درەو:
🔻 ڕاپۆرتی: عالەم ئەلجەدید
🔹 بەبێ ناسنامە گەیشتە بەغداد؛ لەوێ بەڵگەنامەکانیان لێ سەند و ناچاریان کرد لە نێوان لەشفرۆشی، کار لە یانە شەوانەکان، یان خزمەتکاری ماڵاندا یەکێکیان هەڵبژێرێت.
🔹 ژنان لە ڕێگەی گرێبەستی ساختە و گرووپەکانی واتسئەپەوە هەڵدەخەڵەتێنرێن و دەکرێنە قوربانیی بازرگانیکردنی سێکس و هاوسەرگیریی زۆرەملێ.
🔹 تێچووی قاچاخبردن لە نێوان هەزار بۆ 10 هەزار دۆلاردایە؛ نرخەکەش بەپێی جۆری ڕێککەوتن و ئاستی داپۆشینی ئەمنی دەگۆڕێت.
🔹 هەندێک لە پڕۆسەکانی قاچاخچێتی بە هەماهەنگییەکی باڵا بۆ بڕینی بازگەکان بەڕێوە دەچن، هەندێکی تریشیان بە بەکارهێنانی ڕێگە لاوەکی و سەختەکان.
🔹 تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیا زۆر ئاسانە و تەنها بە بینینی ژمارەی تابلۆکە لە لایەن کارمەندانی ئەمنییەوە ڕێگەیان پێ دەدرێت.
🔹 بارهەڵگر تەنها بە هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ هەموو "حەوت دەزگا ئەمنی"یەکەی بازگەکان تێپەڕ دەبێت، ناهەماهەنگی لەگەڵ یەک لایەن پڕۆسەکە پەکدەخات.
🔹 لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە عێراق، ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر نزیکەی 400 ئەفسەر گیراونەتە بەر.
🔹 سەرەڕای ڕێکارەکان، هێشتا کەلێنە ئەمنییەکان لە ڕێگاکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە سوودیان لێ دەبینرێت.
ڕاپۆرتی: عالەم ئەلجەدید
ئامادەکردنی؛ ئیناس حەسەن، لوما سەلمان، عەشتار عوبەید

سورییەکان 90٪ی کۆی پەنابەران و داواکارانی پەنابەری لە عێراق پێکدەهێنن، کە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. ئەم لێکۆڵینەوەیە پەردە لەسەر چۆنیەتی کەوتنی ژنان و پیاوانی سوری دەخاتە ڕوو، کە دەبنە نێچیری "فرۆشیارانی وەهم" لە کۆمپانیاکانی دامەزراندن، دەڵاڵەکان، قاچاخچییەکان، خاوەن چێشتخانە و ساڵۆنەکان و سەرپەرشتیارانی لەشفرۆشی.
لێکۆڵینەوەکە لە ڕێگەی گەواهیدانی قوربانییەکان و تێوەگلاوەکانەوە، تیشک دەخاتە سەر شێوازەکانی چەوساندنەوە و تێکەڵبوونی ڕۆڵی گەندەڵکاران و لایەنە دەستڕۆیشتووەکان، کە سوود لە لاوازیی چاودێریی بازاڕی کار وەردەگرن. هەروەها ڕێڕەوەکانی ڕاکێشان و قاچاخچێتی لە هەولێرەوە بۆ بەغداد ڕوون دەکاتەوە، کە لە ڕێگەی کەلێنەکانی بازگەکان یان "ڕێگە لاوەکییەکانەوە" ئەنجام دەدرێن.
(لە پێناو پاراستنی تایبەتمەندی و دوورکەوتنەوە لە ڕاوەدوونانی یاسایی، ناوی خوازراو بۆ گەواهیدەرەکان بەکارهاتووە).
"غادە" (ناوێکی خوازراوە) بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە لە بەردەم تیمی ڕۆژنامەنووسان لە سوچی ڕێکخراوێکی ناوخۆیی تایبەت بە تواناسازیی ژنان لە بەغداد دانیشتووە. سەرەڕای ماندوێتیی چاوەکانی، دەستی کرد بە گێڕانەوەی وردەکارییەکانی گەشتێک کە لە "ئومێد"ەوە گۆڕا بۆ "ئازار و چەوساندنەوە".

"هەموو خەمم ڕاکردن بوو"
بەهۆی بارودۆخی چەند ساڵی ڕابردووی سوریا، غادە نەیتوانی خەونەکەی بهێنێتە دی و خوێندنی یاسا لە زانکۆی دیمەشق تەواو بکات. بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری، ڕیکلامێکی "فەیسبووک"ی نووسینگەیەکی دامەزراندنی بینی کە هەلی کاری لە عێراق بە مووچەی (1000) دۆلار لەگەڵ جێگەی نیشتەجێبوون و خواردنی بێبەرامبەر پێشکەش دەکرد. ئەو نەیدەزانی ئەو نووسینگەیەی بەڵێنی کارێکی شەرەفمەندانەی لە هەولێر پێدابوو، تەنها ڕوکارێکی تۆڕێکی چەوساندنەوەیە.
