مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
زیاد لە دوو دەیەیە هەرێمی کوردستان بەناو پرۆسەیەکی بەرفراونی بەشاربووندا تێدەپەرێت کە لە مێژووی هاوچەرخی کۆمەڵگای ئێمەدا تەواو تازەیە. ئەم پرۆسەیە لە چەندان سەرەوە قابیلی ڕەخنەکردن و قابیلی ناڕەزاییدەربڕینە بەرامبەری تا ئەو شوێنەی بەردەوامیدا بەم فۆرمە لە پرۆسەی بەشاربوون خەڵکی شارەکان رووبەرووی کێشە و قەیرانی گەورە و هەمەلایەن دەکەنەوە. بەر لە باسکردنی ئەم مەسەلانە با سەرەتا لە خۆمان بپرسین شار چییە؟
شار لە رووی فەلسەفییە، بەر لە هەمووشتێک، زۆر زیاترە لەوەی بە تەنها شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤ بێت، یان تەنها شوێن و ماڵ و خانوبەرە و شەقام و بازاڕ و هۆتێل و کافیتریا و سینەما و هتد...بێت. راستە ئەو شتانە شوناسە ماتریالیەکەی شار پێکدەهێنن و بوونێکی فیزیایی پێدەبەخشن، بەڵام شار، بە پلەی یەکەم. هێمایە بۆ فۆرمێکی تایبەتی «ژیانی پێکەوەیی» و «ژیانی بەکۆمەڵی» مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا. ژیانێک تیایدا کەسانی غەریب و نەناسراو و لەیەکنەچوو، گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، بەرژەوەندییە تایبەت و ناکۆکەکان، بەها و نۆرمە فرەجۆرەکان، شێوازە جیاوازەکانی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی، بە یەکتر دەگەن و بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا، دەژین. ئەم پێکەوەژیانە هاوبەشەی کەسانی جیاواز و لەیەکنەچووە، شار دەگۆڕێت بەو فەزا هاوبەشەی لەناویدا مرۆڤەکان روویان بە رووی بەیەکتریی و بەرووی دەسەڵات و بەرووی ململانێ و ئاڵوگۆری رۆژانە و بە رووی مەسەلەی ئازادیی و سەربەخۆیی خۆیان و ئەوانیتردا بتەقێتەوە. هەموو ئەمانەش وادەکەن پرسیاری ژمارەیەکی مرۆڤ لە شاردا ببێت بە پرسیاری "چۆن پێکەوە بژین؟". شار شوێنی سەرەکیی ئەم پرسیارە سەرەکییەی مرۆڤە، کە دوای ئەو شێوە جیاوازەکانی ژیانی ناو شار، دەستپێدەکات.
شار وەک یەکەیەکی زیندو و شوێنی پێکەوەژیانێکی ئینسانیی مامەڵەبکرێت، نەک وەک کاڵایەکی بازرگانی
لە دۆخێکی لەو بابەتەدا ئەوەی لە شاردا گرنگە ئەوەیە شارەکان دانیشتوانەکەیان وەک ڕێگر و بەربەست لەبەردەم پرۆژەکانیدا نەبینێت، دانیشتوانەکەی لێ زیاد نەبێت و وەک مرۆڤی زیاد و قابیلی تەلەفکردن وێنایاننەکات، پێشکەوتن و تازەبوونەوەی ڕاستەقینەی خۆی وەک پێشکەوتن و تازەبوونەوەی دانیشتوانەکەی ببینێت. کۆمەڵناسی ئەمریکی بەناوبانگ ”رۆبرت پارک“ لە راڤەکردنی ماناکانی شاردا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە مرۆڤ لە پرۆسەی دروستکردنی شاردا کەسایەتی خۆیشی دروستدەکات، تا ئەو شوێنەیش دەڕوات کە تازەکردنەوەی شار بە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی کاراکتەری کەسەکانەوە گرێبدات. بەم جۆرە پەیوەندییەکی ئۆرگانی گەورە لەنەوان شار و دانیشتوانەکەی و شار و کەسایەتی مرۆڤەکاندا دروستدەکات. بەم مانایە پێشکەوتنی شارەکان تەنها پێشکەوتنێکی مادیی و تەکنیکی نییە، بەڵکو وەڵامدانەوەیەکی تازەشە بە پرسیاری ئەوەی «چۆن بەیەکەوە بژین؟».
