مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
لەچەند ساڵەی رابردوودا چەندان جار کۆمەڵگای ئێمە رووبەرووی ئەو پرسیارە کرایەوە، کە ئایا شتێک بەناوی ئەخلاقەوە لە دەرەوەی دیندا هەیە؟ ئایا گەر دین نەبێت، وەک هەندێک لە ئیماندارەکان دەلێن، مرۆڤ مرۆڤی تر دەخوات، خەڵک دەستدرێژی دەکاتە سەر خوشک و دایک و دەر و دراوسێکانی؟ ئایا تاقە سەرچاوەی ئەخلاق دینە، یان دەشێت سەرچاوەی نادینیی و دژەدینیش بۆ ئەخلاق هەبێت؟
بێگومان وەڵامی بەشێکی زۆری بکەرە ئیسلامیی و دینییە تازەکان، لەناویاندا بە تایبەتی وەڵامی سەلەفییەکان ئەوەیە، کە نەخێر لە دەرەوەی دیندا شتێک بەناوی ئەخلاقەوە بوونی نییە. مرۆڤی بێدین، یان دژە دین، یان کەسێک دین چوارچێوە سەرەکییەکانی ژیانی دەستنیشاننەکات، ناتوانێت کەسێکی ئەخلاقیی بێت. دین سەرەتا و کۆتایی ئەخلاقە.
هەرکەسێک شارەزاییەکی سەرەتاییانەی دەربارەی دیدگا ئەخلاقییە جیاوازەکان و مێژووی بیرکردنەوە لە مەسەلەی ئەخلاق هەبێت، ئەو راستییە سادەیە دەزانێت کە دین تاقە سەرچاوەی ئەخلاق نییە. لە دەرەوەی دیندا و تەنانەت زۆرجار دژ بە دینیش، دیدگا و جۆری تری ئەخلاقی ئینسانیی هەیە، کە گەر لە ئەخلاقیی دینیی گرنگترنەبن، بەهیچ مانایەک کەمتر گرنگ نین.
لە بواری بیرکردنەوە لە ئەخلاقدا پرسیارە سەرەکییەکان ئەم پرسیارانەن: وەک مرۆڤ پێویستە چۆن هەڵسوکەوت بکەین؟ چۆن مامەلەی ئەو دۆخ و مەسەلە و رووداو و کەسانە بکەین، کە دێنە سەرڕێمان و تووشیان دەبین؟ چ شتێک وادەکات ئەم یان ئەو هەڵسوکەوت هەڵە یان راست بێت؟ ئایا ژیانی باش کامەیە؟ چی مانا بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێت؟ ئەی ژیانی هەڵە جییە و کامەیە؟ چی وادەکات ژیان بێمانا و بێنرخ و نائەخلاقیی بێت؟
ئەخلاق دیاردەیەکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتییە، هەم نەریتە ئایینییەکان سەرچاوەیەکی تایبەتی فۆرمی تایبەتی ئەخلاقن، هەم نەریەتە نادینیی و دژەدینییەکانیش
کردنی ئەم پرسیارانە بەشێکی گرنگی مێژووی پرسیارکردنی مرۆڤە لە خۆی و لە جیهان؟ وەڵام بەم پرسیارانەش هەمەجۆر و فرەشێوەن، بە هیچ مانایەکیش تەنها وەڵامی دینیی نین. بێگومان دین جۆرێک لە وەڵامی بەرامبەر بەم پرسیارانە هەبووە و هەیە، بەڵام سەرچاوەی هەموو وەڵامەکان نییە. هاوکات لەناو دینەکان خۆیشیاندا وەڵامی جیاواز بەو پرسیارە ئەخلاقییانە هەیە و هەموو دینەکان یەک وەڵام بەو پرسیارانە نادەنەوە. بۆ نموونە، دینە جیاوازەکان دیدگای ئەخلاقیی جیاوازیان بۆ جەنگ و بۆ پەیوەندیی نێوان نێر و مێ و بۆ رۆڵی ژنان و جۆری جلوبەرگ و ژیانی سێکسیی و هاوسەرگیریی و تەنانەت بۆ چییەتی خودا خۆیشی، هەیە. بۆ نموونە لەناو مەسیحیەتی کاتۆلیکیدا بوونی زیاد لە ژنێک بۆ یەک پیاو کردەیەکی بەدئەخلاقییە و دژ بە ویستی خودایە، کەچی لە تێگەیشتنە سونەتییەکەدا بۆ ئیسلام، خودا چوار ژنی بۆ پیاو حەڵاڵکردوە.