لە هۆتێلێکی پڕ لە سوری لە بازاڕی هەولێر، شەوێک مایەوە تا بەیانی بەرەو بەغداد بەڕێبکەوێت. سەرەتا دۆخەکە ئاسایی بوو، "دواتر بە ئۆتۆمبێلێکی قاچاخ بەرەو بەغداد کەوتمە ڕێ، عەبا و چاویلکەم پۆشیبوو بۆ ئەوەی کەس نەمناسێتەوە". سەرچاوەیەک لە بەشی هۆتێل ئاشکرای کرد کە هەماهەنگی لە نێوان هۆتێلەکە و خاوەنکارە ساختەکان و قاچاخچییەکاندا هەیە.
غادە لە ئۆتۆمبێلێکی "دەبڵ ئەکسل"دا لەگەڵ ئەندامانی خێزانی شۆفێرەکە دانیشتبوو، کە لە بازگەکاندا وەک "ژنبرای" خۆی ناساندبووی. غادە دەڵێت: "لە بازگەکەدا سەرنجیان نەدا، تەنها بە ناسنامەیەک نیشینگەیان بۆ بڕیم بێ ئەوەی وردبینی لە شێوەم بکەن، ئەفسەرەکەش بڕوای پێکرد و لە کۆمپیوتەردا تۆماری کردم".

چەوساندنەوە و کاری زۆرەملێ
بەبێ وردبینی لە ناسنامەکەی گەیشتە بەغداد، بەڵام لە جیاتی نووسینگەی کار، خۆی لە شوقەیەکدا بینییەوە: "لەوێ هەموو بەڵگەنامەکانیان لێ سەندم". لەوێ تێگەیشت کە کارەکە تەنها لە نێوان (لەشفرۆشی، کارکردن لە یانە شەوانەکان، یان خزمەتکاری ماڵان)دایە.
غادە ئەو بژاردانەی ڕەتکردەوە کە لەگەڵ بیروباوەڕیدا نەدەگونجان و کاری خزمەتکاریی ماڵانی قبوڵ کرد. هەستی دەکرد بووەتە موڵکی خاوەن کۆمپانیاکە: "هەستم دەکرد فرۆشراوم". دواتر هەلی کارێکی لە فرۆشگایەکی جوانکاریدا بۆ ڕەخسا، بەڵام خاوەنکارەکەی داوای بڕە پارەیەکی زۆری دەکرد لە بەرامبەر گواستنەوەی و پێدانی بەڵگەنامەکانی.
غادە دەڵێت: "هەوڵیاندا بە سێ هەزار دۆلار بمدەنە خاوەن دوکانەکە، بەڵام مامەڵەکە سەرنەکەوت، ئەو کاتە خاوەنکارەکەم لێیدام و لوتی شکاندم".
دوای ئەم توندوتیژییە، غادە ئەفسەرێکی ئەمنیی ناسی کە بە قاچاخ گواستییەوە بۆ بەعقوبە لە پارێزگای دیالە. لەوێ لە نێوان چێشتخانە، کافتریا و ساڵۆنەکاندا لە ژێر بارودۆخێکی سەخت و کاتی زۆری کارکردندا کاری دەکرد، هەمیشەش هەڕەشەی ئەوەی لێدەکرا کە ئەگەر ناڕەزایی دەرببڕێت، دەیگەڕێننەوە بۆ لای خاوەنکارە توندوتیژەکەی پێشووی.
غادە لەناو بازنەیەکی توندوتیژی، چەوساندنەوە، ئیبتیزاز و ناچارکردن بە لەشفرۆشیدا نوقم بوو. بۆ بەدەستهێنانەوەی ئازادییەکەی، دەبوو پێنج ملیۆن دینار وەک "بارمتە" بداتە "سەرپەرشتیارە گەورەکە".
ئەو ئەزموونەی غادە تێیدا تێپەڕیوە، هەموو مەرجەکانی "کاری زۆرەملێ" یان "بازرگانیکردن بە مرۆڤ"ی تێدایە؛ لە خەڵەتاندن و هەڕەشە و توندوتیژییەوە تا دەگاتە دەستبەسەرداگرتنی ناسنامە و یاری کردن بە قەرزەکان. ئەم تاوانە لە بوارە جیاوازەکاندا ڕوودەدات، بەتایبەت لە چێشتخانە، هۆتێل، ساڵۆنی مەساج و جوانکارییەکان.
یاسای کاری عێراقی ژمارە (37)ی ساڵی 2015، لە ماددەی 9دا بە ڕوونی قەدەغەی هەموو جۆرە کارێکی زۆرەملێ دەکات، لەوانە کۆیلایەتی، بازرگانی نهێنی بە مرۆڤ و کرێکارانی کۆچبەر و کاری ناوماڵ کە فشاری تێدا بێت.


ڕاکێشان بە بەڵێنی فریودەر
نووسینگەکانی دامەزراندن ئەو سورییانە دەکەنە ئامانج کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و ئابوورییەوە بەدوای کاردا دەگەرێن، بەڵام ژنان ڕووبەڕووی جۆرەها چەوساندنەوە دەبنەوە، چ لە ڕووی ئەو کارانەی پێیان دەسپێردرێت یان مەرجەکانی کارکردن.