خاڵی سەرەکیی لەم بەیەکەوە ژیانەدا بوونی مافە. مافێک کۆمەڵناسانی وەک ھێنری لۆفۆفێری فەرەنسیی و دیفید ھارفی ئەمریکی، بە "مافی ھەبوونی شار" ناویدەبەن، the right to the city. خاڵی سەرەکیی لەم مافەدا ئەوەیە هەموو دانیشتووانی شار، بە دەوڵەمەند و هەژار و دارا و نەدارەوە، مافی بەشداریکردنیان هەبێت لە چۆنیەتی دروستکردن وداڕشتن و تازەکردنەوەی شاردا. مافیان هەبێت لە بەشداریکردن لەو بڕیارانەدا کە پەیوەندیان بە پلانی دەسکاریکردنی شارەوە هەیە. ئەمەش مانای گوێگرتن لە دانیشتوان و دوورکەوتنەوە لە رێکخستنی شار، بە لۆژیکی سەرمایە و لۆژیکی خاوەن زەوییەکان و لۆژیکی وەبەرهێنان، بەتەنها. لەباتی ئەمە کرانەوەی رووبەرە گشتییەکانی شار بە رووی خواست و ویست و چاوەروانیی هەموو دانیشتوانی شارەکەدا، تا ئەو شوێنەی رێ لە دروستبوونی «گیتۆی کۆمەڵایەتیی» بگیرێت و نەهێڵدرێت شار لەناوەوە بەسەر کۆمەڵێک گەڕەک و ناوچەی داخراو و بێپەیوەندیدا دابەشببێت. شار یەکەیەکی هاوبەشی ئۆرگانی بێت، نەک چەندان شاری بێپەیوەندیی یان ناکۆک و دژبەیەکبن لەناو یەک رووبەردا. ئەوەی پێویستە لە شاردا هەمووان مافی چێژوەرگرتنیان لە ژیانی شاریی هەبێت، فەزای شارەکان بەتایبەت نەکرێن و ڕێ لە بەگیتۆبوونیان بگیرێت.
ئەمەش بەر لە هەمووشتێک مانای ئەوەی شار وەک یەکەیەکی زیندو و شوێنی پێکەوەژیانێکی ئینسانیی مامەڵەبکرێت، نەک وەک کاڵایەکی بازرگانی. "مافی ھەبوونی شار"یش، کە لەسەرەوە هێمام پێکرد، مافێکی ئەبستراکت و دەستەواژەیەکی ئینشایی نییە، بەڵکو هەڵگری هەندێک ڕەهەندەی تەواو کۆنکریتە، کە خۆی لەم مافانەدا بەرجەستەدەکات.
مافی ھەبوونی ماڵ، مافی ھەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، مافی ھەبوونی کار، مافی ھەبوونی ئاستێک لە ژیانی گونجاو، مافی ھەبوونی شوێنی یاریی و پشوودان، مافی توانای دەستگەیشتن بە زانیاریی، مافی ھەبوونی توانای بەشداربوون و تەعبیرکردن لە خود، مافی ھەبوونی ئازادیی خۆڕێکخستن و کۆبوونەوە، مافی ھەبوونی ئاو و خۆراک و کارەبا، مافی ھەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و پەروەردەو ڕۆشنبیریی، مافی ھەبوونی ژیانی تایبەت و ئاسیشی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی، مافی ھەبوونی ژینگەیەکی پاکژ و تەندروست، ھتد...
هاوکات شار مانای شوێنی کۆبوونەوەی مرۆڤە جیاوازەکان بەیەکەوە، ئەمەش مافی پاراستنی پلورالیزم و فرەڕەنگیی و جیاوازییەکان لە شاردا، دەکاتە یەکێک لە مافە هەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان. شار بۆیە شارە چونکە پڕیەتی لە جیاوازیی هەمەجۆر. هاوکات هەموو شارێکیش هەڵگری مێژوویەکی تایبەتە، مافی پاراستنی ئەو مێژوە و پاراستنی ئەو شوناسە فەرھەنگییەکەی شار لەو مێژووەدا دروستیکردوە، لە مافە سەرەکییەکانی ترە.
