سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

تایبەت

کەمینەبوون و «برینی نارسیستی»

بە بۆچوونی من ئەوەی ئەمرۆکە سەیری پەیوەنیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم  لەگەڵیەکدا بکات، دەرکەوتەکانی ئەم «برینە نارسیستی»یە بەشێوەیەکی ئاشکرا دەبینێت

بڵاوکراوەتەوە لە : 13 تەمموز 2026

کەمینەبوون و «برینی نارسیستی»

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

 

ئەگەر بکرێت بە مەسەلەی کورد جەوهەرێکی سەرەکیی بەبەخشین، ئەو جەوهەرە بوونی میلەتی ئێمەیە لە «زۆرینەیەکی موسڵمان»ی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە، بۆ «کەمینەیەکی ئەتنی» لەناو ئەو سیستمی «دەوڵەت-نەتەوە»یەدا دوای کوتنی ئیمپراتۆریەتکە سەروەر کرا. مامەڵکردنی ئەم دەوڵەتانەش بۆ کورد وەک کێشەیەکی ئەمنیی و وەک «هەڕەشەیەکی وجودی» لە مانەوەی ئەو دەوڵەتانە، مێژوویەکی درێژی چەوساندنەوە و چەپاندن و بێدەنگکردن و ڕاگواستن و بێماف و بێنرخ و بێکەرامەتکردنی بۆ کورد، وەک کەمینەیەک، دروستکردوە.  

یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی ئەم پرۆسەی بەکەمینەبوونە، دروستبوونی ئەو برینە دەرونییەیە لە مرۆڤی ئێمەدا، ئێمەدا، کە فرۆید ناوی «برینی نارسیستی، لێدەنێت. 

«برینی نارسیستی» لای فرۆید برینێکی تاکەکەسییە، بەڵام لە دۆخی کوردبووندا وەک مەینەیەکی ئەتنی اەم برینە لەوەدەکەوێت دیاردەیەکی تاکەکەسیی بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ دیاردەیەکی کۆیی و رووی لە زۆرینەی هەرەزۆری دەرکەوتە جیاوازەکانی کوردبوونە وەک گروپێکی ئەتنیی لەناو مێژووی جیهان لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا. 

 

لای فرۆید «برینی نارسیستی»، پەیوەندیی بە ژیانی منداڵیی و خێزانیی تاکەکەسەوە هەیە. چەمکەکە لای فرۆید چەمکێکی گەردونییە، هەم بەشێکە لە بونیادی سایکۆلۆژیی هەموو مرۆڤێک و  هەم بەشێکە لە گەشەی دەرونیی هەموو مرۆڤێک لەناو پەیوەندییەکانی ناو خێزاندا. لای فرۆید هەموو مرۆڤێک بە حوکمی مرۆڤبوونیی، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، وێنەیەکی ئایدیالی خواستراوی لەسەر خۆی هەیە، وێنەیەک لەناویدا ئەو وەک کەسێکی نموونەیی دەردەکەوێت، تێکچونی ئەم وێنەیە لە ڕێگای رەفزکردن، زەلیلبوون، نەخواستراو، کەوتن، شکست، بێتوانایی، سەرنەکەوتن، هتد..،  هۆکاری دروستبوونی ئەو برینە نارسیستییەیە. بێگومان مەرج نییە هەموو تاکەکەسێک ئەم برینەی تێدا دروستببێت، بەڵام هەموو تاکەکەسێک ئەگەری دووچاربوونی بەم برینە نارسیستییەی، تێدایە. لای فرۆید برینی نارسیستی هۆکاری تێکچونی پەیوەندیی مرۆڤە بە خودی خۆیەوە. پەیوەندییەکی تێکچو مرۆڤ ناتوانێت لەناویدا خۆی خۆشبوێت، یان بەخۆی موعجیب بێت، چونکە خۆی وەک کەسێکی کەمنرختر و گرگنتر و بچوکتر و هیچتر، لەوانیتر دەبینێت. لای فرۆید هەموو مرۆڤێک لەناوەوەیدا جۆرێک لە خودئەڤینیی و خۆخۆشویستنی تێدایە، هەمووکەسێکیش وێنەیەکی پۆزەتیڤ و ئایدیالی لەسەر خودی خۆی وەک کەس، هەیە. برینی نارسیستی، دروستبوونی درز و کۆسپ و خەلەلە لەو وێنە ئایدیالیەدا، کە مرۆڤ لەسەر خۆی هەیەتی. برینی نارسیستی پەیوەندیی بە بریندارکردنی عیزەتی نەفسیی تاکەکەسەوە هەیە و زۆرجاریش کۆی پرۆسەی برینداربوونەکە لە ئاستی نائاگاییدا روودەدات. وەک ووتم لای فرۆید ئەم بونیادە سایکۆلۆژییە، بونیادێکی گەردوونییە و لای هەموو تاکەکەسێک هەیە، گرنگ نییە ئەو تاکەکەسە لەناو چ جۆرە کۆمەڵگایەک و کام سیستمی سیاسیی و کام سەردەمی مێژوویدا، دەژیی.

