پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر نەرمین معروف- ئابوریناس
ماوەیەکە باس وخواسی گۆڕینی دینارو لابردنی 3 سفر لەسەر دراوەکە زۆر گەرمە، ئەگەرچی ئەمە نوێ نییە و پێشتریش عێراق دوو جاریتر لە ساڵانی رابردوو نیازی ئەم کارەی هەبووەو تەنانەت لەبەرنامەیدا بووە فیئەی تر زیاد بکات بۆ دینار، وەک فیئەی 20 هەزار دیناری و 100 هەزار دیناری، بەڵام ئەم پرۆژانەی بۆ جێبەجێ نەکراوە لەبەر کۆمەڵێ هۆکار رەنگە لە دەرفەتێکیتردا باسی بکەم.
پەیوەست بە لابردنی 3 سفری سەر دینار هەرچەند هێشتا بە فەرمی بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام بە مەبەستی بەرچاوڕوونی هاوڵاتیان وەک پسپۆرێکی ئەم بوارە بە پێویستی ئەزانم چەند سەرنجێکی زانستی لەسەر بابەتەکە لە چەند بەشێکدا بخەمەڕوو:
بەشی یەکەم: کاریگەری لابردنی سێ سفر لەسەر بەها و هێزی کڕینی دینار
لابردنی سفری سەر دراو پرۆسەیەکی چاکسازی نەختینەییە لە بنەڕەتدا بۆ ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕ و مامەڵەکردنی کڕین و فرۆشتنە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی بەهۆی بەرزی رێژەی هەڵاوسانی کەڵەكەبوو ئەنجامدانی مامەڵەکان پێویستی بە بڕێکی زۆرە لە پارە، بەهۆی نزمی هێزی کڕینی دراوەکەیان بەجۆرێک بەهای مامەڵەکان (بۆ نمونە) وەک ئێستای عێراق لە خانەی دەیان هەزارو سەدان هەزار و ملێونان دینار بەرەو ژوورە، لە کاتێکدا ساڵانی هەشتاکان لە خانەی فلس و دەیان و سەدان دیناریدا بووە.
لابردن یان کەمکردنەوەی سفرەکان قەبارەی بەهای مامەڵەکان بە ژمارە بچوکدەبێتەوە و بڕی دراوی کەمتر بەکاردەهێنرێت؛ بەمەش ئاسانکاری زیاتر فەراهەمدەبێت بۆ مامەڵەکاران و سەرجەم یەکە ئابوورییەکان لەڕووی ئاڵوگۆڕو ژمێریاری و گواستنەوەی پارە و متمانەکردنی زیاتر بە دراوەکە.. بەڵام بەها و هێزی کڕینی دراوە نوێیەکە بەرامبەر بڕی شمەک و کاڵاکانی بازاڕ یان بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی تر گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، جگە لەو دۆخەی کە ڕەنگە مامەڵەکارەن بۆ ماوەیەکی کورت بە کاریگەری (وەهمی نەختی) وا هەستبکەن کە هەژاربوون، چونکە بڕی داهاتیان بە ژمارە کەمدەکەت و بە هۆیەوە خواستیان بۆ کڕین کەمبکات، یان لەوانەشە وا هەستبکەن نرخەکان دابەزیوون و شمەکەکان هەرزانبوون خواستیان بۆ کڕین زیادبکات، کە رەنگە بۆ ماوەیەک کاریگەری لەسەر ئاستی گشتی نرخەکان و رێژەی هەڵاوسان درووستبکات، وەیان ئەگەر چاودێری حکومەت لەسەر بازاڕ لاوازبێت و پرۆسەکە لەلایەن هەندێ لە فرۆشیاران ئیستیغلال بکرێت و نرخی هەندێ لە کاڵاکان بەرزبکەنەوە بەتایبەت ئەگەر دراوە نوێیەکە پارەی ووردەی نەبێت.
