سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

تایبەت

دیسانەوە رۆشنبیر: گەڕانەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان 

بەبۆچوونی من پێناسەی رۆشنبیربوون لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکیی وەستاوە: یەکەمیان ڕۆشنبیر کەسێکە لە بواری فیکردا کاردەکات و خاوەنی زانیاریی و مەعریفەیەکی تایبەتە. دووهەم بەکارهێنانی ئەو زانیاریی و مەعریفەیە لەناو ژیانی گشتیدا بە مەبەستی رەخنەگرتن لەو دیدگایانەی کە ناڕاست و نەگونجاو و نامەعقوڵن

بڵاوکراوەتەوە لە : 10 ئایار 2026

دیسانەوە رۆشنبیر: گەڕانەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان 

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

لەقبوونی پێگە و رۆڵی رۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا راستییەکی کۆمەڵناسییانەیە، دیاردەیەکە لە زیاد لە فۆرمێکدا ئامادەیە و بە ئاسانی هەستیپێدەکرێت. ئەو شێوازە رەخنەیی و سەربەخۆیانەی رۆشنبیران، لە سالانی نەوەد و سەرەتاکانی دوو هەزاردا هەبوون و کاریاندەکرد، لە ئێستادا و لەژێر کاریگەرییە خراپەکانی ئابوری نەوت و سیستمی رەیعیدا، تا ڕادەیەکی زۆر، کەم و کز و لاواز بوون. ئەم دۆخە بە ناچاری جارێکی دیکە بەرەو پرسیارە هەرە سادەکانمان سەبارەت بە چییەتی رۆشنبیر و چییەتی ئەو رۆڵەی پێویستە، ببیبینێت دەباتەوە. با جارێکی دیکە لەو پرسیارەوە دەستپێبکەین کە دەپرسێت رۆشنبیر کێیە و کام رۆڵی لە کۆمەڵگادا هەیە؟ 

 

بە بۆچوونی من ڕۆشنبیر بە کەسێک دەگوترێت ئەو بابەت  پرس و کێشە سەرەکیی و گرنگانە شیدەکاتەوە، کە لەناو ژیانی گشتیدا ئامادەن و گفتوگۆیان دەربارە دەکرێت، بێگومان لە پاشخانێکی مەعریفیی و زانستیی تایبەتەو. ئەمەش مانای ئەوەی        مامۆستایەکی زانکۆ، شاعیرێک، رۆماننوسێک، ئابووریناس یان کۆمەڵناسێک، خۆبەخۆ پێیان ناگوترێت رۆشنبیر، گەر لە کایە تایبەتەکەی کارکردنی خۆیان نەیەنەدەرەوە بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکانی ناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگادا، بەشداربن. مامۆستایەکی زانکۆ مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمییەکە، تا ئەو ساتەی لەناو پۆلەکانی خوێندندا لەگەڵ قوتابییەکانیدایە، یان لەو گۆڤارە زانستییە تایبەتانەدا دەنووسێت کە تایبەتە بە کایەکەی خۆی، بەڵام کاتێک لەو کایەیە دێتە دەرەوە و زانیاریی و چەمک و تێزە زانستییەکانی بەکاردەهێنێت بۆ قسەکردن لەسەر مەسەلە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگاکە، ئیتر دەبێت بە رۆشنبیر. بەم مانایە رۆشنبیر بوونەوەرێکە، هەڵگری پاشخانێکی مەعریفیی تایبەتە، لەناو ژیانی گشتیدا وەک قسەکەرێک ئامادەیە.

 

لەم بەشدارییە لەناو ژیانی گشتیدا، رۆشنبیر، بەشێوەیەکی رەخنەگرانە ئامادەیە و بەشێوەیەکی رەخنەگرانە دیاردەکان شیدەکاتەوە. بەرگریی لە دونیایەکی باشتر و ئەلتەرناتیڤێکی گونجاوتر دەکات، نەک بەرگریی لەو دید و هێز و لایەنانە کە بەرپرسن بەرامبەر بە ناهەموارییەکانی ئەو واقیعەی دروستبووە. بەشداریکردنی ڕەخنگەرانەی رۆشنبیر لە ژیانی گشتیی و گفتوگۆکانی ناوییەوە، دەشێت لە ڕێگای نووسینی کتێب و نووسینی وتار و نووسینی نارەزاییدەربڕینەوە بێت، دەشێت لە ڕێگای بەشداربوون لە کەنالە میدیاکانیشەوە بێت، یان لە ڕێگای ئەو گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێیانەی لەناو دونیای دیگیتالیدا دروستدەبن. لەم بەشدارییکردنانەدا رۆشنبیر دەتوانێت کاریگەریی لەسەر رای گشتیی و چۆنیەتی بیرکردنەوەی خەڵک لە بارەی ئەو بابەتانەوە بەجێدەهێلێت، کە لەو ساتەدا هەم گرنگییەکی تایبەتیان هەیە و هەم بوون بە بابەتی باسکردن و گفتوگۆ لەسەرکردن لە ناو ژیانی گشتییدا. نازناوی رۆشنبیر نازناوێکی فەرمی و ئەکادیمی نییە وەک "دکتۆر" یان "پڕۆفیسۆر"، یان «مامۆستا»، «پزیشک» و «پارێزەر» و هتد..بەڵکو ناونانێکی کۆمەڵایەتییە، لە دەرەوەی ویستی ئەم یان ئەو دەزگا و سێنتەری فەرمیدا بەم یان بەو کەس دەبەخشرێت.