ئەوەی لەم پەیوەندییانەدا غائیبە دیسانەوە سیاسەتی دانپیانانە، دانپیانانی هێزەکان بەیەکتریدا

بەڵام لای فرانز فانۆن، چەمکی «برینی نارسیستی» دەبێت بە چەمکێکی سیاسیی- سایکۆلۆژیی مێژوویی و بە توندی بە دیاردەی داگیرکردن و سیستمی کۆلۆنیالیزمەوە گرێیئەدات. لای فانۆن کۆلۆنیالیزم تەنها دیاردەیەکی پڕ لە توندوتیژیی و چەوساندنەوە و تاڵانکردن نییە، بەڵکو دیاردەیەکی راسیستی، واتە عونسوریشە. راسیزم لۆژیکی کۆلۆنیالیزمە. لە دیدگای راسیزمدا. کەسی داگیرکەر خۆی بە مرۆڤێکی گەورەتر و بەرزتر و بەنرختر و عاقڵتر و تێگەیشتوتر، هتد... دەزانێت، لە کەسانی ناو کۆمەڵگا داگیرکراوەکە و کەسی داگیکراو وەک مرۆڤێکی کەمتر، دەبینێت. کێشەی هەرە سەرەکیی دروستبوونی «برینی نارسیستی» لای فانون، لەوەدایە، کە کەسی داگیرکراو، دید و بۆچوون و نرخاندنی راسیستییانەی هێزە داگیرکەرەکە، بەناوەکیی دەکات و لە نیگای هێزە داگیرکەرەکەوە، سەیری خۆی دەکات. واتە کەسە داگیرکەرەکە وەک کەسێکی کامڵ و خودێکی پێگەیشتو، دەبینێت، بەڵام خۆی وەک کەسێکی کەم و نزمتر لەو. ئەسڵەن هێزە داگیرکەرەکە کەسی داگیرکراو نەک تەنها وەک کەسێکی عاقل و خاوەن توانا و ئیرادەی سەربەخۆ نابینێت، بەڵکو هەر لە بنەرەتیشەوە دانیپیانانێت کە کەس بێت. نەبوونی ئەم دانپیانانەیە وادەکات کەسی داگیرکراو ببێتە هەلگری «برینێکی نارسیستی» لەناو کەسایەتی خۆیدا. 

 

برینە نارسیستییەکە لێرەدا تەنیا برینێکی دەرونیی نییە لە عیزەتی نەفس و رێزی تاکەکەسدا بۆ خودی خۆی کە لە ژیانی منداڵیدا دروستبووبێت، بەڵکو برینێکە دەسەڵاتێکی داگیرکەر و هێزێکی کۆلۆنیالی دروستیکردوە. ئەوە کۆلۆنیالیزمە وەک سیستم، نەک خێزان، پێ لەسەر نزمیی کەسایەتی، کەسە داگیرکراوەکان دادەگرێت، بچووک و بێنرخ و بێبەهایان دەکات. بەمەش نکولیکردن و رەفزکردنێکی هەمەلایەنەی هەر دانپیانانێکی ئینسانییەی یەکسان. لە پەیوەندیی کۆلۆنیالیدا لایەنە داگیرکەرەکە خۆی وەک بکەر و خودێکی کامڵ دەبینێت، بەڵام کەسی داگیکراو وەک بابەت و بونەوەرێکی ناکامڵ، وەک هۆرد و گاگەل و ڕانەمەڕ و گاڕان. کەسی داگیرکەر هێزی پێناسەکردنی هەیە، کەسی داگیرکراو نەک تەنها ئەو هێزەی نییە، بەڵکو لەلایەن هێزە کۆلۆنیالیەکە خۆیەوە وەک کەسێکی گەمژە و ئەندامی گاڕانێک، پێناسەدەکرێت، زمانی باڵادەست، زمانی ناساندن و پێناسەکردنی دیاردەکان، زمانی هێزە کۆلۆنیالەکەیە.