بەشی دووەم: دەسەڵاتی گۆڕینی دینار…
پشتبەست بە دەستووری هەمیشەیی عێراق مادەی (110/ سێیەم) دەرکردنی دراو و داڕشتنی سیاسەتی نەختینە و دارایی و دامەزراندنی بانکی ناوەندی و بەڕێوەبردنی لە دەسەڵاتە رەها فیدڕاڵییەکانە (السلگات الحصریە الاتحادیە)، وە یاسای بانکی ناوەندی ژمارە 56ی ساڵی 2004 لە مادەکانی 16، 32 ، 33، 34 دەسەڵەتی سەربەخۆ و بەتەنهای داوەتە (بانکی ناوەندی عێراق) بۆ دەرکردنی دراوی کاغەز و کانزاکان، و دیاریکردنی بڕ، فیئە، شێوە، پێکهاتە، کێش، دیزاین و پێوەرەکانی دراوەکە، هەروەها دەسەڵاتی راهای هەیە لە گۆڕینەوەی دراوە کۆنەکان بە دراوی نوێ، و کێشانەوەو لەناوبردنی دراوە کۆن و لەکارکەوتووەکان.
سەبارەت بە پرسی گۆڕینی دینارو لابردنی سێ لە سفرەکانی هەندێک لە پسپۆران بە منیشەوە پێمان وایە ئەم پرۆسەیە بە تەواوی لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بانکی ناوەندیدایە، و پێویست بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت و رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران ناکات، و بانکی ناوەندی پشتبەست بە یاسا بەرکارەکەی خۆی دەتوانێت ئەو کارەبکات.
لەبەرامبەردا بۆچونێکی تر هەیە و پێی وایە پرۆژەکە پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەتە لە پەرلەمان بۆ پابەندکردنی یەکە ئابورییەکان بە قبوڵکردنی دراوە نوێیەکە و هاوتاکردنی بەهای قەرز و گرێبەست و پابەندییە داراییەکان بۆ رێگری لە درووستبوونی کێشەی یاسایی، هەروەها فەراهەمکردنی پاڵپشتی سیاسی و ئەمنی بۆ پرۆسەکە.
شایەنی باسە ساڵی 2003 دوای رووخانی رژێمی پێشوو بە فەرمانی ژمارە 43 لە سەردەمی دەسەڵاتی حاکمی مەدەنی (پۆل بریمەر) ئەم دراوەی ئێستا دەرکرا، و سەرجەم جۆری دینارە کۆنەکەنی ساڵانی رابردووکە هەبوون لە جۆری دیناری سویسری و چاپی ناوخۆ گۆڕدرانەوە لە ماوەی 3 مانگ (15ی ئۆکتۆبەری 2003 تا 15ی کانونی یەکەمی 2004)، واتا ئەم گۆڕانکارییە لە دیناردا کرا بەر لە دەرچوونی یاسای بانکی ناوەندی ژمارە 56 لە ساڵی 2004.
ئەگەر چی ئەو فەرمانەی بریمەر یاسایەک نەبوو لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت بەڵام پشتبەست بە مادەی 130ی دەستوور هاوشێوەی هەر 100 فەرمانەکانی دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتیی (سلگە الائتلاف المۆقتە) بوونە بەشێک لە سیستمی یاسایی عێراق و بەرکاردەبن تا ئەو کاتەی لە پەرلەمان هەمواردەکرێنەوە، هەروەها مادەی 26/أ لە یاسای ئیدارەی کاتی دەوڵەت لە ساڵی 2004 دووپاتیکردوهتەوە کە سەرجەم یاسا و رێسا و رێنمایی و فەرمانەکانی (دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتیی) بەرکاردەبن تا ئەوکاتەی هەڵدەوەشێنرێنەوە یان هەمواردەکرێنەوە.
