سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

بۆچی پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا، بافڵ تاڵەبانی بانگهێشتی تاران کرا

بەپێچەوانەی ئەوانەی کە باس لەوە دەکەن بافڵ تاڵەبانی بەس بۆ دۆسیەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی تاران دەکات، من پرسەکە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی گەورەتردا دەبینم. دەبێت ئەوە بزانین کە دۆسیەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، قەت لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە تاوتوێ ناکرێت، بەڵکو ئەوە سوپای پاسداران و بەتایبەت تر، ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران ئەوجۆرە لە دۆسیەیانە تاوتوێ دەکات

بڵاوکراوەتەوە لە : 12 ئاب 2026

بۆچی پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا، بافڵ تاڵەبانی بانگهێشتی تاران کرا

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مه‌یسه‌م مورادی- شاره‌زای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی

دوای ڕێککەوتنی مەککە، ئێران وەزیری دەرەوەی پاکستانی بانگهێشتی تاران کرد و داوای کرد لەسەر ئەو ڕێککەوتنە ڕوونکردنەوە بە ئێران بدات. ڕۆژی دواتر، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بافل تاڵەبانی بە تەلەفوونی قسەی کرد و بانگهێشتی تارانی کرد. ئەم جوڵە دیپلۆماسییانەی یەک لە دوای یەک، پێوەندی ڕاستەوخۆیان بەیەکترەوە هەیە. بەپێچەوانەی ئەوانەی کە باس لەوە دەکەن بافڵ تاڵەبانی بەس بۆ دۆسیەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی تاران دەکات، من پرسەکە لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی گەورەتردا دەبینم. دەبێت ئەوە بزانین کە دۆسیەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، قەت لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە تاوتوێ ناکرێت، بەڵکو ئەوە سوپای پاسداران و بەتایبەت تر، ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران ئەوجۆرە لە دۆسیەیانە تاوتوێ دەکات و لە ڕێگەی سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەکرێت. هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش ئەو دۆسیەیە لەدەست یەک کەس و حیزبدا نییە، بەڵکو ئەوە وەزارەتی ناوخۆی هەریم و لێژنەی تایبەتی خۆی ئەو دۆسیەیە لەگەڵ ئێران باس دەکات. بۆیە باشترە کە وێنە گەورەکە ببینین. 
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ڕێکەوتی ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٦، پێکهاتە و چوارچێوەی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی گۆڕانکاریی بنەڕەتی کرد و قۆناغێکی نوێی لە ئەندازیاری سیاسەتی ئاسایشی هێزە و دەوڵەتەکانی ناوچەکە هێنایە پێشەوە. وڵاتانی کەنداو پێداچوونەوەیان بە جۆری پێوەندی خۆیان و ئێران کرد و تا ئاستێکی زۆر لە سیاسەتی نەریتی خۆیان دوورکەوتنەوە و هەوڵی نزکبوونەوەی زیاتریان لەگەڵ ئیسرائیل دا. 
ڕۆژنامەی فاینەشناڵ تایمز لە وتارێکدا باس لەوە دەکات کە وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات بەهێشتنەوەی کەناڵەکانی پێوەندی خۆی لەگەڵ ئێران، هاوکات پێوەندی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بتەوتر کردووە و یارمەتی سەربازی بەرچاوی لەو وڵاتەوە پێدەگات. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا، هەفتەی پێشوو ڕێککەوتنی مەککە لە نێوان تورکیا، سعودیا و پاکستان واژۆ کرا، کە ئێران پێش ئیسرائیل کاردانەوەی بەو ڕێککەوتنە هەبوو. ئەمانە کۆمەڵێ گۆڕانکارین کە دۆخی نوێ لە ناوچەکە هێناوەتە پێشەوە. 