"نەسمە" (ناوێکی خوازراوە)، بەرپرسی دۆسیەی ژنانی سوری لەو ڕێکخراوەی غادە پەنای بۆ بردووە، ڕوونی دەکاتەوە کە شێوازەکانی ڕاکێشانی ژنان جۆراوجۆرن؛ یان لە ڕێگەی گرێبەستی ساختە و بەڵێنی درۆ، یان لە ڕێگەی فێڵبازانێکەوە کە لە ناو گرووپەکانی "واتسئەپ"دا خۆیان وەک خێرخواز نیشان دەدەن. بەم شێوەیە دەبنە قوربانیی بازرگانیکردنی سێکس و هاوسەرگیریی زۆرەملێ، وەک کاڵا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و هەمیشە هەڕەشەیان لێ دەکرێت: "تۆ سورییت و نرخەکەت تەنها فیشەکێکە! کەسیش نازانێت و کەسیش داوات ناکاتەوە"، ئەمەش لە سایەی نەبوونی پاراستنی یاساییدا.
نەسمە جەخت لە ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا دەکاتەوە لە وێناکردنی ژیانێکی شاهانە لە عێراق و نیشاندانی ژنی سوری وەک کەسێکی لاواز کە بە ئاسانی دەچەوسێنرێتەوە، ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ "ئیبتیزاز" و سەرانەسەندن دەڕەخسێنێت.
"هنادی" (ناوێکی خوازراو)، کچێکی تری ڕزگاربووە کە بە ڤیزای گەشتیاری گەیشتووەتە هەولێر و بەڵێنی کاری لە سەنتەرێکی جوانکاری لە شاری ڕومادی پێ دراوە. خاوەن سەنتەرەکە خۆی بە قاچاخ بردوویەتییە ڕومادی: "بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە هەولێرەوە بردمی، ژن و کوڕەکەشی لەگەڵ بوون، عەبا و حیجابیان پێ پۆشیم تا لە بازگەکان کەس هەستم پێنەکات". خاوەنکارەکە سوودی لەوە بینیوە کە مامەڵەی نیشینگەکەی هنادی لای پارێزەرێک بووە لە هەولێر، بۆیە سەرەتا لەسەر مووچەکەی داوای سازشی لێ کردووە و دواتر ویستوویەتی ناچاری بکات بە کاری سێکسی، بەڵام هنادی ڕایکردووە بۆ بەغداد.
لە بەغداد، هنادی لە نێوان ساڵۆنەکاندا دەگەڕا و هەمیشە هەڕەشەی دەستدرێژیی لەسەر بوو. لە یەکێک لە ساڵۆنەکاندا کە ژنێک بەڕێوەی دەبرد و مێردەکەی خاوەن نفووز بوو، ڕووبەڕووی جیاکاری لە مووچە و کاتی زۆری کارکردن بووەوە. تەنانەت هەوڵیان داوە وەک کاڵا بەکاری بهێنن و پێیان وتووە: "دەبێت شێوەی دەموچاوت بگۆڕیت تا وێنەت بگرین و بۆ پەیجی ساڵۆنەکە بڵاوی بکەینەوە"، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە.
دواتر لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی وەهمی بە ناوی "کۆمپانیای مەلەک" ڕاکێشراوەتە ناو شوقەیەک کە بۆ بازرگانیکردن بە ژنان بەکار هاتووە. هنادی دەڵێت: "پیاوێک هات و بە خاوەن شوقەکەی وت: ئەمە بە چەند؟ ئەویش وتی: بە سێ هەزار دۆلار، هێشتا 'خاوە' (واتە بە کەس نەفرۆشراوە)". هنادی بە یارمەتی کرێکارێکی ناو شوقەکە ڕایکردووە و دواتر پەیوەندی بە هەمان ڕێکخراوەوە کردووە کە هاوکاریی غادەیان کردبوو.

نووسینگەی تۆمارنەکراو و گرێبەستی ساختە
بەدواداچوون بۆ گرووپەکانی سۆشیاڵ میدیا دەریدەخات کە ڕیکلامی زۆری هەلی کار هەن، بەڵام بەشێکی زۆریان وەک "جوان ئەلحەمدانی"، بەڕێوەبەری پڕۆژەی "ئەمان" دەڵێت، دەچنە خانەی "سەربازگرتنی ئەلیکترۆنی" بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. پشکنینی ناوی ئەم کۆمپانیایانە لە وەزارەتی بازرگانی و گەشتوگوزاری عێراق و وەزارەتی کاری سوریا دەریخستووە کە زۆربەیان بێ مۆڵەت و وەهمین. ئەلحەمدانی دەڵێت: "دادوەرەکان خۆشیان ناتوانن دەستیان بەم کۆمپانیا وەهمییانە بگات چونکە نە ناوی خاوەنەکەیان دیارە و نە ناونیشانێکی ڕاستەقینەیان هەیە".
زۆربەی ئەو سورییانەی تیمی لێکۆڵینەوەکە چاویان پێیان کەوتووە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە گرێبەستەکان زارەکین و هیچ مافێکی یاسایی و نیشینگەیەک دابین ناکەن. تەنانەت هەندێک نووسینگە کرێکارەکان بە کۆمپانیاکانی تر دەفرۆشنەوە و لە بەرامبەردا تا 600 دۆلار یان مووچەی دوو مانگی یەکەمی کرێکارەکە وەک سەرانە وەردەگرن.