بەکورتی ئەگەرچی فەرمانی ژمارەی 43ی دەرکردنی دیناری ئێستا هاوشێوەی هەریەک لە یاسای ژمارە 56ی بانکی ناوەندی و یاسای ژمارە 94ی بانکە بازرگانییەکان لە ساڵی 2004 بە فەرمانی (دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتیی) لەسەردەمی (پوڵ بریمەر) بەبێ پەرلەمان دەرچووە، بەڵام لە یاسا بەرکارەکەی ئێستای بانکی ناوەندی دەرکردنی دینار و تەواوی لایەنە یاسایی و تەکنیکی و ژمێریاری ئەو بابەتەی خستوهتە ئەستۆی بانکی ناوەندی، ئەوەش بێگومان بۆ ئەوەی ئەم پرسە بەشێوەیەکی زانستی و بابەتیانە ئەنجامبدرێت دوور لە دەستێوەردان و خواست و ویستی هێزە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان.
بەشی سێیەم: خەرجی یا تێچووی گۆڕینی دینار
بەشێوەیەکی گشتی تێچووی لابردنی سفری سەر دینار و چاپکردنەوەی دیناری نوێ پەیوەستە بە قەبارە یان ئەو بڕە دینارەی ئێستا هەیە لەگەڵ بڕ و جۆری دراوە نوێیەکە، وە چاوەڕواندەکرێت گۆڕینی بڕی ئەو دینارەی ئێستا هەیە کە بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی تا نیسانی ئەم ساڵ بە کۆی هەر 7 فیئەکانی ( 50,000 و 25,000 و 10,000 و 5,000 و 1000 و 500 و 250 ) دینار، نزیکەی 7 ملیار پارچە دراوی کاغەزە، و بە بەهای زیاتر لە 112 تریلیۆن دینارە (واتا بە بەهای نزیکەی 16,000 دینار بۆ هەر دانە کاغەزێک) تێچووەکەی بگاتە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار، کە دەتوانین ئەژماری بکەین لەسەر دوو ئاست:
1- خەرجی راستەوخۆ؛ بریتییە لە تێچووی چاپکردنی دینار لە چاپخانە جیهانییە پسپۆر و خاوەن تەکنەلۆژیا ئاست بەرزەکان بۆ نمونە وەک ( De La Rue یان Giesecke+Devrient ) کە لە نێوان 6-4 سەنتی دۆلار واتا 60-40 دۆلارە بۆ هەر هەزار دانە یان پارچە دراو بەپێی شێواز، جۆر، کواڵتی، ئاستی سکیورتی، و مەوادی بەکارهاتوو لە چاپکردنی دینارە کاغەزەکان (بێگوومان ئەم تێچووە بەپێی ئەو مادەیەی دراوەکەی لێ دروستدەکرێت دەگۆڕێت بۆ نمونە ئەگەر پۆلیمەر واتا پلاستیک بێت بەڕێژەی 30%-50% تێچووەکەی زیاترە بەراورد بە کاغەز یان لۆکە و کەتان)، هەروەها لەسکەدانی ووردەی دینار لە کانزاکان، بە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمە جگە لە نزیکەی 60-40 ملیۆن دۆلار وەک تێچووی گواستنەوەو بارکردن و کۆگاکردن و سکیورتی گەیاندنی بۆ بانکی ناوەندی و دواتر دابەشکردنی بەسەر بانکەکاندا، لەگەڵ بڕی 40-30 ملیۆن دۆلار بۆ لەناوبردنی پارە کۆنەکە.
2- خەرجی ناڕاسەوخۆ؛ بریتییە لە خەرجی نوێکردنەوەی سیستم و ژێرخانی تەکنەلۆژی بانکەکان و ئامێرەکانی ATM و POS ، هاوکات نوێکردنەوەی پرۆگرامە دارایی و ژمێریارییەکان لە هەردوو دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، بۆ چۆنێتی ئەژمارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دراوە نوێیەکە، و مەزەندەدەکرێت بە نزیکەی 80-60 ملیۆن دۆلار. ئەمە جگە لە تێچووی هەڵمەتەکانی راگەیاندن بۆ هۆشیارکردنەوە و بەرچاوڕوونی هاوڵاتیان و مامەڵەکارانی بازاڕ بۆ ناساندنی دراوە نوێیەکە بەتایبەتی لە قۆناغی سەرەتا و ئەو ماوەیەی دەستنیشاندەکردێت بۆ گۆڕینەوەی بە دراوە نوێیەکە، و تیایدا پارالێڵ لەگەڵ دینارە کۆنەکە مامەڵەیان پێدەکرێت لە بازاڕدا.
