت، جگە لەوە پاشماوەکانی نەوت لەو ئاوەدا دیاری کرێت، کە ئاگرەکەی پێکوژێنرایەوە.
لەدەستدانی بڕێکی زۆری وزە
سێ ملیۆن لیتر بەنزین نزیکەی) terajoules of energy (100 سەد تێراجول وزەی تێدایە. ئەمەش هاوتایە لەگەڵ نزیکەی ٢٨ گیگاوات کاتژمێر وزەی کیمیایی، کە بڕێکی زۆر وزەیە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەفیڕۆچوو. بەرزی پلەی گەرمی و سووتانی خێرا بوونەتە هۆی تەقینەوە بەهێزەکان و بەفیڕۆچوونی وزەی گەرمی بە چڕیی.
یەک ئاگر ، بەڵام چەندین کێشەی ژینگەیی
هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی کاریگەرییە وردەکانی ئاگرەکە لەسەر ژینگە. بەڵام ئەگەر ئەو سێ ملیۆن لیترەی کە ڕاپۆرت کراوە بەڕاستی تا ڕادەیەکی زۆر سووتابێت، ئەوا ڕەنگە دەردانی گازی ژەهراوی زۆر گەورە بێت و نزیکەی 7,000 تۆن CO2 چووبێتە هەواوە. کە ناوچەکە گەرمتر دەکات و دەبێتە مایەی بەهەڵمبوونی دەریاچە و ڕووبار و کۆگاکانی ئاوی خواردنەوە. لە هەمان کاتدا ڕەنگە بڕێکی زۆر لە گەردیلە، سوت و پیسکەرەکانی تر دەردرابێت بۆ ناو هەوا کە دەبنە مایەی نەخۆشی لە بابەتی گیرانی بۆرییەکانی هەوا، ڕەبوو و شێرپەنجەی سنگ.
ئێستا نیشانەی پرسیاری گەورە ئەوەیە کە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا چی بەسەر خاک و ئاوی ژێر زەوی و هەوای دەوروبەری تانجەرۆدا دێت؟