مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی کە پێویستە لای دەسەڵتادارنی هەرێم ئاشکرابێت، ئەو راستییەیە کە ئەوەی لەناو سیستمی حوکمرانییەکەیاندا روودەدات، تەنها زوڵم و زۆر و بێدادیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات نییە، تەنها قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەلاتی سەربازیی و دەسەڵاتی بیرۆکراسیی و بەشێکی گەورەی دەسەڵاتی ئابوریی نییە، تەنها مەسەلەی قۆخرکردنی ئەگەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و پێشکەوتنی مەدەنییش نییە، تەنها ئەوەیش نییە کە بڕێکی گەورەی توانای خەونیبینیشیان لە کۆمەڵگاکەدا، قۆرخکردوە. وەک تا ئەستا دەینجار باسم کردوە چ منداڵێک لە کوردستاندا توانای خەونبینینی ئەوەی هەیە تەنانەت بتوانێت ببەت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەبێ تێپەڕین بەناو ماشێنی رەزامەندی پارتی و یەکێتیدا. ئەو شتانە هەرهەموویان هەن و بەشێوەیەکی رۆژانە کاردەکەن، بەلام ئەمە هەموو ئەو شتانە نییە کە لەناو ئەم حوکمڕانییەدا روودەدەن، ئەوەی لەوێدا روودەدات دۆخێکی خراپترە، دۆخی پەڕینەوە بۆ هەستکردنێک بەرفراوان بە ئیهانە و سوکایەتیی و زەلیلکردن، بە بێنرخ و بێبەهاکردنی سیستماتیکی، هەستکردن بە گاڵتەپێکردنی بەردەوام.
سیاسەتی بە کەم سەریکردن و گاڵتەکردن و بێنرخکردن لەناو ئەم حوکمڕانییەدا، تۆمەتێک نییە بدرێتە پاڵ ئەم حوکمڕانییەوە لەلایەن ئەم یان ئەو نووسەرەوە. وەک هەندێک لەوانەی ئەمڕۆکە، بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، ئەم خراپەکارییە وەک تۆمەتێک مامەڵەدەکەن کە گوایە ئەم یان ئەو نووسەر و رۆشنبیر دەیدەنە پال دەسەڵات. دەڵێم ئەوەی باسمکرد تۆمەت نییە، بەڵکو یەکێکە لە ئاکارە هەرەسەرەکییەکانی حوکمرانیی ئەمرۆکەی ناو هەرێم. سیاسەتی بێنرخ و گاڵتەپێکردن، سیاسەتی سوکایەتیکردن، ئاکاری سەرەکیی و ژمارە یەکی بونیادی حوکمڕانیەکەیە. ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت گرنگترین دەزگای حوکمڕانییەک رێزی خۆی بگرێت، مەبەستم پەرلەمانە، بێنرخ و بێبەها کراوە. ئەوەی بەبەرچاومانەوە ڕوودەدات، پێداگرتنی بەردەوامی سەرە گەورەکانی ئەم حوکمرانییە، لەسەر گاڵتەپێکردن و بەهیچ نەزانینی پەرلەمان، وەک دەزگای سەرەکیی ناو حوکمڕانییەک، یەک تۆز رێزی خۆی و رێزی کۆمەڵگاکەی و رێزی مرۆڤەکان، بگرێت.
ئەوەی لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە هەستکردنە بەوەی هیچ کەسێک، لە دەرەوەی بازنە حوکمڕانە داخراوەکەدا، هیچ نرخ و بەهایەکی،سەربەخۆ و خاوەن قورسایی، نییە
خودی حکوتەکە خۆیشی حکومەتێکی ئەکسپایەری کاربەڕێکەرە، کە مافی هیچ بڕیاردانێکی ستراتیژیی و گرنگی نەماوە. بەڵام ئەوەی دەبینین بەبەرچاومانەوە روودەدات، گاڵتەکردنێکی ئاشکرایە بە خودی حکومەت خۆی و بە سەرجەمی ئەو یاسا و دەزگایانەی ئەو حکومەت و حوکمڕانییە بۆ کارکردنی، دروستیکردوە. ئەوەی دەیبینین بەرجەستەبوونێکی رۆژانە و بەرچاوی عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای تایبەتی حوکمرانییەکی قۆرخکارە، کە تەنانەت رێگە بە دروستبوونی حکومەتێکی تازە نادات، بتوانێت درزێکی زۆربچوک، نا تەنها شوختێک، بکاتە دیواری ئەو قۆرخکارییە گەورەیەی هەیە و کاردەکات، لە پێش هەمووانیشەوە قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسیی.
