سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

دۆسیەیی نەوت

سامانە سروشتیەكان وەڵامی وەزارەتی نەوت دەداتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رێگا نادات عێراق لەرێگەی هەرێمەوە نەوت هەناردەی هەرێم بكات، وەزارەتی سامانەسروشتییەكانیش دەڵێت: بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە

بڵاوکراوەتەوە لە : 15 ئازار 2026

سامانە سروشتیەكان وەڵامی وەزارەتی نەوت دەداتەوە

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو:

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوەو دەڵێت: بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی، هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، سامانە سروشتییەکان رێگەنادات هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوەو مەرجی داناوە پەیوەندی بە پرسی نەوتەوە نییە، دواکەوتنی هەناردەکردن عێراق بێبەش دەكات لە سەرچاوەی دارایی وەک قەرەبووی وەستانی هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشوورەوە.

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکیان بلاوکردووەتەوە کە گوایا هەرێمی کوردستان ئامادە نیە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. بۆ ڕای گشتی ئەم خالانەی خوارەوە ڕوون دەکەینەوە:

١- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.

٢- حکومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوڵەیەکی بازرگانی  نەماوە و ئامادە نیە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.

٣-میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، هەموو کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت وگاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.

٤- بەغدا ئامادە نیە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.

٥- بەشێکی زوری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

٦- هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتگۆیەکی بنیادنەر بوچارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە بسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستان

2026/3/15

 

 

 

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: 

لە ڕێگەی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ هاوکارانمان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای قەیرانی ناوچەكەوە، وەزارەتی نەوت ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بە بڕی لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاتر نەبێت، لە ڕێگەی بۆری هەناردەکردنی ناو هەرێم بۆ بەندەری جەیهان. ئەمەش جگە لەو بڕە نەوتەی لە کێڵگەکانی ناو هەرێم کە پێش هەلومەرجی ئێستا هەناردە دەکران، کە بڕەکەی لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل کەمتر نەبووە لە ڕۆژێکدا، ئەوە لەكاتێكدایە توانای هەناردەکردنی بۆرییەکە نزیکەی ٩٠٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوەشدەكات: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیکردۆتەوە لەم کاتەدا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و چەند مەرجێکیشی داناوە کە پەیوەندییان بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە.

ئێمە ڕوونمان کردۆتەوە کە دەتوانرێت دواتر باس لەو مەرجانە بکرێت، هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، چونکە دواکەوتنی هەناردەکردن عێراق بێبەش دەكات لە سەرچاوەی دارایی وەک قەرەبووی وەستانی هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشورەوە.

لە ڕێگەی ئەم بەیاننامەیەوە داواکاریی خۆمان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دووپات دەکەینەوە کە دەستبەجێ هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەگوێرەی دەستور و یاسای بودجە.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 1 کاتژمێر

چۆنیەتی دەستراگەیشتنی ووڵاتان بە چەکی ئەتۆمی

null
١٤ ئازار ٢٠٢٦

ئێران: لە هێرشەكاندا 4900كەس كوژراون 480یان مەدەنین

null
١٠ ئازار ٢٠٢٦

هەرێم رێگەنادات نەوتی كەركوك بە بۆری بچێت بۆ توركیا