کوردستان و بەتایبەت هەرێمی کوردستانیش وەک تاکە پێگەی فەرمی کورد لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، بێگومان بێ بەش نابێت لەم گۆڕانکارییانەی ناوچەکە. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین گۆرانکارییەکانی کوردستان، دروستکردنی پردی پێوەندی نوێ لە نێوان تورکیا و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. پردێکی نوێ کە دوای کۆچی دوایی مام جەلال و رووداوەکانی پەیوەست بە داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی و پێوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (هەسەدە)، دووبارە بونیاد نرایەوە. یەکەم هەنگاوی بونیادنانی پایەکانی پردی پێوەندی نێوان تورکیا و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی—ئاسایشی نێوان تورکیا و پەکەکە، بە پاڵپشتی و هاوکاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو. قۆناغی دووەم، ڕێککەوتنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەرەی تورکمانی لە پارێزگای کەرکووک بوو، کە پۆستی پارێزگاریی ئەو شارە بۆ یەکەمجار درا بە تورکمانەکانی کەرکووک. لە وەڵامی ئەم هەنگاوانەی یەکێتیدا، تورکیا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگرت و دوای ساڵانێکی زۆر، ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەکانی سلێمانیدا کرایەوە. 
بزوێنەری سەرەکی ئەم هەنگاوانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەبینرێت. دوای دووجار هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێدەجێت کە خوێندنەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئاراستەی ئەم بەریەککەوتنانەدا ئەوە بێت کە ئێران بەرەو لاوازبوونی یەکجاریی هەنگاو هەڵدەنێت، بۆیە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەپێویستی خۆی دەزانێت لەم دەرفەتەی کە لە لایەن تورکیاوە هاتووەتە پێشەوە، باشترین کەڵکی خۆی وەرگرێت و لانیکەم بتوانێت جێگرەوەیەکی بەهێزتر بۆ ئێران لە هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمیەکانی خۆیدا بدۆزێتەوە. 
 لەراستیدا، هۆکارێکی دیکەی ئەوەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تورکیا لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، نزیکبوونەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە   لە بەرەی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک نەریتی حیزبی، خۆی لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتی دونیا زیاتر نزیکتر دەبینێت و هەمووکات ئەو مۆرکی بەرەی ڕۆژهەڵاتی دونیایەی لێدراوە. بەڵام پارتی زیاتر لە بلۆکی ڕۆژئاوای دونیا خۆی دەبینێتەوە.  لانیکەم یەکێک لە نیشانەکانی ئەم پێگەیەی یەکێتی نیشتیمانییە، لە کۆنفرانسی سۆسیال دیمۆکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سلێمانی و لە وتارەکەی بافڵ تاڵەبانی، لەو کۆنفرانسەدا بەروونی دەبینرا، کە ڕەخنەی جددی لە ئیسرائیل گرت. هاوکات ئەم پێگەیەی پارتی لە بلۆکی ڕۆژئاوای دونیا، لە وتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕۆژی کردنەوەی کونسوڵخانە نوێکەی ئەمریکا لە هەولێر بەڕوونی دیاربوو، کە بەڕوونی وتی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتی سەپاندنی ئاشتی لەڕێگەی هێزەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەبینێت. 
کەواتە هۆکاری نزیکبوونەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تورکیا، جەند ڕەهەندی هەیە و نەبەستراوەتەوە بە یەک بابەتی دیاریکراوەوە، بەڵکو پێوەندی بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، بەریەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بلۆکی هێزە جیهانییەکانەوە هەیە. هەر لەم ئاراستەیەدا، سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ توکیا و دانیشتن لەگەڵ هاکان فیدان و هەروەها سەردانی ئیبراهیم کاڵن بۆ سلێمانی و بینینی بافڵ تاڵەبانی، پەیامی قۆناغی نوێی پێوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی پێیە. 
