درەو:
لە نێوان رۆژانی ٢٨ی ٦ بۆ ٤ی ٧ی ٢٠٢٦ لەلایەن وێبسایتی "درەو"ی بەڕێزەوە، چاوپێکەوتنێکی زۆر نایابی بەڕێز، خەرامان مەلا شکور (پەروین) بە سێ بەش، بڵاوکرایەوە. بە باشی گوێم لە هەر هەمو بەشەکانی رادێرا.
کورد ئەڵێ: دەردی دڵ بۆ دەردەدارە...
بێ گومان خۆم بەراورد ناکەم بەو هەمو کارەسات و ماڵوێرانی و دەربەدەریییەی بنەماڵەی بەڕێزی مەلا شکور، پیایدا تێپەڕیون، بەڵام هەر کەسێک ئەمن و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی تری رژێمی بەعس و هەڵواسین و راست و چەپ و کارەبا و ئەشکەنجەی دەروونی نەدی بێ، نازانێ ئەم پەروینە ئازیزە چەند خۆگر و ئازا و نەبەز بوە. هەر کەسێک ماڵ وێرانی و دەربەدەری و پێشمەرگایەتی و شاخە و شاخی نەدی بێ، نازانێ ئەم خەرامانە خەباتکارە بە بیروباوەڕە، چەند پاڵەوان و نەبەرد بوە.
ئەمە بێجگە لەوەی چوار برای خوێندەوار و نەوجەوانی، بە یەک رۆژ بکرێن بە پەتی سێدارەدا، هەر خۆیشی هەڵگری خەم و ئازاری دایکێکی جەرگ سوتاو بێت و بەرپرسیارێتی حاڵ و ماڵی وێرانی خوشک برای بە جێماو و خەیاڵی دوری باوکێکی دەربەدەر، هەڵبگرێ.
ئەوی راستی بێ، گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانە، تەنها بە قارەمانێکی وەکو پەروین ئەگێڕدرێنەوە، ئەگەرنا کێ ئەتوانێ ئەو هەمو ئازارە بە دیار چەند کامێرەمانێکی بەڕێزەوە بگێڕێتەوە، چونکە خۆم یەکێک بوم لەوانەی پێش بەرێزیان هەمان کەناڵ (وێبسایتی درەو) لە چوار بەشدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم و بڵاویان کردەوە. هەرچەندە بەهۆی تەندروستیمەوە نەمتوانی هەمو شتێکم بیر بکەوێتەوە و باسی بکەم. بەڵام زۆر ناڕەحەتە ئینسان دەست بکا بە گێڕانەوەی ئەو هەمو ئازارەی بەسەریدا هاتوە.
سەرباری هەمو ئەمانە، کە بە لای منەوە لە هەموی ناخۆشترە و جەنابی بە رونی باسی لێوە ئەکا: بێ ئەمەکی حیزبیی و لادان لەو پرەنسیپانەیە، کە ئەو و چەندان خێزانی ئەم گەلەی لەسەری دەربەدەر و شەهید و کەم ئەندام بون، بە تایبەت لە دوای راپەڕین و بە دیاریی کراوی لەو کاتەوەی خەریک بو ببین بە خاوەنی حکومەت و ئاهێکمان پێدا بێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا، نامەوێ باس لە مێژویی پێش راپەڕینی حیزبە بەڕێزەکەی (حیزبی شیوعی) بکەم، کە لە رابردودا هەم لە عێراق و هەم لە کوردستانیش خاوەنی مێژویەکی پڕ سەروەری بێ هاوتا بوە و مایەی رێز و شانازی هەمو لایەکە.
بە هەرحاڵ، چیرۆکەکانی ژیانی خەرامان و خێزانەکەی ئەوەندە بە ئازارن، کەم کەس هەیە خۆی پێ راگیرێ و خەم داینەگرێ. بەش بە حاڵی خۆم فرمێسکم بۆ ئەو هەمو زوڵمە گەورەیەی لێتان کراوە، رشت. لە هەمانکاتدا شانازی ئەکەم بەوەی گەلەکەم خاوەنی کەسانی وەکو ئەم خێزانە و پەروین خانە.
بەڵام هەر لێرەدا مەبەستمە چەند پرسیارێک ئاڕاستەی پەریوان خان بکەم:
١. ئەڵێی:"دوای ئەوەی بەرەی حیزبی شیوعی لەگەڵ بەعسییەکاندا هەڵوەشایەوە، باوکم چوە هەولێر و پاش ماوەیەک بۆ شاخ".
ئەکرا باس لەوە بکەی، ئایا پێگە و چالاکییەکانی باوکی بەڕێزتان چی بوە، وا بۆتە هۆی ئەوەی بەعس و رژێمەکەی بەو رادەیە رقیان لە ئێوە بێت و بەو دەردەتان ببەن، بە تایبەتی شەهیدبونی براکانت. ئایا براکانت لەبەر چونە دەرەوەی باوکتان یان بە هەمان شێوە لە رێکخستنەکانی حیزبی شیوعیدا بون، بۆیە بەو حاڵە براون؟...
٢. ئەڵێی: "کە مدیری ئەمنی کەرکوک ناردی بە شوێنمدا، پیاوێکی رێکپۆش لای مدیری ئەمن دانیشت بو، لەوە نەئەچو بانگ کرابێ بۆ لێپرسینەوە، بەڵکو لە میوان ئەچو. مدیری ئەمن بە جەنابت ئەڵێ، ئەوە شێخ حسامەدینی باوکی مام جەلالە و هاوکارمانە، بۆچی تۆش هاوکاریمان ناکەی؟".