زۆربەی جار، قوربانییەکان وەک کاڵا لە نێوان نووسینگەکان، خاوەنکارەکان و کۆمپانیاکاندا ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت. لەم بارەیەوە "باسم جەبر"، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی "مەسیر" بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق، نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: "نووسینگەیەک لە هەولێر ڕەنگە 50 کرێکاری نێر یان مێ بە بڕی 2000 دۆلار بە نووسینگەیەک لە بەغداد بفرۆشێت، ئەو نووسینگەیەش لای خۆیەوە دەیانفرۆشێتەوە بە خاوەنکارەکان بە بڕە پارەیەک کە دەگاتە 5000 دۆلار".
جەبر ڕوونیشی دەکاتەوە کە هەندێک لە کرێکارە مێینە سورییەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە هۆتێلە ڕاقییەکاندا کار دەکەن، ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی سێکس دەبنەوە؛ هەندێک لە خاوەنکارەکان یان بەرپرسانی هۆتێلەکان هەڕەشەی ئەوەیان لێ دەکەن کە ئەگەر ڕەزامەند نەبن، لایەنە فەرمییەکان ئاگادار دەکەنەوە. یان وەک "نەسمە"ی چالاکوان ئاماژەی پێ کرد، ئەم ژنانە ناچار دەکرێن بەم جۆرە کارانە تەنها لە پێناو کۆکردنەوەی "بڕی پارەی کڕینەکەیان" و وەرگرتنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان.
ڕێگەی بەغداد: یاسای چاوداپۆشین (ڕێگەکانی قاچاخچێتی)
هێڵی سەرەکیی ئەم چەوساندنەوەیە، قاچاخچێتییە لە (هەولێر - بەغداد). ئەمەش بەهۆی لاوازیی چاودێری لە بازگەکان، بوونی پەیوەندی لە نێوان نووسینگەکانی دامەزراندن و لایەنە دەستڕۆیشتووەکان، و تەنانەت تێوەگلانی هەندێک لە کارمەندانی ئەمنی.
هەندێک جار پڕۆسەکانی قاچاخچێتی لە ڕێگەی خودی نووسینگەکانی دامەزراندنەوە ئەنجام دەدرێن؛ وەک "جەبر" ئاماژەی پێ دەکات، هەندێک لە بەڕێوەبەری ئەم نووسینگانە بەهۆی پۆستەکانیان یان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا، خاوەن نفووزێکی فراوانن، ئەمەش چەترێکی یاسایی و پاراستنیان بۆ دابین دەکات. هەروەها خاوەنکارەکان پەنا بۆ پەیوەندییە تایبەتەکانیان دەبەن، وەک ئەوەی "مەحمود" (ناوێکی خوازراو) کە خاوەن کۆمپانیایە ئەنجامی داوە؛ ناوبراو ئۆتۆمبێلی لایەنە دەستڕۆیشتووەکان یان ناسنامەی "هێڵی سوور"ی بۆ تێپەڕبوون لە بازگەکان بەکارهێناوە و ڕوونی کردووەتەوە کە: "ئەو ئۆتۆمبێلەی نووسراوی ئەم لایەنانەی پێبێت، کەس ڕای ناگرێت". هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕی پارەی قاچاخبردنی هەر کەسێک لە نێوان 1000 بۆ 5000 دۆلاردایە و لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە 10000 دۆلاریش، ئەمەش بەپێی ئاستی "داپۆشینی ئەمنی"، جۆری ڕێککەوتنەکان، یان ئەو کارەی کە کرێکارەکە بۆی هاتووە.
هەندێک لە پڕۆسەکانی قاچاخچێتی بە هەماهەنگییەکی باڵا بۆ بڕینی بازگەکان بەڕێوە دەچن، هەندێکی تریشیان بە بەکارهێنانی ڕێگە لاوەکی و سەختەکان کە بە "ڕێگە نەسیمییەکان" ناسراون؛ ئەمانە ڕێگەی دوورەدەستی نێوان گوندەکانن و ناکەونە ژێر کۆنترۆڵی بازگە ئەمنییەکانەوە.
تیمی ڕۆژنامەوانی توانییان گفتوگۆ لەگەڵ قاچاخچییەک بە ناوی "مەمەد" (ناوێکی خوازراو) بکەن، کە لە کۆمپانیایەکی گەورەی گواستنەوە کار دەکات و خاوەنی کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی مۆدێرنە کە سیستەمی GPSیان تێدایە. مەمەد ڕوونی دەکاتەوە کە تەواوی ڕێکخستنەکان سەبارەت بە شوێنی ڕادەستکردنی ئۆتۆمبێل و کۆبوونەوەی سەرنشینەکان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە دەکرێت: "کارەکە زۆر ڕێکخراوە و هیچ شتێکی هەڕەمەکی تێدا نییە، دەزانین لە هەر بازگەیەک کێی لێیە و چۆن ئۆتۆمبێلەکە تێپەڕ دەبێت، هەندێک جار بەپێی بارودۆخەکە دوو یان سێ جار ئۆتۆمبێلەکە دەگۆڕین".
