(دره‌و):
پلانەکانی عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکەوە کە بەناو سوریادا تێدەپەڕێت؛ بۆ خۆبه‌دورگرتن لە هه‌ر قەیرانێكی داهاتووی گەرووی هورمز، پێدەچێت پێویستی بە چوار ساڵ كاركردن و لانیکەم 15 ملیار دۆلار هه‌بێت، ئاژانسی (رۆیته‌رز) له‌زاری دوو سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه وای بڵاوكردوه‌ته‌وه.
به‌رپرسانی ئه‌مریكاو به‌رێوه‌به‌ره جێبه‌جێكاره‌كان له كه‌رتی نه‌وت بانگه‌شه بۆ ئه‌م پلانه ده‌كه‌ن، پلانێك كه پشتیوانی به‌رایی هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی ئاستی زانینی سوده‌كه‌ی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه كه كۆمپانیای (شیڤرۆن) له‌خۆده‌گرێت، به‌وپێیه‌ی به‌شێكه له ستراتیژی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی پشتبه‌ستنی كه‌رته‌كه به گه‌رووی هورمز، كه جه‌نگی ئێران بووه‌ته هۆی داخستنی.
سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو وتی:" لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا گەرووی هورمز گرنگی خۆی لەدەستدەدات و ته‌نیا دەبێت به روویه‌كی ئاویی دیکە".
بیسێنت روونیکردەوە، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێش جەنگ نزیکەی 20%ی هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی شل لە جیهاندا بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، "زیاتر لە 50% یان 70%"ی ئەو هەناردانه ئێستا لە جیاتی ئەوە لەڕێگەی بۆری ژێرزەمینییەوە دەگوازرێنەوە.
بەڵام دوو سەرچاوە كه به‌شێوه‌ی راستەوخۆ بەشدارن لە پرۆژەکەدا بە (رۆیتەرز)یان ڕاگەیاندووە، پلان بۆ هێڵی بۆری نێوان عێراق و سوریا دوو هێندە زیاتری ئه‌و ماوه‌یه دەخایەنێت بەهۆی پێویستی ژێرخانی نوێ و، رەنگە روبه‌ڕووبونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگی دیكه.
ئه‌و سه‌رچاوانه به‌هۆی هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌وه داوایان كرد ناوه‌كانیان بڵاونه‌كرێته‌وه.
ژێرخانی نوێ
عێراق له‌و وڵاتانه‌یه كه زۆرترین زیانی به‌هۆی داخستنی گه‌رووی هورمزه‌وه به‌ركه‌وتووه.
داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق پێش جەنگ نزیکەی سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردە دەکرد، کە زۆربەی لە ڕێگەی بەندەرەکانی کەنداو بووە لە نزیک بەسرە. بەڵام هەناردەکردنی لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە لە مانگی تەمموزدا بۆ تەنها 35.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
ئێستا بۆرییه‌كی نه‌وت هه‌یه كه ناوچه‌ی كه‌ركوك له باكوری عێراقه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به به‌نده‌ری (بانیاس)ی سوریاوه له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و جه‌نگانه‌ی كه له عێراق و سوریا روویانداوه بۆرییه‌كه زیانی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌و له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك به‌كارنه‌هێنراوه.
سه‌رچاوه‌كان وتیان، پلانه‌كه پێویستی به دروستكردنی ژێرخانی ته‌واوه‌تی نوێ هه‌یه له‌بری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆرییه‌ی كه هه‌یه، ئه‌مه‌ش لانی كه‌م 15 ملیار دۆلار تێچووی هه‌یه.
یه‌كێك له سه‌رچاوه‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌شێكی هێڵی بۆرییه نوێیه‌كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر له ئاڕاسته‌ی كه‌ركوك- بانیاسه‌وه درێژده‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌شه سه‌لامه‌ته‌كانی هێڵه‌كه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی تازه په‌سه‌ندكراوه‌كاندا ناگونجێت، بۆیه ناكرێت به‌كاربهێنرێت.
سه‌رچاوه‌ی دووه‌میش وتی: پرۆژه‌كه بنیادنانی سیسته‌مێكی ته‌واوه‌تی و نوێ به هه‌موو هێڵی بۆرییه‌كانی نه‌وتی خاوه‌وه له‌خۆده‌گرێت، كه كێڵگه‌كانی باشور‌و باكوری عێراق ده‌به‌ستێته‌وه به ناوه‌ندی كۆكردنه‌وه له شاری (حه‌دیسه)ی خۆرئاوای عێراق، پاشان درێژده‌بێته‌وه بۆ بانیاس.