دیدگای نوێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ ستراتیژی هاوسەنگی هێز، هاوکات هەڵگری ئاڵنگاریی نوێیە کە سەرەداوەکانی لە چەند هەفتەی پێشەوەوە بەڕوونی دەرکەوت; هێرشەکانی  ئێران بۆ سەر پێگە گرنگ و ستراتیژییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تاسڵوجە و قەڵاچۆلان و پەیامی توندی بافڵ تاڵەبانی ڕوو بە ئێران، ئەوەمان پێدەڵیت کە ئێران ئەو هەنگاوانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بەرەو تورکیا بەدڵ نییە و هەوڵ دەدات پەیامی نارەزایەتی خۆی هاوکات لەگەڵ پەیامە ژێربەژێرەکان، بە هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی و درۆنی، بە سەرکردایەتی ئەو حیزبە بگەیێنێت. هاوکات لەگەڵ ئەم بابەتانەدا، ئەوەی کە جێگەی سەرنج بوو، دوو هەفتە پێش چەند ڕاپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە باسیان لەوە دەکرد «تورکیا داوای لە ئێران کردووە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕابوەستێنێت». ئەم داواکارییەی تورکیا، هەر نیازێکی لەپشت بێت، بە واتای ئەوەش دێت کە تورکیا داوای لە ئێران کردووە هێرشەکانی بۆ سەر سلێمانی ڕابوەستێنێت، چونکە بەشێکی زۆری بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنووری سلێمانیش بوونی هەیە، بۆیە دەکرێت ئەم داواکارییە لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ئاراستەی تورکیا کرابێت بۆ ئەوەی تورکیا پێش بە ئێران بگرێت بۆ ئەوەی چیتر هێرش نەکاتە سەر سلێمانی. 
کاتێک کە دوای ڕێککەوتنی مەککە، وەزیری دەرەوەی ئێران یەکەم دیدارری دیپلۆماسی خۆی تەرخان دەکات بۆ بینینی وەزیری دەرەوەی پاکستان و یەکسەر دوای ئەو دیدارە بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی دەکات بۆ تاران، هاوکات لەگەڵ هەنگاوە پێشووەکانی یەکێتی بەرەو تورکیا و دەنگۆی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تورکیا و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر پێگە گرنگ و ستراتیژییەکانی یەکێتی، دەخەینە پاڵ یەکتر، ئەوەی کە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت لە زاری کەسی یەکەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ببیستێت کە پێوەندی نوێی تورکیا و یەکێتی لە چ ئاستێکدایە، بەرەو کوێ دەچێت و سەقفی پێوەندییەکە تا کوێیە و هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆچوونی ئێران لەسەر ئەم هاوکێشە نوێیە بە سەرۆکی یەکێتی دەگەیێنێت. 
وەرچەرخانی نوێی یەکێتی ڕوو لە ئانکارا، بەواتای ئەوە نییە بەهەمووجۆرێک پشت لە تاران دەکات و پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران دەپچڕێنێت، بەڵام ئەوەی کە بەرپرسانی یەکێتی دەبێت ئاگاداری بن، ئەوەیە کە هەنگاوی خێرای یەکێتی بۆ نزیکبوونەوە لە تورکیا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکەوێتە بەرداشی نێوان ئێران و تورکیا. لەم ئاراستەیەدا، مادام یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتییە، توانای ئەوەی نییە لە نێوان دوو دەوڵەت وەک ئێران و تورکیا، یاریکەری بەهێز بێت و زۆر بەئاسانی دەتوانرێت بکرێتە قوربانی یاریە گەورە دەوڵەتییەکان، بۆیە ئەگەر هەنگاوەکانی ئەم وەرچەرخانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ورد، ئەسپایی و لە کاتی گونجاودا نەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە هەم یەکێتی نیشتیمانی و هەم شاری سلێمانی، زیاتر و وێرانکەرتر بکەوێتە بەر پەلاماری ئێران.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 56 خولەک

وەرچەرخان لە سەربەخۆیی ئابوورییەوە بۆ پشتبەستن بە بەغدا

null
پێش 15 کاتژمێر

گەشەپێدان و ناکۆکی لە پیشەسازیی گازی سروشتی لە هەرێم (2007–2026)

null
پێش 18 کاتژمێر

ماڵپەرێكی ئەمریكی: زەیدی ئامادەنەبووە قائانی ببینێت