بە وتەی مەمەد، تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیا زۆر ئاسانە و تەنها بە بینینی ژمارەی تابلۆکە لە لایەن کارمەندانی ئەمنییەوە ڕێگەیان پێ دەدرێت، بەڵام کاتێک ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی بەکاردەهێنێت، پەنا بۆ هەندێک ڕێکاری تر دەبات بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، لەوانە هەڵبژاردنی ئەو سەرنشینانەی "ڕوخساریان ڕێکە"، یان دیاریکردنی کاتی تایبەت کە چاودێریی بازگەکان تێیدا کەم بێت، بەڵام کاتێک پشکنینەکان توند دەبن، مەمەد دەڵێت پەنا دەباتە بەر "ڕێگە نەسیمییەکان" یان هەمان ڕێگە خۆڵە لاوەکییەکان.
ڕێڕەوەکانی قاچاخچێتی بەپێی وتەی قاچاخچی "مەمەد":

ڕۆڵی مەمەد، وەک خۆی باسی دەکات، بە گەیاندنی کەسەکان بۆ بەغداد کۆتایی دێت و دەڵێت: "دوای ئەوە بابەتەکە ڕەهەندی گەورەتر وەردەگرێت.. هەمووی دەبێتە عەقید و پلەی بەرزتر"؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت و پلە و پۆستی هەندێک لە کارمەندانی ئەمنی بۆ دەستکەوتی کەسی لە پڕۆسەکانی قاچاخچێتیدا. مەمەد ڕوونی کردەوە کە کرێی کەسیی خۆی بۆ هەر سەرنشینێک لە 50 دۆلار تێپەڕ ناکات و ئاگاداری ئەو بڕە پارە زەبەندە نییە کە کۆمپانیاکە دەستی دەکەوێت، لە کاتێکدا باس لە بڕە پارەی زۆر گەورەتر دەکرێت(1000 تا 1700 دۆلار) کە دەدرێتە ئەو کەسانەی بە "ئەفسەرەکان" ناوی بردن.
بەڵام هەندێک ڕێگە هەن کە پڕن لە مەترسی، تەنانەت ئەگەر لەژێر چاودێریی کارمەندێکی ئەمنیشدا بێت. "ئەنس" (ناوێکی خوازراو) تەمەن 19 ساڵ، کە پیشەی ئارایشتکاری ژنانەیە، دوای ئەوەی لە لایەن خاوەنکارەکەیەوە هەڵدەخەڵەتێنرێت، لە هەولێر بێ ماڵ و حاڵ دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی ژنێک کە کڕیاری ساڵۆنەکەی بووە، بەڵێنی هاوکاریی پێ دەدات بۆ پەڕینەوە بەرەو بەغداد لە ڕێگەی مێردەکەیەوە، کە وەک خۆی دەڵێت ئەفسەر بووە لە هێزە ئەمنییەکان.
ئەو "ئەفسەرە" ئەنس و 17 کەسی تری لە هاوەڵەکانی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی و بەرامبەر 300 دۆلار بۆ هەر کەسێک گواستووەتەوە بۆ بەغداد، بەڵام ڕێگەکە ئارام نەبووە؛ چونکە ئەفسەرەکە ئامادە نەبووە لە بازگەیەکی پشکنیندا بوەستێت: "کاتێک تەقەکردن دەستی پێکرد، ئەو گەنجەی لە تەنیشتم بوو هەناسەی سوار بوو، منیش تەنها بیرم لە دایکم دەکردەوە.. وێنام دەکرد ئەگەر بمرم چارەنووسی ئەو چی لێ دێت؟". دواتر ئەفسەرەکە لە وێستگەیەکی سووتەمەنیدا ئۆتۆمبێلەکەی گۆڕیوە و بەردەوام بووە لە ڕێگەکەی بەرەو بەغداد.
"عیماد" (ناوێکی خوازراو) کە کرێکاری یەکێک لە دوکانەکانی شیرینییە، پێیوایە شۆفێرەکە هەماهەنگیی لەگەڵ کارمەندانی ئەمنی یان کەسانی دەستڕۆیشتوو لە بازگەکاندا هەبووە: "هەر کاتێک لە بازگەیەک نزیک دەبووینەوە، مۆبایلەکەی هەڵدەگرت و دەیگوت: گەیشتمە فڵانە خاڵ.. پاشان پۆتە Location))ی ڕێگەکەی دەنارد". عیماد لە ڕێگەی شاردنەوە لە ناو ئۆتۆمبێلدا پەڕیوەتەوە و دەڵێت: "هەستم بە ترس دەکرد و وام دەزانی هەر ئێستا ئاشکرا دەبین، شۆفێرەکە مۆبایلەکانی لێ سەندین و کوژاندنییەوە، پاشان هەموو بەڵگەنامەکانمانی کۆکردەوە".
هەندێک لە گەشتەکانی قاچاخچێتی بە ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و بە بەکارهێنانی ناسنامەی بەکرێگیراو یان ئەو ناسنامانەی شۆفێرە قاچاخچییەکە خۆی دابینیان دەکات ئەنجام دەدرێن، هەروەها قاچاخچییەکان شێوازی خۆگۆڕین بە پۆشینی "عەبا و حیجاب" بۆ شاردنەوەی شوناسی کچەکان بەکاردەهێنن.