ئەمریکا پێشوازی كرد لە "نۆژەنکردنەوەو بنیاتنانەوەی" بۆرییەکەو رایگەیاند، توانای سەرەتایی بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە رۆژێکدا 2 ملیۆن بەرمیل دەبێت.
ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بە بەراورد بە توانای ئەو بۆرییە کۆنەی کە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، کە ئه‌مه‌ش 10 هێنده‌ی کەمترە لە قەبارەی ئەو نەوتەی عێراق به‌ر له جه‌نگی ئێران لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردەی كردووه.
بە توانای نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، عێراق هەناردەکردنی نەوتی لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.
سەرچاوەکان رایانگەیاند، کارکردن لە بۆرییەکەی نێوان عێراق و سوریا نزیکەی چوار ساڵ دەخایەنێت، بەڵام یەکێک له سه‌رچاوه‌كان وتی: ره‌نگه خشته زه‌مه‌نییه‌كه پێویستی بە رەچاوکردنی لابردنی ژێرخانی کۆن و بەدەستهێنانی مافی نوێی بەکارهێنانی زەوی لە حکومەتی نوێی سوریاش هەبێت.
ده‌روازه‌ی نوێ توێژینه‌وه‌ی پێویسته
هه‌ریه‌كه له سوریا‌و عێراق یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی جیاوازیان لەگەڵ هاوپه‌یمانێتییه‌ك کە پێکهاتووه لە کۆمپانیای (شیڤرۆن)، (تی ئای کاپیتال)و کۆمپانیای (ی‌و سی سی هۆڵدینگ)ی قەتەر واژۆکردووه، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تەکنیکی و دارایی وەک ئامادەکارییەک بۆ پرۆژەکە.
وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی سوریا کە سەر بە دەوڵەتە، وەڵامی داواکارییەکانی (رۆیتەرز)یان نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر پرۆژەکە یان لەسەر خەمڵاندنی سەرچاوەکان سەبارەت بە خشته‌ی زه‌مه‌نی و تێچووه‌كه‌ی.
(تی ئای کاپیتال)و کۆمپانیای (ی‌و سی سی هۆڵدینگ) ئاماده‌نه‌بوون كۆمێنت بده‌ن، شیڤرۆن ئاژانسی (رۆیته‌رز)ی ره‌وانه كردووه بۆلای راگه‌یه‌ندراوێكی پێشوو له‌باره‌ی رێككه‌وتنه به‌راییه‌كه و رایگه‌یاند هیچ قسه‌یه‌ك له‌باره‌ی ورده‌كاری تایبه‌ت به كاروباری بازرگانی ناكات.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مانگی رابردوودا، یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌ره جێبه‌جێكاره‌كانی شیڤرۆن رایگەیاند، پرۆژەکە دەتوانێت "دەروازەیەکی نوێ بۆ بازاڕەکان" لەرێگه‌ی دەریای ناوەڕاسته‌وه دابین بکات.
ئاماژەی بەوەکرد، هەر بۆرییەک پێویستی بە بەستنەوەی بە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای قورنە 2و ناسریە لە باشوری عێراقیش دەبێت، کە کۆمپانیای شیڤرۆن له دانوستاندایه بۆئه‌وه‌ی بچێته ناویانه‌وه.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره جێبه‌جێكاره باسی له‌وه‌كرد، کۆمپانیای شیڤرۆن هێشتا پێویستی بە تەواوکردنی توێژینەوەی تەکنیکی هەیە؛ بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەو بۆرییەی ئێستا لە نێوان عێراق و سوریادا هەیە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە، فراوانکردن، یان دووباره بنیادنانه‌وه هەیە.
ڕوونیکردەوە، تائێستا کۆمپانیاکە خەمڵاندنی بۆ توانای هەناردەکردنی داهاتووی پرۆژەکە نەخستووەتەڕوو. وتی: هێڵەکانی بۆری لەم جۆرە بەشێوەیەکی گشتی لە رۆژی یەکەمەوە بە توانای تەواو کارناکەن.