هاوکات بەشێک لە دیدگا هاوچەرخ و مرۆڤدۆستەکان بۆ ئەخلاق، لە رەخنەکردنی دیدگا دینییەکانەوە سەرچاوەیان گرتوە، بە تایبەتی لە رەخنەکردنی بکەر و دەزگا و سیستمە دینییە باڵادەستەکانی ناو سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان. بەم مانایە مەسەلەی ئەخلاق زۆر لەوە فراوانتر و فرەشێوەترە، تەنها بە بوونی دینەوە گرێبدرێت، یان دین بە تاقە سەرچاوەی ئەخلاق بزانرێت. نەک هەر ئەمە بەڵکو زیاد لە دیدگایەکی ئەخلاقیی مرۆڤدۆستانە هەن، کە لە رەخنەکردنی دیدگا دینییە باڵادەستەکاەوە بۆ ئەخلاق سەرچاوەیان گرتوە.
یەکێک لە وەڵامە هەرە سەرەکییەکان سەبارەت بە چیەتی و سەرچاوەکانی ئەخلاق، ئەو دیدگایەیە کە ئەخلاق بە ئاکاریی سەرەکیی مرۆڤەوە وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایتییەوە، گرێئەدات. مرۆڤ وەک بوونەوەرێک ناتوانێت بە تەنها بژیی و بەردەوام پێویستی بە ژیان لەگەڵ کەسانیتر و بە جۆری جیاوازی پێکەوەبوون، هەیە. مرۆڤ وەک بوونەوەرێک جیهان لەگەڵ کەسانیتردا و لەگەڵ سروشت و گیانلەبەرەکانی تردا، بەشدەکات. ئەم کۆمەڵایەتیبوون و پێکەوەبوون و بەشکردنەی جیهانە لەگەڵ کەسان و گیانلەبەرەکانی تردا، مرۆڤ ناچار دەکات بیر لە هەڵسوکەوت و ئاکار و قسە و گوفتارەکانی خۆی بکاتەوە، هەستی بەرپرسیاریەتی و هاودەردی تێدا دروستببێت، هەم بەرامبەر بە خۆی و خواست و ئارەزووەکانی، هەم بەرامبەر بەوانەی ژیانیان لەگەڵدا بەشدەکات. لەم دیدگایەدا ئەم ئاکاری پێکەوەبوونەی مرۆڤە وادەکات مرۆڤ بە بەردەوامی پەویستی بە ئەخلاق و سیستمی ئەخلاقی هەبێت. سەرچاوەی ئەخلاقییبوونی مرۆڤ گرێدراوە بە بوونی مرۆڤەوە وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی.
لەم ئاستەدا دیدگایەک هەیە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت، شتێک هەیە بەناوی ئەخلاقیی ئینسانیی گەردوونیی هاوبەشەوە، ئەخلاقێک پەیوەندیی بە مرۆڤبوونی مرۆڤەوە هەیە، مرۆڤبوونێکی هاوبەش کە شتێکی بەناوی مرۆڤایەتییەکی هاوبەشەوە دروستکردوە. ئەم هاوبەشیەش لە مرۆڤایەتیدا، بۆ نموونە، وادەکات چەندان بەها و بنەمای ئەخلاقیی هاوبەش لەناو کۆمەڵگا و کولتورە جیاوازەکانی جیهاندا بوونیان هەبەت، بەبێ گوێدانە بوونی ئاین و بەها ئاینییە جیاوازەکان. لەوانەش بۆ نموونە، پەداگرتن لەسەر پاراستنی ژیان و نەکوشتن و ئازارنەدانی مرۆڤی بێتاوان. خەمخواردن لە کەسانی لاواز، مشورخواردن لە منداڵان، درۆنەکردن و جێبەجەکردنی وادە و بەڵێن، هاوسۆزی و هاریکاریی و بەدەمەوەچووانی کەسانیتر، هتد... هەموو ئەمانەش وەک بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و دۆخی پێکەوەبوونی مرۆڤەکان بەیەکەوە. لەم دیدگایەدا ئەم بەهایانە پەیوەندییان بەو کۆمەلایەتیبوونی مرۆڤەوە هەیە وەک دۆخی سروشتی بوونی مرۆڤ لە جیهاندا، نەک بە بوون یان نەبوونی دین، یان بە بوونی ئەم یان ئەو نەرێتی دینیی تایبەتەوە.