لەقبوونی پێگە و رۆڵی رۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا راستییەکی کۆمەڵناسییانەیە، دیاردەیەکە لە زیاد لە فۆرمێکدا ئامادەیە

بەبۆچوونی من پێناسەی رۆشنبیربوون لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکیی وەستاوە: یەکەمیان ڕۆشنبیر کەسێکە لە بواری فیکردا کاردەکات و خاوەنی زانیاریی و مەعریفەیەکی تایبەتە. دووهەم بەکارهێنانی ئەو زانیاریی و مەعریفەیە لەناو ژیانی گشتیدا بە مەبەستی رەخنەگرتن لەو دیدگایانەی کە ناڕاست و نەگونجاو و نامەعقوڵن. بەم مانایە، ڕۆشنبیر وەک کەسێک کە لە بواری کاری فیکریدا کاردەکات، رۆڵێکی تایبەت لەناو گفتوگۆ و بە٤خوردە گشتییەکانی ناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگادا دەگێڕێت. ئەم رۆڵەش رۆڵێکی رەخنەییە کە خۆی لە رەخنەکردنی گوتارە باو و باڵادەستەکان و رەخنەکردنی ڕا و بۆچوونە سەپێنراوەکان و لە کردنەوەی ئاسۆی تردا بۆ بینین و بیرکردنەوەدا دەبینێت. هەموو ئەمانەش بە مەبەستی بەرگریکردن لە راستیی و دادپەروەریی و بەرپاکردنی گۆڕانکاریی بەرەو دۆخێکی باشتر و ئینسانیتر.  

 

ئەم دۆخی رەخنەییبونەی رۆشنبیر وا  لە فەیلەسوفی فەرەنسی جان بۆل سارتەر دەکات کە بڵێت رۆشنبیر نابێت و ناتوانێت بێدەنگ بێت، چونکە بێدەنگبوون لە قازانجی ئەو سیستمەدایە کە دروستکراوە و لە قازانجی ئەو پەیوەندییانەی دەسەلاتدایە کە لەو ساتەدا هەیمەنەیان، هەیە. بۆیە سارتەر قسەکردنی رەخنەییانەی رۆشنبیر هەم وەک ئەرکێکی سیاسیی و هەم وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی دەبینێت و مامەڵەدەکات. سارتەر دەستەواژەی «ئیلتیزام» بۆ دەستنیشانکردنی ئەم رۆلە رەخنەیییەی ڕۆشنبیران بەکاردەهێنێت، واتە ئیلتیزام کردنی رۆشنبیران بە بەرگریکردن لە مەسەلە سەرەکیی و بنەرەتییەکانی ناو کۆمەڵگا لە دیدێکی دادپەروەرانە و ئینسانییەوە، لەوانەش بۆ نموونە بەگاچوونەوەی مەسەلەی بێدادی و چەوساندنەوە و زوڵم لە هەموو فۆرمەکانیدا، هتد...سارتەر ئەم ئەرکە وەک ئەرکێکی جیهانیی و گەردوونی دەبینێت. 

