مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
لە مانا هەرە سادەکەیەدا حوکمرانیی پەیوەندیی بە چۆنیەتی رێکخستنی کاروباری گشتیی و دەرکردنی ئەو بڕیارانەوە هەیە، کە پەیوەندیان بەو ژیانی گشتییەوە هەیە. حوکمڕانیی، بەم مانایە، بریتییە لە کۆی ئەو پرۆسە و یاسا و دەزگا و پەیوەندییانەی لە رێگایانەوە، حوکمڕانان، ئەو کێشانە چارەسەردەکەن، کە پەیوەندیان بە ژیانی گشتییەوە هەیە.
بەبۆچوونی من، حوکمڕانیی تەنها لەو چوارچێوە دەزگایی و یاساییەدا نیشتەجێناکرێت و تەنها کاریگەریی لەسەر ژیانی گشتیی و کێشە دەستەجەمعییەکان نییە. بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆیشی بە مرۆڤبوونی مرۆڤ و بە پرۆسەی بەتاکەکەسبوون و بە شێوازی بیرکردنەوە و تەنانەت بە زمانی کەسەکانەوە، هەیە. بۆ شیکردنەوەی ئەم خاڵەش لێرەدا باس لە پێنج جۆری تایبەتی پەیوەندیی مرۆڤ دەکەم، کە هەریەکێکیان، هەم کاریگەریی لەسەر ژیانی گشتیی هەیە، هەم لەسەر ژیانی تایبەتیی کەسەکان خۆیان، وەک تاکەکەس.
یەکەم: پەیوەندیی مرۆڤ بە خوداوە.
یەکێکە لە پەیوەندییە سەرەکییەکانی مرۆڤ پەیوەندیەتی بە خوداوە. تا ئەم ساتەش لە مێژوودا، هەم دین خۆی، وەک سەرزەمینی پەیوەندیی بە موقەدەسەوە و هەم خودایش، وەک پەناگایەکی میتافیزکیی و هێزێکی بانگەردونیی، بەشێکی دانەبڕاون لە ژیانی رۆژانەی چەندان ملیار مرۆڤ. مەسەلەی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان خودا و مرۆڤ مانای ئەوە نییە دەوڵەت، یان دەزگا سەرەکییەکانی حوکمرانیی، بە خەڵک بڵێن چ پەیوندییەکیان بە خوداکەیانەوە هەبێت، یان ناوەرۆکی پەیوەندیی تاکەکەسەکان بە خودکەیانەوە دەستنیشانبکەن. ئەم جۆرە رێکخستنە دەچێتە قاڵبی سیاسەتێکی تۆتالیتاریانە و دەسەڵاتە تۆقێنەرە دینیی و نادینییەکانی سەدەی بیستەم، کارەسات و تراژیدیا گەورەکانی ئەم شێوە دەستنیشانکردنەیان نیشانداوین. ئەوەی لێردا گرنگە جەختی لێبکەین، سەندنەوەی ئەو دەسەڵات و گوتار و پێگانەیە، لەو بکەرە دینیانەی خۆیان بە نوێنەر و وەکیلی خودا دەزانن و دەخوازن شێوە و ناوەرۆکی ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ بە خوداکەیەوە، دەستنیشان بکەن. بە کورتییەکەی، ئەوەی لەم ئاستەدا پێویستە هابێت و کاربکات بوونی ئازادییەکی بەرفراوانی ویژدانە، تیایدا مرۆڤی ئیماندار بتوانێت بەبێ وەکیل و محامیەکانی خودا، خۆی بچێتە پەیوەندیی تایبەتی خۆیەوە بە خوداکەیەوە. بەداخەوە فۆرمە باڵادەستەکانی حوکمڕانیی لەم ناوچەیەی ئێمەدا، لە دەرەوەی دەستەبەرکردنی ئەم ئازادیی ویژدانەدا دەژین. ئەوان، جا یان خۆیان بەراستەوخۆ وەک لە ئێراندا، یان لەڕێگای ئەو هێزە دینییانەی کە هاریکاریان دەکەن، دەستنیشانی چۆنیەتی ئەو پەیوەندییە دەکەن کە مرۆڤ بە خوداکەیەوە گرێدەدات. ئەمەش یەکێک لە کارەساتە گەورەکانی حوکمڕانیکردنە لەم ناوچەیەدا.
دووهەم: پەیوەندیی مرۆڤ بە حاکم و حوکمڕانەوە.
