درەو:
راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو:
هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ پێکدادانی چەکداری لە شارەکانی مەریوان، بانە و مەهاباد لە نێوان هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەڕەکە)، باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و هێزەکانی سوپای پاسداران ڕووی داوە کە لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا سێ کەس لە هێزە سەربازی و حکومەتییەکان کوژراون و چوار گەریلاش گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی (یەڕەکە) و سوپای پاسداران ڕووی داوە. یەڕەکە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوودانی پێکدادانەکەی پشتڕاست کردبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ سێشەممە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڕاگەیەندراوی بارەگای حەمزەی سوپای پاسداران هەواڵی گیانلەدەستدانی چوار کەس لە لایەنی بەرانبەری پێکدادانەکەی بڵاوکردۆتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا وێنەی چوار گەریلا لەنێویاندا ژنێک کە گیانیان لەدەست داوە بڵاو کراوەتەوە. پژاک تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەبارەت بەم ڕاپۆرتە لەمبارەوە ڕوونکردنەوەی بڵاو نەکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی هەینی ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦، پێکدادانێکی چەکداری لە دەروازەی شاری بانە و خاڵی پشکنینی ڕێگای بانە بۆ سەقز، لە نێوان هێزەکانی (یەڕەکە) و هێزە حکومەتییەکان ڕووی دا کە لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا ماردین ئەحمەدی هاووڵاتیی خەڵکی سەقز کە لە کاتی تێپەڕاندنی سەربازیی زۆرەملێدا بوو لەگەڵ گروهبانێکی سوپا بە ناسنامەی محەممەد حوسێنبەیگی کوژران. لەم پێکدادانەدا هەروەها ٤ هێزی دیکەی حکومەتی و هاووڵاتییەکی مەدەنیش بریندار بوون.
بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦) پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی (یەڕەکە) و هێزەکانی هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سنووریی خاوومیراوای مەریوان ڕووی دا کە لە ئەنجامی ئەم پێکدادانەدا کادیرێکی هەنگی سنووریی مەریوان بە ناوی دانیاڵ نووریان کوژرا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین پێکدادان لە شارەکانی مەهاباد، بانە، مەریوان، پیرانشار و پاوە ڕووی داوە. هێزەکانی «خۆری هیوا» شەوی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بەرپرسیارێتیی کوشتنی دوو کەس لە کادرەکانی سوپای پاسداران (جاش) بە ناوەکانی خالید خالیدی و بورهان کریسانی لە پاوەیان گرتە ئەستۆ. لەم ئۆپەراسیۆنەدا دوو ئەندامی دیکەی سوپا بە سەختی بریندار بوون. ئەم هێزانە هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی پێکدادانی ئەندامەکانیان لەگەڵ سوپای پاسداران لە پیرانشار داوە.