درەو:
هاوپەیمانی دەسەڵاتدار شیعە لە عێراق، "چوارچێوەی هەماهەنگی"، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە. ئەو وادە دەستورییانەی کە دەبێت پابەندی بن، نزیکە لە کۆتایی و تەنیا چەند رۆژێکی ماوە بۆ کاندیدکردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، کاندیدێک کە "پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بەهێزتر بکات" .
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی كە قسەیان بۆ " الحورة" کردووە، کێبڕکێە لە ئێستادا لەسەر ئەو پۆستە لە دوو كەسدا بەرتەسك بووەتەوە.
بە زمانی ژمارە، چوارچێوەی هەماهەنگی کە نزیکەی 187 کورسی لە کۆی 329 کورسی پەرلەمان هەیە، تا 25ی نیسان مۆڵەتی هەیە بۆ پێشکەشکردنی کاندیدەکەی بە سەرۆك كۆمار.
مادەی 76 بڕگەی یەکەمی دەستوری عێراقی ساڵی 2005، سەرۆک کۆمار پابەند دەكات کاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی راسبسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژ لە دوای هەڵبژاردنی حکومەت پێکبهێنێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی شكستیهێناوە لە ئەنجامدانی هیچ کۆبوونەوەیەک لەو کاتەوەی پەرلەمان لە 11ی نیساندا نزار ئامێدی بە سەرۆكی كۆمارهەڵبژارد، بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام بدرێت بەڵام بۆ ئەمڕۆ دواخراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە بەرپرسە لە هەماهەنگی کۆبوونەوەکان، راگەیاندووە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ پێش کۆبوونەوەی گشتی ئەمڕۆ بەڕێوەچووە.
بەپێی سەرچاوەکە، کۆبوونەوە دووقۆڵی و سێقۆڵییەکان ئێوارەی هەینی لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەکەدا ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی سەرەتایی پێش ئەوەی بچنە کۆبوونەوەی گشتی.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە 12 ئەندام پێکدێت، کە نوێنەرایەتی سەرکردەی هاوپەیمانییەكەوفراكسیۆنە شیعەکان دەکەن، کە قەبارەیان لە پەرلەمان لە نێوان 45 بۆ 5 کورسیدایە، بەڵام میکانیزمی دەنگدان لە چوارچێوەکەدا لەسەر بنەمای ژمارەی كورسی نییە؛ بەڵکو دەنگی سەرۆکی بلۆکێک کە 45 کورسی هەیە هەمان قورسایی فراكسیۆنێكە كە 4 کورسی هەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەی دووەم لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕێککەوتن کراوە کە ئەو کاندیدە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی چوارچێوە (8 لە کۆی 12) بەدەست دەهێنێت کاندیدی فەرمی دەبێت بۆ سەرۆک وەزیران.
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق بە كۆكردنەوەی 6 دەنگ زۆرترین چانسی کاندیدكردنی هەیە، لە کاتێکدا رکابەرەکەی باسم بەدری خاوەنی 4 دەنگە.
ئاشكراشیكردووە، دوو لایەن ماون: یەکێکیان سەرنجی لەسەر هەردوو کاندیدەكە هەیە، یەکێکی تریش چاوەڕێی ئەوە دەکات یەکێک لە کاندیدەکان ژمارەی دەنگەكانی بگاتە حەوت تا پشتگیری بکات.
سەرەڕای کشانەوەی مالیکی لە کێبڕکێکی سەرۆك وەزیران بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکا و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی کشانەوەی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەی دووەم لە چوارچێوەی هەماهەنگی پشتڕاستی کردەوە، مالیکی پێداگری لەسەر کاندیدکردنی بەدری كردووە وەک جێگرەوەی خۆی.
هێشتا کەسایەتییەکانی دیکەش چانسیان هەیە، هەرچەندە کەمیشە، لەوانە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، حەمید ئەلشەتری، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، محەمەد ساحیب دەراجی، وەزیری پێشووتری ئاوەدانكرنەوە و نیشتەجێکردن و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم ساتەوەختێكی گرنگ و دووڕیانێکی سەختدایە، دەبێت سەرۆک وەزیرانێک هەڵبژێرێت کە واشنتۆن بێزار نەکات.
چوارچێوەکە ترسی سەركێشی هەیە بە ناوی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران هەبێت کە رەنگە روبەڕوی هەمان چارەنوسی مالیکی ببێتەوە، كاتێك لە مانگی یەکی رابردوودا ترەمپ وتی "گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات کاردانەوەی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن دەبێت".
سەرچاوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە راگەیاندووە: ئەوەی ئێستا بەدوایدا دەگەڕێین سەرۆک وەزیرانێکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن پەرەپێبدات نەک زیانیان پێبگەیەنێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: هێزە سیاسییەکان بەهۆی ئەو فشارە بێ وێنەیەی ئەمریکاوە سەریان سوڕماوە.
لە درێژەی قسەكانیدا وتویەتی: جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری ئەمریکا، پەیامێکی گەیاندووە، جەختی لەسەر پێویستی دوورکەوتنەوە لە پێکهێنانی حکومەتێک کردووەتەوە کە شکست لهێنێت لە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی حکومەتی ئەمریکا.
هاوكات سەرچاوەیەکی نزیک لە مالیکی راگەیاندووە: دۆخەکە تاڕادەیەک ئاڵۆزە، مالیکی بە فەرمی نەکشاوەتەوە، هەرکەسێک زۆرینەی چوارچێوەکەی هەماهەنگی لەگەڵدا بێت، پشتگیری دەکات.