 

هەر لەناو فیکری فەرەنسیدا، میشێل فوکۆش، لەسەر هەمان هێلی پێداگرتن لەسەر رۆڵی رەخنەگرانەی رۆشنبیر بەردەوامدەبێت. ئەگەرچی فوکۆ رۆشنبیر وەک بوونەوەرێکی گەردوونی نابینێت و لەناو کایەیەک لە کایەکاندا جێگیری دەکات، بەڵام پێداگرتن لەسەر رۆڵی رەخنەیی رۆشنبیر، ئەو خاڵەیە کە لەگەڵ سارتەر و کەسانیتردا کۆیدەکاتەوە. لای فوکۆ رۆشنبیر هەڵگری مەعریفە و شارەزاییەکی تایبەتی ناو بوارێک لە بوارەکانە، لەوانەش بۆ نموونە، بواری یاسا، یان لە بوری دەرونناسیدا، یان لە بواری کۆمەلناسیدا، هتد... بەلام لە هەموو ئەو دۆخانەدا رۆڵی رۆشنبیر رۆڵی رەخنەکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و میکانیزمەکانی ئیشکردنی دەسەلات و ئاشکراکردنی پەیوەندییە شاراوە و نەبینراوەکانیەتی. فوکۆ کە باس لە دەسەلات دەکات تەنها مەبەستی دەسەلاتی سیاسیی نییە، بەڵکو کۆی فۆرمە جیاوازەکانی دەسەلاتە، بە دەسەلاتی مەعریفە خۆیەوە. خاڵێکی گرنگی دیکە لە رەخنەکردنی رۆشنبیراندا رەخنەکردنی دەزگاکان و ئاشکراکردنی شێوازی کارکردن و ئەو کێشانەیە کە ئەو دەزگایانە دروستیدەکەن. دۆزینەوە و نیشاندانی ئەو پەیوەندییانەیەش کە دەسەلات لەگەڵ مەعریفەدا دروستیدەکات، ئەرکێکی دیکەی رۆشنبیرە.  بەناویەکداچوونی دەسەلات و مەعریفە یەکێکە لە تێزە سەرەکییەکانی ئەم فەیلەسوفە و نیسانیئەدات کە چۆن رۆشنبیران دەشێت بەشداربن لە پایەدارکردنی ئەو فۆرمانەی دەسەڵاتدا کە لە کۆمەڵگادا کاردەکەن. ئەگەر سارتەر رەهەندێکی گەردوونیی و جیهانیی بە ئەرکی رۆشنبیر ببەخشێت، فوکۆ ئەم رەهەندە گەردونییە رەخنەدەکات و پێیوایە رۆشنبیر کوڕی ناو بوار و ژینگە تایبەتەکەی خۆیەتی و لەناو ئەو بوار و ژینگەیەدا قسەدەکات و دەنووسێت و چالاکە. رۆشنبیر لەم دیدەدا خەریکی شیکردنەوەی فۆرمە کۆنکریتییەکانی هەیمەنە و رەخنەکردنی پەیوەندییەکانی دەسەلاتی ناو ئەو واقیعەیە کە لەناویدا کاردەکات.

 

نووسەر و بیریاری فەلەستینیی و ئەمریکی، ئێدوارد سەعیدیش، پێ لەسەر هەمان رۆڵی رەخنەییانەی ڕۆشنبیر دادەگرێت و بە توندیش بە مەسەلەی نەترسان و بوێرییەوە گرێیئەدات. میشێل فوکۆش لە کۆتاییەکانی ژیانیدا پێ لەسەر هەمان مەسەلەی بوێری دادەگرێت و باس لە کەسایەتی «پاریسیا» دەکات، وەک کەسێک کە ناترسێت لەوەی ڕاستییەکان بە دەسەڵات بڵێت، بە هەموو مەترسییەکانی راستیی گوتنەوە. ئێدوارسەعید رۆشنبیر وەک کەسێکی دەرەکیی و سەربەخۆ دەبینێت، واتە وەک کەسێک سەربەخۆ لە حوکمرانان و لە کۆمپانیاکان و لە ئایدیۆلۆژیا ترسناکەکان و لە رای گشتیی باڵادەست. ئەم سەربەخۆبوونەش هەلی ئەوە بە رۆشنبیر دەبەخشێت لە پەیوەندییەکی رەخنەییداێت لەگەڵ سەرجەمی ئەو لایەنانەدا کە بەشدارن لە دروستکردنی واقیعێکی مێژوویی نەخواستراودا. رۆشنبیر کەسێکە نەک تەنها تەسلیمی هیج یەکێک لەو هێزانە نابێت، بەڵکو بە ئەرکی راستەقینەی خۆی دەزانێت بەگژ ناهەقییە هەمەجۆرەکان و بەگژ ڕا و بۆجوونە سەپاوەکان و بەگژ مۆدێلەکانی سەرلەقاندن و بەڵێ گوتنە هەمەجۆرەکاندا، بۆ هێزە باڵادەست و دەسەڵاتدارەکان، بچێتەوە. ئەمە جگە لە بەرگریکردن لەو هێزە کەمینە و دەنگە پەراوێزخراوانەی لە کۆمەڵگادا هەن و نابیسترێن و گوێیان لێناگیرێت. 