پەیوەندیی مرۆڤ بە حوکمڕانەوە پەیوەندییەکی گرنگ و بنەڕەتییە. لەم پەیوەندیەدا سەرجەمی ئەو ماف و بەرپرسیاریەتییانە دەستنیشادەکرێت کە مرۆڤ بە حوکمڕانەکانەوە گرێدەدات. فەیلەسوفی فەرەنسی، میشێل فوکۆ، لەم ئاستەدا چوار شێواز لە حوکمرانی لە یەکتری جیادەکاتەوە کە پەیوەندی حوکمڕان و تاکەکەس لەناویاندا، دەستنیشانکراوە. یەکەمیان، حوکمڕانە وەک سەروەرێکی ڕەها. لێرەدا حوکمران توانای بڕیاردانی لەسەر مان و نەمان، مەرگ و ژیانی، رەعیتەکانی هەیە. دووهەمیان، قۆناغی لەدایکبوونی دەزگاکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنە، کە تیایاندا مرۆڤەکان دەبنە «هاوڵاتی» خاوەن ماف، بەلام لەناو فۆرمە جیاوازەکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی تاکەکەسەکاندا. حوکمڕانیی لێرەدا لە ڕێگای دەزگاکانییەوە لەسەر تاکەکەسەکان کاردەکات و دەیانکات بە «تاکەکەسی ئاسایی». سێهەمیان، ئەو فۆرمەیە لە حوکمرانیی، کە لەسەر «دانیشتوان» وەک گشتێک کاردەکات و بەردەوام چاوی لەسەر تەندروستیی و بڕ و ڕادەی لەدایکبوون و مردنی خەڵکە لە کۆمەڵگاکەدا. فۆرمی چوارهەمی حوکمرانیی ئەو فۆرمەیە کەناوی «عەقلیەتی حوکمڕانیی»، Governmentality لێدەنێت. لێرەدا حوکمڕانیی تا ئەو شوێنە دەروات کە وابکات تاکەکەس و دانیشتوان خۆیان حوکمی خۆیان بکەن و سەرجەمی ئەو بەها و نۆرم و دیدگایانە بەناوەکیی بکەن کە دەوڵەت و دەزگاکان دەیانەوێت بەناوەکیبکرێن.
ئەوەی لە ولاتی ئێمەدا لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و حوکمڕاندا ئامادەیە، مۆدێلی یەکەمە، کە تیایدا حوکمران وەک «سەروەرێکی ڕەها» هەموو مافێک بە خۆی دەبەخشێت، بە مافی کوشتن و سەندنەوەی ژیان لە رەعیەتەکانی. مامەڵەکردنی دانیشتوانیش وەک «رەعیەتێکی دەستەجەمعی» بێماف. بەڵام ئەم مۆدێلی حوکمڕانییە لە دونیای ئەمرۆدا، چ لە ناوچەکەدا و چ لە ئەزموونی حوکمڕانیی لای خۆمان، خاوەنی سەرجەمی تەکنۆلۆژیا و دەزگاکانی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنی مۆدێرنی تاکەکەس و دانیشتونن. واتە رێک لەوکاتەدا کە بە لۆژیکی سونەتی بەر لە دونیای مۆدێرن مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەکەن، هاوکات سەرجەمی تەکنیک و میکانیزمەکامی کۆنترۆڵ و دیسلپینکردنی دونیای مۆدێرنیان لەبەردەستدایە. ئەمەش وادەکات حوکمڕانییەکی تەواو ترسناکبن.
سێهەم: پەیوەندیی مرۆڤ بە مرۆڤەکانی ترەوە.
ئەمەش پەیوەندیی بە چۆنیەتی ئیدارەدانی پێکەوەبوونی هاوبەشی مرۆڤەکانەوە هەیە. ئەم دۆخە لە دونیای مۆدێرندا مانای گواستنەوەیە لە خێڵ و بنەماڵە و ئینتیمای دینیی داخراوەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، کە پایەکانی لە رووی تیورییەوە لەسەر «گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی» پێکهاتوە. گرێبەستێک کە دەربڕی «ئیرادەی گشتیی» کۆمەڵگاکە و خواستی بونی ئەندامەکانیەتی بە هاوڵاتی یەکسان و خاوەن ماف. حوکمڕانیی لە دونیای مۆدێرندا هەم ئامراز و ژێرخانی دروستبوونی دۆخێکی لەو بابەتەیە، واتە پەرینەوە لە خێڵەوە بۆ کۆمەڵگا. هەم هێزی ژمارەیەکی رێگرتنیشە لە هاتنەکایەی دۆخێکی لەم شێوەیە. واتە بە ئەبەدیکردنی دەسەڵاتی خێڵ و سەرجەمی یەکە کۆمەڵایەتییەکانی بەر لە دروستبوونی کۆمەڵاگ. لە دونیای ئێمەدا ئەم دۆخە مانای گواستنەوە لە خێڵ و خێزان و بنەماڵەوە، بۆ نەتەوە و لە ئیمارەت و ناوچە و زۆنی تایبتەوە، بۆ «نیشتیمان». ئەوەی لەم ئاستەدا دەیبینین سەروەکردنی شێوازێکە لە حّمکرانیی، کە ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم ئەم گۆڕانکارییە سەرەکیی و بنەرەتییە گرنگەدا.