بەشی چوارەم: پاڵنەر و پاساوەکان یان سوودە چاوەڕوانکراوەکان
ئەگەرچی پرۆسەی لابردنی سفرەکانی دینار وەک لە بەشەکانی پێشوودا روونمکردوهتەوە تەنها رێکارێکی چاکسازی دارایی و ژمێریارییە بۆ کەمکردنەوەی قەبارە و ژمارەی ئامرازی ئاڵوگۆڕکردن و پێوانەکردنی بەها ئابورییەکان بە دینار، هیچ گۆڕانکارییەک ناکات لە هێزی کڕینی دینار یان سەروەت و سامانی هاوڵاتیان، بەڵام بەگشتی دیارترین هۆکارو پاساوەکان بۆ ئەم پرۆسەیە لە هەمان کاتدا ئەو سوودانەی چاوەڕواندەکرێت بەدیبێت بریتیین لە:
1. کەمکردنەوەی خەرجی و تێچووی چاپکردنی پارە لەسەر بانکی ناوەندی، و دەستەبەرکردنی خەسڵەت و سیفەتی باشتر بۆ دراوی نیشتمانی لەڕووی قەبارە، کێش مۆدێل، سکیورتی، خەرجی گواستنەوەو هەڵگرتن و پاراستنی پارەکە.
2. کەمکردنەوەی بڕ و قەبارەی پارەی پێویست بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتن لە بازاڕ و ئاسانکاری بە زمانی ژمارەکان.
3. ئاسانکردنی کردارە دارایی و ژمێریارییەکان و بچوکردنەوەی ژمارەکان لە راپۆرت و تۆمارە داراییەکان لە بانک، ناوەندە بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان، بودجەی گشتی، هاوکات کەمکردنەوەی هەڵەکردن لە ئەژمارەکان و ئەرکی ووردبینی تۆمارە داراییەکان.
4. ئەگەری بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دراوی نیشتمانی لە ڕووی بەها و شێوەی دراوەکە بەتایبەت لە سەرەتای پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە.
5. پاساوی کۆنبوونی دراوەکان و پێویستیی نوێکردنەوەیان، کە پێم وانییە زۆر پاساوێکی بەهێزبێت چونکە خودی یاسای بانکی ناوەندی ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠٠٤ لە مادەی ٣٤ ئەم کردارەی رێکخستووە و پرۆسەیەکە بەدرێژایی ٢٢ ساڵی رابردوو بە چەند رێکارێک بەردەوامیی هەبووە.
6. یەکێک لە پاساوەکان بۆ گۆڕینی دینار و لابردنی سێ سفر کەمی سیولەی نەختییە لە ئابوری سەڕای هەبوونی زیاتر لە 100 تریلیۆن دیناری چاپکراو لە ماوەی ساڵانی رابردوو، بەڵام بەشی زۆری ئەو پارەیە لەدەرەوەی بانک و سوڕی ئاڵوگۆڕی بازاڕدایە، و بەشێوەی جیاوز وەک پارەی نووستوو (اکتنازکراو) لای بەشێک لە هاوڵاتیان یان لای دز و گەندەڵەکان هەڵگیراوە، کە بانکی ناوەندی بە بڕی زیاتر لە 80 تریلیۆن دینار مەزەندەی دەکات، و پێی وایە لەرێگەی گۆڕینی دینارەوە ئەوانەی ئەو پارانەیان لایە ناچاردەبن بیگۆڕنەوە بە دراوە نوێیەکە بەو جۆرەش دەوڵەت پارەکان دەگێڕێتەوە بۆ ناو سیستمی بانکی و لەرێگەیەوە دەتوانێ چارەسەری کەمی سیولەی نەختینەی پێبکات، وە ئەگەر خاوەنەکانی ئەو پارانە نەیانتوانی ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن، وەیان لە ترسی لێپێچینەوە نەتوانن بیگۆڕنەوە بە دراوە نوێیەکە ئەوا ئەو پارەرانە کۆتاییان پێدێت. رەنگە ئەم پاساوە لەڕووی تیۆرییەوە دروستبێت، بەڵام چاوەڕواندەکرێت خاوەن ئەو دینارە نووستوو یان شاردراوانە بەر لە دەستپێکردنی فەرمی و کرداری پارە گۆڕینەوە بیکەن بە دۆلار و دراوی بیانی، زێڕ، یان خانوبەرە یان هەرشێوازێکی تری هەڵگرتنی داهات و سامان.
