درەو:
ما ڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە بە ناونیشانی" ئایا سوریای شەرع ئامادەكاری دەكات بۆ تێپەڕاندنی توركیا لە چەسپاندنی دەستکەوتەکانی کورددا؟" .
"دیمەشق پێشکەوتنێكى سنوردار بەڵام بەرجەستەى لە دیالۆگی لەگەڵ کوردەکانی سوریا بەدەستهێناوە، تەنانەت لەگەڵ هەوڵەكانی ئەنكەرەش بۆ لە قاڵب دانی هەر چارەسەرێك" .
ماڵپەرە ئەمریكیەكە دەڵێت: رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا لە دیمەشق لەگەڵ شاندێکی کوردی بە سەرۆکایەتی مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) كۆبوەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی پێکهاتە مەدەنی و ئەمنییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.
سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە، کە بە مەرجی ئەوەی ناویان ئاشکرا نەکرێت لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر قسەیان کردووە، گفتوگۆکانیان بە دۆستانە وەسف کردووە.
سەردانەکەی کۆبانی رۆژی سێشەممە دەستیپێکرد، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوایین بنکەی خۆیان لە قەسرەک لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
پێشکەوتن لە چەندین بواردا بەدیهاتووە لەو کاتەوەی کە رێککەوتنەکە بە نێوەندگیری ئەمریکا لە 29ی كانونی دووەم کەوتە بواری جێبەجێکردنەوەو کۆتایی بە پێكدادانە درێژخایەنەکانی نێوان هێزەکانی هەسەدەو دیمەشق هێنا، هەزاران کورد کە لە دوای لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە لە ساڵی 2018 لە عەفرین ئاوارە بوون، بەردەوامن لە گەڕانەوە بۆ شارەكەیان، هاوكات هەزاران کەسی دیکەش کە ناچاربوون لە سەرێكانی ئاوارەبن کاتێک تورکیا لە ساڵی 2019 هێرشێکی دیکەی ئەنجامدا، خۆیان بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵنگاری زۆر ماونەتەوە، کورد بە دوای نوێنەرایەتییەکی زیاتردا دەگەڕێت لە حکومەت و داوای دەستورێکی نوێ و دیموکراسی دەکات کە مافی ژنان و کەمینەکان زامن بکات، چارەنوسی هەزاران ژنە شەڕڤان کە لەژێر ئاڵای هێزەکانی سوریای دیموکراتدا شەڕی داعشیان کرد، هێشتا نادیارە، حکومەت پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە هێزی ژنانە بچنە ناو پۆلیسەوە نەک سوپا، ئەمەش پێچەوانەی خواستی ژنانە کە لە لایەن هەسەدە پشتیوانی دەكرێت و هاوپەیمانە جیهادییەکانی شەرع رەتیدەكەنەوە.
پێدەچێت شەرع لەم هەفتەیەدا پێشنیازەکەی بۆ کۆبانی نوێ کردبێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە جێگرەکانی، بەڵام فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات رەتیکردوەتەوە، هاوكات ئیلهام ئەحمەدیش پۆستی راوێژکاری شەیبانی رەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەردووكیان دوودڵن لە قبوڵکردنی پۆستێک کە وێنەی شەرع وەک سەرکردەیەکی سەرتاسەری بەهێز بکاتەوە بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی بڕیاردانیان پێبدات.
جگە لەوەش مەزڵوم کۆبانی سەرنجی لەسەر فراوانکردنی هەژموونیەتی بەجۆرێك سیاسەتیش بگرێتەوە نەک تەنها بابەتی ئەمنی، كە سەرەڕای شكستەكانی ئەم دواییەی هەسەدە، كۆبانی تا ئێستاش کاریگەرترین و جەماوەریترین سەرکردەكانی کورد لە سوریاو بەپێی زانیارییەکان، بیر لە پێکهێنانی پارتێکی سیاسی نوێ دەکاتەوە.
رەنگە ئیلهام ئەحمەد بیر لە پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا بكاتەوە، بەڵام ئەنكەرە سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ساڵێکە راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵیدا کردووە لەسەر چەندین بابەتی دوولایەنە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان دژی دانانی ئیلهام ئەحمەدە لەو پۆستە.
هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی ئەنكەرە بەرامبەر بە دانانی ئیلهام ئەحمەد تا ئێستا روون نییە، یەکێک لە هۆکارە گریمانەكراوەكان ئەوەیە کە تورکیا نایەوێت سوریا وا دەربكەوێت كە پێگەی زیاتر بە کوردەکانی بدات لەوەی توركیا بە کوردەكانی خۆی ببەخشێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دانوستانە تەمومژاوییەكانی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵکردنی ئیمتازەكانی دیمەشق بۆ کوردەکان رێگە بە ئەنكەرە دەدات ئەم كارتە بەکاربهێنێت بۆ سازشپێكردنی زیاتری ئۆجەلان، بەڵام ئەم ستراتیجە شمشێرێکی دووسەرەیە و کاریگەرییەکانی فرەلایەنە.
تورکیا بە داخستنی دەروازەی سنوری نوسەیبین کە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا بە باکوری رۆژهەڵاتی سوریاوە دەبەستێتەوەو لە ژێر دەستی كوردەكاندایە، رێگە بە میلیشیا عەرەبییە سوننە هاوپەیمانەکانی دەدات قازانج لە بازرگانی بکەن، ئەمەش وا دەکات کورد زیاتر پشت بە دیمەشق ببەستێت، تا پەیوەندی نێوان دیمەشق و کورد قووڵتر بێت، تورکیا کۆنترۆڵی کەمتری بەسەریاندا دەبێت.
شەرع ستراتیجیستێکی بە ئەزموونە، لەوە تێدەگات کە کورد دەتوانێت قورساییەكی پارەسەنگداربێت بۆ رکابەرە ناوخۆییەکانی، لە کاتێکدا بۆ نموونە، داواکارییەکانی کوردی بۆ لابردنی وشەی "عەرەب" لە ناوی فەرمی وڵاتەکەدا رەتکردەوەو ناوى وەک کۆماری عەرەبی سوریا مايەوە، بەڵام دان بە داواکارییەکانی دیکەدا ناوە، ئەوەی لە رۆژاڤا، یان کوردستانی سوریا ماوەتەوە، هێشتا بەهرەمەندە لە ئۆتۆنۆمییەکی گەورە، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی سیمبولی بەرپرسانی حکومەتی سوریا لە ناوچەکەدا، لانیکەم تا ئێستا.