سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

دۆسیەیی نەوت

عەلی زەیدی: بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 7 ملیۆن بەرزدەكەینەوە

عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت: سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا، ئەمریکا هاوبەشێکی ستراتیژییە لە پلانەکانی پەرەپێدان و ئابوری عێراقداو دەمانەوێت لە سێ ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرز بکەینەوە

بڵاوکراوەتەوە لە : 27 حوزەیران 2026

عەلی زەیدی: بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 7 ملیۆن بەرزدەكەینەوە

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان


درەو:
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنەکدا لەگەڵ كەناڵی سکای نیوز:
🔹 سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی یەکتر.
🔹 مانگی ئەیلولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکی جەنگییان خۆیان دژی داعش کۆتایی پێدەهێنن و عێراق بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەجێدەهێڵن.
🔹 لە قۆناغی داهاتوودا چاوەڕوانی بوونی ئەمریکاین لە ڕێگەی هاوبەشی ئابوری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە.
🔹 ئێمە دەمانەوێت لە هاوبەشیی سەربازییەوە بگوازینەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابوری بەردەوام، دروستکردنی پردێکی ئابوری کاریگەر لە نێوان عێراق و ئەمەریکا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.
🔹 وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا و پەیوەندییەکانمان ئاڕاستە کردووە کە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی ئەمریکا لە بوارەکانی وزە، پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیا و گەشەپێدان لە پێشینەدا دابنێن.
🔹 ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابوری بڕیاری گرنگی سەبارەت بە پڕۆژە گەورەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان داوە، لەوانەش کۆمپانیای شیڤرۆن، هالیبێرتۆن، و ئێچ کەی ئێن، ئەمە جگە لەوەی دەرفەتی کارکردنیان لە کێڵگە نوێیەکان و بلۆکی گەڕان داوە.
🔹 کەرتی پەیوەندییەکان بەرەو هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ ستارلینک هەنگاو دەنێت، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی عێراق. 
🔹 لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی سندوقی وزە و گەشەپێدان دەکەین، کە لە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێدەکات و دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەپێی بارودۆخی ئابوری و بەرهەمهێنان و ڕەنگە لە دەرەوەی سنوردارکردنی پشکەکانی ئۆپێک بێت.
🔹 هەژماری ئەم سندوقە لە دامەزراوە بانکییە بەناوبانگەکانی ئەمریکا دەکرێتەوە، هەروەها سەرچاوەکانی لە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەبەرهێنان دەکرێن، لەوانەش پڕۆژەکانی کارەبا و ژێرخانی ئابوری.
🔹 لە ماوەی سێ دەیەدا، پارەدارکردنی سندوقەکە دەكرێت بگاتە نزیکەی 400 ملیار دۆلار، لەگەڵ گەشەکردنی وردە وردەی پەیوەست بە ئەدای پڕۆژەکان و کۆمپانیا جێبەجێکارەکانەوە.
🔹 ئامانجمان ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی زیانلێکەوتووانە لەڕێی وەبەرهێنانی ئەم سەرچاوانە لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان.
🔹 کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە بۆ عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک، كە هاوتابێت لەگەڵ تواناکانی.
🔹 ئەمریکا هاوبەشێکی ستراتیژییە لە پلانەکانی پەرەپێدان و ئابوری عێراقدا.
🔹 وڵاتانی کەنداوی عەرەبی نمایندەی قووڵایییەکی مێژوویی و  کولتووری و کۆمەڵایەتی دەکەن بۆ عێراق و سەرچاوەی هێزن. 
🔹 ئێمە باوەڕمان بە سیاسەتی هاوسەنگی و کراوەیی لەگەڵ هەمووان هەیە.
🔹 دەوڵەتێکی بەهێز پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە هەیە، یەکلاکردنەوەش بەشێکی سەرەکییە لە بەرپرسیارێتی دەوڵەتمەدار.
🔹 دەستنەگرتن بە پۆست پێگەیەكی بەهێز دەدات بە بەرپرس بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکان، ئێمەش بەردەوامین لە کارکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
🔹 گفتوگۆی قووڵمان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان ئەنجامدا و جەختمان لەوە کردەوە کە دەوڵەت چوارچێوەی کۆکەرەوەی هەمووانە، و بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی قبوڵکراو نییە.
🔹 ناکرێت نکۆڵی بکرێت لە ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بەڵام قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان لە ڕێگەی دەوڵەت و دامەزراوەکانییەوە کار بکەن.