ئەم دۆخی رەخنەییبونەی رۆشنبیر وا  لە فەیلەسوفی فەرەنسی جان بۆل سارتەر دەکات کە بڵێت رۆشنبیر نابێت و ناتوانێت بێدەنگ بێت

هەرچی ئەو دابەشکارییەش کە فەیلەسوفی سیاسیی ئیتالی، ئانتۆنیۆ گرامشیم لە نێوان «رۆشنبیری سونەتیی» و «ڕۆشنبیری ئۆرگانیی»دا دەیکات بەو ڕۆلە رەخنەیی و گۆڕانخوازە تایبەتەی ڕۆشنبیرەوە پەیوەستە. «رۆشنبیریی سونەتی» لای گرامشی دەشێت پرۆفیسۆری زانکۆ بێت، دەشێت پیاوانی دین بن، دەشێت رۆماننوسێک بێت، دەشێت لێکۆڵەرەوەی بوارێک لە بوارەکانی فیکر بێت. ئەمانە دەشێت وەک سەربەخۆ و بێلایەنیش دەربکەون، واتە مەرج نییە ئەندامی ئەم یان پارت و هێزی سیاسی بن، بەڵام ئەوەی ئەمانە دەکات بە «ڕۆشنبیری سونەتی» بەرگریکردنیانە لەو سیستمەی لە ئێستادا هەیە و دروستکراوە. بەرگریکردنیانە لەو پەیوەندییانەی دەسەڵات لە ئێستادا هەیە و هەیمەنەی پێکراوە. بە مانایەک لە ماناکان ئەم جۆرە رۆشنبیرە سونەتییە بەرهەمهێنەرەوەی جیهانبینی ئەو هێزانەن کە حوکمڕانن. هەرجی «ڕۆشنبیری ئۆرگانی»یە رێک پێچەوانەی ئەم مۆدێلە سونەتییەیە لە رۆشنبیر. ڕۆشنبیری ئۆرگانی کەسێکە لە خەمی بەرپاکردنی گۆڕانکاریدایە لەناو ئەو دۆخە مێژوویەی لە ئێستادا دروستکراوە و سەپێنراوە. ئەم جۆرە رۆشنبیرە لەباتی بەرهەمهێنانەوەی دیدگا و جیهانبینی هێزە باڵادەستەکان، خەریکی بەرهەمهێنانی جیهانبینییەکی ئەلتەرناتیڤە کە زۆرجار سەر بەو بەشانەی کۆمەڵگایە کە لە دەرەوەی چین و نوخبە دەسەڵاتدارەکاندان.  لای گرامشی هەردوو جۆرەکە لە رۆشنبیر بەشدارن لە دروستکردنی ئەو دۆخەدا کە ناوی دەنێت «هەیمەنە» hegemony. هەیمەنە بە مانای سەرکردایەتیکردنێکی کولتوریی و ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقیی هێز یان چینێک بۆسەرجەمی کۆمەڵگا، یان بە مانای بەسروشتیکردنی دیدگا و بۆچوون و زمانی ئەو هێزەی کە یان دەسەڵتدارە، یان دەخوازێت ببەتە ئەلتەرناتیڤی ئەو دەسەڵاتەی لەئارادایە. 

ئەگەرچی لای گرمشی رۆشنبیر بوونەوەرێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو هەمیشە گرێدراوی چینێکە، بەڵام رۆلە سەرکییەکەی بریتییە لە بەرگریکردن لە چینەکانی  چەوساوە و بێبەشکراوەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و رەخنەکردنی ئەو واقیعە چینایەتییەی کە هەیە و سەروەرکراوە. 

وەک دبینین، رەخنەکردنی ئەوەی هەیە و دروستکراوە و لە ڕێگای هێز و دەسەڵات و دەزگا و فۆرمێک لە مەعەریفەی تایبەتەوە، سەپێنراوە، ئەرکی سەرەکیی رۆشنبیرە وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتی تایبەت، رەخنەکردنێک پشتئەستور بە فیکر. لەبیرکردنی ئەم ئەرکە هیچ مانایەک بۆ چەمکی رۆشنبیر ناهێڵێتەوە. 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 22 کاتژمێر

قەرەسوو: ئێمە هەر بە شێوازی ئاپۆیی دەستمان پێکرد

null
١٢ ئایار ٢٠٢٦

كورد چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تۆمه‌ته‌كانی تره‌مپ بكات ؟

null
١٢ ئایار ٢٠٢٦

پارتی بە نیازی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتە