سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

تایبەت

گەڕاندنەوە بۆ چاخە بەردینەکان

پێدەچێت وێرانکردنی پردە هەڵواسراوەکەی کەرەج گواستنەوەی جەنگەکە بێت بۆ قۆناغێکی نوێ، قۆناغی سێهەمی ئەم جەنگە. 

بڵاوکراوەتەوە لە : 4 نیسان 2026

گەڕاندنەوە بۆ چاخە بەردینەکان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

 

قۆناغی یەکەمی جەنگەکە لەیەککاتدا قۆناغی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو بۆ کوشتن و لەناوبردنی سەرکردە دینیی و سیاسیی و سەربازییەکانی رژێمەکەی ئێران، تەریب بە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و سەر ژێرخان و پیشەسازییە سەربازییەکانی رژێمەکە و وێرانکردنی بنکە و بارەگا و توانا سەربازییەکانی ئیران. لە چوونەپێشەوەی جەنگەکەدا هێرشکردنە سەر ئەو پیشەسازیانە دەستیپێکرد کە دەکرێت بەرهەمەکانیان هەم لە بواری مەدەنیی و هەم لە بواری سەربازیدا بەکاربهێنرێن. ئەمەش لە هێرشکردنە سەر چەندان کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی ئاسن و پیشەسازی ئەلکترۆنیات و  پیشەسازی دیکەی لەو جۆرەدا، بەرجەستەبوو. 

هەر لەم قۆناغەدا هێرشکردنە سەر هەندێک لەو زانکۆیانەیش دەستیپێکرد، کە توانای ئەوەیان هەیە لە رووی تەکنیکییەوە کۆمەک بە پیشەسازی سەربازیی لە وڵاتەکەدا بکەن. بە کورتییەکەی، لەم قۆناغەدا هەم ژمارەیەکی گەورە لە بەرپرسە گەورەکانی ڕژێمەکە و هەم بەشێکی گەورەی چەکە هەمەجۆر و دەزگا سەربازیی و بەشێکی گەورەی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەربازیی و نیمچە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، وێرانکران. جەنگەکە زیانێکی گەورە و هەمەلایەنی بە بونیادیی سەربازیی و توانا ستراتیژییەکانی ئێران گەیاند. ریزی یەکەم و دووهەمی حوکمڕان و بەرپرسە سەربازیی و ئەمنیی و سیاسییەکانی، وڵاتەکەش کوژران.

قۆناغی دووهەم، قۆناغی ئەو «دانووسان»ەیە کە دۆناڵد ترامپ زیاد لە جارێک رایگەیاند و ئێرانییەکانیش بۆ ماوەیەک نکوڵیان لێدەکرد. دانووسانێک کە کەمتر لە دانوسان دەچێت و زیاتر تەسلیمبوونی ئێران و رازیبوونێکی بێچەندوچونی ئێرانە بە مەرجە جیاوازەکانی ئەمریکا. مەرجە هەرە سەرەتاییەکانی ئەمریکاش بریتین لە: کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە، کۆتایهێنان بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی راکێتە دوورهاوێژەکان، وازهێنان لە هاریکاریکردنی ئێران بۆ هێزە پرۆکسیەکانی لەناوچەکدا. تا ئەم ساتە پێناچێت ئەم قۆناغە بەو شێوەیە گەڕابێت کە ئەمریکا دەیەوێت بگەرێث. ئەوە با واز لە داخوازیی و مەرجەکانی ئیسرائیل بهێنین، کە روخانی رژێمەکەشی لەپالدایە. 

وێرانکردنی ئێران وەک وڵاتێک کە ترامپ دەخوازێت بۆ چاخە بەردینەکان بیگەرێنێتەە، بە هەموو مانایەک تاوانی جەنگە

ئێستا ئیتر پێدەچێت قۆناغی سێهەمی جەنگەکە دەستیپێکردبێت، قۆناغی دوای هەرەس و سەرنەکەوتنی دانووسانەکان، کە وەک ووتم مەرجی سەرەکیی لەناویدا تەسلیمبوونی رژێمەکەی ئێران و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکایە. بە مانایەک لە ماناکان ئەم قۆناغە تازەیە گەڕانەوەیە بۆ قۆناغی یەکەم، بعڵام بە خەستکردنەوەی زیاتری هێرشەکان و بەرفروانکردنی زیاتری ئەو شوێن و ناوچە و ژێرخانە مادیی و ئابوریی و مەدەنیانەی، پەلامار دەدرێن. واتە لە پەلامارە سەربازییەکانی ئەم قۆناغەدا ئەمریکا و ئیسرائیل دەست لە بۆمبارانکردن و وێرانکردنی هیچ شوێن و جێ و دەزگا و کارخانە و پرد و سێنتەرێکی کارەبا و وێستگەیەکی وزە، ناپارێزن. وەک ترامپ گوتی دەخوازن ئێران بگەڕێننەوە «بۆ چاخە بەردینەکان»، کە لە دیدی ترامپدا  «شوێنی راستەقینە و موستەحەق»ی «ئەوان»ە . روخاندنی پردەکەی کەرەج هەنگاوی یەکەمی ئەم قۆناغە تازەیە. 

هاوشان بە دەستپێکردنی ئەم قۆناغی سێهەمەی جەنگەکە، نوێنەری وڵاتانی خەلیج لە نەتەوە یەکگرتوەکان، رژێمی ئێران بەوە تاوانباردەکەن، کە لە ڕێگای درۆن و راکێتی بالیستییەکانییەوە، پەلاماری هەمووشتێکی وڵاتانی کەنداو دەدات و تەڕ و وشکی بەیەکەوە سوتاندوە. لەوانەش، بۆ نموونە» پەلاماردانی دەزگا مەدەنییەکان، لەناویاند فرۆکەخانە مەدەنییەکان، دامەزراوە نەوەتییەکان، وێستگەکانی پاکژکردنەوەی ئاوی خواردنەوە، مەخزەنەکانی وزە، بەندەرەکان، دەزگا خزمەتگوزارییەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، ناوچە بازرگانییەکان، دەزگا و بارەگای کارمەندە بیانییەکان. بە کورتییەکەی، وڵاتانی کەنداو ئێران بە ئەنجامدانی ئەو کارانە تۆمەتباردەکەن کە دەشێت ئەمریکا و ئیسرائیل لەم قۆناغی سێهەمی جەنگەکەدا، پیادەیبکەن. قۆناغی سێهەمی جەنگەکە دەشێت قۆناغی پەلاماردانی بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، بۆسەر هەمان ئەو شوێنانەی وڵتانی کەنداو ئێران بە پەلاماردانیان، تۆمەتباردەکەن. 

 پەلاماردانی پردەکەی کەرەج دەشێت دەستپێکردنی ئەم قۆناغە ترسناکەی جەنگەکە بێت. قۆناغێک ئێران وەک گشتێک بۆ «چاخی بەردین» بگەڕێنرێتەوە. بێگومان دۆڕاوی ژمارە یەکی ئەم دۆخە دیسانەوە میلەتانی ئێران دەبن، بە هەموو رەنگ و جۆرەکانیانەوە. 

ئەو خاڵەی لێرەدا پێویستی بە لەسەر وەستانێکی خێرا هەیە، ئەو دیدگایەی دۆناڵد ترامپە کە دەڵێت ئەو وڵاتە بۆ قۆناعی چاخە بەردینیەکان دەگەڕێنینەوە، چونکە چاخە بەردینییەکان شوێنی راستەقینەی ئەوانە. بە مانایەکی دیکە، لە دیدی ترامپدا، مادام کۆمەڵگای ئێرانیی و خەڵکی ئەو ناوچەیە، هێندە گەمژە و نەزان و جاهیلن، جێگەیان لەناو دونیای مۆدێرندا نییە. ئەوان پێویستە بۆ سەردەمی چاخە بەردینیەکان بگەڕێنرێنەوە. ئەم جۆرە وێناکردنە، وێناکردنی خەڵک و کۆمەڵگاکانی ئەم بەشەی جیهان، وەک کەسان و میلەتانی سەر بە سەردەمە کۆن و تێپەرە دواکەوتوەکان، وەک کۆمەڵێک میلەت و کۆمەڵگای گەمژە، کە شوێنیان لە دونیای مۆدێرندا نابێتەوە، سەدبارەکردنەوە  و درێژەدانە بەو کەلەپورە خۆرهەڵاتناسییە، کە تیایدا «خۆرئاواییەکان» وێینەیەکی تەواو خراپ و نێگەتیڤ بۆ خەڵکانی ئەم ناوچەیە دروستدەکەن. دیاردەیەک ئەێدوارد سەعید ناوی «خۆرهەڵاتناسیی» لێدەنێت و بە توندی بە دەسەڵات و پرۆژەی داگیکردنی سەرزەمینی میلەتانی ئەم ناوچەیەوە گرێیئەدات. 

ئەوانەی  لەم تاوانەدا بەشدارن تەنها ترامپ و ناتیانیاهو نین، بەڵکو سوپای پاسداران و هێزی بەسیج و بڕێکی گەورەی دەسەڵاتدارانی ئێران 

وێنەی میلەتانی ئەم ناوچەیە وەک میلەتانێک قابیلی چاخە بەردینەکانن، وەکچۆن لە سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا لە خزمەتی پرۆژەی کۆلۆنیالیزم و داگیرکردنی بەشێکی گەورەی جیهاندا بوو، لە ئێستاشدا هەمان ڕۆڵ دەبینێت. دیوی ئەو دیوی ئەو وێناکردنە خودی ترامپ خۆی و ئەو بزاوتە دینییە کۆنەپارێز و راسیستییە کاریگەرەیە کە ئەمرۆکە لە ئەمریکادا درستبووە. بە کام مانا ترامپ سەر بە شارستانێیتی مۆدێرنە، کە تیایدا رێزگرتنی جیاوازیی و ماف و عەقڵانیەت، ئاگاداربوون لە رێژەییبوونی خود، بەرزڕاگرتنی نرخ و بەهای مرۆڤ وەک مرۆڤ و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ و لە دادپەروەریی و یەکسانیی وەک بەهای گەردونی، هتد.. بنەماکەیەتی. چی ترامپ و چاخە بەردینەکەی دەباتەوە ناو ئەم بەها و پرنسیپە گرنگانە. 

لە راستیدا بەشێکی گەورەی جیهانی ئەمرۆ گیری بەدەست کۆمەڵێک حوکمڕانەوە خواردوە، کە سەر بە جیهانی ئەمرۆ و ئەو بەهایانە نین کە پرۆەی تازەبوونەوە لەگەڵخۆیاندا هێنانی. نە خومەینی و خامەنەئی و موجتەبا و نە تیورەی «ویلایەتی فەقیهی دینیی»، سەر بە دونیای ئەمرۆن، نە دیدی ترامپ و پوتین و کیم یونگ ئو.  

هاوکات چەند خومەینی و خامەنەئی و موجتەبا نوێنەری ئەو شارستانیەتە دێرینە پڕ لە شیعر و ئەدەبیات و حیکمەت و رۆحانیەتەیە، کە جەلالودینی رومی و ئیبن عەرەبیی و رابیعەی عەدەوی و مەحوی دروستکردوە، چەند نوێنەری فەیلەسوفانی وەک ئەل فارابی و ئیبن سینا و ئیبن روشد و مولا سەدرا و ئەوانیترنن، ترامپ و ناتیاناهوش هەر ئەوەندە نوێنەر رۆسۆ و میل و مارکس و واڵت ویتمان و هێمنگوایی و کافکا و هانا ئارێنت و ئەوانیترن.  

جیهانی ئەمرۆ  وەکچۆن گیری بەدەستی بڕێکی گەورەی حوکمڕانانی ئەم ناوچەیەوە خواردوە، بەهەمانشێوەش گیری بەدەست کەسانی وەک ترامپ و ناتانیاهۆوە خواردوە. وەکچۆن گیریشی بەدەستی ئایدیۆلۆژیا ترسناکەکانی وەک راسیزم و فاشیزم و نازیزمەوە خواردبوو، ئاواش گیری بەدەستی زیاد لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی ئیسلامیزمەوە، خواردوە، لەناویاندا ئایدیۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهی ئیسلامی. 

وێرانکردنی ئێران وەک وڵاتێک کە ترامپ دەخوازێت بۆ چاخە بەردینەکان بیگەرێنێتەە، بە هەموو مانایەک تاوانی جەنگە. بەڵام ئەوانەی  لەم تاوانەدا بەشدارن تەنها ترامپ و ناتیانیاهو نین، بەڵکو سوپای پاسداران و هێزی بەسیج و بڕێکی گەورەی دەسەڵاتدارانی ئێران و هەڵگرانی ئایدیۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهی ئیسلامیشن. ئەم تاوانە تەنها هێزە دەرەکییەکان ئەنجامینادەن، بەڵکو حوکمڕانانی ناو ئێرانیش بەشێکی گرنگ و سەرکیین تیایدا. نەبینینی هەردوو دیوی تاوانەکە و بەرگریکردن لەم یان لەو بەرەیان بە تەنها، ئەو هەڵە ئەخلاقیی و سیاسییە گەورەیە کە دەکرێت ئەنجامبدرێت،

 

 

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
٢ نیسان ٢٠٢٦

داهاتی نەوت لە مانگی سێدا زیادی كردووە؛ لەدانوستانداین بۆ بەكارهێنانی بۆری وڵاتانی كەنداو

null
٣١ ئازار ٢٠٢٦

عێراق لە ڕێگەی سووریاوە دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد

null
٣١ ئازار ٢٠٢٦

سێ قۆناغەکەی چەنگی ئێران