لە کاتی بەدواداچوونی تیمی ڕۆژنامەوانیدا بۆ هەندێک گرووپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە تێیدا دابینکەرانی خزمەتگوزاریی کار و گواستنەوە بۆ سورییەکان (چ لە سوریاوە بۆ عێراق یان لە نێوان پارێزگاکاندا) چالاکن، چەندین ئەژماری جیاواز دەرکەوتن؛ لەوانە ئەژمارێکی گەنجێکی عێراقی کە خزمەتگوزاریی گواستنەوەی پێشکەش دەکرد. تیمی ڕۆژنامەوانی لە ڕێگەی ئەژمارێکی ساختەوە و بە کەسایەتیی کچێکی سوری کە بەدوای کاردا دەگەڕێت لە بەغداد و ڤیزای پەڕینەوەی لە هەولێرەوە بۆ بەغداد نییە، پەیوەندییان پێوە کرد. گەنجەکە وەڵامی دایەوە و دڵنیای کردەوە کە دەتوانێت لە ڕێگەی وشکانییەکی ئارام و لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بڕی 500 دۆلار بیپەڕێنێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە حیجاب بپۆشێت؛ ئەمەش تەواو لەگەڵ گەواهیدانی هەریەکە لە (غادە و هنادی) یەکدەگرێتەوە.
کەلێنە ئەمنی و یاسایییەکان
گەواهیدانی جیاواز ئاماژە بە تێوەگلانی کارمەندانی ئەمنی و لایەنی دەستڕۆیشتوو دەکەن لە ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی قاچاخچێتی. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆ بە تیمی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە "شانەی هەڵۆکان"ی هەواڵگری چەند مانگێک لەمەوبەر هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی ئەنجامداوە، کە 10 ئەفسەری بە پلەی (عەمید، عەقید و موقەدەم) لە بازگەکانی دەروازەی بەغداد گرتەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە کارمەندێکی پۆلیس لەسەر ئامێرەکانی پشکنین (ڕاپیسکان) دانی بەوەدا نا کە کارمەندانی تریش تێوەگلاون: "هەموو بازگەکان سوودیان لە قاچاخچێتی دەبینی و بەرامبەر بە بەرتیلی جێگیر، ڕێگەیان بە قاچاخچی و بارهەڵگرەکان دەدا تێپەڕ بن."
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆسەی قاچاخچێتی تەنها بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنێک سەرناکەوێت، بەڵکو: "بارهەڵگر تەنها ئەو کاتە تێپەڕ دەبێت کە تێگەیشتنی پێشوەختە لەگەڵ هەموو ئەو حەوت دەزگا ئەمنییەی ناو بازگەکەدا هەبێت؛ ئەگەر هەماهەنگی لەگەڵ تەنها یەک لایەن تێکبچێت، پڕۆسەکە بە تەواوی شکست دەهێنێت."
بۆ دوورکەوتنەوە لە بازگەکان، هەمان سەرچاوە جەختی کردەوە کە تۆڕەکانی قاچاخچێتی پەنا دەبەنە بەر ڕێگە خۆڵەکان (نەسیمییەکان) کە لە سلێمانییەوە بەرەو دیالە و پاشان بۆ بەغداد دەڕۆن. هەروەها لە قسەکانیدا بۆ تیمی ڕۆژنامەوانی، پەیوەندیی نێوان قاچاخچێتی و چەوساندنەوە و بازرگانیکردن بە مرۆڤی پشتڕاستکردەوە و ئاشکرای کرد کە زۆربەی کرێکارە قاچاخەکان پیاون، بەڵام ژنان بە مەبەستی کارپێکردن لە تۆڕەکانی لەشفرۆشیدا دەهێنرێنە بەغداد.
ئەم تێوەگلانە لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی سێ ساڵی ڕابردووی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤیشدا هاتووە؛ تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرپرسانی حکومی لە پلە باڵاکاندا پارێزگارییان لە بازرگانان کردووە تا ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دادگا نەبنەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕێکخستنی هێنانی کرێکاران، هەندێک نووسینگەی دامەزراندن هێشتا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت کار دەکەن، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە پارتە سیاسییەکان و لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی ترەوە هەیە.
لەلایەکی تریشەوە، "جەبر" ئاماژە بە نەبوونی میکانیزمێکی ڕوون بۆ هێنانی کرێکاری بیانی و بوونی کەلێنی یاسایی لە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەکاندا دەکات. جەختیش لە گرنگیی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاریی (Data Base) ورد دەکاتەوە بۆ بەدواداچوونی دۆخی کرێکاران و پاراستنیان لە چەوساندنەوە و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
جێی ئاماژەیە کە خودی وەزارەتی کاری سوریا "بنکەیەکی زانیاریی نوێکراوەی سەبارەت بە کرێکارە سورییەکان لە عێراقدا نییە"، وەک ئەوەی خەلیل عەواد، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی کار لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری سوریا ڕوونی کردووەتەوە؛ ناوبراو پێیوایە نەبوونی ڕێککەوتنامەی دووقۆڵی، پاراستنی ئەم کرێکارانەی تا ئاستی مەحاڵ سەخت کردووە.