مەسەلەی ئەخلاق زۆر لەوە فراوانتر و فرەشێوەترە، تەنها بە بوونی دینەوە گرێبدرێت، یان دین بە تاقە سەرچاوەی ئەخلاق بزانرێت
خاڵێک لێرەدا پێویستی بە لەسەروەستانێکی خێرا هەیە، ئەو راستییەیە کە وەڵامدانەوەی مرۆڤ بە پرسیارە ئەخلاقییەکان وەڵمدانەوەی مێژوویین و هەر سەردەم و قۆناغێکی مێژوویش وەڵامی جیاواز و ناکۆکیان بە پرسیارەکان داوەتەوە. ئەوەی، بۆ نموونە، لەسەردەمە کۆنەکاندا لە رووی ئەخلاقییەوە بە گونجاو و قبووڵکراو و شیاو زانراوە، لە سەردەمانی تردا وەک یاساغ و نەگونجاو و نەشیاو مامەڵەکراوە. بۆ نموونە مەسەلەی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ، پێگەی ژنان، هەڵاوێردن بەرامبەر کۆچبەران و بیانیی، هتد.. هەموویان گۆڕانی گەورەیان بەسەرداهاتووە و بەشێکی زۆری وەڵامە ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییە سونەتیی و کۆنەکان، شوێنیان لە جیهانی ئەمرۆدا نابێتەوە.
بۆ نموونە، هیچ یەکێک لە سێ دینە یەکتاپەرستەکە، واتە دینی جوەکان و مەسحیەت و ئیسلام، نەفی کۆیلایەتییان نەکردوە و وەک سیستم بەگژیدانەچوونەتەوە. هەرسێ دینەکە لە رۆژگارێکدا دروستبوون کۆیلایەتی دیاردەیەکی بەربڵاوی ناو کۆمەڵگاکان بووە، هیچ یەکێکیش لەو دینانە کۆیلایەتی وەک دیاردە حەرام نەکردوە و دژایەتی بوونی کۆیلایەتی وەک سیستم، نەکردوە. لەباشترین حالەتدا هەوڵی بەدەزگاییکردن و رێکخستنی کۆیلایەتیان داوە، نەسیحەت و رێنمایی تایبەتیان پێشکەش بە خاوەن کۆیلەکان کردوە، پێیان گوتون چۆن مامەڵەی کۆیلەکانیان بکەن، یان هانیانداون کۆیلەکانیان ئازادبکەن. لەکاتێکدا کۆیلایەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا سەرەتا لە بریتانیا و ئەمریکادا بە فەرمیی و لەرووی یاساییەوە هەڵوەشێندرێتەوە و و یاساغدەکرێت. هەرچی لە ناوچە موسڵمانەکەی خەلیجدا، هەڵوەشاندنەوە و یاساغکردنی کۆیلایەتی دوادەکەوێت بۆ نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم. لە سعودیەدا ئەم هەڵوەشاندنەوەیەی کۆیلایەتی لە ساڵی ١٩٦٢ و لە عومان لە ساڵی ١٩٧٠ جێبەجەدەکرێت.
بە کورتییەکەی، ئەخلاق دیاردەیەکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتییە، هەم نەریتە ئایینییەکان سەرچاوەیەکی تایبەتی فۆرمی تایبەتی ئەخلاقن، هەم نەریەتە نادینیی و دژەدینییەکانیش. سەرچاوە نادینییەکانی ئەخلاقیش هەم دەشێت پشتگیریی ئەم یان ئەو تێگەیشتنی دینییانەی تایبەت بۆ ئەخلاق بکەن، هەم رەخنەیان بکەن و مانای تازە و پێشکەوتوتر بە ئەخلاق ببەخشن.
ئەوەی لەمڕۆکەی دونیای ئێمەدا تێبینی دەکرێت دروستبوونی نارسیزمێکی دینیی بیمارە، هەموو ئەخلاق بۆ ناو دین دەباتەوە و دەرەوەی دین بە سەرزەمینی بەدئەخلاقییەکی گەورە دەناسێنێت. کەچی بەشێکی بەرچاوی ئەو بکەرە دینییانەی هەڵگری ئەم نارسیزمە دینیەن، رۆژانە لە چەندان کێشەی ئەخلاقییەوە دەئاڵێن، کە خود دینەکەی خۆیان نەهی لێدەکات.