ئەوەی لێرەدا دەیبینین، تەنها دەرکەوتنی سایکۆلۆژیا و عەقڵیەتی قۆرخکاری حوکمرانییەکە نییە، بەڵکو بینینی پەڕینەوەی ئەم حوکمڕانییە لە قۆناغی قۆرخکردنەوە، بۆ قۆناغی گاڵتەکردن بەهەمووشێتک، بە گاڵتەکردن بە خودی پەرلەمان و حکومەت و دەزگا جۆربەجۆرەکانی حوکمڕانییەکە خۆیشیەوە.
لە ئاستەکانی خوارەوەشدا، بە زۆر مانا، ئەوەی روودەدات، سیاسەتی ئیهانەکردنێکی رۆژانە و هەمەلایەنی خودی کۆمەڵگاکە خۆی و زەلیلکردنی بەشێکی گەورەی مرۆڤەکانی ناویەتی. سیاسەتی بێبەهاکردن و سوکایەتیکردنە بە هەمووشتێک، لە دەرەوەی خواست و ویست و تێگەیشتنی ژمارەیەکی کەم لە دەسەڵاتدارانی ناو سیستمی حوکمرانییەکەدا. سوکایەتیکردنە بە هەمووشێک پەیوەندیی بە بوون و کارکردنی حوکمرانییەکەوە هەبێت لانی هەرە کەمی دادپەروەریی و سەرەتا هەرە سەرەتاییەکانی دەستگۆڕکێی دەسەڵاتی تێدابێت. لە راستیدا سووکایەتیکردن بووە بە زمانی سەرەکیی، ئەگەر نەڵێم تاقە زمانی حوکمرانییەکە، و زمانی قسەکردنی هێزە حوکمڕانەکان هەم لەگەڵ خۆیان و هەم لەگەڵ یەکتریی و هەم لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا.
سوکایەتیکردن لێرەدا تەنها بەرهەمی نایەکسانیی و نەبوونی لانی هەرەکەمی دادپەروەریی لە دابێشکردنی سەرچاوە مادیی و مەعنەوییەکانی ناو کۆمەڵگاکەدا نییە، بەڵکو گۆراوە بۆ هەستکردنێکی بەربڵاو بە ئیهانە و زەلیلکردن، دوورکەوتنەوە لەلانی هەرە هەرە کەمی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو کۆمەڵگا و مرۆڤانەی لەناو سنوورەکانی ئەو حوکمڕانیەدا، دەژین. لەم دۆخەدا سووکایەتیکردن وەک میکانیزمێکی کاریگەر بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەو دونیایە کاردەکات، کە دروستکراوە و سەپێنراوە. دنیایەک لێوان لێو لە نایەکسانیی و نادادپەروەریی و بێماف و بێنرخ و بچووک و گرنگن کردنی خودی کۆمەڵگاکە خۆی.
هەستکردن بە سوکایەتیکردن خەریکە وردە وردە دەگۆڕێت بۆ هەستکردن بە زەلیلبوون، زەلیلبوون بە دەستی حوکمڕانییەکەوە توانای رێزگرتنی لە خودی حوکمرانییەکە خۆی و رێزگرتنی دەزگا سەرەکییەکانی حوکمرانییەکە و یاساکانی خۆیشی، نییە. لە کۆمەڵگاکەشدا ئەم هەستکردنە بە سوکایەتیکردن، تا ئەو شوێنە رۆیشتوە کە بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگاکە، لە ڕێگای هەستی سوکایەتیپێکردنەوە شیکردنەوە بۆ پێگە کۆمەلایەتییەکەی خۆیان و بۆ ئەگەرەکانی پێشکەوتنیان لەناو سیستمە جیاوازەکاندا، دەکەن. لای زۆر کەس سوکایەتیکردن لەوە کەوتوە رووداوێکی پەراوێزی بێت، بەڵکو گۆڕاوە و بووە بە یاسایی ژیان. سوکایەتیکردن سەرەتا گۆڕاوە بۆ یاسای ناو چۆنیەتی رێکخستنی ژیانی سیاسیی، دوای ئەوە کراوە بە یاسای ناو کایە و رەهەندە جیاوازەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی. ئەم سوکایەتیکردنە بە حوکمی ئەوەی لەناو کایەی سیاسیدا لە فۆرمە هەرە دیارو بەهێز و قێزەونەکەیدا ئامادەیە، بەحوکمی ئەوەیش دەسەڵاتی سیاسیی. دەسەڵات و سەرچاوەی قۆرخکردنی سەرجەمی کایەکانی ترە، بۆیە سوکایەتیکردنەکانی ناو کایەی سیاسیی، بووە بە یەکێک لە ئامراز و ستراتیژە سەرەکییەکانی دروستکردنی ئەو کۆمەڵگا و حوکمرانییەی ئەمرۆکە لە هەرێمدا سەپێنراوە. بەم مانایە سوکایەتی چالاکانە بەشدارە لە بەرهەمهێنانی واقیعەکەدا و چالاکانەش بەشدارە لە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەیدا.