بە داخەوە درێژەت بەم باسە یان کۆمێنتێتکت لەسەر ئەوە نەداوە. هەرچەندە ئەوە شتێکی ئاسایی بو لەو کاتانەدا، چونکە بەعس هەوڵی زۆری ئەدا کەسوکاری نیشتمانپەروەرەکانی کورد لە خۆیان نزیک بکەنەوە، تەنانەت هەوڵی زۆریان ئەدا بۆ ئەوەی سود لە سەرۆک عەشیرەت و ئاغا و بەگەکان ببین و لە کەسوکارەکانیان داببڕێنن، لەمەشدا تەنها مەبەستیان سوکایەتی کردن بو بە کەسوکارە پێشمەرگەکانیان لەناو خەڵکدا. بۆ ئیسپاتی ئەم قسەیەشم، نمونەیەک لە قسەکانی بەڕێزت ئەهێنمەوە، کە ئەڵێی: "شێخ عەتای تاڵەبانی کە کاتی خۆی ئەندامێکی ناسراوی حیزبی شیوعی بو، وە ئاشتی کوڕیشی لە کادیرە پێشکەوتوەکانی حیزب بو، کەچی بردمی بۆ لای مدیری ئەمنی بەعقوبە و پاکانەی بۆ کردم".
٣.
ئەڵێی: "لە رۆیشتنمان بە پێ لە قەرەداغەوە تا شەقڵاوە، ئاشتی برامم لەگەڵ بو". بەڵام باس لەوە ناکەی چۆن و لە کوێ لە ئاشتی برات جیابویتەوە و پاشەڕۆژی ئەم برایەت بەرەو کوێ چو؟.
ئەڵێی: "باوکم نەخۆش کەوت و حیزب ناردی بۆ ئیران و لەوێوە بۆ دەری وڵات". بەڵام درێژە بە بەسەرهاتی باوکت نادەی، ئاخۆ پاشەڕۆژی بەرەو کوێ و لە کوێ کۆچی دوایی کرد و چۆن تەرمەکەیتان هێنایەوە بۆ کوردستان؟
ئەڵێی: "لە کاتێکدا بەرپرسانی هەرێم بە ئاسانی ماڵ و مناڵیان رەوانەی دەری وڵات ئەکرد، بەڵام نەهاتن ئارا و سارای خوشکم رەوانە بکەن و کەمێک لە ئازارەکانیان برەوێتەوە و...". بەڵام بۆ باسی ئارا و سارای خوشکت نەکرد، یاخۆ چییان بەسەرهات و ئێستا لە کوێن؟
هەروەها باس لەو دایکە جەرگ سوتاوەت ناکەی، ئاخۆ دوای ئەو هەمو کارەساتە ناخۆشەی بەسەریدا هاتوە، حاڵ و باری ژیانی چۆنە، ئایا ئێستا لە ژیاندا ماوە؟.
٤. ئایا موچە و ئەو شایستانەی بۆ هەمو شەهید و پێشمەرگەیەکی ئەم وڵاتە کراوە، ئاخۆ بۆ ئێوەش بە هەمان شێوە بوە، یان لەوەش بێ بەش کراون؟. هەرچەندە ئەڵێی، بە موچەی خانەنشینی براکانم مۆنۆمێنتێکمان لە کەرکوک دروست کردوە.
٥. نەئەکرا لەبەر یار و نەیار و لەبەر خاتری خاکی پیرۆزی کەرکوک، کۆتا مۆنۆمێنتی براکانت، کە لە ئیتاڵیا دروستکراوە، لەو شارە بەش مەینەتە دابنرانایە و ببوایە بە رەمزی ناسینەوەی شەهیدانی کەرکوک و هەمو کوردستان. نەک ببرێتە هەولێر، هەرچەندە من لێرەدا ئەڵێم، رەنگە مافی خۆتان بێ، کە نازانن چارەنوسی کەرکوک چی بەسەر دێ، ئاخۆ لە دوای باڵادەستی نەیارانی کورد، چی لەو مۆنۆمێنتە ئەکەن.
٦. باست لەوە نەکردوە، ئاخۆ دوای راپەڕین کە خۆت و هاوسەرەکەت لە کوردستان بون و پێشتر کارمەندی دەوڵەت بون، ئایا لە هەولێر یان سلێمانی گێڕایانیتەوە بۆ سەر کارەکەت و قەرەبو زیانەکانت کرایەوە. یان کاربەدەستانی هەرێم شوێنەکانی ئێوەیان بە کۆنەبەعسییەکان و مناڵی جاشەکان پڕ کردەوە.
لە کۆتاییدا ئەڵێم:
ئایا نەئەکرا، حکومەتی هەرێم و رۆشنبیرانی بواری پەروەردە و فێرکردن، نمونەی ئەم خێزان و شەهیدانە لە رێگای پەروەردە و زانکۆ و پەیمانگاکانەوە، بە نەوەی نوێ و داهاتو بناسێنن و ببنە چیرۆکی ئازایەتی و نەبەردی گەلەکەمان.
ئایا هونەرمەندان و فلیمسازان لە بەسەرهاتی ئەم خێزانە گرنگتریان دەست ئەکەوێ، بۆ ئەوەی بیکەن بە دراما و پیشانی خەڵکی بدەن.
ئایا کاربەدەستانی کەرکوک نەیانئەتوانی مەیدانێک، قوتابخانەیەک، باخێک و شەقامێک بە ناوی ئەو چوار شەهیدەوە ناو بنێن.
جارێکی تر روی دەمم ئەکەمەوە خاتو پەروینی بەڕێز و پێی ئەڵێم، جێگای شانازی هەمو کوردن و هەمیشە سەربەرز بن.
د. نەوزاد ساڵح رەفعەت