هەواڵ
ڕاپۆرت
حکومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سوتەمەنیدا سەرکەوتوو نەبوو
ڕێکخراوی ستۆپ: لە ۲٨ی تەموزەوە سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت، نزیکەی ٣۰٪ بەهای بەنزین بەرزبوتەوە
بڵاوکراوەتەوە لە : 9 ئاب 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
هەواڵ
ڕاپۆرت
ڕێکخراوی ستۆپ: لە ۲٨ی تەموزەوە سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت، نزیکەی ٣۰٪ بەهای بەنزین بەرزبوتەوە
بڵاوکراوەتەوە لە : 9 ئاب 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
ڕاپۆرتی بەدواداچوون: ڕێکخراوی ستۆپ
قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان لە نێوان بەڵێنەکانی حکومەت و واقیعی بازاڕی ئازاددا، لە ماوەى (٦ی حوزەیران تاکو ٨ی ئابی ٢٠٢٦) لەلایەن ڕێکخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان ئامادەکراوە.
پرسی نرخی سوتەمەنی وەک یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئاسایشی بژێوی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا تووشی هەڵاوسانى خێراى نرخ و ناسەقامگیرییەکی گەورە بووەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر شکستی هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و دەرئەنجامە پێچەوانەکانی بڕیارەکان.
دەستپێکى قەیرانەکە:
یەکەم: سەرەتای هەڵکشانی نرخەکان (٦ی حوزەیران - ١٩ی تەمموزى ٢٠٢٦) پێش بڕیارەکانی کۆتایی مانگی تەمموز، بازاڕی بەنزین ئاماژەی مەترسیداری تێدا دەرکەوت:
- ٦ی حوزەیران: نرخی لیتری نۆرماڵ لە هەولێر لە ۹۰۰ دینارەوە گەیشتە (١,١٧٥) دینار.
- ٧ی حوزەیران: لە سلێمانی نرخەکان بەرزبوونەوە بۆ (١,٠٥٠) دینار.
ئەم قۆناغە بە بەرزبوونەوەی قۆناغبەندی و ڕۆژانە ناسرا، کە حکومەت تێیدا بێدەنگ بوو، ئەمەش فشارێکی زۆری خستە سەر کەرتی گواستنەوە.
دووەم: هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ (٢٠ - ٢٧ی تەمموزى ٢٠٢٦) لە ٢٠ی تەمموزدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ یەکەمجار بڕیارێکی توندی دەرکرد بۆ سەپاندنی نرخ، نرخی دیاریکراو: (٨٥٠ دینار بۆ نۆرماڵ، ١٠٠٠ بۆ موحەسەن، ١٢٠٠ بۆ سوپەر)، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سنورەکە جێبەجێ نەکرا، لەهەولێر و دهۆکیش سەرکەوتوو نەبوو؛ چونکە کۆمپانیاکانی هێنان و بازرگانان ڕەتیانکردەوە بەو نرخە بەنزین دابین بکەن بە بیانووی زیانکردن. ئەنجامەکە بریتی بوو لە دروستبوونی قەیرانی کەمیی بەنزین و داخستنی بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان.
سێیەم: بڕیارەکانی ٢٧ و ٢٨ی تەمموز (بازاڕی ئازاد) دوای سەرنەکەوتنی بڕیاری ٢٠ی تەمموز، حکومەتى هەرێمى کوردستان دوو بڕیاری جیاوازی دا:
1. ئەنجومەنی وەزیران لە ٢٧ی تەمموز بڕیاریدا بە زیادکردنی بڕی بەنزینی ٧٥٠ دیناری (حکومی) بۆ بەنزینخانەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار، هەروەها چاودێری نرخ و گونجاندنی لەگەڵ نرخی ڕۆژانە.
2. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ٢٨ی تەمموز جەختی لە دوو بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران کردەوە و ئازادکردنی بازاڕی سوتەمەنی ڕاگەیاند. نرخەکان بە شێوەیەکی فەرمی بەرزکرانەوە، بەڵام جێگیرکران بەگشتی لەسەر ئەم ئاستانە:
- نۆرماڵ: ١,١١٥ دینار.
- موحەسەن: ١,٤٠٠ دینار.
- سوپەر: ١,٦٠٠ دینار.
چوارەم: هەڵاوسان و ناجێگێرى بازاڕى سوتەمەنى لە ٨ی ئابدا تەقینەوەی نرخەکان ڕویداوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت بۆ چاودێریکردن، لە ٨ی ئابدا نرخەکان ئاستێکی پێوانەییان تۆمارکرد:
- بەنزینی نۆرماڵ: تا (١,٥٠٠) دینار بەرزبویەوە.
- بەنزینی موحەسەن: لە نێوان (١,٨٥٠ بۆ ٢,٠٠٠) دینار.
- بەنزینی سوپەر:(۲ هەزار و پێنج سەد ) دینار.
تێبینی و ڕەخنەکان سەبارەت بە ئیدارەدانی قەیرانى سوتەمەنى:
١. دژیەکى نرخى سوتەمەنى بەرامبەر بازاڕی جیهانی، لە کاتێکدا نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا بە (ڕێژەی ١٠٪) دابەزیوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بە رێژەی سەروو ( ٣٠ ٪) بەرزبووەتەوە، ئەمە نیشانەی نەبوونی پەیوەندییە لە نێوان تێچووی ڕاستەقینە و نرخی فرۆشتن.
٢. سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی، دابەشکردنی ٤٠ لیتر بەنزین بە ٧٥٠ دینار بۆ هەر ١١ ڕۆژ جارێک، نەبووەتە چارەسەر، ئەم سیستەمە تەنها ٢٠٪ی پێداویستی ڕۆژانەی شوفێران پڕ دەکاتەوە، ئەوەی دیکە ناچارن پەنا بۆ بازاڕی ئازاد ببەن، کە نرخەکەی دوو هێندەیە.
٣. ناکۆکی لە بڕیارەکان، گواستنەوەی بڕیار لە کۆنتڕۆڵکردنی توند (٢٠ی تەمموز) بۆ ئازادکردنی ڕەها (٢٨ی تەمموز) نیشانەی نەبوونی ستراتیژێکی ڕوونە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانانی سوتەمەنی.
٤. جیاوازی نرخ لە نێوان شارەکان، هەولێر و دهۆک بەرزترین نرخیان تێدا تۆمارکراوە (تێپەڕاندنی ٢٠٠٠ دینار بۆ سوپەر)، لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخەکان بە ڕێژەیەکی کەم نزمتر بوون.
٥. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاقیکردنەوەی ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سوتەمەنیدا سەرکەوتوو نەبووە وەک بەڵێنی دا، هیچ هەنگاوێکیش نیە کە ئاماژە بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە، هەنگاوی بەپەلەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و زیادکردنی بەرهەم لە بازاڕ، دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی بەنزینە بۆ دەرەوە، تا چاڕەسەربوونی قەیرانەکە.
٦. جێبەجێ کردنى ئەو ڕاسپاردەیەى وەزیرى نەوتى عێراق، بە وەرگرتنەوەى ٥٠ هەزار بەرمیلەکە لە بەرامبەردا دابین کردنى بەنزین بۆ کوردستان.