 🔹 داوام لە هەموو لایەک کرد مێژووی خۆیان بپارێزن و ڕێگە نەدەن قوربانیدانەکانیان لەناو بچێت، چونکە ئامانجمان دروستکردنی دەوڵەتە نەک تەنها بەڕێوەبردنی حکومەت.
🔹 کار لەسەر ئامادەکارییەکان دەکەین بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەناونیشانی كۆنفرانسی سەروەری جەخت لەوە دەکاتەوە کە بڕیاری عێراق لە دەستی عێراقییەکاندایە، لەگەڵ عێراقێکی بێ هێزی بیانی و هەر پێکهاتەیەکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.
 🔹 لەئەنجامی قەیرانە ناوچەییەکان، هەناردەکردنی نەوتی عێراق تا ئاستێک دابەزیوە و کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی توانای تەواوی هەناردەکردن.
 🔹 هيوادارين لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکەینەوە، هەروەها کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان لەو دیدگایە ئاگادار کردووەتەوە.
 🔹 پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە، هەروەک چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە.
🔹 عێراق دەستێوەردان لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکات و بڕیارەکانیش هەمیشە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا دەبن.
🔹 بەرەو بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئابوری بەهێز لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتووەکان هەنگاومان ناوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی عێراق، نەک لەسەر حیسابی هیچ لایەنێکی تر.
🔹 سیاسەتی هاوپەیمانی و دوژمنایەتی پەیڕەو ناکەین، عێراق دەیەوێت ببێتە گۆڕەپانێک بۆ پەیوەندی و سەقامگیری نەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێ.
 🔹 بەغدا پێشوازی لە میوانداریکردنی هەر دیالۆگێک دەکات کە بەشدار بێت لە هێورکردنەوەی ناوچەکە، لەوانەش گفتوگۆکانی نێوان ویلایەتەیەکگرتووەکان و ئێران.
🔹 لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بە بوونی هیچ هێرشێک نەکردووە کە لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر شانشینی سعودیە ئەنجام درابێت، هەروەها ڕاسپاردەی ڕوونمان دەرکردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەر زیادەڕەوییەک لە داهاتوودا.
🔹 ئامانجمان پاراستنی عێراق و گەلەکەیەتی، لەدوای 30ی ئەیلولیەوە ئەنجامی کارەکانی حکومت و دەستکەوتەکانی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەین نەک تەنها بەڵێن.
🔹 پێشبینی دەکەین لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەو پۆستە بەتاڵانەی پڕ بکەینەوە، کە لە پێکهێنانی حکومەتدا ماونەتەوە.
🔹 کار لەسەر بنیاتنانی ئابوورییەکی مۆدێرن دەکەین، ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ گواستنەوە بەرەو ئابوورییەکی بەرهەمدار و گەشەسەندوو.
🔹 کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقێکی گەشەپێدان بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و سندوقە نیشتمانییەکان، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای پشکی گشتی بۆ جەماوەر و هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
🔹 پڕۆژەکانی سندوقی گەشەپێدان بەپێی پێویستی بازاڕ دارایی دەکرێن، بەشێوەیەک بەشدار بێت لە جووڵەی ئابوری و ڕەخساندنی هەلی کار.
🔹 لە ڕێگەی ڕێکاری یاساییەوە دەستمان کردووە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها بەشێکی بەرچاومان لە بەفیڕۆدان ڕاگرتووە و لە ڕێگەی چوارچێوە فەرمییەکانەوە پارەمان گەڕاندۆتەوە.
🔹 گەندەڵی لە عێراق دیاردەیەکە لە ئاستە بچووکەکانەوە دەست پێدەکات و لە ڕێگەی سیستمی بەرتیلەوە درێژدەبێتەوە، چارەسەرکردنی پێویستی بە چاکسازیی گشتگیر و بەردەوام هەیە.
🔹 لیژنەیەکی ناوەندیمان پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەی کە بڕەکەی (25) ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بۆ وردبینیکردن و دڵنیابوون لە دروستی خەمڵاندنە داراییەکانیان، و ڕێگریکردن لە هەڵئاوسانی تێچووی خەمڵێنراو.
🔹 ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕەوانەکردنی ڕەشنووسی یاسایەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی چاودێری وردبینی پێشوەختە لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەمەش ڕێکارەکانی شەفافییەت و سیستەمی بەڕێوەبردن بەهێز دەکات و کارایی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی بەرز دەکاتەوە.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 1 کاتژمێر

لەماوەی (11) ساڵی رابردوودا (18) موچە بەتەواوی نەدراوە

null
پێش 3 کاتژمێر

میکانیزمی خەرجکردنی موچە 2019 - 2025

null
٢٥ حوزەیران ٢٠٢٦

هاوسەنگیی هێز و گۆڕینی نەخشەی سیاسیی کوردستان