بەڵام تەنها نەبوونی هەماهەنگی ڕێگر نییە لە پاراستنی کرێکاران لە خەڵەتاندن و خستنە ناو مەترسیی قاچاخچێتی و چەوساندنەوە؛ حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە "گەورەترین تەحەدا، کەمیی ژمارەی پشکنەرانە بەراورد بە قەبارەی پڕۆژەکان لە عێراقدا".
لاوازیی توانای مرۆیی شوێنەواری خراپی هەیە، بەتایبەت لە بێبەشکردنی ژنانی قوربانی لە ڕێکارە پارێزگارییە پێویستەکان، چونکە بەپێی وتەی ئەلحەمدانی "بەهۆی کەمیی فەرمانبەری پسپۆڕ، لایەنە فەرمییەکان ناچارن کارمەندانی مێینەی وەزارەتی ناوخۆ ڕابسپێرن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قوربانییەکان لە پەناگەکاندا". هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە چوارچێوەی یاسایی هێشتا لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە، و جەخت لە پێویستیی پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای کاری ژمارە 37ی ساڵی 2015 و زیادکردنی ژمارەی پەناگەکان دەکاتەوە.
خەوام دان بەوەدا دەنێت کە "کێشە لە بەدواداچوونی ئەو کەسانەدا هەیە کە بە ڤیزای ئایینی یان گەشتیاری دێن و دەچنە ناو بازاڕی کارەوە"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە "وەزارەت ئەو کەسانەی دەستگیریان دەکات، ڕەوانەی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانیان دەکات بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان".
هاوتای گرتنەبەری ڕێکاری دیپۆرتکردنەوە، چارەسەرەکانی پێشووی وەزارەتی ناوخۆ، وەک ڕێکاری ڕاستکردنەوەی نیشینگە لە ڕێگەی ناوەندی نیشتمانیی زانیارییەکان، بەرپرسیارێتییەکەی خستووەتە ئەستۆی کرێکارە سەرپێچیکارەکان لە جیاتی خاوەنکارەکان، ئەمەش پێچەوانەی دەقی یاسای عێراقییە.
تیمی ڕۆژنامەنووسان چەندین جار پەیوەندییان بە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەرگرتنی ڕوونکردنەوە و وەڵامەکانیان سەبارەت بەو زانیارییانەی لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتوون، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ وەڵامێکیان نەبووە.
هاوکات، تیمەکە پەیوەندییان بە لیوای یاسایی "مستەفا یاسری"، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردووە، بۆ وەڵامدانەوەی گەواهیدانی قوربانییەکان و سەرچاوەکانی تر. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەوڵێکی زۆری داوە بۆ زیادکردنی ئاستی ئاشکراکردنی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و سنووردارکردنی پڕۆسەکانی قاچاخچێتی، هەروەها شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ قوربانییەکان گۆڕیوە و وەک کەسانێک دەبینرێن کە پێویستیان بە پاراستن هەیە.
یاسری ئاماژەی بە ڕێنمایییەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد بۆ دەسەڵاتپێدانی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا تاوەکو پێشوەختە قوربانییە ئەگەرەکان دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و لە ناوەندەکانی حەوانەوە (پەناگەکان) دابنرێن تا کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان. هەرچەندە کار بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دەکرێت، بەڵام لیوا یاسری جەختی کردەوە کە قوربانی ڕووبەڕووی ڕاوەدوونانی یاسایی نابێتەوە، لە کاتێکدا ڕێکاری توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە کرێکاری بیانیی نایاسایی دەگوازنەوە، دەشارنەوە یان وەریان دەگرن.
بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی قوربانییەکان بۆ ئەوەی بەبێ ترس لە "لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی" یان سزای یاسایی، هەواڵی چەوسێنەرەکانیان بدەن (بەتایبەت ژنان)، بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆدی وەڵامدانەوەی خێرا (911)ی یەکخستووە بۆ ئاسانکاریی گەیشتنی قوربانییەکان و هەواڵدەران لە حاڵەتەکانی چەوساندنەوە یان قاچاخچێتی. ڕوونشی کردەوە کە وەڵامدانەوەکان لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەبێت و ڕێکاری یاسایی بەپەلەی بەدوادادێت، لەگەڵ ڕەوانەکردنی قوربانییەکان بۆ پەناگەکان بە نهێنییەکی تەواو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی ناوخۆ ئەم پەناگانەی بە کادری مێینەی مەشقپێکراوی نێودەوڵەتی بەهێز کردووە، بۆ زامنکردنی مامەڵەیەکی مرۆییانە لەگەڵ ژنانی قوربانیدا.
ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، عێراق - 2025
"حکومەتی عێراق بە تەواوی پابەندی کەمترین پێوەرەکانی بنبڕکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نییە، بەڵام هەوڵ و کۆششی جیددی دەدات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە."

هەروەها لیوا یاسری جەختی کردەوە کە بەستنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاستەوخۆ بە وەزیری ناوخۆ و بریکاری هەواڵگرییەوە، ئازادیی پێ بەخشیون لە وەرگرتنی بڕیارەکاندا، بەبێ گوێدانە ناونیشان و پلەی تێوەگلاوان. لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بەو ڕێکارانە کرد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر نزیکەی 400 ئەفسەر گیراونەتە بەر؛ کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ڕەوانەی دادگا کراون لەسەر کەیسی جیاواز، لەنێویاندا پڕۆسەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی لێپرسینەوە و لێبوردەیی نەکردن بەرامبەر گەندەڵی.