بەشی پێنجەم: ئەو ئامانج و خواستانەی گۆڕینی دراو ناتوانێت بەدیانبهێنێت
1. رزگاربوون لە ئابوری بەرخۆر (رەیعی)و پشتبەستن بە نەوت وەک تەنها سەرچاوەی هەناردەکردن، و سەرچاوەی سەرەکی داهاتی بودجەی گشتی.
2. بەهێزکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆماڵی لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ، یان کەمکردنەوەی هاوردەی بیانی.
3. ناتوانێت کورتهێنانی بودجە و کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی حکومەت چارەسەربکات.
4. ناتوانێت رێگری بکات لە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتی نرخەکان و رێژەی هەڵاوسان و دووبارە زیادبوونەوەی سفرەکانی سەر دینار گەربێتو پرۆسەکە هاوکات نەبێت لەگەڵ چاکسازی دارایی و نەختی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکانی حکومەت و خستنەڕووی دینار.
5. ئەم پرۆسەیە گۆڕانکاری ناکات لە نرخ و بەهای راستەقینەی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکانی تر.
6. مەرج نییە ئەم پرۆسەیە متمانەی هاوڵاتیان بە دینار دامەزراوە بانکییەکان زیادبکات بەبێ ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانک دا.
7. ئەم گۆڕانکارییە ناتوانێت بنەبڕی گەندەڵی بکات لە عێراق بەبێ بەهێزکردنی شەفافیەت و کاراکردنی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستپاکی و لێپرسینەوە، و توندکردنەوەی رێکارەکانی حەوڵەکردنی دۆلار، و رێگریکردن لە پارە سپیکردنەوە و ئاودیوکردنی سەرمایە.
بەشی شەشەم و کۆتایی: بۆچی عێراق لە ئێستادا پێویستی بە لابردنی 3 سفری سەر دینار نییە؟
ئەزموونی ئەو وڵاتانەی سفری سەر دراوەکانیان لابردووە یان کەمکردۆتەوە دەریدەخات کە یەکێک لە هۆکار و پاڵنەرە راستەوخۆکانی ئەو پرۆسەیە بەردەوام بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانی نرخەکانە؛ کە دەبێتە هۆی داخورانی بەها و هێزی کڕینی دراو، سەرەنجام دەسەڵاتی نەختینە ناچاردەبێت بە بەردەوام چاپکردنی دراو بە فیئاتی گەورە، وتا زۆربوونی سفرەکانی بەڕادەیەک ئیدی مامەڵەکردن بە دراوەکە زۆر قورس دەبێت، و ناچاردەبن دراوەکانیان بگۆڕن. بێگومان لە دۆخی ئابوری لەو شێوەیە لابردنی سفرەکان بەبێ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان دەبێتە تەنها چارەسەرێکی رووکەشی و جوانکاریی لە دراوی نیشتمانی، چونکە بە زمانێکی سادە هەڵاوسان دەردێکی ئابورییە و زیادبوونی سفرەکانی سەر دراو نیشانەکانیهتی.
لەم روانگەیەوە بۆ زانینی ئەوەی ئایا سفرەکانی سەر دینار کێشەیەکی راستەقینەیە لە ئابوری یان تەنها گرفتێکی ژمێریارییە ؟ پشتبەست بە چەند ئاماژە و پێوەرێکی زانستی دوای ئەنجامدانی شیکارییەکی سادە بۆمان دەردەکەوێت کە لە ئێستادا عێراق پێویستی بەم پرۆسەیە نییە چونکە:
1- پێوەری گەشەی پارە M2 و گەشەی کۆی بەرهەمی خۆماڵی GDP:
پشتبەست بە راپۆرتەکانی بانکی ناوەندی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بڕی خستنەڕووی پارە لە عێراق لەنێوان ساڵی 2003 کە دینارە کۆنەکانی تێدا گۆڕدرا بۆ ئەم دینارەی ئێستا تا کۆتایی ساڵی 2025 لە 14.75 تریلیۆن دینارەوە زیادیکردووە بۆ 189.56 تریلیۆن دینار، واتا بە رێژەی 12.9% پارە زیادیکردووە، لە بەرامبەردا گەشەی ئابوری (بەبەرهەمی نەوتەوە) بە نرخی بازاڕ و پێوەری GDP لە 29.59 تریلیۆن دینارەوە لە 2003 زیادیکردووە بۆ نزیکەی 344.7 تریلیۆن دینار لە 2025، واتا بەرێژەی 11.65% زیادیکردووە، واتا بە جیاوازی تەنها 0.50% کەمتر لە گەشەی خستنەڕووی پارە، ئەمەش بە واتای خستنەڕووی پارە لەو ماوەیە هاوتەریب نزیک گەشەی ئابوری بووە، و جیاوازییەکی زۆری نەبووە کە ببێتە هۆی لەدەستدانی بەهای دینار بەرامبەر بڕی خستنەڕووی شمەک و کاڵاکانی بازاڕ. واتا راستە لە عێراق بە ژمارە پارەی زیاتر بەکارهاتووە، بەڵام گەشەی پارە لە گەشەی ئابوری دانەبڕاوە.
2- خێرایی سوڕانەوە یان دەستاودەستکردنی دراو:
بە ئەژمارکردنی رێژەی کۆی بەرهەمی خۆماڵی GDP بۆ M2 لە ماوەی نێوان 2003-2025 ناوەندی خێرایی سوڕانەوە یان دەستاودەستکردنی یەک دینار لە ئاڵوگۆڕی ساڵانە لە 2.01 جارەوە کەمیکردووە بۆ 1.82 جار.
3- رێژەی دیناری کاش بۆ کۆی خستنەڕووی پارە M2وبەرهەمی خۆماڵی GDP
ساڵی 2003 وێڕای رووداو و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابورییەکان بڕی دیناری کاش لە دەرەوی بانک واتا لە ئاڵوگۆڕی بازاڕ نزیکەی 9.11 تریلیۆن دینار بووە واتا 61.8% لەکۆی خستەڕووی پارە M2 کە دەکاتە رێژەی 30.8% بۆ کۆی بەرهەمی خۆماڵی GDP، بەڵام لە ساڵی 2025 سەرەڕای زیادبوونی قەبارەی هەناردەی نەوت و گەشەی ئابوری و خستنەڕووی پارە و بەتایبەت بڕی دیناری کاش بۆ نزیکەی 98.1 تریلیۆن دینار واتا 51.73% لە کۆی خستنەڕووی پارەM2 رێژەی دیناری کاش بۆ GDP کەمیکردووە بۆ 28.4%، هەروەها رێژەی پارەی کاش لەدەرەوەی بانکەکان بۆ کۆی خستنەڕووی پارە M2 بە رێژەی 16.3% کەمیکردووە لە نێوان 2003 بۆ 2025 .
4- رێژەی هەڵاوسانی نرخەکان: ئەگەرچی ساڵی 2003 بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و بەتایبەت کاریگەری گەمارۆی ئابوری سیانزە ساڵەی سەر عێراق رێژەی هەڵاوسان 35% بوو، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی دواتر بانکی ناوەندی لەرێگەی ئامرازەکانی سیاسەتی نەختینە توانی کۆنترۆڵی هەڵاوسان بکات بە جۆرێک لە کۆتایی ساڵی 2025 رێژەکە تەنها 2.9% بوو.
