سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

پەرلەمان دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە ؟

بڵاوکراوەتەوە لە : 30 ئایار 2018

پەرلەمان دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە ؟

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

(درەو میدیا):
رۆژی دوو شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر بڕیارێك كە دەڵێ" دەبێت لانی كەم رێژەی 10%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر ئەژماربكرێنەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵاتیش هەڵوەشێندرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەناوەندی سیاسی عێراقدا مشتومڕی دروستكرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە ئاستی گونجاوی ئەو بڕیارە لەگەڵ دەستوردا هەروەها پرسیار دەكرێت لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پەرلەمان مافی هەیە بڕیارێكی چارەنوسسسازی لەوشێوەیە دەربكات لەكاتێكدا ویلایەتەكەی لە تەواوبوندایە.
شارەزایان تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەم بابەتە:
بوشرا عوبێدی كە پسپۆڕێكی یاساییە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (الحرە) دەڵێ" دەستوری عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بە پەرلەمان نەداوە.. یاسای عێراقی میكانیزمی رونی داناوە بۆ تانەدان لە ئەنجامەكان، كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كۆمەڵێك دادوەر لە ناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەڵدەستن بە تەماشاكردنی تانەكان، ئەگەر هاتوو گومانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بەردەوام بوو پەنا بۆ دادگای باڵا فیدراڵی دەبرێت".
بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردەوە، رێژەی 70%ی پەرلەمانتارانی خولی ئێستای پەرلەمان كە خۆیان كاندیدكردوەتەوە، دەرنەچوون بۆ ویلایەتی دووەم.
لەوبارەیەوە بوشرا عوبێدی ئاماژە بەوەدەكات"زۆرینەی هەرەزۆری ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئامادەی دانیشتنەكەی رۆژی دوو شەممە بوون پەرلەمانتارە دۆڕاوەكان بوون، ئەمەش ئەو بڕیارە جێناكۆكە دەردەخات كە داویانە".
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو حكومەتی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای راگەیاند بۆ لێكۆڵینەوە لە دەنگۆكانی رودانی ساختەكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردندا.
رۆژی دوو شەممە لیژنەكە بەشێوەیەكی كردەیی دەستی بەكاركرد و لێپرسراوانی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بانگهێشتكرد و داوای لێكردن زانیاری بدەن لەبارەی دەنگدەران لە دەرەوەی وڵات و تایبەتمەندی هونەری ئەو ئامێرانەی كە لە پرۆسەی دەنگداندا كۆمسیۆن پشتی پێبەستوون.
تاریق حەرب كە پسپۆڕێكی ناسراوی عێراقییە دەڵێ" بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لای من هەن لیژنەی لێكۆڵینەوە لەماوەی لانی كەم چوار رۆژی داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی رادەگەیەنێت بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی ئەو مشتومڕەی لەبارەی دەنگۆی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن دروستبووە".
تاریق حەرب وتی: بڕیاری پەرلەمان بۆ دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی رێژەی 10%ی دەنگەكان، شتێكە دەكرێت روبدات، چونكە وەكو وردبینیكردن و پشكنین و دڵنیابوونە لە دروستی ئەنجامەكان و پێچەوانەی یاسا نییە.
بەڵام تاریق حەرب لەڕووی دەستورییەوە هاوڕایە لەگەڵ بوشرا عوبێدی سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەڵێ" دەستور دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی بە پەرلەمان نەداوە".
رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و دەڵێن ساختەكاری بەرفراوان لە پرۆسەكەدا كراوە، بەتایبەتی لە شارەكانی سلێمانی و كەركوك و بابل و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەكان.
 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 7 خولەک

عێراق بەرهەمهێنانی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل نەوتی راگرت

null
پێش 1 کاتژمێر

ئێران: 1500 كەس كوژراون، 200 مەدەنی و 1300 سەرباز

null
پێش 21 کاتژمێر

دوای نەمانی خامەنەئی چی؟