درەو:
هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق بە دەنگی (2/3)ی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت واتا (220) ئەندام لەكۆی (329) ئەندام، بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكەش پێویستی بە ئامادەبوونی (220) ئەندام هەیە، لە گەڕی یەكەم كاندید دەبێت (220) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام لە گەڕی دووەم كام كاندیدە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆككۆمار.
شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار
لەدوای دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت لەماوەی (30 رۆژ)دا؛ بەدەنگی (دوو لەسەر سێ) واتا لە كۆی (329 كورسی) بە دەنگی (220) كورسی، سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت (ئەمە بەگوێرەی ماددەی 72ی دەستور).
خۆ ئەگەر لە خولی یەكەمی دەنگدان هیچ یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردبوو دەنگی (دوو لەسەر سێ)یان نەهێنا، ئەوا بەگوێرەی ماددەی (70ی دەستور)، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێت بە سەرۆك كۆمار.
لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، ساڵی 2022 پەرەسەندنێكی نوێ روویدا، لەم ساڵەدا و بە دیاریكراوی لە (3ی شوبات)دا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا لەسەر ئەوەی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بریتییە لە (دوو لەسەر سێ)، واتا دەبێت لە كۆی 329 ئەندام، 220 ئەندام ئامادە بن ئەوكاتە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەست بەكارەكانی بكات.
دیاریكردنی دوو لەسەر سێ وەكو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لە 2022دا كێشەی بۆ هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستكرد، بەوهۆیەوە نەیانتوانی بەبێ لایەنەكانی تر پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوەو ئەمەش دواجار سەریكێشا بۆ كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ (بارزانی و حەلبوسی)دا.
بەگوێرەی ئەو نەریتە سیاسییەی كە لە عێراقی دوای سەددامەوە داكەوتووە، پۆستی سەرۆك كۆماری پشكی كوردە، تائێستا لەناو كورددا ئەم پۆستە لای یەكێتیی نیشتمانی بووە، ئەمجارەش پارتی و یەكێتیی وەكو دوو هێزی سەرەكی ناكۆكن و تائێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم و بەغداد لە نێوانیاندا نییە، بۆیە هێشتا دیار نییە ئایا ئەمجارە بازی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە.
سەرەرای چەند كاندیدێكی تر بەڵام بە شێوەی فەرمی كاندیدی یەكێتی نزار ئامێدی و كاندیدی پارتی د. فوئاد حسێنە