درەو:
پارتی دیموكراتی كوردستان بە نیازە بە بێ یەكێتی نیسابی پەرلەمان تەوا و بكات و سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت و كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت، جوڵەكانی پارتی لەناو خۆو دەرەوە دەستیپێكردووەو دەڵێن "نیسابی پەرلەمانیمان تەواوكردووە".
زیاتر لە ساڵێك و شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت، تا ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوەو حكومەت پێكنەهێندراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی نیسابی پەرلەمان تەواو بكات و پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق و ئاڵوگۆڕی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتیەوە بەبێ گەڕانەوەو گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی، بۆیە پارتی تەواو نائومێد بووە لەوەی یەكێتی بچێتە پێشەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت و راستەوخو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە سەركردایەتی حزبەكەی وتووە، بەبێ یەكێتی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمان بدەن، لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە هەوڵدایە بۆ رێگری لە هەوڵەكانی پارتی.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەردانەكەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەو مەبەستە بووەو تا لە رێگای توركیاوە كاریگەری لەسەر ئەو هێزانە درووست بكرێت كە لە هەرێمی كوردستانن و نزیكن لە توركیاوە بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت.
پارتی چۆن نیساب تەواو دەكات:
پارتی دیموكراتی كوردستان چەند هەنگاوێكی بە ئاراستەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و تەواوكردنی نیسابی یاسایی ناوە لەوانە:
- نیسابی یاسایی پەرلەمان پێویستی بە (49) پەرەلەمانتارە نەك (51) لەبەر ئەوەی چەند پەرلەمانتارێك سوێندی یاساییان نەخواردووە (لاهور شێخ جەنگی، عەبدولستار مەجید، عومەر گوڵپی)، چاوەڕوان دەكرێت ئەم هەنگاوە لە رێگەی ئەنجومەنی شوراوی هەرێمەوە شەرعیەتە یاساییەكەی بۆ وەربگیرێت.
- پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی (39) كورسی گشتی و (3) كورسی كۆتاكانی نزیكی پارتیە، كە دەكاتە (42) كورسی، سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: پارتی زیاتر لە (9) پەرلەمانتاری لایەنەكانی تری مسۆگەركردووە، واتا (51) كورسیەكەو (48) كورسیەكەی مسۆگەرە.
- پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵدایە چەند حزبێك كە ئەندامیان لەناو پەرلەماندایە رازی بكات بۆ ئەوەی بە تەنیا خۆی نەبێت و چەند حزبێكی تری لەگەڵدا بێت تا شەرعیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی زیاتر بێت، رەنگە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە شێوەی كاتیش بێت بداتە ئەو حزبەی كە لەگەڵی دەبێت.
ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتوو بێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت سەرەتا بەبێ یەكێتی (شوێنی پۆستەكانی بۆ جێدەهێڵێت) ئەوا دەیكات، خۆ ئەگەر سەركەوتوو نەبێت، ئەوا هەوڵێ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدات.
كورسیەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
- پارتی دیموكراتی كوردستان: 39 كورسی
- یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 23 كورسی
- نەوەی نوێ: 15 كورسی
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 7 كورسی
- رەوتی هەڵوێست: 4 كورسی
- كۆمەڵ: 3 كورسی (2 پەرلەمانتاریان سوێندیان نەخواردووە)
- بەرەی گەل: 2 كورسی (1 پەرلەمانتاریان سوێندیان نەخواردووە)
- پارتی سۆسیالیست: 1 كورسی
- بزوتنەوەی گۆڕان: 1 كورسی
- كۆتاكان: 3 پەرلەمانتار نزیك لە پارتی
- كۆتاكان: 2 پەرلەمانتار نزیك لە یەكێتی