چوارهەم: پەیوەندیی مرۆڤ بە خودی خۆیەوە.
«خودسازیی» هەرگیز کردەیەکی تاکەکەسیی نییە بە تەنها، بەڵکو هەمیشە لەناو ئەو شێوازانە لە حوکمرانیدا دروستدەبێت، کە هەن و ئامادەن. بۆ نموونە، دروستکردنی خود وەک خودێکی گەشبین و پڕ لە ئومێد و پڕ لە چاوەروانی پۆزەتیف، کاتێک مانایەکی واقیعیی و وجودیی راستەقینەی دەبێت، کە کۆی ئەو گەشبینیی و ئومێدانە، ژێرخانێکی راستەقینەیان هەبێت. حوکمرانیی تەنها لە دەرەوەرا دەسکاری ژیانی تاکەکەسەکان ناکات، بەڵکو لەناوەوەی تاکەکەس خۆیشیدا ئەو ژیانە دادەرێژێت و فۆرمێکی تایبەتی بەخودبوون و بەتاکەکەسبوون، مەیسەردەکات. واتە حوکمڕانیی تەنها لە ئاستی دەرەکییدا کارناکات، بەلکو لە ئاستەکانی ناوەوەی تاکەکەس و لەناو سایکۆلۆژیا و زمان و زەوق و چاوەروانیی و ئومێدەکانیشدا، کاردەکات. تاکەکەس لەناو مۆدێلەکانی حوکمرانیدا دەبێت بە جۆرێکی تایبەت لە خود، بە خاوەنی شوناس، بە هەڵگری ئەم یان ئەو ئارەزوو، بە هەستکردن یان نەکردن بە بەرپرسیارێتی، بە هەبوونی ئەم یان نۆرم و بەها. بە کورتییەکەی شێوازەکانی تێگەیشتنی تاکەکەس لە خۆی، شتێکە پەیوەندییەکی پتەوی بە شێوازی حوکمڕانییەوە هەیە.
پێنجەم: پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت و بەو ژینگەیەوە کە تیایدا دەژیی.
پەیوەندیی مرۆڤ بە سروشت و بەو ژینگەیەوە کە لەناویدا دەژیی، پەیوەندییەکە ئەمیش دیسانەوە، بەناو شێواز و مۆدێلەکانی حوکمرانیدا تێدپەرێت. لە کوێدا و چۆن خانوبەرە دروستبکرێت، چ جۆرە شارێک و لادێمان هەبێت، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەبێت هەبن و جۆرەکانیان کامانەبن، جەندە کاربۆن فڕێبدەنە ناو هەواوە، کام ریسک بە ژینگەوە بکرێت. چ پێوەرێک بۆ پیسبوون بۆ مەترسییەکانی کەش و هەوا دابنرێت. چ ناوچە و شوێنێک دەبێت بپارێزرێت و دەستیان بۆنەبردرێت، هەموویان پەیوەندیام بە جۆری حوکمڕانیکردنەوە هەیە.
بە کورتییەکەی، لە پەیوەندەیدا بە مەسەلەی حوکمرانییەوە گرنگە لەو راستییە تێبگەین، کە حوكمڕانیی تەنها لەناو دەزگاکا سیاسییەکاندا بەرجەستە نییە، تەنها پەیوەست نییە بەم یان سیاسەتی تایبەتیشەوە، بەڵکو لە ناو ئەو شێوازی بیرکردنەوانەشدایە بەهۆیانەوە مرۆڤ هەم بیر لە خۆی دەکاتەوە، هەم بیر لە کۆمەڵگا و هەم لە سروشت وهەم لە خودا و هەم لە خودی حوکمرانیکردن خۆیشو، دەکاتەوە. حوکمڕانیی تەنها کردەی پیادەکردنی ئەم یان ئەو جۆر لە مۆدێلی بەرێوەبردنیش نییە، لە ڕێگای دەزگا و پارت و بکەری سیاسییەوە، بەڵکو دیاردەیەکە دەخوازێت بیرکردنەوەمان دەربارەی دەسەڵات و بەڕێوەبردن و ئازادییش، دەربارەی خودی خۆمان و ئەوانیتریش، دەربارەی کۆمەڵگا و خوداش، ئاراستەبکات.