 بەم مانایە برینی نارسیستی لای  فانۆن پەیوەندیی بە نائاگاییەوە نییە، بەلکو پەیوەندیی بە داگیرکاریی و دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەلاتی ناونان و تواناکانی پێناسەکردنەوە هەیە.   هەموو ئەمانە وادەکەن «برینی نارسیستی» لای فانۆن برینێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بێت و لەناو پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیدا، لەدایکببێت. بەناوەکیردکنی دیدگا و زمان و پێناسە و وێنەکانی کۆلۆنیالیزم بەشێکی گەورەی دیاردەی دانپیانەنان و دایردەی داگیرکراوییە. 

یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی دونیای ئێمە بریتییە لە گۆڕینی رق و نەفرەتی سیاسیی، بۆ خود نەفرەتیی

بە بۆچوونی من ئەوەی ئەمرۆکە سەیری پەیوەنیی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێم  لەگەڵیەکدا بکات، دەرکەوتەکانی ئەم «برینە نارسیستی»یە بەشێوەیەکی ئاشکرا دەبینێت. بە ئاسانی دەبینێت چۆن زمانی قسەکردنی کۆلۆنیالیزم بووە بە زمانی قسەکردنی ئەم هێزانە لەسەر یەک و لەزۆر ساتیشدا زمانی قسەکردنیان لەسەر کۆمەڵگاکەش، بە تایبەتی لەسەر بەشەرەخنییەکەی کۆمەڵگاکە.

ئەوەی لەم پەیوەندییانەدا غائیبە دیسانەوە سیاسەتی دانپیانانە، دانپیانانی هێزەکان بەیەکتریدا. بەهەمان لۆژیکی کۆلۆنیالیزم هەر هێزێک لە هەوڵی قۆرخکردنی تواناکانی پێناسەکردنی، خۆی و پێناسەکردنی ئەوانیتردایە.  ئەمەش بەناوەکیکردنێکی گەورە و هەمەلایەنی زمان و دید و هەڵوێستی هێزە کۆلۆنیالییەکانە بەرامبەر بەو کۆمەڵگا و مرۆڤانەی داگیریاندەکەن. 

لەزۆر ئاستدا بەعس چۆن دەیروانییە کورد، بە چ زمانێک قسەی لەسەر کورد دەکرد، چ روانینێکی بۆ کورد هەبوو، ئەمرۆ هەمانشت لە پەیوەندیی ناوەکیی هێزە کوردییەکان لەگەڵیەکدا، لەئارادایە. رقی بەعس لە کورد گۆڕاوە بۆ ڕقی ئەم هێز لەو هێزی تر و بۆ رقى ئەم بەشی کورد لەو بەشەکەی تری. بەناوەکیکردنی سایکۆلۆژیای کۆلۆنیالییی، نەک تەنها برینێکی نارسیستی دروستکردوە، بەڵکو ڕق و بوغز و نەفرتێکیش، کە لە زیاد لە ئاستێکی، بوونی سیاسیی و کۆمەلایەتیدا کاردەکات. سارێژبوونی ئەم «برینە نارسیستی»یە بەبێ ریفۆرمێکی سەرتاسەر و هەمەلایەنی کایەی سیاسیی، مەحاڵە. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی دونیای ئێمە لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، بریتییە لە گۆڕینی رق و نەفرەتی سیاسیی، بۆ خود نەفرەتیی. 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
١٠ تەممووز ٢٠٢٦

بە سەربازی بوونی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان

null
١٠ تەممووز ٢٠٢٦

ژێرخانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان

null
١٠ تەممووز ٢٠٢٦

داهاتی سلێمانی (53%) كەمیكردووە