سەرەڕای ئەو ڕێکارانەی وەزارەتی ناوخۆ دەیانگرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی پڕۆسەکانی قاچاخچێتی، وەک نۆژەنکردنەوەی بازگەکان، نوێکردنەوەی ئامێرە تەکنیکییەکان و بەهێزکردنی توانای هەواڵگری، بەڵام لیوا یاسری ئاماژەی بەوە کرد کە کەلێنەکان هێشتا ماون؛ بەتایبەت لەو ڕێگایانەی هەرێمی کوردستان بە ناوچەکانی تری عێراقەوە دەبەستنەوە و لە لایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە سوودیان لێ دەبینرێت، لەوانە بەکارهێنانی ڕێگە خۆڵەکان (نەسیمییەکان) یان بارهەڵگرە گەورەکان بۆ قاچاخبردنی کرێکاران بە شێوەیەکی نایاسایی. ئەمەش سەرەڕای هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بەغداد و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان. هاوکات، لیوا یاسری تێوەگلانی نووسینگە مۆڵەتپێدراوەکانی لە چەوساندنەوەدا ڕەتکردەوە و ڕوونی کردەوە کە پێشتر هەڵمەتیان ئەنجامداوە بۆ داخستنی ئەو نووسینگە بێ مۆڵەتانەی قوربانییەکان هەڵدەخەڵەتێنن و خاوەنەکانیشیان ڕەوانەی دادگا کراون.
ئەو زانیارییانەی لە گەواهیدانی قوربانییەکان، تێوەگلاوان و سەرچاوە مافی و ئەمنییەکانەوە کۆکراونەتەوە، دەریدەخەن کە تۆڕێکی گەندەڵی و هاودەستی لە نێوان هەندێک نووسینگەی دامەزراندن و کارمەندانی ناو دەزگاکانی دەوڵەت لە پشت ئەم تاوانەوەن؛ ئەوان سوودیان لە لاوازیی چاودێری و جێبەجێ نەکردنی یاسا وەرگرتووە بۆ دەربازبوون لە لێپرسینەوە.
لەنێوان هەوڵە تەکنیکی و ئەمنییەکاندا، لە ڕوانگەی "نەسمە"وە ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت؛ پاراستنی قوربانییەکانە لە جیاتی ڕەوانەکردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نیشینگە وەک سەرپێچیکار. هەروەها ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی چەوساندنەوە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان، چاودێریکردنی سنوورەکان و ئەو ڕیکلامانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێنەوە و برەو بە چەوساندنەوە دەدەن. نەسمە جەخت دەکاتەوە کە "تێڕوانینی مرۆیی" لە جەوهەری دەسەڵاتەکانی پۆلیسی کۆمەڵایەتیدایە بۆ پاراستنی چینە لاوازەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی پێشوو بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەم دەزگایە شکستیان هێناوە بە بیانووی ئەوەی پۆلیسی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی تەواوی بۆ دەستوەردان نییە.
سەرەڕای گرنگیی بەردەوامبوون لە نوێکردنەوەی یاساکان و پەرەپێدانیان بەپێی ئەزموونەکان، "ئەلحەمدانی" جەخت لە تەرخانکردنی بودجە دەکاتەوە بۆ زیادکردنی کادری پسپۆڕ، چ لە فەرمانگەکانی پشکنین یان لە پەناگەکاندا. هەروەها داوای بەردەوامیی پاڵپشتیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، چونکە کارمەندانی وەزارەت و لایەنە فەرمییەکان پێویستیان بە مەشق و ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی هەیە.
لە کاتی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، گەواهیدانی ئەو قوربانییانە دووبارە دەبووەوە کە لە جەنگ و قەیرانی ئابووریی سوریا ڕایانکردبوو، تەنها بۆ ئەوەی بکەونە ناو داوی فێڵ و چەوساندنەوەی نووسینگە وەهمییەکان و ئەو قاچاخچییانەی لە هەولێرەوە بۆ بەغداد مرۆڤ بەرامبەر بە بەرتیل دەگوازنەوە. تا ئەو کاتەی لایەنە فەرمییەکان ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەگێڕن، ژنانی قوربانی دەست بە پەتێکی ڕزگاربوونەوە دەگرن کە ڕێکخراوە مافییەکان بۆیان دەڕەخسێنن، لە ڕێگەی دابینکردنی ڕاوێژی یاسایی و بەهێزکردنی سنوورداری ئابوورییەوە؛ وەک حاڵەتەکەی "هنادی" کە بە یارمەتی ڕێکخراوێکی ژنان دەستی بە کارکردن بۆ خۆی کرد، یان ئەو ڕێکخراوەی گەڕانەوەی "غادە"ی بۆ سوریا دوای دوو ساڵ لە ئازار دابین کرد. هەرچەندە گەڕانەوەش هێشتا بە واتای ڕزگاربوونی یەکجاری نایەت بەهۆی بەردەوامیی دۆخی سەختی ئابووری لە سوریا؛ غادە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دەڵێت: "هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە دووبارە بڕۆمە دەرەوە، بەڵام نازانم بۆ کوێ؟"