ئەوەی بەبەرچاومانەوە ڕوودەدات، پێداگرتنی بەردەوامی سەرە گەورەکانی ئەم حوکمرانییە، لەسەر گاڵتەپێکردن و بەهیچ نەزانینی پەرلەمان
ئەمەش رێگری ژمارەیەکە لەبەردەم دروستبوونی کۆمەڵگایەکدا هەستبکات لانی هەرەکەمی رێزی لێدەگیرێت. کۆمەڵگایەک فەیلەسوفی سیاسی جولەکە، ئاڤیشای مارگەلیت، ناوی «کۆمەڵگای شایستە» یان «کۆمەڵگای ڕێزلێگیراو»ی لێدەنێت، The Decent Society. «کۆمەڵگای ڕێزلێگیراو» هێما بۆ کۆمەڵگایەک دەکات خۆی بە کۆمەڵگایەکی شایستە بزانێت، واتە هەست بەوە بکات وەک کۆمەڵگا قبوڵکراوە، جێگەی ڕەزامەندییە و شایانی ڕێزە. بێگومان لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا نایەکسانیی و نادادپەروەریی هەیە، جیاوازیی چینایەتیی و پێگەی کۆمەلایەتیی نایەکسان هەیە، بەڵام ئەوەی نییە، هەستکردنە بە سوکایەتیی و زەلیلیی و ئیهانەکردن لەلایەن دەزگا سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگاکەوە.
ئەوەی لای ئێمە ئامادەیە رێک پێچەوانەی ئەو دۆخەیە لە «کۆمەڵگای ڕێزلێگیراو»دا ئامادەیە. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە هەستکردنە بەوەی هیچ کەسێک، لە دەرەوەی بازنە حوکمڕانە داخراوەکەدا، هیچ نرخ و بەهایەکی،سەربەخۆ و خاوەن قورسایی، نییە. هیچ کەس و گروپ و لایەنێک بە جدی وەرناگیرێن و گەر لەناو هاوکێشەکانی دەسەڵاتیشدا نەبن، هیچ نرخێکی کۆمەڵایەتیی شایانی باسکردنیان نییە. لەهەموو ئەم دۆخانەدا ئێمە لەبەردەم کۆمەڵگایەکداین پرۆسەی پەراوێزکەوتن لەناویدا، بەناو هەستێکی گەورە بە ئیهانەکردن و بەبێنرخکردن و بە سوک و بێبایەخ تەماشاکردندا تێدەپەڕێت. کاتێک هیچ رێزێک بۆ دەزگا سەرەکییەکانی حوکمرانییەکە خۆی، هیچ رێزێک بۆ پەرلەمان و بۆ خودی حوکومەت خۆی و بۆ هیچ یاسایەن نامێنێتەوە، ئەودەم ئەوەی هیچ نرخێکی نامێنێت خودی کۆمەڵگاکە و مرۆڤەکانی ناویەتی.
ئەوەی لە دۆخێکی لەم بابەتەدا بە تەواوی غائیبە، بوونی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت، کەرامەتی ئینسانیی یەکسان. بوونی کۆمەڵگایەکیش دەسەڵتادارەکانی لانی هەرەکەمی رێز و بەهای بۆ بگێرنەوە، هاوکات بوونی حوکمڕانییەکە لە دەرەوەی لانی هەرەکەمی بەرپرسیاریەت و لانی هەرەکەمی دەرچوون لە چوارچێوەکانی سیاسەتی سوکایەتیکردن.