ئەم پێوەرانە دووپاتی سەرنجەکانی پێشوومان دەکەنەوە کە عێراق لە ئێستادا پێویستی بە گۆڕینی دینار و لابردنی سفرەکانی نییە، چونکە کێشەی دارایی و سیولەی کاش لای حکومەت لە کەمی پارە نییە، بەڵکو سستی جوڵەی پارەیە بەتایبەت لەو بەشەی لەدەرەوەی دامەزراوە بانکییەکانە، کە بووهتە هۆی:
1- سنووردارکردنی توانای قەرزکردنی حکومەت لە ناوخۆدا بۆ تەمویل و پرکردنەوەی کورتهێنانی بودجەکەی.
2- زیادبوونی فشارەکانی سەر نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی رەش یان موازی بە مەبەستی پاشەکەوت یان بازرگانی نافەرمی، ئەوەش بانکی ناوەندی ناچاردەکات بە فرۆشتنی زیاتری دۆلار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار.
3- لەکارکەوتنی میکانزمی چەند جارەی بانکی (المچاعف المصرفی) بەهۆی بە کاش هەڵگرتن و گلدانەوەی بەشی زۆری ئەو پارەیەی لە خەرجی بودجەی حکومەت بەدەستیدێت لە لای یەکە ئابورییەکان و تێکەڵ نەبوونەوەی بە سوڕی دارایی و چالاکی کەرتی بانکی (لە پۆستەکانی داهاتوو قەبارەو هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە رووندەکەمەوە)، سەرەنجام بێبەشبوونی کەرتی حکومەت و بانکەکان لە دووبارە بەگەڕخستنەوەی ئەو پارانە بەشێوەیەکی بەردەوام.
4- فراوانبوونی چالاکی ئابوری کەمبوونەوەی داهاتی باج و رسوماتی خەزێنەی حکومەت.
کەواتە بۆ چارەسەرکردنی کەمی سیولە و چالاکردنی چەندجارەی بانکی دەسەڵاتی نەختینە لە عێراق لەبری گۆڕینی دینار جی بکات و چۆن پارەی کاشی گلدراوە، هەڵگیراو و نووستوو بگێڕێتەوە بۆ ناو دامەزراوە بانکییەکان و سوڕی چالاکی دارایی؟
1- پێشخستن و بەهێزکردنی متمانە بە کەرتی بانکی لە رێگەی کاراکردن و فراوانکردنی کاری دامەزراوەکانی دڵنیایی، و گەرەنتیی پاراستنی ئەسپاردە بانکییەکان، و دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیان بە پاراستن و گێڕانەوەی تەواوی پارەکانیان لە ئەژمارە بانکیەکانیان بەیاسا گەر بێتو بانکەکانیش دووچاری شکستی دارایی بێن.
2- فراوانکردن و گەشەپێدانی ئامراز و ئامێر و تۆڕەکانی مامەڵەی ئاڵوگۆڕی ئەلەکترۆنی لە بازاڕ و ناوەندەکانی کڕین و فرۆشتن، ئەستۆپاکی باج، دەفعکردنی پارەی ئاو و کارەبا، مامەڵە گەورەکانی پەیوەست بە خانوبەرە، ئۆتۆمبێل، هتد، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پارەی کاش.
3- بەرزکردنەوەی نرخی سوود لەسەر ئەسپاردەی پاشەکەوتکردنی بانکیی و وەبەرهێنانی دارایی بە زیاتر لە رێژەی هەڵاوسان بەمەبەستی هاندانی پاشەکەوتکردن لە بانکەکان و کەمکردنەوەی گلدانەوە و هەڵگرتنی پارە لە ماڵەوە.
4- هاندان و کارئاسانیکردن بۆ هاوڵاتیان و خاوەن پرۆژە بچوکەکان لە کردنەوە و بەدەستهێنانی ئەژمارو کارتی بانکی.