بەم مانایە شار تەنھا ڕووبەرێکی جوگرافیی دەرەکیی نییە، بەڵکو ڕووبەرێکی دەرونیی و ناوەکییشە کە ڕۆڵێکی گەورە لە دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤدا دەبینێت. ئەم دیدگایە بۆ شار وادەکات تەواو دژی ئەو پرۆسەی بەتایبەتیکردن و بەبزنسکردنەی ژیانی شاربین، کە لەباتی دانیشتوانی شار بڕیار لەسەر چۆنیەتی گەشەکردن و پێشکەوتنی شارەکەیان بدەن، سەرمایە و لۆژیکی بازاڕ ئەو کارەبکات. شار رووبەرێکی هاوبەشە کە بە پلەی یەکەم لە خەمی دانیشتوانەکەیدایە نەک سەرزەمینی«پێشکەوتنێکی رووکەش» و «دەرەکیی» کە زۆرجار فۆرمی گیتۆی کۆمەڵایەتیی و دابەشبوونی چینایەتیی قووڵتر و فراوانتر بگرێتەخۆی. یان بگۆرێت بە رووبەرێک بۆ دروستکردنی «فەزای گشتیی» نایەکسان و لەدایکبوونی «دەزگای نادادپەروەر» و گەڕەکێک فیرعەونەکانی تیابژی و گەڕەکێکیش ئەو هەژار و بەشە پەراوێزییەی، خزمەتگوازارییە هەرە سەرەتاییەکانیان نەبێت، بە ئاوی خوردنەوەیشەوە.
ئەوەی لە دونیای دوای راپەریندا روودەدات، بە پلەی یەکەم، گۆڕین و مامەڵەکردنی شارە وەک کالایەکی بازرگانی. دابڕینی شارە لە مافی هەبوونی شار
بە کورتییەکەی مێژووی هەر شارێک تەنها مێژووی هەندەسەی شارەکان نییە بەتەنها، بەڵکو مێژووی چۆنیەتی رێکخستنی ژیانی پێکەوەیی و دەستەجەمعیی مرۆڤەکانیشە لەناویدا. ئەمەیە وادەکات شار کاڵایەک نەبێت بە لۆژیکی کڕین و فروشتن مامەڵەبکرێت، بەڵکو وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی زیندو ببینرێت کە رۆڵ لە دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤەکاندا دەبینێت.
بەداخەوە ئەوەی لە دونیای دوای راپەریندا روودەدات، بە پلەی یەکەم، گۆڕین و مامەڵەکردنی شارە وەک کالایەکی بازرگانی. دابڕینی شارە لە مافی هەبوونی شار. بازدانە بەسەر خواست و ویست و حەز و چاوەروانییەکانی دانیشتواندا. دروستکردنی چەندان گیتۆی کۆمەلایەتییە کە بە پاسەوان و بازگەی تایبەت دەپارێزرێن. لەدەستدانی ئەو لانی کەمەی کۆگیرییە کە هەموو شارێک پێویستیی پێیەتی. ڕێک لەو کاتەدا کە گەڕەکی ملیۆنێر و ملیاردلێرەکان لە فۆرمی گیتۆدا دروستدەکرێن، گەرەکی «تەجاوازات» و نافەرمیش دروستدەبێت، کە دانیشتوانەکەی ناتوانن هیچ بەرگرییەک لە خۆیان بکەن. ئەم لۆژیکە تایبەتەی دروستکردن و بەڕێوەبردنی شار، لە باتی پێکەوەژیانێکی هێمن، دابەشبوون و ناکۆکی قووڵ و ترسناک دروستدەکات. لەباتی کردنی پرسیاری «چۆن بەیەکەوە بژین؟» رەچەتەی کردنی یەکتری بە ناحەز و نادۆست و دوژمن، سەرەورە و کاردەکات.